amerika

لوقمان غەفوور : راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درۆیە؟!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەزاەرتی دەرەوەی ئەمریکا رۆژی 28/2/2014 لەراپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر رەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی ، بە 64 لاپەڕە ، هەناو و ناو دڵی عیراق و هەرێمی کوردستانی هێنایە دەرەوە و خستیە بەردەمی سەرکردەکانی ئەم وڵاتە ، منیش بەو سەرکردانە دەڵێم چاوەڕوان بن چەند هەفتەیەکی تر راپۆرتێکی توندتری هیومان رایتس وۆچ دێتە بەردەمتان و وەڵامی ئەوەیان چۆن دەدەنەوە .

لەوانەیە وەک بەشە مرۆییەکەی ، دڵگران بین بەو دۆخەی مافی مرۆڤ کە لەعیراقدا بەرێدەکرێت ، بەڵام کە راپۆرتەکە دەخوێنیتەوە لەبڕگەکانیدا ناوی کوردستان بەو بەر بڵاوییە لەسەر خراپی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی ئازادی را دەربڕین و رۆژنامەگەریی و بوونی میلیشیای دەرەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەمنییەکانی پارتی و یەکێتی، پێمان دەڵێت دوای 22 ساڵ ئەمە ئەو دۆخەیە کە خەڵک لێی دەترسێت .

لەسەروو ئەم قسانەوە ئەوەی منی تووشی سەرسوڕمانێکی تر کرد، ناسەلیقەیی میدیای کوردی بوو بەرامبەر ئەو راپۆرتە و نەیانتوانی وەک کەرەستەیەکی میدیای سوودی گەورەی لێوەرگرن ، تەنیا چەند ناوێکی رۆژنامەنووسیان ریز کرد کە پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە و پێشتر میدیای کوردی قسەی لەسەر کردوون ، ئەگەرنا ئەوەی لەمیدیای کوردی لەسەر راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاوبۆوە 1 بۆ 100 زانیاری ناو راپۆرتەکە نییە و ئەوەشی کە حکومەتی هەرێم وەڵامی دایەوە تەنیا وەڵامی ئەو 1 بۆ 100 بوو کە میدیای کوردی بڵاویکردەوە ، لەمەوە بۆم دەرکەوت کە میدیای کوردی بەتایبەتی میدیای ئەهلی چەند دەستەوسان و کەمدەسەڵاتە وەک ئەو کرێکارە نەشارەزایەیە کە لم و چیمەنۆ و ئاوێکی باشی بخەیتە بەردەست و نەزانێت جەبلەیەکی جوانت بۆ دروست بکات و وەستاکەی بەدەستییەوە ماندوو ببێت ، لەکاتێکدا ئەو 64 لاپەڕەیە پڕە لەرووداوی سەیر و سەمەرەیە لەعیراق و هەر دێڕێکی لەسەر هەرێمی کوردستان دەست بۆ بەریت راپۆرتێکی رۆژنامەوانی تەواوی تێدا دەردەچێت .

لەسەروو ئەوەوە ئەوەی کە نیگەرانییەکی بێوێنەی پێوە دیارە لەهەموو بڕگەکاندا کە باس لەهەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت هەرێمی کوردستان بەرابەرایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەم تای تەرازووەی ئەمریکا و هاوسەنگکردنی ئەم دوو هێزە لەپێشێلکارییەکاندا ، زیانێکی گەورەیە بۆ یەکێتی و باجدانی یەکێتییە بۆ بەشی زۆری هەڵەکانی پارتی .

لەلایەکی ترەوە ئەوەی کێشەکانی ئەم هەرێمەی زیاتر شێواندووە و کردوویەتی بەقوربانی سیاسەتی چەوتی حزبایەتی ئەوەیە لەبری ئەوەی سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی چەکوشێک بگرن بەدەستیانەوە و وەک ئەو وەستایەی ئۆتۆمبێلێکی لێدراوی دەچێتە بەردەست، دەست بکات بەچاککردنەوەی لێدراوەکانی، بەپێچەوانەوە ئەوەندەی تر ئەیکێشێت بەدار و دیواردا ، لەبری ئەوەی کەموکورتییەکانی ناو راپۆرتەکە تەتەڵە بکەن و لەوردوو درشتی بکۆڵنەوە و بیخەنە ژێر مایکرۆسکۆبی چاکسازی کەچی بەڵگە دەهێننەوە کە راست نییە ، بەبیرمە لەماوەی ساڵانی رابردووشدا کاتێک لەرۆژنامەی کوردستانی نوێ بەرپرسیارێتیم هەبوو ، هیومان رایتس وۆچ و ئەمنیستی ئینتەرناسیوناڵ راپۆرتی ساڵانەی خۆیان بڵاودەکردەوە ، بەهەمان دەروونی هیلاک و تەنگەنەفەسییەوە حکومەتی هەرێم و بەتایبەتی پارتی وەڵامی دەدایەوە وەک ئەوەی تۆفانێک بێت هەڵیکردبێت و دوای هێوربوونەوەی ئەو تۆفانە ئیتر ئارام بوونەوە بەرۆکی ئەو شوێنە بگرێت، بێئەوەی هەست بەخۆیان بکەن ، ئەبێت ئەمان کەموکورتییەکان و کەلێنی نێو راپۆرتەکە چاکبکەن نەک بەڵگە بێننەوە بۆ خاڵ بەخاڵی نێو راپۆرتەکان .  

  بڕگەیەکی تری خاڵی وەرچەرخان لەراپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەوەیە کە ئەمریکا دۆستە دێرینەی کورد بۆ یەکەمین جارە بەو شێوەیە رەخنە لەحکومەتە کوردییەکە بگرێت و هۆشدارییەکی جددی ئەمریکا بێت بۆ هەرێم‌ و بەنائاشکرایی بەسەرکردەکانی ئەم هەرێمە دەڵێت ، ئاگادار بن لەوەدەچێت هەرێمی کوردستان شوێنێک نەبێت بۆ گەشەکردنی مافەکانی مرۆڤ ، لەکاتێکیشدا کاتێک حکومەتی هەرێم وەڵامی راپۆرتەکەی دایەوە ، ئەوا هاووڵاتیانی کوردستان دەکەونە بەر دوو ئەگەری قسەکردن لەسەر راپۆرتەکە ، ئەگەر ئەمریکا دۆستی کوردە بۆچی راپۆرتێکی ئاوا دەنوسێت ، ئەگەر دۆست نییە بۆ وا شانی خۆتان خستۆتە بەردەستی ؟.

ئەمریکا کە راپۆرتەکەی بڵاوکردۆتەوە خۆی داماڵیوە لەدۆستایەتییەکی پڕ موجامەڵە و سیاسییەکی کوردانە، بەڵکو مافی مرۆڤی لەهەموو شتێک لا گرنگترە لەم ناوچەیە ، ئەو نایەوێت هەرێمێک دروست بکات کە بنەماڵەیەک ژیانی سیاسی بەرێوەبەرێت ، ئەو دەیەوێت ئەوەی هەیە لەسەر زەمینەی سیاسی هەرێم مرۆڤەکان ئازادی رادەربڕینیان هەبێت بەو شێوەی ئەو تێی دەڕوانێت نەک پارتی و یەکێتی ، بەشێوەیەک ئەگەر لەوەی وڵاتی ئەمریکا زیاتر نەبێت کەمتر نەبێت ، کەواتە ئەگەر وانەبێت هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەم هەرێمە هەقیەتی بەبەرپرسان بڵێت :” ئەرێ راپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا درۆیە ؟”

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت