عەتا قەرەداخی : دواخستنی پێکهێنانی حکومەت و هەڵوێست لەبەرامبەر بەغدادا .

لەکاتێکدا من ئەم وتارە دەنووسم پێنج مانگ و نیو بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیووەو هێشتا حکومەت پێکنهاتووە . ئایا پێکهێنانی حکومەت کارێکی ئەوەندە ئەستەمە یان هۆکاری تر لە پشتی ئەو دواکەوتنەوەیە […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەکاتێکدا من ئەم وتارە دەنووسم پێنج مانگ و نیو بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا تێپەڕیووەو هێشتا حکومەت پێکنهاتووە . ئایا پێکهێنانی حکومەت کارێکی ئەوەندە ئەستەمە یان هۆکاری تر لە پشتی ئەو دواکەوتنەوەیە ؟ ئایا بەڕاستی پارتی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتە یان مەترسی گۆڕان و یەکێتی لە یەکترو مەترسی پارتیش لە هەردووکیان و نەبوونی متمانە لە نێوان ئەم سێ لایەنەدا هۆکاری سەرەکیە ؟ ئایا دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەشێ وەکو خاڵێکی لاوازی هەرێم لەبەرامبەر بەغدادا سەیر بکرێت ؟
بێگومان ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە جۆرێک بوو کە هیچ لایەنێک نەتوانێت بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت . هەروەک لە کاتی شاڵاوی هەڵبژاردنەکانیشدا سەرجەمی لایەنەکان رایانگەیاند کە دەسەڵات دەگرنە دەست ، بەتایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا . دواتریش کە رێژەى دەنگەکانیان ئەوەندە نەبوو کە کش مەلیک لە دەسەڵاتی پیشوو بکەن و یەکێک لە دوولایەنەکەی پێشتری دەسەڵات زیاترین دەنگی بەدەست هێنا ، ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا رایگەیاند کە دەچێتە دەسەڵاتەوە . رەنگە ئەو پرسیارە سەرهەڵبدات ئایا بۆچی ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا بەو خێراییە رایگەیاند کە دەچێتە دەسەڵاتەوە؟ رەنگە هۆکارەکەى بگەرێتەوە بۆ ئەوەى کە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەوسا چیتر نەتوانن لە دەرەوەى دەسەڵات درێژە بە ئامادەبوونی خۆیان بدەن ، چونکە ئاشکرایە هەموو هێزێک کە درووست دەبێت پاڵنەری جوڵێنەری ویستی گەیشتنە بە دەسەڵات .
 مانەوەى هەر هێزێکیش بۆ ماوەى دوورو درێژ لەدەرەوەى دەسەڵات دەشێ ببێتە هۆی بێ ئومێدبوونی جەماوەرەکەى چونکە ئاشکرایە کاتێ جەماوەر دەنگ بە هێزێک دەدات ، بۆ ئەوە دەنگی دەداتێ کە بتوانێت داواکارییەکانی ئەو جێبەجێ بکات ، لەکاتێکدا کە ئەو هێزە بۆ ماوەی درێژخایەن لە دەرەوەى دەسەڵات بمێنێـەوە ، ئاسایی ئەو جەماوەر ناتوانێت بۆ هەتا هەتایە چاوەڕوان بکات . هەروەک لەلایەکی تریشەوە دەشێ هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەوسا لەوە تێگەیشتبن کە زەمینەى کوردستان مادەم زەمینەیەک نییە بە تەواوی جیاوازییەکانی تێدا قبوڵ بکرێت مانای ئەوەیە ژینگەیەکی باش نییە بۆ مانەوە بە ئۆپۆزسیۆنی چونکە لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا رووبەری کارکردنی ئۆپۆزسیۆن و ئۆپۆزسیۆنبوون تەسک دەبێتەوە، بە تایبەتیش کە لە سرووشتدا ئەو هێزە ئۆپۆزسیۆنە جیاوازییەکی ئەوتۆی نەبێت لەگەڵ هێزی دەسەڵاتدا .
بەهەرحاڵ ئەوەى گوێبیستی بووین هەمووان بەپەرۆشەوە باسی پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان و حکومەتی یەکێتی نیشتیمانیان دەکرد.  من خۆم ئەو پەلەپەل و شپرزەییەیی هێزەکانی پێشتر ئۆپۆزسیۆنم رۆمانسیانە دەهاتە پێش چاو بە تایبەتی کە رەگ و ریشەى کێشەکان بەروونی لەبەرچاوم دیارن. کێشەى مێژوویی نێوان یەکێتی و پارتی کێشەی مێژوویی رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان و پارتی بە گشتی و رقی مێژوویی ئەو لە بنەماڵەى بارزانی و لەبەرامبەریشدا رقی بنەماڵەى بارزانی لە رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان و . لەلایەکی تریشەوە رق و کینەى سەختی ئەلقەى خاوەن دەسەڵاتی ئێستای یەکێتی کە پێکهاتوون لە خانمی یەکەم و مەلا بەختیارو شوێنکەوتووەکانیان لە رێکخەری بزووتنەوەى گۆڕان و رقی ئەویش لەمان . هاوکات پەیوەندی خراپی نێوان یەکێتی و پارتی و دوولایەنە ئیسلامیەکەو ، هەروەها پەیوەندی خراپی ئەو دوولایەنەش لەگەڵ گۆڕاندا چونکە درووستبوونی گۆڕان گورزی سەختی لە ئیسلامیەکان داوەو بە سەدەها کادیرو راگەیاندن کاری ئەوان بە تایبەتی یەکگرتووی بردووە بۆ خۆی . هەموو ئەم پەیوەندییە بارگاویکراوانە بە رق و کینە بە گشتی پەیوەندی ناجۆرو ناسرووشتینء هەرگیز خاسێت و بنەمای جیاوازیی ئەو هێزو لایەنانە نییە کە جیاوازی بەرنامەو تێڕوانین و ئایدیۆلۆجیا جیای کردبنەوە ، بە ئەندازەى ئەوەى رق و کینەى شەخسی و بەرژەوەندی شەخسی و کاریگەری و هەژموونی دەوروبەر کردوونی بە هێز جیا جیا. هەربۆیە کاتێک کۆمەڵە هێزێک لە گەوهەرو ماهیەت و شێوازی کارکردندا لەیەک بچن ، لێکتر جیابووبنەوە مانای وایە بنەمایەک نییە پێی بگوترێت بنەمای جیاواز هەتا لەسەر بنەمای ئەو جیاوازبوونە پێکەوە لەسەر شێوازی پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن رێک بکەون. هۆی سەرەکی نەگەیشتن بە رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت لە بنەڕەتدا لێکچوونی ئەم لایەنانەیە کە دەترسن پێکەوە کارکردن ببێتە هۆی پوکانەوە ، یان یەکتر خواردنیان. لە کاتێکدا کە جیاوازی راستەقینە بنەمای هێزو خۆسەلماندنە، جیاوازی بێ بنەماو رووکەشیش هۆی شکست و هەرەس هێنانە .
هەروەک لە روویەکی تریشەوە ، کۆی هێزەکان باسی رێکەکەوتن لەسەر بەرنامەو کارنامەى حکومەتیان دەکرد و لەوەش دەدوان کە پۆست و پلە ئەو بایەخەى نییە ئەگەر هاتوو لەسەر بەرنامەو کارنامەى حکومەتی ئایندە رێککەوتن ، بەڵام هەر زوو هەموویان لەو قسەیە پاشەکشەیان کرد ، بە تایبەتی ئۆپۆزسیۆنی ئەوسا ، بەڵگەشمان بۆ راستی قسەکانمان ئەوەیە کە هێلی سووریان فڵان پۆست و فڵان وەزارەتە. ئەمەش دەریدەخات کە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات یەک گەوهەرو ماهیەتیان هەیەو کوڕی یەک زەمینەو واقیعن و هیچیشیان کەمترین متمانەیان بەیەکتر نییە . کەواتە راستتر بڵێن هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت قەیرانی متمانەیە لە نێوان ئەم هێزانەدا. هەروەک لە روویەکی تریشەوە ئەم هێزانەى ئێمە ئەوەندە گەشەیان نەکردووە کە لە بنەماکانی پراگماتیک تێگەیشتبن و بتوانن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان  پێکەوە هاوکاری بکەن و رێکبکەون لەسەر ئەوەى کە حکومەتێک پێکبهێنن بە ئاستێک بەرژەوەندی هەموویانی تێدا پارێزراو بێت. بە پێچەوانەوە تاکو ئێستا زۆرینەى ئەم هێزانە بەو لۆجیکە کلاسیک و سواوو بێمانایەی کوردی کاردەکەن کە یان دەبێ هەموو شتێک هی من بێت یان هیچم ناوێت .
ئێستا هێڵی سوور بۆ گۆڕان وەزارەتی ناوخۆو بۆ یەکێتی وەزارەتی پێشمەرگەو تەنانەت بۆ یەکێتی رازینەبوونیش بەوەى کە وەزارەتی ناوخۆ بۆ گۆڕان بێت بووەتە مەرج بۆ بەشداریکردنی حکومەت. باشە ئەگەر کۆمەڵە هێزێک بەو ئەندازەیە لەیەکتر بترسن دەبێ چ ئومێدێک لەسەر ئەو حکومەتە بینابکرێت کە پێکهێنەرەکانی بەو ئەندازەیە بەرامبەر یەکتر لە گوماندابن. بەلای منەوە رێگای درووست ئێستا ئەوە نییە کە پارتی هەوڵبدات یەکێتی و گۆڕان پێکەوە لەو حکومەتەدا کۆبکاتەوە، بەڵکو رێگای درووست ئەوەیە کە کامیانی بەلاوە گونجاوترە ئەوەیان بکاتە هاوبەشی پێکهێنانی حکومەت و بێ سڵەمینەوەو بێ دوودڵی بەوی تریان بڵێت تۆ لەدەرەوەى حکومەت بە. کە ئەوەش بە بڕوای  من هەم بۆ ژیانی سیاسی و حکومەتداری باشترە هەم ململانێ ناوخۆییەکانی ناو ئەو حکومەتەش کە پێکدێت کەمتر دەکاتەوەو دەشێ لە دوو رووەوە حکومەتەکە باشتر کاری پێبکرێت: یەکەم لەو روانگەیەوە کە ململانێی چەند لایەنەى ناو جەستەى حکومەتەکە کەمتر دەبێت و ئەوەش کاریگەری نێگەتیفی کەمتر دەبێت و حکومەتەکە لە ناوەوەڕا سەرقاڵ ناکات بە ململانێی فرە ئاراستەى نێو پێکهێنەرەکانیەوە. لە لایەکی تریشەوە هەرکام لەو دوو هێزە واتە گۆڕان یان یەکێتی ببێتە ئۆپۆزسیۆن دەتوانێت رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێکی زیندوو ببینێت لە چاودێریکردنی حکومەتدا.
لەم روانگەیەوە من راشکاوانە دەیڵێم  پارتی هەڵەیەکی گەورە دەکات ئەگەر لەوە زیاتر چاوەڕوانی رێککەوتنی ئەو دوولایەنە بکات . هەر دواکەوتنێکی لەوەش زیاتر گوناهەکەى لە ملی پارتیەو ئەو لێی بەرپرسیارە بەو حوکمەى کە ئەو هێزی یەکەمە ، دەبێ کارنامەى ئاشکرای حکومەت و پۆستەکانیش بۆ هەر لایەنێک دەستنیشان بکات ، کێ بەو کارنامەو پۆستانەى بەری دەکەوێت رازیبوو بێتە حکومەتەوەو کێش رازی نەبوو با ئۆپۆزسیۆن بێت . بەڵام من وای بۆ دەچم پارتی چاوەڕوانی هەڵبژاردنی عێراق و پارێزگاکانی هەرێم بکات و بیەوێت لەو دوو هەڵبژاردنەدا قەوارەى راستەقینەى هەریەکە لە گۆڕان و یەکێتی بۆ دەربکەوێت و کامیان ئەمجارە بووە هێزى یەکەمی رووبەری ئەوسا سەوز ، پارتی مامەڵە لەگەڵ ئەودا بکات ، یان زیاتر مل بۆ مەرجەکانی ئەوەیان بدات کە لە دوای ئەو هەڵبژاردنە دەبێتە هێزی یەکەمی ئەم رووبەرە بە تایبەتیش دوای ئەوەى مام جەلال لە مەیدانی سیاسیدا نەماوەو ئومێدی گەڕانەوەشی نییەو بارودۆخی یەکێتیش شلۆق و روو لە نشێوە. بەهەرحاڵ من لەم رووەشەوە پێموایە ئەوە بۆچوونێکی درووست نییە کە پارتی چاوەڕوانی ئەوە بکات چونکە هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کراوە نەک ئەو حکومەوتە بە پێی ئەنجامی دەنگی لایەنە کوردییەکان لە هەڵبژاردنی عێراقدا پێکبهێنرێت .
هەندێ پێیان وایە کە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر بە بەغدا لاواز دەکات ، من وای بۆدەچم ئەم جۆرە بۆچوونە هیچ بنەمایەکی نییە چونکە نە لەرابردووداو نە لە ئێستاداو پێموایە نە لە داهاتووشدا کۆی هێزەکانی کوردستان لە هەڵوێستیاندا بەرامبەر بە حکومەتی شیعەى بەغدا نە یەکگرتوو بوون نە یەکگرتووش دەبن . بەڵگەشمان ئەو کاتەیە کە مەسەلەى متمانە سەندنەوە لە مالیکی گەیشتبووە  خاڵی کۆتایی، بەڵام وەکو حەسەن عەلەوی دەڵێت مام جەلال مالیکی پاراست کاتێ داوی لەو کرد ئیمزاکەى بکێشێتەوە بۆ ئەوەى مالیکی بمێنێتەوە. ئەم دابەشبوونی هەڵوێستە لە کوردستاندا کۆتایی نایەت هەتا هەژموونی ئێران و تورکیا و سوونەى عەرەبی بەسەر هێزە کوردییەکانەوە بێت . هەر بۆیە هەرگیز چاوەڕوان ناکرێت ئەم هێزانەی ئێستا لە کوردستاندا هەن بەرامبەر بە بەغدا هاوهەڵوێست بن ، بەڵکو هەر هێزێک لە سنووری دەسەڵاتی ئەوسای یەکێتیدا کە جێ نفوزی ئێرانە ، هەتا حکومەتی شیعە حوکمڕان بێت لە عێراقدا ، ئەو هێزە هەڵوێستی جدی دژی حکومەتی شیعەی عێراق نابێت . لەبەرامبەریشدا پارتی کە زیاتر دەکەوێتە جێ نفوزی تورکیاوە هەرگیز هاوهەڵوێستی حکومەتی شیعەی بەغدا نابێت . کە بێگومان ئەم دابەشبوونەش یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی کێشە ناوخۆییەکانی هەرێم و دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتیش.  هەر لەم روانگەیەوە پێکهێنان یان پێکنەهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم رۆڵو کاریگەرییەکی ئەوتۆی نابێت لەسەر ئاستی پەیوەندییەکانی بەغداو هەولێر بەتایبەتی کە سەرۆکی حکومەت هەرێم ناگۆڕێت .

        

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
عەتا قەرەداخی

ئەرشیڤی بەڕێز: عەتا قەرەداخی