عەتا قەرەداخی : جیاکردنەوەى سنوور لە نێوان دوو خوێندا بەرامبەر چەمکی خوێن بە خوێن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆمەڵناسی بە ناوبانگی عەرەب ئیبن خەلدوون پێی وایە : خێڵ لەسەر بنەمای پەیوەندی خوێن و دەمار پێکهاتووە کە ئەویش هەمیشە پەیوەندییەکی تووندو گرژە ” و هەر بەو پێیەش عەقڵی خێڵ عەقڵێکی تەنگ و کورت مەوداو ئاسۆ نەبینە . دیارە ئەوە ئاشکرایە کە بنیادی سەرەکی کۆمەڵگەى رۆژهەڵاتی بە گشتی و بنیادی پێکهاتەى کۆمەڵگەى عەرەبی بە تایبەتی بنیادێکی خێڵایەتیەو هەر بەو پێیەش عەقڵی عەرەبی وەکو ئەوەی کە محەمەد عابد جابری و جۆرج تەرابلشی گفتوگۆی دەکەن لە چوارچێوەى عەقڵی خێڵدا سنووردراوە . عەقڵی خێلیش ئەوەیە کە تەنیا خۆی دەبینێت و هەموو شتێکی بۆ خۆی و لە پێناوی خۆیدا دەوێت . هەر لەو رووەشەوە مێژووى خێڵایەتی ئەو عەقڵە بەڕێوەى بردووە کە لەسەر سادەترین و بێبەهاترین شت شەڕی گەورەو خوێن رشتنی گەورەو وێرانکاری و سووتاندن و تاڵانکردنی بەرفراوان روویداوە .
ناسیونالیزمی عەرەبی کە چەند پایەیەکی هەیە یەکێک لەو پایەسەرەکیانە رەسەنایەتی خێڵایەتی عەرەبیە ئەو رەسەنایەتیەى کە بێجگە لە خۆی نە بڕوای بەکەسی تر هەیەو نەکەسی تر قبوڵ دەکات . بۆ پاراستن و مانەوەى خۆیشی هەوڵدەدات هەموو ئەوانی تر لە ناوببات . هەروەک ئەم رەسەنایەتیەى خێڵایەتی عەرەبی بە رەگەزە ئایینیەکانیش زیاتر بارگاوی و بەهێزکراوە بە تایبەتی پەیامی ئیسلام هەرچەندە ئیسلام وەکو ئایین بێلایەنەو بنەمایەکی ئومەمی هەیە ، بەڵام لەو رووەوە کە ئایین یەک مەودای بینینی هەیە هاوجووت بووە لەگەڵ عەقڵی خێڵایەتی عەربیدا . بۆیە دەتوانرێت بگوترێت ناسیونالیزمی عەرەبی ئەگەر لەسەر چەند پایەیەک راوەستابێت ئەوا دووان لە سەرەتکیترین پایەکانی خێڵایەتی عەرەبی و کەلتوورو پەیامی ئیسلامییە . پێشتریش ئەوەمان بینیووە کە حیزبی بەعس وەکو نوێنەری ناسیونالیستی عەرەبی چۆن لە هەموو شتێکدا دەگەڕایەوە بۆ شەهامەتی عەرەبی کە مەبەست لەوەش پێگەو بوونی کەسێتی خێڵایەتی عەرەبی بوو ، هەروەها ئەوەشی تێکەڵاوى بنەماکانی پەیامی ئیسلام دەکردو ئەوەشمان لەبیرە کە چۆن حیزبی بەعس بە بەکارهێنانی ئایەتەکانی قورئان شەرعیەتی دەدا بەخۆی بۆ ئەوەى چۆنی دەوێت بکوژێت و وێران بکات بە تایبەتی لە کوردو ئەوانی تری غەیری عەرەبی . باشترین نموونەشمان ئەنفالە کە چۆن دەسەڵاتی ناسیونالیست خێڵایەتی عەرەبی لە ژێر سایەى سوورەتی ئەنفالدا بێبەزەیانە گەلی کوردی ئەنفال کرد .
من پێشتریش چەندجارێک نووسیوومە کە دەسەڵاتی ئێستای شیعەو سوونەى عێراق هەمان شووناسی ناسیوونالیزمی عەرەبیان هەیە کە بەعس نوێنەرایەتی دەکرد . بە تایبەتی حیزبە ئیسلامییە عەرەبەکانی عێراق وەکو نوێنەری ناسیونالیستی خێڵایەتی ئایینی عەرەبی پێکهاتوون و زیاتر لەسەر بنەمای هەردوو پایەی خێڵایەتی و ئایین راوەستاون . ئەگەر لەم روانگەیەوە بە ئاسۆیەکی روونەوە بڕوانین ئەوا تێدەگەین کە کۆی سیاسەت و رەفتارەکانی سەرجەمی ئەو سیستێمە سیاسیانەى لە عێراقدا درووستبوون لە پێکهاتنی دەوڵەتی عێراقیەوە لەسەرەتای بیستەکانەوە تاکو ئێستا ، بەرهەم و دەرهاوێشتەى ئەو بنیادەیە کە ئەو سیستێمە سیاسیانەى لێپێکهاتووە کە پێکهاتەى ناسیونالیستی عەرەبی راوەستاو لەسەر بنەماکانی خێڵایەتی و ئایینیە. دیارە تا ئەو بنیادە پێکهێنەرەی کۆمەڵگەى عەرەبی نەگۆڕێـت ئەگەری ئەوە نییە کە سیاسەتی دامەزراوە دەوڵەتیەکانی عەرەبی بە گشتی و عێراق بەتایبەتی بگۆڕێت ئیتر گرنگ نییە کە لە فەیسەڵە ، بۆ مالیکی ، کێ لە ترۆپکی ئەو دەسەڵاتەدا بێت . بە واتایەکی تر پێویستە لەوە تێبگەین کە عەرەبی عێراقی ئەگەر ناچار نەبێت بە هیچ شێوەیەک دان بە بوونی کورددا نانێت . لە ماوەی یانزە ساڵی رابردووشدا سەرباری کێشەکان و هەوڵە بەردەوامەکانی دەسەڵاتی بەغدا بۆ تەسکتر کردنەوەى دەسەڵاتی کورد ، ئەوە کورد بووە خۆی بە عێراقی زانیووەو نەیوویستووە دوور بکەوێتەوەو تەنانەت هەوڵیداوە دەوڵەت بۆ عەرەبی عێراق درووست بکاتەوە . ئەگینا بە گوێرەى ئەوانی عەرەب کە تاکو ئێستا ئەوەى سەدام حسێن کردی ئەمان نەیانکردووە ، لەبەر ئەوەیە تاکو ئێستا لاواز بوون ء تەنانەت ئێستاش دەسەڵاتی عێراقی کە ئەو هەموو فشارە دەخاتە سەر کوردستان بە جۆرێک لاوازە کە هەست ناکرێت لەم وڵاتەدا دامەزراوەى دەوڵەت بوونی هەبێت ، بەڵکو وڵات لە ژێر سایەى چەند پێکهاتەیەکی سیاسی و تایەفەو مەرجەع و مەزهەب و خێلێکدایەو هەریەکەشیان سەر بە دەوڵەتێکی ترن . واتە ئەوەى ئێستا لە عێراقدا غائیبە دەوڵەتە . ئەوە لە ئەنجامی غائیببوونی دەوڵەتدایە کە مالیکی لە بری دامەزراوەى دەوڵەت و حکومەت بڕیار دەدات و دەمێ بودجەى کوردستان دەبڕێت و دەمێک هێزی دیجلە درووست دەکات بۆ سوکایەتی کردن بە کوردی ئەو ناوچانەى کە تاکو ئێستا لەژێر سایەی دەسەڵاتەکەى ئەودا ماونەتەوەو لەلایەکی ترەوە هەوڵی درووستکرنی ناکۆکی زیاتر لە نێوان پارتیء یەکێتیدا دەدات . دیارە لەو رووەشەوە رۆڵی ئێران وەکو ئینتیمای مەزهەبی شیعەکانی عێراق بۆ ئێران ئاشکرایەو هەر لەو رووەشەوە درزی نێوان لایەنە کوردییەکان بە تایبەتی یەکێتی و پارتی ئاشکرایەو تا ئەم دواییە یەکێتی بە ئاشکرا جۆرێک لە مەیلداری بۆ مالیکی و شیعە هەبووە کە ئەوەش بە کاریگەری ئێران و زیاتر دابەشبوونی یەکێتی و پارتیە لە نێوان هەژموونی ئێران و تورکیادا . هەر لەو رووەشەوە سەردانەکەى عادل موراد بۆ لای مالیکی لەلایەن ئەو ئاراستانەى ناو یەکێتیەوە کە لەژێر هەژموونی ئێرانیدان زۆر گەورە کرا . هەرچەندە یەکێتی پێشتر لەلایەن مالیکیەوە خراپ رەفتاری لەگەڵدا کراوەو هێزەکانی دیجلە هێنراونەتە ئەو رووبەرەوە کە هاوسنووری نفوزی ئەوسای یەکێتی بوو . دیارە مالیکی ئەوەى لە پاداشتی پشتگیری کردنی مام جەلالدا کردووە کە هەروەک حەسەن عەلەوی دەڵێت ئەگەر مام جەلال نەبوایە متمانە لە مالیکی سەندرابووەوە . ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سەرباری خاسێتەکانی ناسیونالیستی خێڵایەتی ئایینی عەرەبی لە مالیکیدا ، دیسان شیعە لە رووی مەزهەبیەوە ئەتوانن ئەو یارییانە بکەن ، واتە یارییەک کە بەڵێن دەدات و لە کورتترین کاتیشدا لێی پاشگەز دەبێتەوە .
بەهەرحاڵ روودانی کوشتنی محەمەد بدێوی تاکە رووداوی کوشتنی رۆژنامەنووس یان مامۆستای زانکۆ نییە لە عێراقدا و لەسایەی دەسەڵاتەکەى مالیکیدا . کەواتە ئایا بۆچی مالیکی ئەم بابەتەی بەمجۆرە وروژاند ؟ ئایا ئەوە لە دڵسۆزی و پەرۆشی ئەوەوەیە بۆ خوێنی عێراقییەکان ؟ یان لەبەر ئەوەیە کە کوردێک ئەو رۆژنامەنووسەى کوشتووە ؟ یان بۆ پڕوپاگەندەى هەڵبژاردنە لە کاتێکدا کە دەشێ مالیکی هەست بەوە بکات کە کۆتایی دەوسەڵاتدارێتیەکی نزیکبووەتەوە بە تایبەتی ئەگەر ئەمجارە هەڵبژاردن بکرێت ئەگەری پێکهێنانی حکومەت لە عێراقدا زۆر لاوازەو دەشێ ببێتە جۆرێک لە پاشا گەردانی تەواوەتی؟ یان مالیکی دەیەوێت لەم رێگایەوە گورزێکی تر لە یەکێتی نیشتیمانی بووەشێنێت بە تایبەتی کە پۆستی سەرۆک کۆمار هی ئەو بووەو ئەوە ماوەی زیاتر لە پانزە مانگە ئەو پۆستە چۆڵەو یەکێتی نەک نەیتوانیووە کەسێک بۆ ئەو پۆستە دابنێت بەڵکو چارەنووسی سەرۆک کۆماریشی شاردۆتەوە . بەم کارەى مالیکی لەلایەک بە کوردو عێراقییەکانیش دەڵێت ئەوە پاسەوانەکانی سەرۆک کۆمار لەبری پاراستنی عێراقییەکان خۆیان لولەى تفەنگەکانیان ئاراستەى عەرەبەکانی عێراق دەکەن. ئەمەش بەکار دەهێنێت بۆ وروژاندنی هەستی عەرەبی عێراقی و جوڵاندنیان بەرامبەر بە کوردو بە تایبەتیش یەکێتی بۆ ئەوەى جارێکی تر بیر لەوە نەکەنەوە باسی پۆستی سەرۆک کۆمار بکەن . لەهەمان کاتدا مالیکی دەیەوێت هەستی ناسیونالیزمی خێڵەکی و ئایینی عەرەبی عێراق بەرامبەر بە کورد بوورژێنێت و بە عەرەبەکان بڵێت عێراق لەبەردەم مەترسیدایە مەترسی تیرۆرو مەترسی داعش و لەسەرووى هەموو ئەوانەشەوە مەترسی کورد کە لە هەموو ئەوانی تر ترسناکترە چونکە دەیانەوێت ئەوەی ئەوان پێی دەڵێن عێراق دابەشی بکات .
ئایا هەڵوێستەکانی ئێستای یەکێتی بەرامبەر بە مالیکی چی دەگەیەنێت ؟ من پێموایە هیچ ئومێدێک لەسەر هەڵوێستەکانی یەکێتی و تەسریحدانی هەندێ لە بەرپرسانی ئەو حیزبە دژی مالیکی بینا ناکرێت . یەکێتی هەمان شێوەى مالیکی لە بارێکی شلۆقی ترسناکدایە. هەر ئەوەش وایلێکردووە لەبری ئەوەى کە هەوڵی رێکخستنی ناو ماڵەکەی خۆی بدات ، دەیەوێت کێشەکانی ناوخۆی فڕێ بداتە دەرەوە . جارێک نزیکی و هاوپەیمانی لەگەڵ پێکەکەو جارێک لایەنگری بۆ پەیەدەو جارێکی تریش تەسریحی ئاگرین دژی مالیکی . من پێموایە هیچ کام لەم هەڵوێستانە جگە لە زیانی زیاتر هیچ بۆ یەکێتی بەرهەم ناهێنن بە تایبەتی لەم سەروبەندی هەڵبژاردنەدا . بەڵکو باشتر وایە لەبری ئەم پەل هاوێشتنە پڕ لە شپرزەییە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لە ناوخۆیاندا دەست بدەنە دەستی یەکترو کێشەو ململانێکانی نێوخۆیان بەلاوە بنێن . خۆنزیک کردنەوە لە پێکەکەو پەیەدە لەم کاتەدا ناتوانێت دەنگەکانی یەکێتی زیاد بکات . با یەکێتی سەیری پارتی چارەسەری دیموکراسی بکات کە کۆمیتەیەکی پێکەکەیە لە باشووری کوردستان ، لە هەڵبژاردنی پێشوودا بە پشتی پێکەکەش ئەو پارتە نەیتوانی دەنگی کورسیەک بەدەست بهێنێت . هەروەک پێموایە ئەو تەسریحدانە تووندانەیان بەرامبەر بە مالیکی هیچ بەرهەم ناهێنێت چونکە پێناچێت ئێران ئەوە لە یەکێتی قبوڵ بکات . هەروەک بۆ پارتیش خراپ تێگەیشتنە ئەگەر بەو هەڵوێستەى یەکێتی دڵخۆش بێت .
من پێموایە ئەوەى مالیکی گووتی ” خوێن بە خوێن ” سەدام حسێن بە کردەوە جێبەجێی دەکرد نەک بە گووتن . ئەوەى مالیکی بانگەشەى بۆ دەکات ” بێجگە لە پڕوپاگەندەى هەڵبژاردن هیچی ترنییە واتە هیچ دەرهاوێشتەیەکی لێناکەوێتەوە ، بەڵام بە تەواوەتی خێڵایەتی بوونی مالیکی و کۆی نوخبەى فەرمانڕەوای عەرەبی عێراقی نیشان دەدات و تێڕوانینی راستەقینەى ئەوانیش بەرامبەر بە کورد دەردەخات . کەواتە بۆ سەرکردایەتی سیاسی کوردیش عەیبێکی گەورەیە ئەوەندە باسی برایەتی کوردو عەرەب و یەکێتی خاکی عێراق بکات ، هەروەک عەیبێکی گەورەتریشە ئەگەر بەم شێوەیەی ئیستا پەرت و بڵاو بن چونکە ئەوەتا داگیرکەرانی کوردستان ژێی هەستیاری شۆڤێنیانەى خۆیان و جەماوەرەکانیان دەلەرێننەوە بە ئومێدی وروژاندنی ئەو هەستە لەسەر ئاستی جەماوەری و سەرئەنجامیش دەڵێن ناکۆکیەکان ناکۆکی نێوان جەماوەری عەرەبی و کوردە ، یان دەڵێن ئەوە ئێمەى دەسەڵاتدار نین کە دژی کوردین بەڵکو ئەوە جەماوەری عەرەبیە ناچارمان دەکات بەوجۆرە هەڵوێست بەرامبەر کورد بنوێنین . هەر بۆیە لێرەوە بەرەو ئەو قۆناغە دەچین کە ئەگەری پێکەوە هەڵکردنی کوردو عەرەبی عێراقی زۆر ئەگەرێکی لاوازە . کەواتە دەبێ سەرکردایەتی کوردی زەمینەسازی هەمەلایەنە بۆ جیابوونەوە لە عێراقی عەرەبی بکات پێش ئەوەی جارێکی تر کورد بکەوێتەوە بەر شاڵاوی بۆمبارنکردن و کیمایی و ئەنفال ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت