گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور : بارزانی له‌ قه‌ده‌ری گره‌وه‌ گه‌وره‌كه‌دا , جاڕدانی مه‌رگ یان سه‌ركه‌وتن ؟

بارزانی له‌ خولقاندنی قه‌یران نه‌وه‌ستا تا گه‌شته‌ ترۆپكی گره‌وه‌ گه‌وره‌كه‌و ئێستاش له‌ كۆتایی یارییه‌ چاره‌نووس سازه‌كه‌دایه‌ ، سه‌ركه‌وتن ، یان جاڕدانی مه‌رگی خۆی، كامیانی به‌ نسیب ده‌بێت . كردنه‌وه‌ی گرێ […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بارزانی له‌ خولقاندنی قه‌یران نه‌وه‌ستا تا گه‌شته‌ ترۆپكی گره‌وه‌ گه‌وره‌كه‌و ئێستاش له‌ كۆتایی یارییه‌ چاره‌نووس سازه‌كه‌دایه‌ ، سه‌ركه‌وتن ، یان جاڕدانی مه‌رگی خۆی، كامیانی به‌ نسیب ده‌بێت .

كردنه‌وه‌ی گرێ كوێره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2010 به‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی بارزانی و ، به‌سه‌رۆك كردنه‌وه‌ی مالیكی، ئه‌و كاره‌ی بارزانی بوو كه‌ پارتییه‌كه‌یان ئه‌یانویست هه‌موومان وه‌ك ئه‌وان بیر بكه‌ینه‌وه‌و ئه‌وه‌ به‌ده‌ستكه‌وتێكی گرنگ و گه‌وره‌ی بارزانی و، بارزانیش وه‌ك سه‌رۆكی هه‌رێم جێگه‌ی شانازی هه‌موومان بێت، به‌ڵام ئه‌و ژاوه‌ ژاوه‌ی پارتی زۆری نه‌خایاند كه‌ بارزانی ده‌ستی به‌ خولقاندنی قه‌یران كرد له‌گه‌ڵ مالیكی .

ئه‌و سیاسه‌تی نه‌وتییه‌ی كه‌ بارزانی وحزبه‌كه‌ی ویستیان بیخه‌نه‌ خزمه‌تی پارتی و وه‌ك ده‌ستكه‌وتێكی گرنگیش بۆ كوردستان حیساب بكرێت، یه‌كێكی تره‌ له‌و قه‌یرانانه‌ی كه‌ بارزانی له‌گه‌ڵ مالیكی خولقاندی و ئێستاش نزیكه‌ له‌وه‌ی كوردی پێ بكاته‌ قوربانی و جاڕی مه‌رگی خۆیشی بدات .

بارزانی كه‌وته‌ داوی توركیاو به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه‌ جگه‌له‌ له‌ تووڕه‌كردنی حكومه‌تی ناوه‌ند و گه‌یاندنی كوردستان به‌م قه‌یرانه ‌، ئامریكاشی له‌ هه‌رێم نیگه‌ران كردو ئێستاش توركیا ڕێگه‌ نادات كورد به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی عێراق نه‌وت بفرۆشێت .

بارزانی به‌ حیساب نه‌كردن بۆ حكومه‌تی ناوه‌ند و پێشێل كردنی ده‌ستوور و سه‌رمه‌ست بوونی به‌ هاندانی توركیا، قه‌یرانێكی له‌ ناوخۆی كوردستاندا خولقاندووه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌رده‌وام بوونی ئه‌م قه‌یرانه‌ ته‌نها چه‌ند مانگێكی كه‌م به‌ر به‌ ته‌قینه‌وه‌ی بگیرێت .

ئه‌و سیاسه‌ته‌ی بارزانی به‌ هه‌نارده‌كردنی نه‌وت بێ حساب كردنی بۆ ناوه‌ند و ڕێكنه‌كه‌وتن له‌ سه‌ر چۆنیه‌تی هه‌نارده‌كردنی ، وای كرد كه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق وه‌ك ئه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی كردبوو موچه‌ی مانگانه‌ی له‌ هه‌رێم بڕی و هه‌رێمیش به‌رگه‌ی ته‌نها دوو مانگ بێ موچه‌یی نه‌گرت .

ئێستا بارزانی بۆ پینه‌كردنی دۆخه‌كه‌ له‌ هه‌وڵی قه‌رزكردندایه ‌، به‌ڵام چه‌ند قه‌رز ده‌كات و تا چه‌ند مانگ به‌ پینه‌و په‌ڕۆ دۆخه‌كه‌ ڕایی ده‌كات؟، له‌ كاتێكیشدا كه‌ هیچ وڵاتێك تا ئێستا ئاماده‌نین قه‌رزی پێ بده‌ن .

ئێستا یان ده‌بێت بارزانی لووتی به‌رزی له‌به‌رده‌م مالیكیدا نه‌وی بكات كه‌ ئه‌وه‌ش نه‌ك هه‌ر شكاندنی شكۆی خۆیه‌تی وه‌ك سه‌رۆكی ماوه‌ بۆ درێژكراوه‌ی هه‌رێم ، به‌ڵكو شكاندنی شكۆی هه‌موو هه‌رێمیشه ‌، یان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ چاوه‌ڕوانیدا بێت تووڕه‌یی خه‌ڵك به‌رامبه‌ر به‌م سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌ی لێی بێنه‌ ده‌نگ و به‌هۆی ڕاگرتنی موچه‌كانیانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ڕاپه‌ڕن، ئه‌و كاتیش پارتی وه‌ك نه‌ریتیت هه‌میشه‌ییان بۆ مانه‌وه‌ ڕه‌نگه‌ خوێنی سه‌دان كه‌س بڕێژن، دۆخه‌كه‌ هه‌ر چۆن بێت، ده‌بێت بارزانی خۆی باجه‌كه‌ی بدات ، چونگه‌ خه‌ڵك ناتوانن ده‌ست له‌ بژێوی ژیان  هه‌ڵگرن و خۆیان بكه‌ن به‌ قوربانیی سیاسه‌ته‌كانی شه‌خسی بارزانی و پارتی ، به‌تایبه‌ت كه‌ خه‌ڵك بایی ئه‌وه‌نده‌ هۆشیاریی هه‌یه‌ كه‌ ده‌یزانێت ، ئه‌گه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم به‌و شێوه‌ی وه‌ك پرۆسه‌یه‌كی سیاسی نه‌ك ئابووری پێڕه‌وی ده‌كات سه‌ركه‌وتوو بووایه‌ ته‌نها به‌ ده‌ستكه‌وتی پارتی ده‌مێردراو ته‌نها ئه‌و حزبه‌و بنه‌ماڵه‌ی بارزانیش لێی سودمه‌ند ده‌بوون .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
گەرمیان حەمەی پور

ئەرشیڤی بەڕێز: گەرمیان حەمەی پور