ئەبوبەکر جاف : زەمەنی کوردی ، کورد لە زەمەندا لە بارەی ئازاری ” ئازاری” کوردەوە .

  زەمەن بونێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆم و ماهیەتی نییە بۆ خۆی و لە خۆیدا ، زەمەن لە ناو تۆڕوی پەیوەندییەکان دەلالەت و مانا وەردەگرێت ، پەوەندی هێزەکان ، پەیوەندی ناونان […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

زەمەن بونێکی سەربەخۆ و ئۆتۆنۆم و ماهیەتی نییە بۆ خۆی و لە خۆیدا ، زەمەن لە ناو تۆڕوی پەیوەندییەکان دەلالەت و مانا وەردەگرێت ، پەوەندی هێزەکان ، پەیوەندی ناونان و ستراتیژیەتی نازولێنان . ئەمە نەک تەنیا لە بارەی ” زەمنەوە” بەڵکە دەتوانین لە بارەی هەموو شتەکانەوە ساغی بکەینەوە ، واتە شتەکان بۆ خۆیان لێگەڕێین ، وازی لێبێنین ، ئەم دەستەبەرداربونە لە شەتەکان هیچ نەبێت لە ئاستێکی مێژویی و سۆسیۆلۆژیدا مەفهوم و بونێکی تری هەیە بەدەر لە بونێکی کەینونەیی و وجودی و میتافیزیکی ، فیزیایی .. ئیدۆلۆژیا ، گوتارێگ ، سیستەم و مەنزومەیەکی ئیدیایی و پراتیکی ، مومکین نەبووە دەستەبەرداری ( ماڵی کردنی  و ئاراستەکردنی زەمەنی ) ببێت بەو ماناو خواست و کارلەسەر کردنەی کە ئەم گوتارە دەیەوێت کاری لەسەر بکات . پارچە پارچەکردنی زەمەن ، بەشکردنی زەمەن ، زەقکردنەوەی زەمەن ، شاردنەوەی کۆمەڵێک چرکەساتی زەمەنی ، تەوزیفکردنی کردەی زەمەنی ، داخستن و پێشخستنی کردەیەکی زەمەنی ، ناولێنانی زەمەنی ، ناولێنان لە زەمەندا.. ئەمەو دەیان کردەی تر لە ناو  تۆڕی پەیوەندی هێزەکاندا بەکار دەخرێت ، واتە وەک بۆردیۆ بڵێن هیچ بونێک نییە ئەبستراکت و بێلایەن بێت لە خۆیدا ، بەڵکو وەگەرخستن و بەکاهێنانی ئیدۆلۆژیانەو گوتارانەی هەیە.

سەدەی نۆزدەو بیست ، سەدەی دەرکەوتنی گوتاری ئیدۆلۆژی بوو ، سەدەیەک بوو، ناتوانرێت ڕوداوێکی بێلایەن بدۆزینەوە ، زۆربەی زۆری ئەم دوو سەدەیەو بڕێکیش لە سەدەی هەژدە ، بە دەیان فلتەرو ماکینەی ناوناندا تێپەڕێنراون ، لەم ماوەیە ” یادکردن و یادەوەری” ئەو جێگا زەمەنی-نازەمەنییە بووە ، کە بە بەردەوام ، بە سیستەماتیکەکراوی ، بە بارگاویکردن  بە ( سیستەمێکی مانا و بەرهەمهێنانی مانادا ) ئاخێنراوە ، ئاوسکراوە ، پڕ پڕ کراوە  لە مانای بونێک یان بونی مانایەکی ناسیۆنالیستانە .  دوو سەدەو بگرە زیارتریش ، بە ئێستاشەوە ” بەڵام ئیستا بە فۆرم و دەرکەوتەی جیاواز ”  کۆی سیستەمی ” تەنانەت ئیبیستمییەکەشی ) لەناو پەیوەندی هێزەکاندا بووە ، واتە بە ئاراستەی بەرهەمهێنانی ناسیۆنالیزم و ناسیۆنالیزاسیۆن کاری لە سەر کراوەو ئاراستە کراوە ، کارکردنە تەنیا لە سەر ئەم دوو سەدەیە نەبووە . بەڵکو کۆمەڵێک پرۆسەی وەک ، پێشخستنی زەمەنێک ، دواخستنی زەمەنێک ، پەڕاندنی زەمەنێک ، زیادکردنی ئیدۆلۆژیانەی زەمەنێک ، پیناسەکردنەوەی زەمەنێک ، ناولێنان و ناولێنانەوەی زەمەنێک ، لەم دوو سەدەیەدا چڕکراوەتەوە ، واتە ئەم دووسەدەیە هێندە هێنانەوەی ئەو زمەنانە بووە لە ناو ئەم دوو سەدەیەدا خراونەتە ناو ماکینەی بەرهەمهێنانەوەوی گوتاریی و ئیدۆلۆژیانەوە .

ئەگەر کۆڕایەک هەبێت لە سەرناونانی ئەم دوو سەدەیەو بڕێکی زۆریش ئێستا ، ئەوا کۆکن لە سەر ناوهێنانی بە سەدەی زێڕینی ناسیۆنالیزم ، ناسیۆنالیزمی ڕۆژئاوا ، دروستکردن و بەرهەمهێنانی هەیاڵێکی دەستەجەمعی تا ئاستێک خەرمانەیەکی وجودیانەشی ێوە ئالێنراوە. نەتەوەی فەرەنسی ، نەتەوەی ئەڵمانی .. پرسیارەکە ئایا کورد زەمەنی هەیە ، کورد زەمەنی تایبەت بە خۆی هەیە ؟ زەمەنی کوردیمان هەیە ؟ بە تاکید و بێ دودڵی زەمەنی کوردی هەیە ، بەڵام جیاواز لە زەمنی ئومەتێکی تر ، جیاواز لە زەمەنی کردەیەکی تری بە نەتەوەکردن و ناسیۆنالیزاسیۆن لەم دونیایەدا. زەمنی کوردی،بە پاڵپشت و پشتیوان بە بون و پانتاییەکی ( تراژیدیانەی ) بونی کوردی  لە ئاستی سایکۆلۆژی – مێژوویی ، دەکرێت بڵێن زەمنێکی کوردی بونی هەبووە ، بەڵام زەمنێک هەمیشە بونی کوردی ، کورد لە بوندا ، بەم کوردبونەی کردووە بە بونێکی پاسیڤ . بونێکی نا- کارا و نا- ئیرادی ، کورد لە زەمەندا هەمیشە ویستویەتی ، داواکار بووە ’ خواستی ئەوەی هەبووە ، بەرگریکار بووە لەوەی بونێکی سالم و بێ زیانی هەبێت لە زەمەنی خۆیدا ، بۆ بەرگریکردن لەم مانەوەو بێ زیانییە ، واتە بونێکی ئیرادی و داوا نەکردووە ’ ئەوەی داوای کردووە بونێکی زەمەنی بووە تەنیا لە ئاستی ئینسانی بونیدا نەک لە ئاستی نەتەوەییدا ، نەک لە پیچناو بونێکی  ناسیۆنالیستانە ، ئەڵبەتە دەبێت هەندێک هەوڵی ” سیاسیانەی ” لێ دەربکەین ، بەڵام ئەم بەرەنگاری و پێداگیری و بەرهەڵستیەی ناو زەمەنی کوردی هەمان ڕەهەندی ” سایکۆلۆژی ، کەبنونانەی” ئیسنانی کوردی بووە لە زەمەندا. زەمەنی کوردی زەمەنێکی تراژیدیانەیە ، زەمەنێکە هەمیە ئینسانی کوردی لە ئاستی ( تاک و گروپیشدا) وەستانێکی میتافیزیکیانەو سروتی و تەقسیانەی ئاینیانە بووە لە سەر زەمەن و یادەوەری و بیرەوەری . هەر ئەمەش هۆکارۆ غیابی ( ناسیۆنالیزمێکی کوردی ئیرادەییە “. کورد نەیتوانیوە زەمەن ماڵی بکات ، زەمەن ئاراستە بکات بۆ خۆی ، بۆ کوردبون ، بۆیە زەمەنی کوردی هەمیشە بونێکە لە ڕابوردودا ، ڕابردووەیەک کە ناتوانرێت بگوازرێتەوە بۆ ئێستاو ئایندە .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
ئەبوبەکر جاف

ئەرشیڤی بەڕێز: ئەبوبەکر جاف