sherko_bekas

لوقمان غەفوور : سەیرە ، خانەوادەی شێرکۆ بێکەس گلەیی لەشارەوانی دەکەن!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوە شەش مانگ تێپەڕیوە بەسەر مەرگی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس- دا و هێشتا ئەو بەڵێنانەی کە بەرۆحی پاکی درا بوو ، جێبەجێ نەبووە ، مەزارێکی شایستەی نییە بۆئەوەی وەک خۆی دەیوت کوڕان و کچانی گەنج بێن لەچواردەوری دەمەتەقێی شیعری بکەن.
خانەوادەکەی گلەیی لەشارەوانی سلێمانی دەکەن ، کە رێز لەشێرکۆ بێکەس ناگرێت ، بەوەی بەڵێنیان داوە مۆنۆمێنتێکی شایستە بۆ گۆڕی شاعیری گەورەی گەلەکەمان دروستبکەن ، بەڵام بەبیانووی جیاجیا ئەو کارەناکەن ، ئەم گلەییکردنە چەند مانادارە بۆ ئەوەی کە رێز لەکلتور و ئەدیب و نوسەرانمان ناگیرێت ، ئەوەندەش بێماناییە ئەگەر بەناوەڕۆکی مێژووی ئەدیب و نوسەرانی سلێمانیدا بچینەوە و بزانین گۆڕیان لەکوێن و شارەوانی چی بۆ کردوون؟.
لەم ماوەیەدا سەرقاڵی داڕشتنەوەی کتێبێکی مامۆستا فەهمی ئەمین عەزیز – م لەسەر گەڕەکی کارێزی ئەحمەد زەنگەنە کە بەشێکە لەگەڕەکی شێخانی چواردەوری سەرای سلێمانی ، ئەم سەرقاڵییەم وایلێکردم بگەڕێم بەشوێن زۆر وردەکاری مێژووی ژیاریی سیاسی و هونەری و ئەدەبی و فەرهەنگی سلێمانیدا ، کاتێک لاپەڕەکانی سلێمانی هەڵدەدەیتەوە بەسەدان نوسەر و ئەدیب و هونەرمەند ساغدەبێتەوە کە تائێستا نەک خەڵکی ئاسایی ، بەڵکو نوسەر و رۆژنامەنووس و خاوەن قەڵەمەکانیش نازانن گلکۆ و مەزاری ئەمانە لەکوێن و کەوتونەتە چ قوژبنێکی ئەم سلێمانییەوە ، هۆکاری ئەم بێئاگاییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوانەی رۆژێک لەم سلێمانییە لەحوکمدا بوون بەعەقلیاندا نەهاتووە کە ئەمە شارێکی رۆشنبیرییە ، دەست بردن بۆ هەر مانگێک نوسەرێک و رۆشنبیرێک و ئەدیبێک تێدا درەوشێتەوە ، کەچی بەپێچەوانەوە لەدوای مەرگیان ، روانینی شارەوانی روانینێکی جەمادییانەیە و وایان لێکداوەتەوە کاتێک ئەو کەسە کە لەژیاندا نەماوە ، ئیتر هەموو ئەدەبەکەشی لەگەڵ خۆیدا پێچەواوەتەوە و لەزهنی خەڵکدا نەماوە .
ئەگەر کاربەدەستانی سلێمانی لەسەردەمی بەعسدا ئارەزوومەندانە لەگەڵ بەشێک لەرۆشنبیری و کلتوری سلێمانیدا جوڵابێتنەوە و بۆ تێکدانیشی نەبێت ، کەمتەرخەمیش بوبێت ، ئەوا دەتوانرێت ئاسایی وەریگرین ، چونکە ئەوانە بەعس ئاسا بیریان کردۆتەوە ، بەڵام دوای  23 ساڵ لەحوکمڕانی کوردی بیرکردنەوە بەو جۆرە نەک دەمانگەیەنێتە دوریانی بێنرخ کردنی کلتور و هونەر و ئەدەبی سلێمانی ، بەڵکو رۆحێکی بێزارکەرە بۆ ئەو نووسەر و ئەدیبانەی کە 70 ساڵ پێش ئێستا سلێمانیان جێهێشتووە.
بەلامە سەیرە خانەوادەی شێرکۆ بێکەس گلەیی لەشارەوانی ئەکەن ، وەک ئەوەی چواردەوری خۆیان نەبینن و نەزانن ئەوەی کە بۆ فایەق بێکەسی باوکی شێرکۆ بێکەس کراوە ، چییە تا بۆ کوڕەکەی بکرێت ؟، من لەزۆر کەس دەپرسم ئەرێ لەماوەی ئەم 23 ساڵە چەند جار شارەوانی مەزاری پیرمێرد- ی شاعیری نۆژەنکردۆتەوە ، ئەرێ کەس هەیە بزانێت گۆڕەکەی سالم و کوردی لەکوێیە و شارەوانی چی بۆ کردوون لەدوای راپەڕینەوە ، جیاوازی چییە لەنێوان مەولانا خالید کە لەشام کۆچی دوایی کردووە و لەگەڵ ئەحمەد بەگی ساحبقران ( حەمدی) کە لەسلێمانی کۆچی دوایی کردووە ، کاتێک ژیانی جەمیل سائیب دەخوێنیتەوە هەست دەکەیت لەو دەمەدا ئەم چیرۆک نووس و رۆژنامەنووسە چ داهێنانێکی کردووە ، ئەی کوا گۆڕەکەی لەکوێیەو شارەوانی چەند خزمەتی ئەم نووسەرەی کردووە ، ئەرێ کێ رێگەی مەزاری عەبدولواحید نوری و زێوەر و ئەحمەد هەردی و شاکیر فەتاح و حەمەساڵح دیلان و رەفیق چالاک دەزانێت ؟، کاتێک مەزارەکەی رەفیق چالاکم بینی تووشی شۆک و سەرسوڕمان بووم چریکەی دەنگی ئەم هونەرمەند بەعسی تۆقاندبوو کەچی تا لەمەزارەکەی وردنەبیتەوە نازانی مەزاری ئەوە.
من لەدیدگای مردوو پەرستی .. زیندوو کوژەوە ، ناڕوانمە ژیان ، بەڵام دەستگرتن بەم مێژووەوە ، دەستگرتنە بەکلتوری نەک سلێمانی ، بەڵکو نەتەوەیەکەوە ، هاوڕێیەکم وتی کاتێک چوومەتە سەر مەزارەکەی بۆدلێر- ی شاعیری فەرەنسی گریانم هات بۆ گۆڕەکەی عەبدوڵلا گۆران ، چونکە ئەوەی بۆدلێر کردی لەشیعری فەرەنسیدا زیاتر نەبوو لەوەی گۆران لەشیعری کوردیدا کردی .
ئەم تێڕوانینە بۆ دنیای نوسین و ئەدەب لەخۆوە دروست نابێت ، لەوانەیە ئەوانەی لەشارەوانی کاردەکەن و ئەو لیژنەیەش کە بریاری داوە پارک تەنیا بۆ گەشتوگوزارە و ئەوە شوێنی مەزار نییە ، تێڕوانینێکی بەجێ بێت بۆ خوێندنەوەی عەقلی ئەوان ، چونکە ئەوندەی لای من چاپکردنەوەیەکی نوێی دیوانی قانیع گرنگە ئەوەندە دروستکردنی ئەندەرپاسێک گرنگ نییە ، بەڵام روانینی من روانینێکی تاکە کەسییە جودایە لەروانینی شارەوانی شارێک کە ئەرکی هەڵگرتنی دەیان پرۆژەی گەورەیە .
ئەوان بەواقیعی ئەوە لەدیدگایاندایە بۆ نوسین و ئەدەب و هونەر ، ئەگەر وانەبێت و بەو شێوەیە بیر لەدنیای ئەدەب و هونەری سلێمانی نەکەنەوە ، ئەی چییە ؟ ئەوانەی لەشارەوانی وایان بیرکردۆتەوە رەنگە بەهەموو تەمەنیان شیعرێکی شێرکۆ بێکەسیان نەخوێندبێتەوە و تەنیا لەگەڵ کارە جەمادییەکانی وەک پرد و بلۆک و شیش و چیمەنتۆدا مامەڵەیان کردووە، بۆیە بەلامەوە سەیرە خانەوادەکەی شێرکۆ بێکەس گلەیی دەکەن لەگەڵ ئەوانەی مامەڵە لەگەڵ کەرەستە جەمادییەکاندا دەکەن ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت