شەماڵ عادل سەلیم : لەخەونمدا شه‌پۆلێكی بارانبارین هه‌رێمی کوردستانی گرتەوە‌ …؟!

 لەخەونمدا شەپۆلێکی بارانبارین و لافاو هەرێمی بەتەمای خوای گرتەوە ,لەماوەیەکی کەمدا دەفتەرە دۆلارکانی مەسئولە خەم خۆرەکانمان  کە بۆ ڕۆژی ڕەش وتەنگانە لە ژێرزەمینی کۆشک و تەلارەکانیان  هەلیانگرتبوو وەک گەڵای وەریو […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 لەخەونمدا شەپۆلێکی بارانبارین و لافاو هەرێمی بەتەمای خوای گرتەوە ,لەماوەیەکی کەمدا دەفتەرە دۆلارکانی مەسئولە خەم خۆرەکانمان  کە بۆ ڕۆژی ڕەش وتەنگانە لە ژێرزەمینی کۆشک و تەلارەکانیان  هەلیانگرتبوو وەک گەڵای وەریو  کەوتنە سەرئاو و شەقام ‌و کوچەو کۆڵانەکانی شاریان داپۆشی ، خاوەنەکانیشیان  لە ترسی لافاوەکە  بێ ئاوڕ دانەوە بەرەو شاخەکان ڕایان دەکرد، ، خەڵکی ئەو دەڤەرەی ئێمە لەخۆشیان نەیان دەزانی بەرام بەر بەو نیعمەتەی خوا شوكری خوایان بکەن، یان دەفتەرە  دۆلارەکان  خرکەنەوە و بێمنەتانە ژیانی خۆیان و خانەوادەکانیان لەو(تەقەشفە ) پێ مەیسەربکەن  ….!!

ئای کەسەیربوو ، مناڵە ڕەشوڕوتەکانی  هه‌رسێ شاره‌كه‌ی هه‌رێم  بەیەک دەنگ لە کوچەوکۆڵانەکان دەگەڕان وهاواریان دەکردوو دەیانگووت : (هەیاران ومەیاران ، یاخوا هەرزۆر بێ باران ، بۆفەقیروهەژاران ) ، (هەیاران ومەیاران ، یاخوا ببارێ  باران ، بۆ ئێمەی هەژاران ) .

ژنە شەهیدێک ،بە جلێکی رەش و لەچکێکی رەشەوە هاتبووە سەرشەقام و  یەک فەردە ( گونیە ) دۆلاری کۆکردبوەوە ،لەخۆشیان هاواری دەکردوو دەیگووت : زۆر شوکر خودایە ، چیتر منالەکانم برسی نابن و سەیری دەستی نامەردان ناکەین وچیتر کەرامەتمان قوربانی دەرامەتیان نابێت !! .

پێشمەرگەیەکی بێ مووچەی داماو  بەچاوی تێڕمان سەیری دۆلارە سەرئاوکەوتووەکانی دەکردو لەپێش خۆیەوە دەیگووت : بەهەوەنتە نەگوتراوە (مالی سپی بۆ رۆژی رەشە )، لەمە ڕەشتر نابێ ….. کۆیکەنەوە هەژارانی بەشمەینەت، ئەوە پارەی گومرگ و کۆمپانیا و نەفت و گازی دزراو و تەنانەت ئەو بودجەیەیە کە لە بەغداوەش دێت ،مەسئولەکانمان لە ژێرزەمینی کۆشکەکانیان  لێمانیان شاردۆتەوە و دەشڵێن پارەمان نییە …..!!، کۆیکەنەوە ، کۆیکەنەوە ، کۆیکەنەوە دۆلاری هەرزان و  بەلاش…… !!

خەلکی شارەکان هاتبوونە ڕاوە دۆلار ، جوتیارو وەرزێر و کرێکارەکان بەسەدان  (فەردە)  دۆلاریان کۆکردبووەو بەماوەیەکی کەم پرۆژەکانیان بەگر خست وکوردستانیان بوژاندەوە ، کەرتی کشتوکال بوژایەوەو قەیرانی ئاسایشی خۆراک کۆتای پێهات ،دێهاتە خاپورکراوەکان ئاوەدان کرانەوە  ، کارگەکان کەوتنەکار ، کالاو کەلو پەلی  کوردستان بۆ سەرجەم وڵاتان دەنێردراو کەس نەما نەبێتە خاوەن پارەوزەوی و ملک ، کێشەکانی هەرێم و بەغدا بە جاڕدانی کۆماری کوردستانی دیموکراتی ویەکسانی چارەسەر بوو ، کەرکوک کرا بە پایتەخت ، (تەقەشف) و موچە برین کۆتای پێ هات ، حوکمی وڵات کەوتە دەست هەژارو چەوساوەکان، حزب حزبانی و شەڕە پەڕۆ دووئیدارەیی ودووئیرادەیی بنبڕ کرا ، پۆستەکان دابەشکران ، وەزارتی پشمەرگە درا بە پشمەرگەیەکی بەئەزموون رۆژانی مقاوەمەت ، وەزارەتی شەهیدان درا بە دایکە شەهێدێک ، وەزارەتی پەروەردە  درا بە مۆماستایەکی دێرینی خاوەن ئەزموون ، وەزارەتی تەندروستی درا بە دکتۆرێکی دڵسۆزولێزان ، وەزارەتی دارایی درا بە ئابووری ناسێکی ئەکادیمی بلیمەت ، بۆ پۆستی سەرۆک کۆمارو سەرۆک حکومەت  بەدەیان  ئافرەتی لێهاتوو و بلیمەتی کوردستان خۆیان کاندیید کرد ، لە هەڵبژاردنێکی دیموکراتی کەم وێنەدا  ئافرەتێک بێ لایەن بەزۆرینەی دەنگ بۆ سەرۆک کۆماری کوردستانی دیموکراتی هەڵبژێردار ، ئافرەتێکی تریش لە هەڵبژاردنێکی بێگەرد بۆ پۆستی سەرۆک حکومەتی کۆماری کوردستان  هەڵبژێردرا …….

لەبری پەرلەمانی ئیفلیجی وپەککەوتوو  ،ئەنجومەنێکی باڵای نیشتیمانی بێلایەن لە خەڵکانی دڵسٶزی کۆماری کوردستان پێکهات کە بەیەک رەنگ و یەک دەنگ  کاریان بۆ کۆمارە دیموکراتیەکەیان دەکرد …… ، نەوت و گازی کوردستان کە سەروەتی یەکەبەیەکەی خەڵکی کوردستانە لە ماوەیەکی کەمدا خۆمالی کراو بووبە  موڵک وسەرەوتی راستەقینەی  وڵات و دانیشتوانەکەی و نەوەکانی داهاتوی کۆماری کوردستانی دیموکراتی ، پارەی فرۆشتنی نەوت و گاز  زۆر بە شێوەیەکی شەفاو و دیار لە خەزێنەی کۆمار دادەنرا و لە ماوەیەکی کەمدا بەهەشتێکی راستەقینە بۆ گوزەرانی خەلکی  کۆماری کوردستان بنیاتنرا و خەڵکی لە پاڵ سیستەمی دیموکراسی و تەکنۆکرات وئازادی تاك وسەروەری یاسا حەسانەوە ، بە مەرسومێکی  کۆماری ئاوەرەکانی هەندەران بۆ سەرزێدی باب و باپیرانیان گەڕانەوە و هەرکەس لە بوارو لێزانی و ئەزموونی خۆی بەپرەنسیپی ( کەسی شیاو لە شوێنی شیاو ) بەبێ جیاوازی دامەزرێندران…… !!

تاکە زەرەر مەند لەم باران بارینە  مەسئولە ورگ پرەکانی  نەفت وگاز بەرێکەر بوون، لەماوەیەکی کەم ژێرزەمینەکانیان لە سەروەت وسامانەکانیان خالی بوون و هاتنە سەر ساجی عەلی و کەوتنە بەر نەفرەتی ئەرزوئاسمان .

 لەناکاو زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا ،هەڵم گرت هاوڕێیەکەم داوی  لێکردم بەزووترین کات لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبم بۆ نارەزایی دەربرین لە دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی هەشتەم ، دەست بەجێ هەڵسام خۆم ئامادەکرد و لەبەر خۆشمەوە  دەمگووت : تۆ بڵێی  ، خەونەکەم بێتە دی وچیتر هەژارانی وڵاتەکم ئاوارە و بێ بەش وبێ وڵات  و ڕووتوڕەجاڵ و برسی  نەبن  ….. ؟!

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شەماڵ عادل سەلیم

ئەرشیڤی بەڕێز: شەماڵ عادل سەلیم