krim_russland

تەحسین زراری : ڕیفراندۆمەکەى دورگەى کریمە بارودۆخەکەى ئالۆزتر کرد !!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژى 16ى ئازار ڕیفرادۆم لە دورگەى کریمە ئەنجامدرا بۆ ئەوەى بگەڕێتەوە سەر ڕوسیا بە پێی ئەنجامەکان هاوڵاتیانى دورگەى کریمە بە ئەرێنى دەنگیان داوە بۆ ئەوەى بچەنە پاڵ ڕوسیا ، ئەم ڕیفراندۆمەى دورگەى کریمە کاردانەوەى ناوخۆى و جیهانى بەدواى خۆیدا هێنا، ئالۆزییەکان و ناکۆکیەکانى نێوان ڕوسیا لەلایەک و ئەمریکا و ئەوروپا لە لایەکى ترەوە .

دورگەى کریمە لە کوێیە؟؟
نیمچە دورگەى کریمە دەکەوێتە سەر دەریاى ڕەش و دەریاى ئازوف لە باشورى ڕۆژئاواى ئۆکرانیا ، وشەى کریمە لەزمانى تاتارى بە ماناى قەڵا دێت ، مێژووەکەى دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانى ناوەڕاست لە ئەوروپا ، تاتارییەکان هۆزێکى گەورەى سەر بەمەغۆڵەکان بوون، لە دواى ساڵی 1430یەوە دامەزراوە ، پاشان کەوتە ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆریەتى دەوڵەتى عوسمانى لەو کاتەى کە نیمچە دورگەى کریمە کەوتە ژێر دەسەڵاتى فەرماڕەوایی ئیمپراتۆریەتى عوسمانى ڕوسیاى قەیسەرى بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدا بووە کە ئەو دورگەیە داگیر بکات بەڵام بۆى نەکرا تاوەکو لە ساڵى 1774 لە دەرئەنجامى پەیماننامەى کۆچک کینارچى کە لە نێوان ئەوروپا و ئیمپراتۆریەتى عوسمانى بەسترا ، نیمچە دورگەى کریمە کەوتە ژێر دەسەڵاتى ڕوسیاى قەیسەرى ، ئەمەش سەرئەنجامى ئەو هەوڵە بوو کە ڕوسیاى قەیسەرى دەیدا بۆ داگیر کردنى دورگەى کریمە ، لە ساڵی 1771 (350) هەزار تاتارى بە دەستى ڕوسیەکان کۆژران ، بەم شێوەیە دورگەى کریمە لەژێر دەسەڵاتى ڕوسیاى قەیسەرى مایەوە تا شۆڕشی ئۆکتۆبەرى  1917پاشان کۆمارێکى سەربەخۆیان دامەزراند لە ژێر سەرکردایەتى نەعمان خان ، بەڵام دواى هاتنى ستالین بۆ سەر دەسەڵات لە ڕوسیا بە شێوەیەکى زۆر خراپ کەوتە وێزەى تاتارییەکان هەر لە کوشت و دەربەدەر کردن و تا دەگاتە بێ سەرو شوێن کردن و ڕاگواستن ، بۆیە ستالین لە 1946 کۆمارە سەربەخۆکەى کریمەى هەلوەشاندەوە و تاتارەکانى بە خیانەت کار و جودا خواز لە یەکێتى سۆڤیەت دواتر لە ناوەڕاستى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو لە ئۆکرانیا سەربەخۆى وەرگرت ، بەڵام لە ساڵی 1991 کریمە بڕیارى سەربەخۆى تەواوى خۆى ڕاگەیاند لە ڕێگاى ئەنجومەنى باڵاى کریمە کە نوێنەرایەتى ڕاستەقینەى گەلی کریمە دەکات ، سەربەخۆ بوونى کریمە هاوکات بوو لەگەڵ ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەى لە پێناو سەربەخۆى ئەنجام دەدران لە ئەوروپاى ڕۆژهەڵات دواى شکسهێنانى یەکێتى سۆڤیەتى پێشوو، لە ساڵی 1998یش نیمچە دورگەى کریمە دەستورێکیان بۆ خۆ داڕشت ، ڕووبەرى نیمچە دورگەى کریمە 27 هەزار کیلۆمەتر دووجایە ، پایتەخەکەشى شارى سیمفروبلە و ژمارەى دانیشتوانى بە پێی ئامارەکان دوو ملیۆن پینج سەد هەزار کەس دەبێت ، زمانى فەرمى کە قسەى پێ دەکەن زمانى ئۆکرانیە ، شێوەى پێکهاتەى دانیشتوانى دابەش بووە بەسەر سێ جۆر پێکهاتە ، ئەوانیش ڕوسەکان کە 58.32% ى ژمارەى دانیشتوانى نیمچە دورگەى کریمە پێکدەهێنن ، ئۆکرانیەکانیش 24.32%ى دانیشتوان پێکدەهێنن ، تاتارەکانیش تەنها 12.10%ى دانیشتوانى نیمچە دورگەى کریمە پێکدێنن ، بەم شێوەیە روسەکان زۆر ترین ژمارەى دانیشتوانى نیمچە دورگەى کریمە پێکدەهێنن ، لە نێو پێکهاتەى دورگەى کریمە موسلمانەکان زیاتر لە12%ى دانیشتوانى دورگەکە پێکدێنن ، هەر ئەمەش کە واى کردووە ڕوسیا بە درێژایی مێژوو دەست لەو دورگەیە هەڵنەگرێت ، ئابوری نیمچە دورگەى کریمە پیشەسازیە کە 60% ى ئابورى دورگەکە پشت دەبەستێت بە بەرهەمە پیشەسازییەکان ، شان بەشانى پیشەسازى کشتوکاڵ و کەتى گەشتیارى و سامانى کانزاکان گرنگترین پێکهێنەرى ئابورى نیمچە دورگەى کریمە پێکدەهێنن .
بڕیارەکەى پەرلەمانى کریمە بووە جێگەى ناکۆکیەکان
لە ڕۆژى پێنج شەممە 6ى ئازار لە کۆبوونەوەیەکدا پەرلەمانى کریمە بڕیارى لەسەر گەڕانەوەى کریمە دا بۆسەر ڕوسیا ، بۆ ئەم مەبەستە رۆِژى 16ى ئازاریشى دیارى کرد بۆ ئەنجامدانى ڕاپرسی گشتى لەسەر گەڕانەوەى بۆ باوەشى ڕوسیا ، ئەم هەنگاوەى پەرلەمانى کریمە بارودۆخەکەى زیاتر ئالۆز کرد ، کە ڕوسیاش بە توندى پاڵپشتى لە و بڕیارەى پەرلەمانى کریمە کرد ، ئەم بڕیارەى پەرلەمانى کریمە هەر زوو کاردانەوەى جیهانى بەدواى خۆیدا هێنا ، لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لە نێوان هەر یەکە لە باراک ئۆباماى  سەرۆکى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا و فلادیمیر پۆتینى سەرۆک وەزیرانى ڕوسیا کە بۆ ماوەى یەک کاژێر قسەیان کرد لەبارەى ڕەوشتى ئۆکرانیا و پرسى نیمچە دورگەى کریمە ، ئۆباما ئەوەى بە پۆتین ڕاگەیاندووە کە بوونى هێزەکانى ڕوسیا بەو شێوەیە لە دورگەى کریمە پێشێلى سەروەرى خاکى ئۆکرانیایە ، لە بەرامبەریشدا پۆتین لاى خۆیەوە سەرزەنشتى حکومەتى نوێی ئۆکرانیاى کردوە و وتویەتى پالپشتى ڕۆژئاوا بۆ ئۆکرانیا ناشەرعیە و جەختیشى لەوە کردۆتەوە کەناتوانێت داواکارى ڕوسەکان لە دورگەى کریمە پشتگوێ بخات کە زۆرینەى دانیشتوانى دورگەکە پێکدێنن ، لە لایەکى ترەوە ڕاستەوخۆ دواى دەرکردنى بڕیارى ڵکاندنى دورگەى کریمە بە ڕوسیا لە لایەن خۆیەوە وەزیرى ئابورى ئۆکرانیا پاڤلۆ شیرامیتا ئەم هەنگاوەى بە نادەستورى لەقەلەم داو وتى جیهانى شارستانى دان بە ئەنجامى ڕیفراندۆمى کریمە نانێت، ڕۆژى یەکشەممە 9ى ئازار سەرۆک وەزیرانى کاتى ئۆکرانیا ئارسینى یاتسینیۆک ئەوەى دووپات کردەوە کە دەت لە بستێک خاکى خۆیان هەڵناگرن ، وڵاتانى ئەوروپاش هەڵوێستیان بە شێوەیەکە کە پرسەکە بە رێگاى ئاشتى چارەسەر بکرێت ، دژى دەستوەردان و ڕەفتارى ڕوسیان لە دورگەى کریمە ، بەڵام بەشار ئەسەدى بە پێچەوانەوە دەست خۆشی دەکات لە ڕوسیا بۆ دەست بەسەر داگرتنى دورگەى کریمە ، دەشلێت ئەوە نیشانەى سیاسەتى ژیرانەى سەرۆک پۆتینە لە پێناو گەڕانەوەى ئارامى و سەقامگیرى بۆ ناوچەکە .

ئەنجامى ڕیفرادۆمەکەى کریمە
بە پێی بڕیارى پەرلەمانى کریمە ڕۆژى 16ى ئازار دیارى کرا بوو بۆ ئەنجامدانى رَیفراندۆمە لە سەر ئەوەى ئایا دورگەى کریمە بچێتە پاڵ ڕوسیا یان وەکو خۆى بمێنێتەوە، ئەوە بوو ڕیفراندۆمەکە لەوادەى دیارى کراوى بەڕێوەچوو ، بە پێی سەرچاوەکانى هەواڵ دەرەئەنجامەکانى ڕیفراندۆمەکە بەم شێوەیە بوو ، 96.77% دەنگیان بۆ ئەوە داوە کە بچنە پاڵ ڕوسیا ، ئەمە لەکاتێکدایە کەلە سەرووى 70% ئەو هاوڵاتیانەى کەمافی دەنگدانیان هەبوو دەنگیان داوە ، تەتەرەکان کە دووەم پێکهاتەى دورگەى کریمەن لەگەڵ ئەوەدا نین کە دورگەکەیان بچێتە پاڵ ڕوسیا ، بەڵام پەرلەمانى کریمە ڕۆژێک دواى ئەنجامدانى ڕیفراندۆمەکە کە دەکاتە ڕۆژى دووشەممە بە شاندێک سەردانى پەرلەمانى ڕوسیا (ئەنجومەنى دۆما) یان کرد پەرلەمانى ڕوسیاش دانى بە ئەنجامى ڕێفراندۆمەکەى کریمە نا ، بەڵام لە ئۆکرانیا بە پێچەوانەوە دژایەتى خۆى بۆ ڕیفراندۆمەکە ڕاگەیاند ، پەرلەمانى ئۆکرانیا بە دەنگى 275 پەرلەمانتار دژى ڕیفراندۆمەکە و دەستوەردانى سەربازى ڕوسیا بوون لە دورگەکە .

کاردانەوە نێو دەوڵەتییەکان لەبەرامبەر ڕیفراندۆمەکە
هەر ڕاستەوخۆ لە دواى بەڕێوەچوونى ڕیفراندۆمە هەریەکە ئەمریکا و دەوڵەتانى ئەوروپا بەشێکى ترى دەوڵەتانى رەتى ئەوەیان کردەوە کە دان بە ڕیفراندۆمەکە بنێت لەبەر ئەوەى ئەو دەوڵەتانە ڕیفراندۆمەکەى دورگەى کریمەیان بە پێچەوانەى بنەما و پرەنسیپەکانى یاسایی نێودەوڵەتى دەزانن، ئەمە لە کاتێکدایە کە هەلوێستى دەوڵەتان زیاتر پەیوەندى بە زیندوو بوونەوەى ناکۆکیەکانى نێوان ڕوسیا و ئەمریکایە، ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا ڕاستەوخۆ دواى بەڕێوەچوونى ڕیفراندۆمەکە بڕیارى سەپاندنى سزاى بەسەر بەرپرسانى ڕوسیا دەرکرد و ئەوەى دووپات کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک ئەو ڕیفراندۆمە لاى ئەمریکا شەعیەتى نییە و دانیش پێدا ناینێت بەڵکو ئەمریکا ئەمەى بە دەستوەردانى ڕوسیا لە کاروبارى ئۆکرانیا دایە قەڵەم ،  یەکێتى ئەوروپاش بەهەمان شێوەى ئەمریکا دژایەتى تەواوى خۆى بۆ ڕیفراندۆمەکە دەربڕى بە تەواوى هەر 28 ئەندامەکەى یەکێتى بڕیاریان داوە کە مامەلە لەگەڵ دورگەى کریمە وەکو بەشێک لە ڕوسیا نەکەن و ڕێگە نەدەن هاولاتیانى کریمە سەردانى دەوڵەتانى نێو یەکێتى ئەوروپا نەکەن ، سزاى قورسیش بەسەر ئەو کەسانە بسەپێنن کە ڕیفراندۆمەکەیان بەڕێوەبردووە ، سوریاش ڕووبەڕووى سزاى قورس دەکەنەوە، بەڵام هەموو ئەو هەڕەشانەى کە ئەمریکا و وڵاتانى ئەوروپا ئاراستەى ڕوسیایان کرد نەبوونە هۆى ئەوەى کە ڕوسیاهەلوێستى بگۆڕێت لەبەرامبەر ڕیفراندۆمەکەى دورگەى کریمە ڕۆژى سێ شەممە 18ى ئازار پۆتین لەبەرامبەر پەرلەمانى وڵاتەکەى ( ئەنجومەنى دۆما) ئەوەى دووپات کردەوە کە ڕیفراندۆمەکە لە شوێنى خۆیەتى و مافى هاونیشتیمانیانى کریمە کە بڕیار لەسەر داهاتووى خۆیان بدەن، هەر هەمان ڕۆژ پۆتین ئیمزاى کرد لەسەر ئەنجامى ڕیفراندۆمەکە و ڵکاندنى دورگەى کریمە بە خاکى ڕوسیاو ئەوەى ڕاگەیاند کە خەڵکى کریمە ئێستا بوونەتە خەڵکى ڕوسی و داواى لەپەرلەمانى ولاتەکەى کرد کە یاسایەک بە زووترین کات دەربکەن بۆ وەرگرتنى خاکى کریمە،  ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەرز بوونەوەى ناکۆکیەکان ، بۆیە قەیرانى ئۆکرانیا کاریگەرى تەواوى کردۆتە سەر قەیرانەکانى تر لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیا لەم ڕوانگەشەوە ئەمریکا بڕیارى داخستنى بالیۆزخانەى سوریا لە ولاتەکەى دەرکرد بە شێوەیەک کە  ئەم هەلوێستەى ئەمریکا لەبەرامبەر ڕەفتارى ڕوسیا لێکدەدرێتەوە .

زیندوو بوونەوەى ناکۆکیەکان لە نێوان ئەمریکا و ڕوسیا
هەریەکە لە ڕوسیا و ئەمریکا بە درێژایی جەنگى سارد ناکۆکیەکى قوڵیان لە نێوان هەبوو بەشێوەیەک کە هەندێک جار ناکۆکیەکان گەیشتونەتە ئاستێکى بەرز بەڵام هیچ ڕوبەڕوبوونەوەیەکى ڕِاستەوخۆ لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتە نیارە نەبینیەوە بەڵکو ڕوبەڕوبوونەوە ڕاستەوخۆکان لە نێوان دەوڵەتانى ترى بوون لە جیهان کە دابەشی سەر دوو جۆر هاوپەیمانى ببوون ، بەڵام کاتێ لە کۆتایی هەشتاکان سەرەتایی نەوەتەکانى سەدەى ڕابردوو کاتێ لەبەرامبەر ئەمریکا شکستى هێنا ، زۆر توێژەر تێزى جۆراوجۆریان خستە ڕوو کە بەناوبانگترینیان کۆتایی مێژووى فۆکۆیاما بوو کە جەختى لەسەر ئەوە دەکردەوە کە سیستمى ئەمریکا کە لیبڕاڵ دیموکراسیە کۆتایی سیستمە ، بەڵام دواى چەندین ساڵ فۆکۆ خۆى لەو تێزەى پاشگەز بوەوە، دووبارە زیندوو بوونەوە و گەڕانەوەى ڕوسیا بۆ لوتکە هاتە نێو لێکۆلینەوە و توێژینەوەکانى توێژەر و شارەزایان، لەماوەى نێوان جەنگى دووەمى کەنداو کەمەبەستمان جەنگى ڕزگار کردنى کوەیتە لەلایەن ئەمریکا و هێزى هاوپەیمانانەوە تاوەکو ڕوداوەکانى جیهانى عەرەبی چەندین شێوەى هاوکارى لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا بەدى کراوە لە بوارە جۆراو جۆرەکان بەشێوەیەکى گشتى  پرسی تیرۆر بەشێوەیەکى تایبەتى، بەلام دواى ڕووداوەکانى جیهانى عەرەبی و سەرهەڵدانى قەیرانى سوریا ناکۆکیەکان زیاتر لە نێوان ڕوسیا و ئەمریکا بە دیارکەوتن، بەشێوەیەک کە ڕوسیا چەندین جار مافى ڤیتۆى لەئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى لەبەرامبەر پێشنیار و بڕیارەکانى ئەمریکا لەبارەى قەیرانى سوریا بەکار هێناوە ئەمەش بە جۆرێک لە ناکۆکیەکان و زیندوو بوونەوەى ڕوسیا لە نێو گۆڕەپانى سیاسى جیهان لێکدەدرێتەوە، بۆیە دووبارە گەڕانەوەى ڕوسیا بۆ گۆرەپانى سیاسی و ئابورى نێودەوڵەتى بوو بە ڕۆژەڤى میدیا جیهانییەکان، لەمەو دوا چیتر ڕوسیا پەیڕەوى ئەو بڕیار و ڕێنماییە نێودەوڵەتیەکانە ناکات کە لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاوە پێشنیار دەکرێت بەڵکو روسیاش دەبێتە خاوەنى تێڕوانینى تایبەت بەخۆى و دەیەوێت هەژموونى مێژووى خۆى بگەڕێنێتەوە بۆ نێو جیهان، ئەگەر بەر لە ئێستا قەیرانى سوریا بە چەقى ملکلانێی نێوان ئەمریکاو ئەوروپا لەلایەک و ڕوسیا لەلایەکى ترەوە بێت ئەوا ئۆکرانیاشى هاتە سەر کەلە ئێستا بە چەقى ناکۆکى و ململانێی توندى نێوان ڕوسیا لەلایەک و ئەمریکا و ئەوروپا لەلایەکى تر دادەنرێت، لێرە دا ئەو دوو بۆچوونە دژە دووبارە دەیانەوێت لە بوارى پەیوەندى نێو دەوڵەتى و سەپاندنى هەژموونى خۆیان لە جیهان دووبارە لەبەرامبەر یەکتر پێناسە بکەنەوە ، بە شێوەیەک کە سەرەنجام ڕەنگە یەکێک  لەو دوو لایەنە ناکۆکە لە جیهان بەرەو لاوازى بچێت، چونکە لە ئێستا قەیرانى ئۆکرانیا و ڵکاندنى دورگەى کریمە بە خاکى ڕوسیا گەلێک ناکۆکى قوڵی دروست کردووە لەبەرامبەر یەکترى بە شێوەیەک کە بڕیار وایە سزاى ماددى و مەعنەوى بەسەر ڕوسیا بسەپێنن بەڵام دەبێت ئەوەش لەبەر چاو بگیرێت کە ڕوسیاش بە هیچ شێوەیەک لەبەرامبەر هەر سزایەک بێ دەنگ نابێت و قسەى خۆى دەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت