ئارام قزلەریی : نامەیەکی کراوە بۆ سێ سەرکردە باڵاکەی یەکێتی …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێزان هێرۆخان و کاک کۆسرەت  و کاک دکتۆر بەرهەم .

ئەم کاتەو هەموکاتێکتان باش .

وەبیرتان دێنمەوە ، ئەوەی ئێوە لەسەریی ناکۆکن ، هیچ بنەمایەکی حیزبی و نیشتمانی و نەتەوایەتی نییە . بەڵکوو جگە لە ئاراستەیەکی پێرسۆنالی و بەرژەوەندییە تاکەکان ، نەگبەتی و نەهامەتی زیاتر بۆ خەڵک و ئینجا بۆ یەکێتی دێنێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ، پانتایی دەسەڵاتی حیزب و ڕەشکردنی مێژووە سەروەرییەکەی یەکێتی قەترانتر دەکات .

ناکۆکییەک لەسەر بنەمای باشتر و چاکتر کارکردن و، بۆ زیاتر خزمەتکردن بەخەڵک و نەوژەنکردنەوەی ماڵی یەکێتی نەبێت . دەچێتە ئاستێکی ململانییەکی ناجۆر و ،  جگە لەناڕەزایی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی پێم بڵێن : چیتان دەستکەوت دەبێت .

وەرن باببینین و پرسیار بکەین : یەکێتی لەهێزی یەکەمەوە بۆ بوو بەهێزی سێیەم و؟ ، کار وابڕوات خوانەخواستە دابەزینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینیت . حەکیمی سەرکردایەتی هەموو حیزبێک ، لەدوای شکستدا عەوداڵیی بوونە بەدوای دۆزینەوەی ڕێگا چارەی باشترکردنی ڕەوش و گەڕان بەدوای ئەو خاڵانەدا ، کەهۆکار بووە لەوەی ڕوویدا . بەڵام ئەم حەکیمییە من لەئێستادا نەک نایبینم بەڵکوو هەنگاوەکان بەئاراستەی داڕمانو داتەپان و ناڕێکی زیاتر و درزی تر دەنرێت ..

ئێوەی بەڕێز سیاسیەکی حەکیمتان بینیوە ، لەئاست ڕووداوەکاندا بەرنامەی خراپتر ئاراستە بکات ؟ . لەئێستا هەرەسی ئەو دروشمەیە ، بەبێ تاڵەبانی باوک ( سەرکردایەتی یەکێتی حەکیمانە مامەڵە دەکات ) . ئەمە چ فەراغێکە لەغیابی ئەو زاتەدا دەلاقەی ناڕێکی و نا دڵسۆزیی کەوتۆتە نا ماڵی یەکێتی ..

کێشەکان لەوەدایە شەفافییەت نابینرێت ، ئەندامەکانی یەکێتی نادیدەن لەئاستی ئەوەی کێ تاوانبارەو هۆکاری ناکۆکییەکان چییە ؟ . لەئێستادا هیج دروشمێک بۆ چاکسازیی و دۆزینەوەی ڕێگاچارەی باشکردنی ماڵی یەکێتی و بەرزکردنەوەی ئەو دروشمانەی ، کەپڕن لە داوای لێبوردن لەهەڵەکان و گیانی نوێخوازی و ڕاستکردنەوە . ئەم نەبوونی هۆکارو هەوڵانە وای لەئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی کردووە ، ئەوەی کاری باش و گونجاوە لە ناکۆکییەکانی ئێوە نادیدەبگرن و بەگیانی توڕەو ناڕازیی بوونەوە تێتان بڕوانن .

ئێوە زۆر ئازارمان دەدەن و زیاتر توڕەمان دەکەن ،، کار وابڕوات مێژووەکەمان دەسڕێتەوە و ئەوەی کردمان بۆ نەوەی داهاتوو بەئاگابن لێی و هێزێکی تر ، کە هیج بەشدار و هیج ماندووبوونێکی لەسەر ڕابردوو هەڵنەچنی بێت ،، مێژوویەکی دروستکراو و سەروەرییەکی بێ بنەما بۆخۆی بنوسێتەوە .. ئەوەی ڕوویدا لەدوای ڕاپەڕینەوە بەرنامە بوو بۆ ئەمڕۆ ، شەهیدی سەنگەر ، کەهی کوردە ، بەحیزبی کرا ..  پێشمەرگە ، کەهی کوردە بە حیزبی کرا . واتە پێشمەرگەو شەهیدی یەکێتی چارەنوسی بەبوونی یەکێتی یەوەیە . نەمانی یەکێتی واتە نەمانی ڕابردوویەکی پڕشنگدار و پڕ لە داستان و قوربانی دان .. ئێوە گەر وابکەن چۆن ویژدانتان ئاسودە دەکەن و چۆن تێدەپەڕن لەدەروازەی ناڕازییە پڕ توڕەکان …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت