ھاوڕێ چۆمانی : کاروانێک بەرەو نوێبونەوەی ئەندێشەی گەنجان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرکردە پیرەکان  بەخیلی بەسەرکردە گەنجەکان ئەبەن ،” نیتچە ” .

ھەمومان لەسەر ئەوە کۆکین گەنج ھێزێکی بەرفراوانی کۆمەلایەتیە و سەرجەم کایەکانی ژیان بێ بوونی ئەو توێژە چالاک بونێکی راستەقینە و کاریگەر بەخۆیەوە نابینێت . قۆناغی ژیاری مرۆڤایەتی ئەوە نیشان دەدات ئەرکێکی سەخت و گران کەوتۆتە سەرشانی گەنجان تاوەکو شارستانیەتێکی مەزن و بەھادار بنیات بنێن،نمونە ئەو گەنجانەش گەلێک زۆرن ھەر وەک پەیامبەران و پیاوچاکان و سەرکردە میللیەکان و رۆشنبیران و ھونەرمەندان .

ئەو توانا و وزەیەی کەلەگەنج بەدی ئەکرێت لەکۆی قۆناغەکانی مرۆڤ بەو شێوەیە نیە چونکە گەنجان لەتوانایان دایە روبەروی ئاستەنگ و تەنگ وچەلەمەکانی ژیان ببنەوە و ئاراستەی بارودۆخەکان بگۆرن و نمونەیەکی تر پێشکەش بە مێژووی مرۆڤایەتی بکەن . مەبەست لەگەنجبوونی مرۆڤ بریتی نیە لەتەمەنێکی دیاریکراو بەلکو لێرە خالی بنچینەیی بۆ دیاریکردنی گەنج بوون بریتی یە لەو ھزروبیرانەی کە راستەوخۆ تاک فرێی دەداتە ناو کۆمەلگا و کارلێکێکی ھاوچەرخانەی لێوەبەدەست دەھێنرێت ، بۆتێگەیشتن لە گەنجێتی مرۆڤ پێویستە سەیری شێوەی مامەلەکردن و دەرھاویشتەکان بکرێت بەبێ رەچاوکردنی کاریگەرییە لاوەکیەکان .

زۆرینەی جار خەون و خەیالی مرۆڤ لەتەمەنی مندالییەوە گەلالە دەبێت وەگونجاوترین درفەتیش بۆ کردنیان بە کردار پاش کۆتایی ھاتنە بە بەماوەیی مندالییەتی ھەلبەتە ئەمەش گەنجێتیە،چونکە ئەوکات دەکرێت زەمینەسازیەکی خێرا بەئەنجام بگەیەنێت و دواجار گەیشتنە بەئامانج .

ئاشکرایە کۆمەلگا پێشکەوتوەکان پراوپرن لە مرۆڤی گەنج بەپێچەوانەی کۆمەلگا دواکەوتوەکان کەسەرلەبەری بەرێوبەرانی رژێمە کۆمەلایەتی وسیاسی و ئابوری و فەرھەنگی و تەنانەت بابەتی ئاینیش خالینین لە بیروھۆشی کۆن و لێکچوو لەچاخەبەردینەکان .

ھەر رەوتێکی نوێ بێ پالپشتی گەنجان ئەستەمە بتوانێت جێی پێی خۆی دابکوتێت ھەروەک ھەر سیستەمێکی بەرێوەبردنیش لە دەولەت ممارەسەی جۆرێک لە سیاسەت بکات دژ بەخواستەکانی گەنج  رووبەری چارەنوسێکی دژوار ئەبێتەوە و دواجار دەچێتە پەردەی نەبوون .

پێویستی گەنجان لە خەبات و تێکۆشان بەستراوەتەوە بەوفاکتەرانەی کە زەمینە خۆشکەرن تیاییدا لەگەل ئەوەشدا ئەرکە لەسەرگەنجان  دژوارییەکان تێبپەرێنن و ئەو رۆلە ببینین کەوەک بەرپرسیاریەتی مێژووی وایە ، ھەموو ئەمانەش پالپشتە بە ئیرادەو ورەیەکی بەرزو گەورەیە تا کۆمەلگا لە قەیرانێکی جەنجال بگوازێتەوە بۆ کۆمەلگایەکی بەختەوەر و پرکۆشش و پراوپر لە ئاسایش و ئاشتی کۆمەلایەتی .

ھێزە سیاسیە کۆنەپەرستەکان لەھەولی ئەوەدان گەنج لە ھاوکێشە گۆرانکاریەکان داببرێن و لەنێوان گەنجان و بابەتە سەردەمیەکان جیھانێکی نامۆ دروست بکەن بۆئەمەش پەنا بۆ دوو ئامراز ئەبەن یەکەمیان راکێشان و شوینگرتنەوەیان لەنێوخۆیان ئەمەش جۆرێک لە کارەکتەر بەرھەم دەھێنێت ماناکانی گەنج بەھەموو پێورێک نایگرێتەوە ، رێگای دووەم ھێندەی تر سورمان ئەکات لەسەر ئەوەی بلێین سیاسیە کۆنەپەرستەکان جگە لەپەیامی ستەمکاری ناتوانن بە ھیچ زمانێکی تر لەگەل توێژە جۆراوجۆرەکانی تری کۆمەل بکەونە گفتوگۆ کەئەمەش رەتکردنەوە و رەشکردنەوە و نەخوێندنەوەی دیدی گەنجێیەتی دەگرێتەوە ، ئەم ئامرازە لەگەل ئامرازی یەکەم رەنگە تاماوەیەک مەودای ھێزە کۆنەپەرستەکان لەسەر شانۆی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی … ھتد . درێژبکاتەوە بەڵام ناتوانێت لە ئاست دەنگی گۆرانخوازی و نوێخوازی گەنجان تاوەکو سەر وەکو خۆی بمێنێتەوە ، گەر ھێزە کۆنپەرست و پارێزگارە چەوتەکان ھەر زەبروھێزێک بەکاربێنن ناتوانن ئەو ئیرادە پۆلاینەی گەنجان تێک بشکێنن و لەناوی ببەن ، لەوانەیە  بۆماوەیەک  بتوانن بزوتنەوەی رزگاریخوازنەی گەنجان کشومات بکەن یان بۆ بانگەشە و موزایەدە گەنجخوازانەی خۆیان بکەن بەڵام ئایندە و بەرێوبەرانی سیستەمی دەولەت بۆ گەنجە راست و بوێرەکانە .

یەکدەنگی و کۆدەنگی وکارکردنی یەکگرتوانەی گەنجان ئەوانە دەگەیەنێتە مەنزلگا وە بەپێچەوانەوەشەوە ناکۆکی و کێبرکێی ناشەریفانە پێش ئەوەی نەیارانیان بەھێز بکات پالنەرێکی راستەوخۆوکاریگەرە بۆ پەرش و بلاوەکردنی خودی خۆیان .

کۆنفۆشیوس دەلێت : ئەو دەستەلاتدارانەی رێز لە رۆشنبیرەکان ناگرن ھەژار ئەبن چجای ئەوەی ئەو دەستەلاتدارانەی گەنجان پەراوێزبخەن و مامەلەکردن و گفتاریان دژە گەنج بێت ئەبێت چارەنوسیان کام زبلدانەی مێژوو بێت ؟ رۆژانی داھاتوو وڵامی ئەو پرسیارە لە لەشانۆ سیاسیەکانی ئەو مەملەکەتە و مەملەکەتەکانی تری ئەو سەر زەمینە بە کرداری دەبینینەوە !.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت