Derbaz-.-S

دەرباز سەرابی : شوفێریی تەنکەرە قاچاخەکان یان هەنگاوێک بەرەو مەرگ؟!

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە شیواشۆکەوە بە تەنکەرێکی دەبڵ تایەو بارێکی ٣٠ تەنی لەنەوتی خاو، هەڵکردنی ئاڵایەکی سەوزی کۆمپانیای قەیوان بەرەو قەرەجاوش، لەوێشەوە بەدەم وتنەوەی هاوار یا ئیمام هاوار بەرەو بەندەری ئیمامی فارسی ئۆغرمان کرد ، بەبێ ئەوەی کەسمان بزانین بارەکەمان دەدەین بە کێ و پارەی بارەکەمان دەدرێت بەکێ … ڕێگا نابڕێتەوەو خەوی سەگباب خێویش لێناگەڕێت بە مورتاحی یەک هەنگاو بهاوین … ئاخر ئەویش ناهەقی نەبوو،ئەو لەکوێ بزانێ کە ئێمە هەموو چرکەیەک لەگەڵ مەرگ دا ڕێدەکەین،ئێمە مەرگ بۆ ئازیزانیش دەبەین،چلۆن بزانێ ئەوەی ئێمە هەڵمان گرتووە موڵکی ماڵە هەتیوەکانی نیشتمانەو دەبێ هەموو دەقەیەک چاوەڕێی نەفرەتی خودا بکەین،ئەوەی ئێمە هەڵمان گرتووە فریشتەی ئارامی نیە بەڵکو ئەهریمەنی مەرگی نەتەوەیەکە … ئێمەش نەوت بۆ دزەکان دەدزین ، واتە پیشەکەی ئێمە ساخکردنەوەی دزیی دزەکانە …

 ئەگەرچی ئێمە کاسبی خۆمان دەکرد بەڵام هەمیشە تا دەگەیشتینە لای ئیمام هەزارجار مەرگی خۆمان دەبینی ، ئاخر لاتان سەیر نەبێت مردنی ئێمە کارەساتە ، ئەوە نیە لەسەر دونیا بە گڕی نەوت و تەنکەرە سوتاوەکان دۆزەخێک دروست بکەی و لەنێویدا بسوتێی،بەڵکو دەبێ دواتر خێزانەکەت لەجێگەی پرسەو شیوەن پارەی نەوتە سوتاوەکانیش بداتەوە بە کۆمپانیاکان ، ئاخر ئیمام لەوێی دونیا چاوەڕێی ئێمە دەکات ، چۆن دەبێ ماتڵی بکەین ؟! ئێمە هێدی هێدی بەرەو ئیمام و سێبەری مەرگیش بەدیار سەرمانەوە ، من خەیاڵی کەیف و سەفای بەرمیلەکان تەواو بێ ئاگای کردبووم ، بەرمیلەکان هاتبوونە دەم بەحری نەوت و دەیانویست لەزەتێک بۆ خوەنەکانیان بەرنەوە … سەیرکەن چ نەهامەتیەکە من بە تەنکەر نەوت بۆ مامە ئیمام دەبەم و بە نیوە قیمەت بەرەو کابول و قەندەهار ئاودیو دەکرێن کەچی بەرمیلەکەی خۆشم زیاتر لە مانگێکە لە سڕە وەستاوەو دەیەوێ چاوێکی بە کەنارەکانی دەریای نەوت بکەوێت !!!!

ئێمە دەستی ئیماممان ماچ دەکرد ، هەر لەو کاتە نەگبەتەکەی براشم ، بە تەنکەرێکی تاک تایەو بارێکی ٢٦ تەنی ، بە نرخی ٢١ دۆلار بۆ هەر تەنێک و ٥٠ هەزار بەخشیش ڕوەو زاخۆی دەلال بە دەلالۆ دەلالۆ وتنی خۆیەوە ڕێگەی مەرگی گرتبووە بەر،ئەو لەدەلالەوە چیتر نەیدەتوانی دەلالۆ بڵێ !!! دەبوایە بیوتایە پسمام ئەزیش تورکی شاخیمە ، هانێ ئەوە دیاریەکەی نیشتمانی سوکراو بەخوێنی ڕۆڵەکانە بۆ ئێوەی ئاغاو پادشامان ، ببورن ئاغا نۆکەریمان قەبوڵ بفەرموون ، من تا ئێستا نەمدەزانی بۆچی ئەوان ئەو هەموو نەوتەیان دەوێت ، تۆ بڵێی هێزی دیواری زیندانەکانی ئیمڕاڵی بەو نەوتەی خۆمانەوە بەند نەبێت ؟! بەلێ پسمام ئەز تورکی شاخیمە ، ئەز گەلەک مەمنونی لوتفی ئێوەمە ، نەوتمان دا سوڵتان و نزای خۆمان لە سوڵتان  کردو گەڕاینەوە … کەسمان نەمانوێرا باسی نرخی نەوتەکە بکەین چونکە وابزانم بەبێ بەرامبەر بوو ، ئەوە دیاری نیشتمان بوو بۆ سەر ئێشەکەی سوڵتان … هەر ئەو کاتە دڵم خەبەری داو گوێم لە گریانی هاوژینەکەم بوو کە بەدیار ڕۆڵە ڕەق بووەوەکەمەوە شیوەنی دەکرد ، ئێ چی بکەن بەرمیلەکەی ئێمە زۆر شەرم بەخۆ بوو نەیتوانیبوو چاوی بە کەناری دەریای نەوتەکە بکەوێت !!!!

لە شیواشۆکەوە بەرەو پاڵاوگەکانی هەولێر ، تا گەیشتینە دێگەڵە سێجار ئیزرائیل خۆی پێ نیشان داین ، لە بێستانەو ئەشکەوت سەقاوە بەرەو هەورازە نەوتە ، ئەو شوێنەی کە بەر لە گەیشتن دەبێ دوا وەسیەت نامەی خۆت بنوسی و خۆت بدەیتە دەست مەرگ ، دوا وەسیەت نامەی خۆم نوسیەوەو بۆ دواجار گوێم لە دەنگی هاوژینەکەم بوو پێم وت من لەنێوان مان و نەمان دام تکایە دوای من ئاگاداری منداڵەکان بە ، مەهێڵە ئەوانیش وەک نیشتمان لە هەتیویی خۆیان دا یەخسیر ببن … ئەو کەسەی بەسەلامەتی لە هەورازە نەوتە دەربچێت ، دەبێ هەزارجار شوکرانە بژێر بێت و خێرێکی گەورە قەرار بدات … گەیشتین بە هەورازە نەوتەو بینیمان تەنکەرەکەی پێش ئێمە گڕی گرتووەو لەبەر کڵپەی ئاگرەکە ڕێگاکە داخراوە ، ئاهێکی قوڵم هەڵکێشاو وتم : ئای چ نەفرەتیەکە بەدیار مەرگی هاوەڵەکانتەوە چاوەڕوانی هاتنی مەرگی خۆت بکەی …
لە شیواشۆکەوە بەرەو بازیان ، بە کرێی ١١ دۆلار بۆ هەر تەنێک و ٤٠ هەزار دینار بەخشیش لەلایەن کۆمپانیای کۆرمۆری سەر بە قەیوان ، لە داوداوەوە سەیری مەرگی خۆت بکە کە چلۆن لەسەر کەلکە سماق چاوەڕوانی هاتنت دەکات ، مردن لەوێ هەمان تامی مردنە لە سێگۆشەی بەرمۆدە دا ، چونکە لەوێ فریای وەسیەت نامەو ناردنی دوا پەیامی خۆت ناکەویت ، لەوێ مردن دەستی خستۆتە نێو هێڵەکانی پەیوەندیشەوە،بۆیە گڕگرتنی هەر تەنکەرێک خێزانەکەت ناچار دەکات لە تیڤیەکانەوە چاوەڕوانی بیستنی هەواڵی مەرگی جگەرگۆشەکەیان ببن یانیش بەهەڵەداوان بەرەو سێگۆشەی مەرگ بێن،هێشتا لە یەکەم لێژ شۆڕ نەبووبووینەوە،دیمەنی وەرگەڕان ، کەوتنە خوارە و گڕگرتنی تەنکەرێک هەموو شۆفێرەکانی تاساند ، نازانم چلۆن ویژدان ، کەرامەتی مرۆیی دەتوانێ درێژە بە وەها دزیەک بدات ، ئاخر کاتێک سامانی میللەت بەو دەردە ببردرێت ، دەبێ هەموو بەڵاو غەزەبێکی خوداییش قەبوڵ بکەن … بەڵام من نازانم بۆچی خودا دزە گەورەکان قەڵەو دەکات و مەرگیش بۆ شوفێری تەنکەرەکان دەهێنێت ؟؟!!! ئەی نیشتمان تۆ هەموو ڕۆژێک لەلایەن ڕۆڵەکانتەوە ئەتک دەکرێی ، زینات لەگەڵ دا دەکرێ ، ناموسی خاکت دەفرۆشرێ ….!!!!!  ئەی نیشتمانە بێنازەکەم …