Hellebce

تەحسین زراری : بڕیاری بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە لە جێگای خۆیەتی .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شاری ھەڵەبجە ئەو شارەیە کە ناوی چووە نێو مێژووی جیھان و شان بەشانی ئەو شارانەی کە کارەساتی مرۆیی گەورەیان بەسەر داھاتووە  ، ئەمەش دەر ئەنجامی ئەو کارەساتە بوو کە لە ١٦ی ئازاری ١٩٨٨ حکومەتی ئەو کاتی عێراق ھەڵسا بەبەکارھێنانی گازی کیمیایی لە دژی ھاونیشتمانیانی مەدەنی ئەو شارە ، لە ئاکامی ئەو کارەساتە دا پێنج ھەزار ھاونیشتمانی مەدەنی بوونە قوربانی ئەمە سەرەڕایی ئەوەی کەبەدەیان و ھەزاران ھاونیشتمانی تر بە ھۆی ئەم ھێرشەی حکومەتی فاشیستی عێراق تووشی نەخۆشی بوون کە بەشێکیان تا ئێستاشی لەگەڵ دابێت ئاسەواری ئەو ھێرشەیان بەسەر جەستەوە دیارە ، بەمەش ١٦ی ئازار بوو بە ڕۆژێکی ماتەم لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە شاری ھەڵەبجە ناوی چووە نێو مێژوویەک کە مرۆڤایەتی دەبێت ھەمیشە خۆی   بەشەرمەزار بزانێت لە ئاست ئەو کارەساتە بەتایبەت ھێزە نێودەوڵەتییەکان باڵاکان لەسەر ئاستی جیھان  .
  لە ماوەی ڕابردوو دا چەندین جار لە بۆنە جیاوازەکان ھەمیشە ئەوە بە گوێی خەڵکی بەشمەینەتی ھەڵەبجە دەدرا کە دەبێت ھەڵەبجە ببێت بە پارێزگا بەھۆی ئەو کارەساتەی کەلە ڕابردوو بەسەر ئەو شارە داھاتووە، لە کۆتاییدا ھەرێمی کوردستان بە نوسراوێکی فەرمی کە ئاراستەی حکومەتی فیدڕالی عێراقی کرد کە تێدا داوای بە پارێزگا بوونی خەڵەبجە کرا بوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقیش بە کۆی دەنگ ئەو بڕیارەی پەسەند کرد ، کە پاشان ناردرا بۆ پەرلەمان بەڵام لەوێ کێشەکە دروست بوو ، لەم ڕوانگەشەوە سەرکردایەتی ھەرێمی کوردستان فەرمانی کرد کە پەلە بکرێت بۆیە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنج شەممە ١٣ی ئازاری بڕیارەکەی دەرکرد ، دوای دەرچوونی بڕیارەکە پێویستە ڕەوانەی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بکرێت بۆ ئەوەی بە مەرسومێکی فەرمی بڕیارەکە دەربکرێت ، لە ڕووی یاسایی و دەستورییەوە ئەمە مافێکی ھەرێمەکانە کە لە سنوری خۆیان پارێزگای نوێ دروست بکات .
ھاوکات لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە  خەڵکی کوردستان بەگشتی و شاری ھەڵەبجە بەتایبەتی خۆشحالی خۆیان دەربڕی لەبەرامبەر دەرچوونی بڕیاری بە پارێزگا بوونی ھەڵەبجە ، لێرەدا ئەوەی گرنگە بەلای منەوە دوو پرسە ئەویش یەکەمیان ئەو بڕیارە ببێتە ھۆی ئەوەی کە زۆرترین خزمەت بەو شارە بکات ، دووەمیشیان ھەڵەبجە نەبێتە چەقی ململانێیە سیاسیەکانی نێوان لایەنەکان ، سەبارەت بە خاڵی یەکەم  پێویستە ھەموو ئەو ناھەماتیەی کە لە ڕابردوو بەسەر شاری ھەڵەبجە داھاتووە  قەرەبوو بکرێتەوە ئەمەش لە ڕیگای ئاوەدان کردنەوەی شارەکە لە ھەموو بوارە جۆراو جۆرەکان ھەر لە بواری خزمەتگوزاری و ئاوەدان کردنەوە تا دەگاتە بورای ڕۆشنبیری کە شاری ھەڵەبجە لە ڕووی ڕۆشنبیریەوە کەلەپورێکی دەوڵەمەندی ھەیە بە شێکی زۆر لە ڕۆشنبیر و ناودارەکان لەو شارە پێگەیشتوون ، ئەمانەی باسم کردن لە ڕێگای ئەو بەلێنە بێ کردارانە ناکرێت کە زۆر جار لایەنەکان بەمەبەستی کاریگەری دروست کردن لەسەر ڕای گشتی ، بەڵکو لە ڕێگای بەلێنی کردارییەوە دەکرێت ، لەبەر ئەوەی ئەو شارە لەو بوارانەی کە ئاماژەمان پێدا وێرانکراوە بۆیە زۆر گرنگە ئەو بۆشاییە پڕ بکرێتەوە لەڕێگاری خزمەتی ڕاستەقینە بۆ ئەو شارە بە ئامانجی بەرەو پێش چوونی ئەو شارە ، خاڵی دووەمیان ئەوەیە کە ھەڵەبجە نەبێتە قوبارنی نێوان لایەنە سیاسیەکان، لە ڕابردوو ھەڵەبجە بوو بە قوربانی چەکی کیمیایی تێدا بەکارھێنرا ، پاشان لە دوای نەمانی حکومەتی دیکتاتۆری عێراق لە ھەرێمی کوردستان شاری ھەڵەبجە دووبارە بووە قوربانی ملمڵانێی نێوان لایەنە سیاسیەکان، ئەمەش وای کرد کە ھەڵەبجە لە جیاتی ئەوەی خزمەتی بکرێت بە پێچەوانەوە زیانی زۆر بەر ئەو شارە کەوت بەھۆی ملمڵانێی لایەنە سیاسیەکان بۆیە ھەڵەبجە کەمترین خزمەتی بەرکەوت بەبەراورد لەگەڵ ناوچەکانی تر لە ھەرێمی کوردستان، ئەمەش لە ڕابردوو دا زۆر گڵەیی و ناڕەزایی ھاونیشتمانیانی ئەو شارەی بەدوای خۆیدا ھێنا، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسیەکان بەر لەوەی بیر لەوە بکەنەوە کە کەسبی ھاونیشتمانیانی ئەو شارە بکەن بیر لە خزمەت بکەنەوە، ڕابردوو لەو شارە دوبارە نەکەنەوە .
لە دەرئەنجامدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە دەرکردنی بڕیاری بەپارێزگا بوونی ھەڵەبجە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بە شێک لە کێشەکان بەرەو چارەسەری دەبات ، بەمەش ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکان تا ڕادەیەک بە شێک لەو ھەموو نەھامەتی و ناخۆشیانەی کەبەسەریان دا ھاتووە کاڵ تر دەبێتەوە، ئاسۆیەکی تر بە ڕووی ھەڵەبجە دەکرێتەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت