دکتۆر کەمال میراودەلی : لە شاخەوە بۆ شار ، ئەزموونی باشوور و پێویستیی ڕوانگەیەکی مێژوویی نوێ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی سێیەم : نەفرەتەکانی خەباتی چەکداریی شاخ .

(ئەم باسە لە کۆنفرانسی کۆنگرەی گەلی کوردستان لە لەندەن (٨/٤/١٩٩٥) و لە سێ سیمیناری جەماوەرییدا لە سوید لە ستۆکهۆڵم و ئەسکلتۆنا و یتوتوبوری، لە ١٥، ١٦، ١٧/٤/١٩٩٥ دا پێشکەش کراوەو دوایی لە مانگنامەی هەنگاو دا بلاوکراوەتەوە)….

نەفرەتەکانی خەباتی چەکداریی شاخ

 شاخ تاقە پشت و پەنای کورد بووە. ئەمە ڕاستییەکی ئاشکرایە . شاخ و کوردستان و کورد یەك بڕبڕەی پشتن . تا سەردەمی ئەمڕۆ هەر شاخە ئێمەی پاراستووە .. چەك هەڵگرتنیش لە ڕووی دوژمن بۆتە بەشێکی ئاسایی و ڕۆتینی ژیانی مرۆڤی کورد . ئەمە پێویستییەکی سەرەتایی و سەرەکیی زیندەمان و خۆپاراستن بووە . حەیوانیش بە هەموو شێوەیەك دیفاع لە خۆی دەکات . پاراستنی ژیان و بوونی فیزیکی ، حاڵەت و پاڵنەرێکی غەریزەیی هەموو گیانلەبەرێکە .. بەرەنگاریی قارەمانانەی گەلی کورد دژی داگیرکەران ، هەمیشە ڕەوا بووە، خەبات بووە بۆ مانەوە و ڕەتکردنەوەی دیلێتی و چەوساندنەوە .

 ئەوەی ئێمە لە خوارەوە دەیڵێن مەبەست ڕەتکردنەوەی خەبات و موقاوەمەی چەکداریی نییە ، مەبەست سووك کردن و کەمکردنەوەی خۆبەخت کردن و تێکۆشانی هەزاران ڕۆڵەی نیشتیمانپەروەری گەلەکەمان نییە . مەبەست بەخۆداچوونەوەیە.. پێداچوونەوەی ڕاستیی کاریگەری و سەرکەوتوویی یا سەرنەکەوتوویی خەباتەکەمان . لە دوای شەڕی جیهانی دووەمەوە، خەباتی چەکداریی شاخمان بۆ دیفاع لە خۆمان ، بۆ بەدیهێنانی مافی نەتەوەیییمان (یان بەو ناوەوە) ڕەچاو کردووە ..   

کاتی ئەوە هاتووە جەردێکی حیسابی خەباتی شاخ بکەین ، کاتی ئەوە هاتووە چەند وانەیەك لە ئەزموونەکەمان وەربگرین ..

کاتی ئەوە هاتووە لەو هەموو کارەساتانەی بەسەرمان هاتووە یەك دوو عیبرەت بکەینە پردی پەڕینەوە بۆ قۆناغێکی نوێ ..

کاتی ئەوە هاتووە بپرسین : خەباتی چەکداریی شاخ ئێمەی گەیاندە کوێ؟

چی لە ئێمە کردووە وەك تاکە مرۆڤ و وەك نەتەوە ؟!

ئێمەی لە ج جوغزێكی مێژوویی تەنگەبەردا قایم کردووە؟!

ئێمەی تووشی چ ێمان و گیربوون و چەقینێك کردووە ؟!

کاتی ئەوە هاتووە بپرسین: بۆ زۆر لە گەلانی دیکەی دنیا بە زۆر کەمتر لە خەباتی ئێمە ڕزگاریان بوو؟

 کاتی ئەوە هاتووە چاومان بکەینەو ە، دڵمان بکەینەوە ، هۆشمان بکەینەوە ، دوێنێمان لەبیرنەچێتەوە .

وەك پێشتر وتوومە: دوای هەڵەبجە خەباتی چەکداریی شاخ بە شێوەیەکی عەمەلیی ڕاستەقینە کۆتایی هات!! هاوڕێ لەگەڵ ئەمەدا، سەر لە بەری مێژوو کۆنی کورد، مێژووی شاخ، کۆتایی هات!! بمانەوێ و نەمانەوێ، لە ئاست گازی ژەهراوییدا خەباتی شاخ و پارتیزانیی ناکرێ. گەر ئەمڕۆ تورکیا، یان عێراق، یان ئێران پەنا نابەنە بەر (گازی کیمیایی) ئەوە لەبەر ئەو هەل و مەرج و ڕێکەوتەیە کە دوای شەڕی خەلیج درووست بوو، لەبەر ئامادەبوونی دنیایە لە کوردستاندا!! کە وایە، مەسەلە ئەوەنە نییە کە نابێ و ناکرێ خەباتی چەکداریی شاخ بکەین، مەسەلە ئەوەیە، ژیان، پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، شۆڕشی زانیاریی.. هتد کۆتایی بە کاریگەریی و ئەگەری سەرکەوتنی ئەو جۆرە خەباتە هێناوە، نەك لە کوردستان، لە هیچ شوێنێکی دیدا کە ئەم جۆرە خەباتە ماوە، پیرۆ، سودان، سریلانکا .. هتد ئەگەری سەرکەوتنی ئەم جۆرە خەباتە نییە .. سەرکەوتنەکان وەك ئەوەی ئەریتریا، فەلەستین، کوردستانی دوای شەڕی خەلیج، بۆ گۆڕانی هەلومەرجی سیاسی دنیا دەگەڕێنەوە .

 بەڵام خەباتی شاخ، چەك و کلتووری چەك، بمانەوێ و نەمانەوێ لەگەڵمان بووە و تا ماوەیەکی دووری ئایندەش لەگەڵمان دەبێ. بۆیە پێویستە بەڕوونی، بەڕووتی، بەڕاستی، بیخەینە ڕوو .. هەموومان چەندەها ساڵە مێشکمان بە باسی پیرۆزیی و مەزنیی و شانازیی خەباتی چەکداریی پڕ بووە.. بۆیە من لێرەدا دەمەوێ تەنیا نەفرەت و نێگەتیڤەکانی دەستنیشان بکەم .

خەباتی شاخ یان شەڕی چەکداریی شاخ : شێوەیەکی ئازایانەی خەبات نییە ؟

<!–[if !supportLists]–>1- <!–[endif]–>

<!–[if !supportLists]–>2-<!–[endif]–>

دیارە من ئەمە بە شێوەیەکی گشتی دەڵێم. من ڕێز و پێزانینم بۆ خەبات و ئازایی و قارەمانێتی هەزاران پێشمەرگەی ئازا و بەجەرگ هەیە کە لەڕیزی خەباتی چەکدارییدا، بەرهەڵستی دووژمنیان کردووە . داستانی قارەمانییان تۆمار کردووە و خۆیان بۆ نەتەوەکەیان شەهید کردووە . من مەبەستم ئەوەنییە لە خەبات و قارەمانێتی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەدا بشکێنم. بەڵام وەك ستراتیژی خەبات، خەباتی شاخ شێوەیەکی ترسنۆکانەی خەباتە. گەر تۆ بەرامبەر دوژمن بجەنگی، دەبی بەرامبەری بوەستی، نەك پشتی تێبکەی و بەرەو شاخ هەڵبێی.. دەبێ بەرەو کەرکووك و موسڵ و بەغدا بڕۆی، نەك بەرەو قەندیل و ئاسۆس و پیرمەگرون، دەبێ بەرەو ئەنقەرە و ئەستەمبول و ئەزمیر برۆی،   بەرەو کرماشان و تەوریز و تاران بڕۆی.. بەرەو ناودڵ و ناوجەرگەی دوژمنەکەت، نەك بەرەوە لادێ هەرە دوورەکان و گوندە لاپەرێزەکان. بۆیە خەباتی شاخ نە زیرەکی دەوێ نە ئازایەتی، نە ستراتیژ.. تەنها مەرگ و شەهادەتی دەوێ!! بۆیە فەلسەفەی شەهیدبوون لە پێناوی شەهیدبووندا دەبێتە گەورەترین سەرچاوەی بیر و بایەخی خەباتی چەکداریی .

<!–[if !supportLists]–>3- <!–[endif]–>خەباتی چەکداری شاخ دژ بە مافی مرۆڤ و دژ بە مافی نەتەوەیە .. ئەمەیە کە هەر لە سەرەتاوە ناکۆکیی درووست دەکا: دژ بە مرۆڤە، بە چەوساوەترین مرۆڤی وڵات: کە جووتیاران و خەڵکی لادێکانن . لە کاتێکدا شۆڕشگێڕەکان پشت دەکەنە دوژمن و بەرەو لادێکان هەڵدێن ، بە دوو سێ عەمەلییەی بچووك دەسپێدەکەن و لەم لا و لەو لا، کەمینێك بۆ سوپای دوژمن دادەنێن و دوو سێ سەرباز دەکوژن و ناوی قارەمانێتی بۆ خۆیان دەکەن ، هەر لەو کاتەدا دەبنە هۆی ئەوەی تەیارە و تانك و سووپای دوژمن بەسەر ئەو لادێ و لادێی‌یە قوربەسەرانە وەربێ و بیان سوتینێ . بیانگرێ ، بیان کوژێ ، جەزرەبەیان دا. جگە لەمەش شۆڕشگێڕەکانیش هەر لەسەر چەوساندنەوە و خۆژیاندن بە جووتیارەکان گوزەران دەکەن. تا دوایی ناچارییان دەکەن ببنە (سووتەمەنی شۆڕش) ..!!

<!–[if !supportLists]–>4-<!–[endif]–> 

<!–[if !supportLists]–>5-<!–[endif]–>

لەلایەکی دیکەشەوە خەباتی چەکداریی شاخ دژی نەتەوەیە، چونکە لەگەڵ بەرفراوان بوونی، زوڵم و زۆرداریی و خاك سووتاندن و وێرانکاریی و قڕانکاریی دوژمن زیاتر دەبێ و بەشێکی زۆری خەڵك چ بۆ پاراستنی ماڵ و حاڵ و بەرژەوەندییان، چ بۆ پاراستنی گیان و ژیان و کەرامەتی خۆیان، ناچار دەبن دەست لەگەڵ دوژمندا تێکەڵ بکەن، یان ببن بە جاش، بێ ئەوەی خۆیان بیانەوێ. ئاخر هەموو کەس ناتوانێ دەسبەرداری هەموو شت بێ و ماڵ و منداڵی بەرێتە شاخ، یان ئاوارە بێ بۆ وڵاتی دی… بەم جۆرە بەشێکی زۆری گەل بە خائین دادەنرێ و کوشتنیان لەلایەن (شۆڕشگێرانی)ی شاخەوە دەبێتە پێویستی و ئەرکێکی نیشتمانیی!! ئەم دڕندەگەرییە بە خەبات دادەنرێ..

<!–[if !supportLists]–>6-<!–[endif]–> 

<!–[if !supportLists]–>7-<!–[endif]–>

زۆر جار نەك ئەو کەسەی لە ماڵێك یان بنەماڵەیەك دەبێتە جاش بە تاوانبار دادەنرێ ، هەموو بنەماڵەکەی ئەو حیسابەی بۆ دەکرێ، لەمەش زیاتر خزم و کەسەکانیش تووش دەبن. من باوەڕم نەدەکرد کە پ.ك.ك زۆر خێزانی لەناوبردبێ کە یەکێکیان لێ بۆتە پاسەوانی دێ یان جاش، تا بە گوێی خۆم لە زۆر کوردی باکوور ئەم حەقیقەتەم بیست.. سەیرە، ئێمە قەت ئەم لایەنەمان، لایەنی شەڕی جاش و پێشمەرگە، کە هەردوو کورد و، هەردوو ڕۆڵەی یەك خاك و نیشتمان و شارن، بە شەڕی براکوژیی دانەناوە!! لە بیرمە لە سەرەتای   شۆڕشی ١٩٦١ کە جاشەکانی زێباری و هەرکی و سوورچی و لۆلان دەکوژران، چەند دڵخۆش دەبووین، هەر وەك ئەوانە کورد یان مرۆڤ نەبن. دوایی کوشتنی جاش لە سەرانسەری کوردستاندا بە بۆنەی شایی و شادیی دادەنرا. هەتا وای لێهات، لە ساڵانی ١٩٨٠ ژمارەی جاش بە سەدان قات لە پێشمەرگە زیاتر بوو، هێشتا ئەمەمان بە شەڕی براکوژیی ناو نەدەبرد. درووستبوونی جاش وەك دیاردەیەك و بەو زۆرییە ئەنجامی ڕاستە و خۆی شەڕی چەکداریی شاخ و نەبوونی عەقڵی سیاسیی و  هاوکاری لەگەڵ داگیرکەران و نەبوونی هیچ جۆرە ستراتیژیەتێکی نەتەوەیی یە !!

٣- خەباتی چەکداریی شاخ دواکەوتووترین خەباتە و ستراتیژ دەدا بە دوژمن و تاکتیك بە خۆی.. زۆر ڕۆڵەی زیرەك و زانا و نیشتمانپەروەر شار بەجێ دێڵێ و ڕوو دەکەنە شاخ.. لە ژیانی خوێندنەوە و زانیاریی دادەبڕێن. وردە وردە بەرەوە دواکەوتن دەچن. چەك و کوشتن وشاخە و شاخ و دێیە و دێ کردن دەبێ بە خووی ڕۆژانەیان. تووشی توند و تیژی و پاوانچێتی و شەڕی براکوژیی دەبن. باوەڕ بوون بە چەك دەبێتە بیر و باوەڕیان. چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە چەك دەبێتە کارێکی ئاسایی لایان.. ئایدیۆلۆژیەتێکی دواکەوتووی چینایەتی یان نەتەوەیی، بۆ پاکانە کردنی ئەمە بەکاردێنن.. جگە لەمەش، بەبەجێهێشتنی دەشت و شارەکان، هەموو قازانجێکی ستراتیژیی بە دوژمن دەدەن و تاکتیکی ساوێلکانە و دواکەوتووانە بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن.. لە ڕووی تەکنۆلۆژیی و شێوەی زیانگەیاندنیش بە دوژمن زۆر دواکەوتووانەیە، تفەنگ و کڵاشنکۆف و ئارپێجی و تۆپ، بۆ شەڕی ڕاستەوخۆی بەرامبەریی بەکاردێنن، کە زۆربەی کات ئەنجامەکەی وێرانکردنی ناوچە کوردییەکانە، لەجیاتی ئەوەی شێوەی تەقاندنەوەی بەرژەوەندییە عەسکەریی و ئابوورییەکان بەکاربێنن و لە میترۆپۆلییەکانی دوژمندا چالاکی بنوێنن. لە ئەنجامدا دوای ماوەیەکی کەم تووشی چەقین و وەستان دەبن. وەرز دەبن. ئاوات بۆ گفتوگۆ- و هەر جۆرە دەرچوونێك لەم چەقینە دەخوازن .

٤- خەباتی چەکداریی شاخ لە ئەنجامدا دەبێ بەشێوە خەباتێکی خیانەتکارانە: نەك هەر لەبەر ئەوەی جاش درووست دەکا  و شەڕێ براکوژیی دەنێتەوە، بەڵکو لەبەر ئەوەی بەشێوەیەکی فیعلی هەندێ لە ڕێبەرانی شەڕی چەکداریی دەبنە هاوکاری دوژمن و خیانەتکاری گەلەکەیان.. چۆن؟! شەڕی چەتەگەریی شاخ، بە ژمارەیەکی کەم دەسپێدەکات، کە چالاکی و چەکدارییان زیاد دەکات، تاوانکاری و توند و تیژی و چەوساندنەوەی دوژمنانیش زیاد دەکات. خەڵکێکی زۆرتر دەچێتە پاڵیان. تا ژمارەکەیان دەبێتە هەزاران، دەیان هەزار، بەچی دەژین؟ چەك و فیشەک و تفاق لە کوێ دێنن؟ سەرەتا لەسەر گوندەکان دەژین، دوایی گوندەکانیش دەسووتێنن.. چ بۆ مەبەستی خۆژیاندن، چ بۆ مەبەتی خۆپاراستنی لە هێرشی دوژمن، چ بۆ تیمار و چەك و تەقەمەنی، پێویستیان بە یارمەتی دەرەوە دەبێ. لە چوارچێوەی جیوپۆلیتیکی کوردستاندا، دەرەوە یانی دوژمنە داگیرکەرەکان. بەم شێوە گەمەکە دەست پێدەکا. شەڕی چەکداریی کورد لەجیاتی ئەوەی شۆڕشێکی ڕزگاریخواز بێ وردە وردە دەبێ بە گەمە و یاری بەدەست دوژمنە داگیرکەرەکانەوە: تا لە ئاکامدا ئەوەی پێی دەڵێن بزوتنەوەی کورد، دەبێتە بە بەشێك لە سیاسەت و ستراتیژی داگیرکەران دژی ئازادیی و پاشەڕۆژی گەلی کورد، نەك بەشێك لە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد دژی داگیرکەران !!

ڕەنگە زۆرمان قسەکەی حەمە ڕەزاشمان دوای هەرەسی ١٩٧٤ لە بیربێ کە وتی: (بزووتنەوەی کورد من درووستم نەکرد. خۆی هەبوو. منیش وتم بۆ بەکاری نەهینم. بەم جۆرە یارمەتیم‌دا، یارمەتیم‌دا، تا بووم بە گەورەترین هێز لە ناو بزووتنەوەکەدا.. کە یارمەتیەکەشم لێ کێشانەوە ئەوە ڕوویدا کە ڕوویدا).. ستراتیژێکی هەرەس ئەوە بوو کە شا و ساواك لە ١٩٧٤ نەخشەیان بۆ سەرکردایەتی کورد کێشا زۆربەی خەڵکی ڕۆشنبیر و کوردپەرستی شارەکان ڕاکێشنە شاخ. زانکۆی سلێمانی چۆڵ کرا.. دائیرەکان چۆڵ کران.. زۆربەی شار چۆڵ کرا. هەموو بۆ شاخ، بۆ پشت بەستن بە دوژمنێکی داگیرکەر.. تا ئاخری هەرەسی پێهێناین. ئەمجارەیش، ئێستایش، تورکیا، بەشێوەیەکی دیکە، هەمان تەمسیلی کڕینی بزووتنەوەی کورد، دووبارە دەکاتەوە.. خیانەتکارییەکە لەوە دەستپێدەکا کە گرووپە چەکدارەکان دەبێ خۆ بژێنن. بۆ ئە کارەش دەبێ بژێنەرێك، یارمەتیدەرێکیان هەبێ. بۆیە مەسەلەی خۆژیاندن (أرتزاق) و دواییش بەرنەدانی دەسەڵات بۆ زامنکردنی ئەمە، دەبێتە ئامانجێك خۆی لە خۆیدا .

خۆ تا ژمارەی چەکدارانی حیزبێك یان تاقمێك زیاتر بن، یان تا سەرچاوەی میللەتی کەمتر هەبێ، ئەم خۆژیاندنە زیاتر دەبێتە ئامانج خۆی لە خۆیدا و دەکەوێتە سەرووی هەموو ئیعتباراتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە. ئێمە دەزانین کە تەنانەت دوای ئەو خیانەتە گەورەیەی ئێران لە بزووتنەوەی کوردی کرد تووشی ئاشبەتاڵی کرد، هێشتا سەرکردایەتی پارتی (کە ترسی گەڕانەوەی بۆ عێراق هەبوو-و داڵدەری دیکەی نەبوو) هەر لە ئێران مایەوە. ژیاندنی هەزاران خێزان لە لایەن ئێرانەوە بوو بە ئامانج و هەموو خولیایەکی سەرەکیی ئەو سەرکردایەتییە. ئێرانیش چ لە سەردەمی شادا و چ لە سەردەمی خومەینیدا ئەمەی ئیستغلال کرد بۆیە بەکارهێنانی ئەو سەرکردایەتییە، تەنانەت، لە چەند حاڵەتێکی زانراودا، دژی کوردی ڕۆژهەڵاتیش.. ئەمە دەبێ وەك حەتمییەتی ئەو واقیعە تێبگەین کە باسمان کرد. واقیعی خۆژیاندن و ژیاندنی هەزاران خێزان. بۆیە وەسف کردنی بە زاراوەی ئەخلاقی هیچ ڕاستییەك روون ناکاتەوە و هیچ دادێك نادا .

هەروەها یەکێتی دوای زۆربوونی هێزەکانی لە سەرەتای ساڵانی هەشتادا، پێویستی بە یارمەتی هەبوو تا ئەو هێزەی بژیێنێ و چەکداریی بکات. لەبەر لەبەر ئەوەی دژایەتی لەگەڵ (جود) هەبوو-و ڕێی ئێران نەبوو، هەوڵیدا لە ساڵی ١٩٨٣ دا وتوویژ لەگەڵ ڕژێمی بەغدا بکات. لەگەڵ ئەوەشدا کە لە سەرەتاوە دیار بووئەو وتووێژە ئاکامی نییە و هەڵخەڵەتاندنە، یەکێتی تا ماوەی ساڵێکیش لەم خۆ هەڵخەڵەتاندنەدا بەردەوام بوو. ئەوەی گرنگ بوو، بەدەست هێنانی یارمەتی بوو، بۆ ژیاندنی هێزەکەی. دواییش کە (دانوساندن) لەگەڵ سەددام فەشەلی هێنا، ئەوانیش وەك جود پالیان نا بە ئێرانەوە، بووە هۆی نەمانی تەناقوزی دەرەوە و درووستبوونی هەلومەرجی بەرەی کوردستانیی. ڕاوڕووتەکەی دوای ڕاپەرینیش هەر بۆ مەبەستی پارە پەیدا کردن بوو بۆ ژیاندن و زۆرکردنی هێزەکانیان

 P.K.K تاقە هێزێکی کوردی چەکدار و شەرکەرە کە تا ئێستا پشتی بە پارە و ئابووری خۆی بەستووە-پشتگیری کوردیی ناوەوە و دەرەوە- بەتایبەتی ئەورووپا. ئەمە دووری خستۆتەوە لەوەی پشت بە یەکێ لە هێزە داگیرکەرەکان ببەستێ و ببێتە بەشێك لە نەخشە و پیلانی ئەوان. بە پێچەوانەوە کوردەکانی ڕۆژهەڵات، بەڕێبەرایەتی قاسملۆی شەهید، هەر زوو کەوتنە ناو ئەم تەڵە و داوەوە.. چاویان لە کوردەکانی باشوور کرد و بە خەستی و بەتوندی پشتیان بە سەددام بەست و بوونە بەشێك لە نەخشە و پیلانی سەددام (تا ئەو ڕادەیەی کە هەموو دنیا ئیدانەی تاوانی هەڵەبجەی کرد، قاسملۆ بێدەنگ بوو) ئەگەرچی لەبەر حەجمی بچووکیان، بەشێوەیەکی بچووکتر، دیار بوون و دیارن. ئەمانە پێوەندییان بە مەسەلەی دڵسۆزیی و بۆچوونی ئەخلاقییەوە نییە. زۆر لەو سەرکردانە بە رواڵەت دڵسۆزیشن تا ڕاددەی ئەوە لە پێناوی ئەوەی، کە خۆیان بە قەزیەکەی دەزانن، شەهیدیش بووبن یان ئامادە ببن شەهید بن. بەڵام، ئاوا خۆیان خستۆتە ئەو هەڵە و تەڵە ستراتیژییە لەعنەتییەوە و بە خۆیانەوە هەزارانیش تووش دەکەن و زەوق لە ناو و ناوبانگی سەرکردەیی و نیشتمانپەروەریی و خاوەن شەهیدان بوون وەردەگرن !!!

ئەگەر چی پ.ك.ك لە ڕووی ماددیەوە تووشی پشت بەستن بە داگیرکەرە دراوسێکان نەبووە- دیارە لە رووی لۆجستیکی و جوگرافییەوە، ئەو پێویستییەی هەیە.. نازانین گەر لەم دوو سێ ساڵەی دواییدا ڕاپەڕینەکەی کوردستان و ناوچەی ئازادیی کوردستان نەبوایە و ناوچەکە لە ژێر دەسەڵاتی سەددام دا بایە بەم شێوە گەورەیەی ئێستا بکەوتایە ژێر شاڵاوی هەردوو دەوڵەتی تورکیا و عێراقەوە، پ.ك.ك دەیتوانی جی بکا و چی دەکرد؟! هەرچۆنێ بێ لەبەر ئەوەی بنکەی سیاسیی و ئابووریی پ.ك.ك لە ئەورووپایە، هەمیشە لە ژێر تەئسیری بیری تازەدایە و لە گۆڕانەکانی سیاسەتی جیهانییەوە نزیکە و حیسابیان بۆ دەکات، بە تایبەتی کە تورکیاش بەشێکی گرنگی سیاسەتی ئەورووپی و ناتۆیە. بۆیە پ.ك.ك باشتر دەتوانێ کەڵك لە نەزمی سیاسیی جیهانیی نوێ وەربگرێ .

٥- خەباتی چەکداریی سایکۆلۆژیایەکی نادیمۆکراتیی دروست دەکا. مرۆڤی چەکدار، بەگشتی، هەمیشە زیاد لە پێویست هەست بە قورسی خۆی و سووکی بەرامبەرە بێچەکەکەی دەکا. بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەست دەکات خەباتی شاخ و بەتایبەتی بەشداری لە شەڕی دژی دوژمن و سەرکەوتن لە هەندێ شەڕدا، سیفەتی ( پاڵەوانێتی) نەتەوەیی و نیشتمانیی بۆ دروسست کردووە و هەقیەتی هەم شانازی پێوەبکات، هەم چاوەڕێی ڕیز و پاداشت و خەڵات بێت. ئەگەر بەم شیوەیە ڕەفتاری لەگەڵدا نەکرێت هەست بە عاجزی و ناتەواوی دەکات، یا پاشەکەشە دەکات، یان دەیەوێ تۆڵە بکاتەوە، جگە لەمەش خۆی بە خاوەنی ئەو دەسکەوتە دەزانێ کە لە ئەنجامی ئەو خەباتەوە، یان خەباتی تێكڕای میللەتەوە، یان هەلومەرجی جیهانییەوە، بۆ میللەتەکەی بەدەست دێن .. هەست دەکا ئەوانە بەری خەبات و خوێنی ئەون.. بۆیە هەمیشە سایکۆلۆژیەتێکی زاتی خۆ جیاکەرەوەی هەیە. هەست بە حەسادەت دەکا گەر کەسانی دی، بەتایبەتی ئەوانەی بەشداری خەباتیان نەکردووە و وەکو ئەو لە بەرهەمەکە بخۆن.. یان زیاتریش.. بەتایبەتی حەسادەت و پێناخۆشییەکە دەبێتە هەستی بەربەرەکانی و رق و لێبوونەوەش کە زەمینە بۆ شەڕی برا کوژی ئامادە دەکات، خراپترین ئاکامی ئەمە بیروبۆچونی پاوانچێتییە. کە بریتییە لە جیا کردنەوەی پاوانی من و ئێمە لە هی (ئەوان)، ڕێکخراوی ئێمە لە هی ئەوان، میللەتی ئێمە لە هی ئەوان !!

٦- خەباتی چەکداریی شاخ، خێڵچێتی و ناوچەگەریی و دابەش دابەشی نەتەوەیی بەهێز دەکات .

         کار و چالاکی حیزبی سیاسیی دەشێ لە هەموو شارو گوندێك بکرێ و هەموو ئەو کەسانەی بیر و بەرنامەی ئەو حیزبەیان بە دڵە، بچنە ناویەوە و خەباتی بۆ بکەن. گەرچی لە کوردستانی ئێمەدا لە چالاکی حیزبیشا لە هەندێ ناوچە، ناوچە گەریی و سنوور بۆ دانان و ئازادی قەید کردن هەبووە و هەیە، ئەمە لە خەباتی چەکدارییدا زەقتر و ناشرینتر دەردەکەوێ .. هەر تیرە و گرووپە و خەڵکی ناوچەیەك یان دێیەك یان چەند دێیەك لە دەوری کەسێك خڕ دەبنەوە کە لە عەشیرەتەکی خۆیان، یان ناوچەکەی خۆیانە. لە ئەنجامدا هەر سەرکردەیەکی چەکدار بنکەی عەشیرەتی و ناوچەیی دەسەڵاتی خۆی دەبێ و لە ئاکامدا دەبێتە سەرداری شەڕ War Lord. ئەمە  خێراتر و بەهێزتر و کاریگەرتر و بەردەوامتر درووست دەبێ، گەر حیزبەکە حیزبێکی خێڵەکی کۆنسەرفەتیڤ بێ و دەسەڵاتی عەشایەری هەبێ.. بەڵام تەنانەت لای هەر حیزبێکی دیکەش ئەمە کەم یان زۆر هەیە. خۆ ئەگەر دوو حیزبی دژ بەیەکی مونافیس هەبن، وەك لە باشووری کوردستاندا هەیە، ئەوا دابەش دابەشە جوگرافییە ناوچەیی و عەشیرەتییەکە زەقتر دەردەکەوێ.. ئاشکرایە کە وەك حیزبێکی لە جەوهەر و سەرکردایەتیدا  عەشیرەتیی، پارتی زیاتر پشتی بە خڕبوونەوە و کۆنفیدراسیۆنی عەشیرەتیی بەستووە و هەوڵی حیزبیکردنی هێزە چەکدارە عەشیرەتییەکانی نەداوە-مەگەر بەشێوەیەکی شکڵی و ڕەمزی نەبێ.. لە کاتێکدا یەکێتی لە سەرەتاوە، هێزەکەی لە بەحیزبیکردنێکی تەواوی هێزە ناوچەییەکان وەرگرتووە، بەتایبەتی چالاکییە پارتیزانەکەی حەفتاکان و هەشتاکان لە ناوچە دەشتەکانی گەرمیان و سۆراندا، وای کردووە بەشێکی زۆری هێزەکانی ئەو حیزبە، فێری شەڕی دەشت و تەنانەت شاریش ببن تەئسیری ئەمە تەنانەت لە شەڕی ئێستای نێوان پارتی و یەکێتیشدا دیارە. بەڵام وەك وتمان- لە چوارچێوەی شەڕی چەکدارییدا جیاوازییە ناوچەییەکان (بادینان ، گەرمیان ، سلێمانی، هەولێر) بەهیچ جۆرێك نەسڕدراونەوە.. جگە لەوەش، هەر ئەم واقیعەی باسمان کرد، وای کردووە ئەم حیزبە زیاد لە پێویست ئامادەیی ئەوەی هەبێ بەگژ ئەو عەشیرەتانەدا بچێ لەگەڵی نین، یان ئەویش کە خودی خەباتی چەکداریی ناچاری کرد، باوەشیان بۆ بکاتەوە و مەراییان بکات و بەهەر شێوەیەك بێ لەگەڵ خۆیان بخات، بەتایبەتی ئەگەر پارتیی یان حیزبێکی تر، وەك مونافیس لەو مەیدانەدا هەبوون. کارەساتەکە ئەوەیە کە بەرژەوەندی ڕۆژ و سیاسەتی هاوتایی هێز هەڵوێستەکەی سەپاندووە .. پ.ك.ك کە لە سەرەتاوە وەك حیزبێکی مارکسیی-لینینی یەکجار توندڕەو و ئایدیۆلۆژیی دوور لە واقیعی ژیانی کوردستان دەرکەوت و خۆی بە حیزبی چینی کرێکاری کوردستان ناساند، لە سەرەتاوە ویستی بە لەناوبردنی ستراکتووری عەشیرەتی و کوشتنی سەرۆك عەشرەت و ئاغاکان دەست پێبکات و هەندێ کاری تیرۆری لەو چەشنەی ئەنجامدا، بەڵام دوای تاقیکردنەوەیەکی خراپ، دەستی لەم کارە نابەجێیە هەڵگرت و (بەرەیەکی جەنگیی نەتەوەیی) دژ بە کۆلۆنیالیزمی تورکیی دروستکرد، کە جێگەی هەموو ئەوانە بکاتەوە کە هاوسۆزی پ.ك.ك و دژ بە ڕژێمی ئەتا تورکین.. تا ئێستا، قەوارەی عەشیرەتیی و ناوچەیی لە ناو پ.ك.ك‌دا ڕوون نییە. بەڵام ئەگەر شەڕی ناوخۆیی (جگە لە هی پاسەوانانی دێ . جاش) رووی نەداوە، ئەمە زیاتر بۆ ئەو ڕاستییە دەگەڕێتەوە کە جگە لە پ.ك.ك هیچ کام لە حیزبەکانی دیکەی باکوور شەڕی چەکداری شاخیان وەك شێوەی خەبات هەڵنەبژاردووە و مونافەسەی پ.ك.ك یان لەم مەیدانەدا نەکردووە . لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، پێشمەرگەکانی هەردوو باڵی حدك، زۆربەیان کەسانی ڕۆشنبیر و جووتیار و کاسبکارن، ئەو حیزبە لە شەڕی چەکدارییاندا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ناوچە ڕزگار بکەن و دەسەڵاتیان بەسەر خاکدا هەبێ و عەشیرەتەکان  ناچار کەن، هەڵوێست وەربگرن و لایەن هەڵبژێرن و شار و دێهات بە وێران کردن بدەن، هیوادارین نەگاتە ئەو ئاستەش!! لەگەڵ ئەوەشا هەر لە ئێستاوە سەلماندوویانە کە سەریان لە شەڕی یەکترکوژیی دەخورێ !! ( لە ١٩٩٤ دا لە سەر سەیارەیەك لە ڕانیە خەریك بوو قڕان بخەنە ناو یەکترەوە .)

٧- شەری چەکداریی شاخ دەبێتە هۆی درووستبوونی شەڕی ناوخۆیی.

چ بەهۆ و ئاکامی هەموو ئەو حاڵەتانەی لە سەرەوە باسمان کردن، چ بە هۆی جیاوازی ناوچەیی و ئایدیۆلۆژیی و پاوانخوازیی و سەپاندنی دەسەڵات و بەتایبەتی تەماعی سەرکردایەتی تاکڕەویی، پیسترین و ناخۆشترین ئەنجامی شەڕی چەکداریی تەقینەوەی شەڕی ناوخۆییە. ئەمە بەشێوەیەکی گشتی، کەم یان زۆر، لە هەموو بزووتنەوەیەکی چەکدارییدا، بە تایبەتیی لە وڵاتە دواکەوتۆکان، ڕویداوە. بەڵام لە هیچ شوێنێکدا وەك کوردستان هێندە بە شێوەیەکی درێژخایەن و ناعەقلانی و خۆکوژانە نەبووە. دیارە هۆی هەرە کاریگەر لە پشت هەموو ئەو حاڵانەی سەرەوە دواکەوتوویی عەقڵی سیاسیی کورد و نەبوونی پرۆژە و ستراتیژی سیاسی نەتەوەیی کوردیی یەکگرتووە .

٨- شەڕی چەکداری شاخ، ئەو بەهانە بەدەست ڕژێمە داگیرکەرەکانەوە دەدات کە هەموو کورد بە دوژمنی هەموو گەلی سەردەست دابنین و ئەم شەڕ و ناکۆکییە ناوخۆییە بۆ تێکبەردانی هەردوو گەلەکە و بەهێزکردنی بنکە و دەسەڵاتی دیکتاتۆرییانە بەکاربینن، بەتایبەتی شەڕ هێزی دەستە عەسکەریی و کۆنەپەرست و بەرژەوەنددارەکان  بەهێز دەکات و دەرفەت و داوای دیموکراسیی هێزە پێشکەوتووەکان دەکوژێ و ڕێگەی گەشەسەندن خۆ دەربڕینیان دەگرێ .

٩- شەڕی چەکداریی بازاڕی چەك کڕین و فرۆشتن دەکاتەوە بۆیە زۆربەی وڵاتانی دنیا کە خاوەن سنعەت و بازرگانی چەکن و توێژێکی کۆمەڵایەتی گەورە تێیاندا بەرژەوەندی لە چەك فرۆشتن‌دا هەیە، پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕژێمانەدا و بەستن و لە ئاست ژێرپێدانی مافی مرۆڤ چاو دەنووقینن و بازاڕی خوینی کورد دەبێتە سەرمایە و قازانج بۆ ئەوان، ئەمەش دەوردەبینێ لە بێدەنگ کردن و شیواندنی مەسەلەی کوردستان لە ئاستی نێونەتەوەییدا .

١٠- شەڕی چەکداریی بەتەبیعەتی حاڵ دژی دیمۆکراسی و ڕەوشت و مومارەسەی دیموکراسییە لە هەموو ئاستێکی ناوخۆیی سیاسیی و حیزبیدا. بەرهەڵستی دوژمن و مەترسی و هەڕەشەی مەرگ دەبێتە یەکەم پرنسیپی کار و حوکم دەکەویتە دەست شەڕکەران و بڕیاری زۆربە و ئاخاوتنی دیموکراسیی دەبێتە شتێکی سەیر و نائاسایی. بۆیە سەرکردەکان دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان ڕەفتار بکەن بە هانە و پاکانەی (مەنتیقی) شیاو بۆ هەر رەفتار و کردارێکیان بهێننەوە جا گفتوگۆبێ لەگەڵ دوژمن، هاوکاریی ڕژێمێکی داگیرکەربێ، یان شەڕی نێوخۆیی بێ و … هتد . بیسەلمێنن و بیسەپێنن .

 دەبوو و دەبێ پەرلەمان بکەینە بەرزترین و پیرۆزترین و بەهێزترین دامودەزگای نەتەوەییمان.. ئەمڕۆ سەدەی گەمەی پەرلەمان و دیمۆکراسییە.. ئەوروپا، رۆژاوا، کە هەموو مێژوو- و مۆرالیتی وئایدیۆلۆژی و پێناسەی خۆیان لەسەر بیر و پرنسیپ دەزگا ی شیوە حکومەتی دیمۆکراسی بنیات ناوە، ناتوانن ڕێزی تاقیکردنەوەی دیمۆکراسی گەێکی ستەمدیدەی وەك ئێمە نەگرن.. ئەوەی بە ناوی پەرلەمان و دیمۆکراسیەتەوە بێ (گەر بیانەوێ دوژمناتەیش بکەن. ناتوانن بە ئاسانی بیکەن) لە ئاکامدا بەرهەمی دەبێ .. بۆیە ڕژێمێکی دژ بە دیموکراتی وەك تورکیا تەنانەت دژایەتی پەرلەمان و دیموکراتیش هەر بە ناوی پەرلەمان دیموکراتییەوە دەکا چونکە باش شارەزای گەمەکە و سایکۆلۆژیەتی ڕۆژاوایە.. لە کاتێکدا تورکیا حیزبێکی دیموکراتی سەر بە کوردی داخست، ئەوسا ئەندامە پەرلەمانتەرەکانی کوردەکانی لە ئەندامێتی خستن و دادگایی و زیندانی کردن، هەر لە ڕێگای دەنگدانی پەرلەمانەکەی خۆیەوە و بەناوی زۆر بەو بڕیاری پەرلەمانیی و شەرعیەتی پەرلەمانییەوە ئەمەی کرد و بەم جۆرە دەمی زۆر کەسی لە ڕۆژاوا بەست! دیارە ئەمە تاوانەکە ناشارێتەوە. بەڵام گەمە هەر گەمەیە و گرنگ ئەوەیە ڕێ و شوێنی گەمەکە فێربیت و پراوەی بکەیت! فێربوونی یاسای گەمەی سیاسەت پێویستییەکی سەرەکی دیپلۆماسیەتی ئەم سەردەمەیە .

عەقڵی کوردیی بەشێکە لە ستەمگەریی ڕۆژهەڵاتیی .

  ئێمە بە ڕێکەوتی ڕۆژگار، بەڕاستی، بووینە بەشێك لە گەمەی پەرلەمانی و دیمۆکراسی، بەڕاست-یان بە درۆ، وەك بەشێك لەو گەمەیە قبووڵ کراین … بەڵام عەقڵی سیاسیی سەرکردایەتی کوردی باشوور، نەیتوانی لەم گەمەیە بگات ، یان قبووڵی بکات، چونکە ئەو عەقڵە لە گەمەی دیمۆکراسی دەترسێ، چونکە عەقڵێکی دەسەڵاتییە، بەم جۆرەش بەشێکی جیا نەبۆ-وەیە لە عەقڵی ستەمگەریی ڕۆژهەڵاتی. عەقڵێکە کە نرخ بۆ مرۆڤ: ژیانی مرۆڤ، پاشەڕۆژی مناڵ و خێزان و …هتد ، دانانێ .. عەقڵێکە لە مێژوو فێر نابێ، چونکە هەر ئەوەندە لە مێژوو تێدەگا و دەزانێ کە بە چەك درووستی بکات، بە چەك بیوەستێنێ، بە چەك ئیلغای بکات .. عەقڵێکە لە پێناوی دەسەڵاتدا ژیریی و ویژدان و ئەخلاق دەخاتە ژێر پێوە. عەقڵێکە لە پێناوی دەسەڵاتدا، زۆر بەلایەوە ئاسانترە باوەشی بە دوژمنە هەرەسەرسەختەکانیدا بکات، لەوەی کەمترین تەنازول بۆ لایەنێکی سیاسی دیکەی گەلەکەی خۆی، یان بۆ خواستی جەماوەر بکات .

  بە هەموو مانایەك، بە هەموو لێکدانەوەیەك ، بە هەموو بەڵگەیەکی مێژوویی : پەرلەمان باشترین دەسکەوت و باشترین چارەسەری هەموو گیروگرفتەکانی کۆمەڵگای کوردەواری و باشترین ڕێگای سەرفرازی و سەرکەوتن بوو.. عەقڵی سیاسی خێڵەکی و دواکەوتووی کورد، لە دیارترین و ڕیسواترین شێوەدا، لە هەڵوێستی بەرامبەر ئەو پەرلەمانەی دەبوو دەسکەوت و نوێنەر و پێگەێنەری ئەو بێ، خۆی دەردەخات: پەرلەمانیان ڕەزیل و ڕیسوا کرد و خۆیان کردە گاڵتەجاڕی دنیا .. بەو پەڕی دواکەوتوویی و بێشەرمییەوە، ئەو تێزەیان هێنایە ئاراوە : کە ئەگەر سەرکردەکان بچنە ناو پەرلەمان و حکوومەتەوە، وڵاتانی دەرەوە نایانناسن و پێشوازییان لێناکەن!! یان لە قودسیەت و شکۆیان کەمدەبێتەوە! مەگەر هەر لە ناو میللەتی ئێمەدا لەسەر دەروازەی چاخی سەدەی بیست و یەکەمدا ئەم بیرە ئەشکەوتییە دواکەوتووانەی سەدەکانی نێوەند مابن!.  Bottom of Form

بە داخەوە بەشەکانی تر لە هەنگاو دا بلاونەکراونەوەو فەوتاون .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت