فەتاح حەسەن : ٢١ بروسکە بۆ نەورۆزی ئەم بەهارە

  ١٦ ی ئازاری ٨٨ لە مامۆستایەکی ( ناوەندی گۆران ) ی کوڕانەوە : ئەی .. گەلانی سەر روی زەمین .. ئەمڕۆ هەڵەبجە ،  بە کیمیاویی شەهیدکرا.. *** لە زێوانی […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

 

١٦ ی ئازاری ٨٨

لە مامۆستایەکی ( ناوەندی گۆران ) ی کوڕانەوە :

ئەی .. گەلانی سەر روی زەمین ..

ئەمڕۆ هەڵەبجە ،

 بە کیمیاویی شەهیدکرا..

***

لە زێوانی مزگەوتی ( دارول ئیحسان) ەوە :

قورئانی ئەم مزگەوتە و

هەمو مزگەوتەکانی تری هەڵەبجە

کۆپی قورئانی مەدینە بون.

***

٧ ی مایسی ٨٨

لە باوکی شەهیدێکەوە :

بەرەی کوردستانی

 بە شەقی زەمانە .. پێکهێنرا.

***

٤ ی ئەیلولی ٨٨

لە ( علی حسن المجید) ەوە

بۆ :-

 سەرۆکی فەرماندە ، خێمەی هەمو عێراقییەکان

عەمەلیاتی ئەنفال

لە ٢٣ ی شوباتەوە تا ٣ ی ئەیلولی٨٨

 بە هەشت قۆناغ *

بە بادینان ، کۆتایی هات .

***

لە مستەشاری فەوجێکی خەفیفەوە

بۆ :-

سەرۆکی فەرماندە( خوابیپارێزێت)

لە پرۆسەی ئەنفال دا

ئەرکەکانمان بەجێگەیاند

چاوەڕوانی

بەخشندەیی بەڕێزتانین

بۆ بەخشینی

( مەکرەمە و نۆط الشجاعة )** .

***

لە زانکۆی سەلاحەدینەوە

بۆ :-

کۆمکاری وڵاتە عەرەبییەکان

٨٠٠٠ بەرزانی بێسەروشوێنکراو !

١٨٢٠٠٠ ئەنفالکراو !

٥٠٠٠ خنکێنراو بە گازی کیمیاوی !

بە گەزی عروبەکەتان

چەند گەز خامیان دەوێت .. بۆ کفن؟

***

٥ /٣ ی ٩١

لە ئەحمەد نەبی هاوڕێمەوە :

رانیە .. بوە دەروازەی راپەڕین

بۆ کوردستان ..

بەعسی قڕانە .. بەعسی قڕان .

***

١٤/ ٣

لە پێشمەرگەیەك ، لە بەردەرکی سەراوە :

دایکان .. خوشکان

نۆردوی نان و شفتە و ناوسساجی

حازرکەن

رۆژێکە و ئەمڕۆ ، هێرش دەبەین

کەرکوکیشمان ئازاد دەکەین .

***

٢١/٣

لە دەنگی گەلی کوردستانەوە:

بەعسی قڕانە .. بەعسی قڕان

بە هیمەتی جەماوەرو

بە پاڵپشتی پێشمەرگە

زۆربەی کەرکوك ئازادکرا

شەڕی دەستەویەخە

لە ( معسکر خالد )  ، بەردەوامە .

***

٢٢/٣

لە پێشمەرگەیەکی بنکەی ( ئاشتی) یەوە

 بۆ :-

 لێپرسراوی بنکە

تۆ، کرێچیت ..

بۆ نایەیتە یەکێك لەم خانوانەی

( دور الأمن ) ؟!

 وەڵام ..

بەمن ناشێت ..

چون تایبەتە ،

بە ئاوارەکانی گەرمیان .

 پاش ئەوانییش ..

 موڵکی کەسوکاری شەهید و

وارسی کیمیاباران و ئەنفالە.

***

یەکی مایسی ٩٤  

لە دوکاندارێکی قەڵادزێی بیمارەوە :

تێکدانی ریزە دوکانێکیان ،

بۆ بەرپاکردنی شەڕی ناوخۆ ..

کردە بیانو .

***

لە ( کڵاوقاسمە) ە وە :

شێرەکوڕەکان ، منیان گرت و

( کەپکی حەمەد ئاغایان )

لێسەندرایەوە !

لە کەپکی حەمەدئاغاوە :

شێرەکوڕەکان ، منیان گرت و

کڵاوقاسمیان لێسەندرایەوە.

***

لە هاوڵاتیانی

قەڵاو منارە و شاری مەلیك مەحمودەوە :

بە سەوز نوستین، بە زەرد هەستاین

بە زەرد نوستین ، بە سەوز هەستاین.

***

١٧ ی ئەیلولی ٩٨  

لەسەر دەستی ( مادلین ئۆلبرایت)***

سەرۆك و سکرتێری زەرد و سەوز

لەژێر چەتری ( ئەمریکا) دا

پەیماننامەی واشنتۆنیان

 پێ مۆرکرا

 شەڕ راگیرا..

***

لە زیندانییەکی سیاسی

سەردەمی رژێمەوە :

  چارەنوسی

دیلەکانی شەڕی ناوخۆ

  گەیشت بەچی ؟!

***

لە هەڵۆکەی گەرمیانەوە :

ئەرێ ..

دڵ و قودسی کوردستان ئازادە ؟

یا، لەژێر چەپۆکی

برای عەرەبی چاوڕەشدا

دەناڵێنێ ؟!

***

لە رێکخستنێکی دێرینەوە :

مەرجی بە ئەندام بون ، وەك جارانە ؟!

مەرجە مرۆڤ

دەست و دەم و داوێن پاك بێ؟

***

لە پێشمەرگەیەکی دێرینەوە :

ئێمە خزمی شاخ و بزن بوین

کەچی ئەمڕۆ .. سبحان اڵڵە

هەندێك.. بوین بە خاوەنی ..

 کۆمپانیای زەبەلاح .

***

لە کەمئەندامێکی سەنگەرەوە :

رازیم بەوەی رۆژەکانی مانگ

حەفتاوپێنج بێت

ئا بەومەرجەی

موچەی قاچ پەڕیوێک

لەکاتی چونی بۆ واجبدا، بۆ رەبایە

لە لیستەکەی مندا نەبێت.

***

لە کەسوکاری شەهید و

وارسی کیمیاباران و ئەنفالەوە:

 ئیتر با  بەس بێ گەندەڵی..

***

لە کۆمەڵێك چالاکوانی مەدەنیەوە :

بەسە چیدی.. یاسا لە سێدارە مەدەن ..

 

* پرۆسەی ئەنفال : پەلامارێکی دڕندانەی رژێمی بەعس بو بۆ سەر کوردستان لە ساڵی ١٩٨٨ دا بەم شێوەیەی خوارەوە :

ئەنفالی یەك : ٢٣ ی شوبات تا١٩ی مارت ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : دوکان ، بنگرد ، زیی بچوك ، ماوەت ، چوارتا ، ئەزمڕ ، سلێمانی ، سوسێ ، سورداش .

ئەنفالی دوو: ٢٢ی مارت – ٢ی نیسان ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە :  سلێمانی ، چیای گڵەزەردە ، بازیان ، قەرەداخ ، دەربەندیخان ، زەڕایەن، ئۆردوگای نەسر و عەربەت .                                                                                       

ئەنفالی سێ : ٧ی نیسان-٢٠ی نیسان ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : کەرکوك ، تازەخورماتو ، کفری ، کەلار ، دەربەندیخان ، زنجیرە چیای قەرەداخ ، تەکیە، چەمچەماڵ ، قەرەهەنجیر.                                               

  ئەنفالی چوار: ٣ مایس-٧ ی مایس ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە :  کەرکوك، ئاڵتون کۆپری، دێگەڵە، کۆیە ، خەلەکان ، دوکان، سورداش ، تەکیە، چەمچەماڵ .

   ئەنفالی پێنج و شەش و حەوت ٢٤ی مایس-٢٦ی ئاب ، سنوری پەلامارەکانی بریتی بون لە کۆیە ، دێگەڵە ، ئاڵتون کۆپری ، هەولێر ، شەقڵاوە ، رەواندوز، چۆمان ، چیای قەندیل،رانیە،چوارقوڕنە،هیزۆپ ە چیای باواجی.                                           

  ئەنفالی هەشت: ٢٨ی ئاب-٣ی ئەیلولی ١٩٨٨ سنوری پەلامارەکانی بریتی بو لە : دهۆك،زاخۆ،باتوفە،کانیی ماسێ ،زێوە، دێرەلوك، ئەتروش و زاوێتە . ( کتێبی : ئەنفال – کورد و دەوڵەتی عێرا ق – شۆڕش حاجی رەسوڵ ٢٠٠٣ لەندەن)

** بەخشیش و نیشانەی ئازایەتی بو سەدام حسێن دەیبەخشییە ئەو کەسانەی زۆر دڵسۆزی حیزبی بەعس و حکومەتی عێراقی بون . 

** مادلین ئولبرایت :-  ئەندامی حیزبی دیموکراتی ئەمریکی ، بۆ یەکەمجار لە مێژوی ئامریکادا وەك ژن لە ٥/١٢/١٩٩٦ بو ە بە وەزیری دەرەوەی ئامریکا ، وە لەو پۆستەدا مایەوە تا ٢٠/١/٢٠٠١

  

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
فەتاح حەسەن

ئەرشیڤی بەڕێز: فەتاح حەسەن