Berg

 بەهرۆز جەعفەر : ئەبو هەر لەو (66) ە تێبگەم !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەرەتاى شەستەکانى سەدەى ڕابردووەوە ، ئەوانەى لەدیوەخانى لادێ یان لەشار باپیرو بابى ئێمەیان ناسیوە ، هەربە بەرخودان و خەزێنەى شۆڕش و خۆراکدەرى بزاڤى کوردایەتى بینیویانە ، سەیرکە لەقووڵایی گەرمیان و لەناوچەى قادرکەرەمى کۆن ، لە هەردەى جەباریی و بنارى سەڵباتوو بنەچەى ئێمە ژیاون ، کەچى لەبارزانەوە ، لەسەرەتاى شۆڕشی ئەیلولدا خەڵک ڕووى لەباپیرەى من کردووە و لەباخەکەیدا گیرساونەتەوە . هەر بەمناڵى ئەمبینى : ماڵى ئێمە وەک بەرەى کوردستانى وابو ، حسک و پارتى و یەکێتى و بزوتنەوە … بەحاڵ بیرمە جارێکیان گەورە بەرپرسێکى ئێستاى پارتى پێی وتم تو چیت ؟. مناڵێکى بێ عارو عەجول .. وتم : جەلالیم !.(ئێ ئەوان ئەوکات گوێچکى دیلى یەکیان ئەبڕى ، برای پارتى یەکێتى دەکوشت و کڵاشەکانى ئەخستە خوێنەکەى تا ڕێک لەپێیەکانى دا بوەستێ !). پارەى بەهەموو مناڵەکانى کە دا بەمن نەبێت . ئەیوت : تۆ لەشوێن باپیرەت نەڕۆشتوى ، ئێوە جەماعەتى (66) ن .. ئەوکات نەمئەزانى ئەم جەلالى و مەلاییە چییە ، ئەم ئینزلاق و ئینشقاق و ماڵوێرانییە چییە !.. تائێستاش هەرباوە ئەڵێن : تۆ باپیرەت ئەوە بووە ئەى خۆت بۆ وانیت ؟. ئێستا ئەمریکا لە دوورى (22000) کیلۆمەترەوە لەو ئاسمانى خوایە چاودێریی جموجوڵەکانى کەون ئەکا ، لەم سەردەمەى تیرۆریزم بەگڵۆباڵیزەیشن پێدەکەنێت ، تیۆرەکانى مارکس ڕاستینەى خۆیان لەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا ئەخەنەوە ڕوو ، کەچى نامەى گلەیی ئامێزم لەچەند پیرە پیاوێکى پارتییەوە پێگەشتوە ، ئەڵێن : حەیفە شوێن باپیرەى نەکەوتوە،کەخزمەتى کوردو پێشمەرگەى ئەکرد ؟. ئینجا وەرە قوڕ مەپێوە خەڵکى کورد لەکوێی مێژوودان . بەقەولى شارەزایانى بوارى زانستى سیاسەت ئەمە لوتکەى ناڵێم (کەرێتى) بەڵام بێ ئاگاییە لەگۆڕانى زەمانە ، لەئەقڵ و مەنتق و هەموو شتێک . حزب هیچ نییە تەنها هەڵگرى ئایدلۆژیایەکە لەڕێگەى شێوازێک لەڕێکخستنەوە ، بە بەرنامەو پرۆگرامێگ خزمەت بەمرۆڤەکان ئەکا . لەو ئەوروپایە سەدان کەس ئەمرۆ موحافیزکارن سبەى لیبراڵن . دووسبەى سەوزن،بەڵام لاى ئێمە باپیرمان لەسەردەمى ” عەبدولکەریم قاسم ” لەبەر کوردایەتى پشتگیریی حزبێکى کردووە ، دواى نزیکەى (70)ساڵ ئەبێت نەوەکانیش وابن .؟. (قەد قابیل نییە شتى وا).

بەهەرحاڵ لە (12) ساڵیەوە دەمویست بزانم (66) چییە ، ئەیانگوت : بچۆ لەگەورەکانتان بپرسە ، تۆ یەکێتى نیت ؟. منیش هەر پیاوێکى بەتەمەن دەهاتە ماڵ ، پێش ئەوەى دینارەکەم باتێ ئەمگوت : تۆ ئەزانى 66 چییە ؟. جارێکیان کاک شێخ سەردارى جەبارى (سەرکردەى سۆسیالیست و خالۆزاى باوکم و ئێستاش یەکێتى یە ) بەزللەیەک بێدەنگى کردم ، وتى : بێ ئەدەبى مەکە .!.
بوم بەجەلالى ، تا (9) ساڵ جەلالى بوم ، جارێکیان لەمەکتەبى ڕێکخراوەکان حەزرەتى ” مەلا بەختیار ” پێی وتم : تۆیەکەمى خولى کادران و پەیمانگەى پەروەردەى مەدەنى بوى ، ئەبێت توێژینەوەیەک بکەى ، لەسەر هەرشتێک بێت ، منیش وتم : لەسەر ململانێکانى نێو شۆڕشی ئەیلول ئەیکەم . پۆلى شەشەمى ئامادەیی بوم . کاک ” د : کەیوان ئازاد ” مامۆستاى زانکۆى سلێمانى , ئەوکات پارتى نەبو ( ئێستا کەمێک نزیکەو ئازادیشە ) . سەرچاوەى پێدام و ئەرکى زانستى گرتەئەستۆ .. دواى بەکارهێنانى (58) سەرچاوە بۆئەو توێژینەوەیەو ، چاوپێکەوتن لەگەڵ زۆرکەسی شارەزا ، بۆخۆى زانیم (66) ەکە چییەو (74) ەکەو (96) ەکەى ئەمدواییەش باش باش تێگەشتم . بۆشیان چاپ نەکردم ( بابە ئێمە تازە ڕێککەوتن ستراتیژیمان کردیە ، ئەنگۆ تێکى ئەدەن – سەعدى پیرە جارێکى وایەوت ).
ساڵى (2010) کەلەچاپم دا .. لەتیف هەڵمەتى شاعیر نازناوى : بچوکترین نوسەرى کوردى پێ بەخشیم .
سەریحم ، زۆریش ،، لەکۆڕى سەرکردەو سیاسییەکانیشدا هەروابوم ، سەکۆیەکمان دانا ، ویستما شتێک بگۆڕین بەهیممەتى خەڵک ، دواتر پڕى بو لەموزایەداتى حزبى و ئایدۆلۆژى ، منیش چرپە چرپم نەکرد ، لەسەرشاشەى تیڤى دەستلەکارکێشانەوەى خۆم ڕاگەیاند و هۆکارەکەیم خستەڕوو ( ئەه ، برا چییان پێ ئەگوتم !)، بۆیە لەدواى (17)ى شوباتەوە ، تیگەشتم : گروپە ڕیفۆرمخوازەکەش چییە ، بڕیارمدا نەلەگەڵ کەس بم،نەکەسیشم لەگەڵ بێت . دواى ئەوەشی ڕۆژنامەى هاوڵاتى و ئاوێنەش سانسۆرى نوسینەکانیان کردم، بۆخۆمان مینبەرى وتنیش دروستەکەین ، دەستم لەدروستکردنى چەندین سایتى ئازادو ئازادیخوازا خستەگەڕ . کۆمەڵناسیی لایوایە : مرۆڤ بەتەنها ناژیت و کائینێکى کۆمەڵایەتییە ، زۆرجار ئەمەوێ بەگژ ئەو ڕێسا جێگیرە زانستیەشا بچمەوە . من زۆر زۆر ئەو ڕاگەیاندکارە حزبیانەى وەک سلێمانى عەبدوڵا یونس و عەبدولوەهاب عەلیم خۆشتر ئەوێ ، ڕێزمان بۆیەکتر هەیە (چونکە ئەزان ئەڵێن چى ) لەچاو ئەوانەى کە ئەهلین و ئەهلیش نین ، ئەوانەى هاتوهاوارى شاشەکانى تەلەفزیۆنیان وەک میرا بۆ خەڵک فریو ئەدا ، ئەوانەى پێرێ بەعسى بون ، دوێنێ پێشمەرگەى شەڕى ناوخۆ ، ئەمڕۆش ڕۆژنامەوان و فریادڕەسی کۆمەڵگەو بێلایەنن . نامەوێ کەس بم ، خۆم نەبێت ، کارو پیشەو بەرپرسیارێتى خۆشم ، هیچى کەمتر نییە لەسەرۆکى حزبەکان و ڕێکخەر و ئەمیندارى بزوتنەوەکان . وەکو ئەوانیش خاوەنى پەیوەندیی سیاسیی و ئیعلامى و جەماوەریم . لەسەر وتنى ئەوەى بڕوام پێیەتى پێم ئاساییە : هەموو مەلا گۆشتخۆرەکان حوکمى کافربونم دەربکەن ، هەموو بەرپرسە ئەمنییەکان هەڕەشەم لێبکەن ( کە کردویانەو لەوەش زیاتر). هەموو هاوڕێکانم لەدەست بدەم ، هەموو خەڵکیش هێرشم بکەنە سەر .

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت