شاخه‌وان برایم عه‌بدوڵڵا : خوێن به‌ خوێن … شوناسی خێڵه‌كیانه‌ی مالیكی .

له‌ ماوه‌ی حكومڕانێتی نوری مالیكیدا ، عێراق رۆژ دوای رۆژ ، دووچاری قه‌یران و ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بگه‌رایی تازه‌ ده‌بێته‌وه‌، رۆژانه‌ به‌هۆی كرده‌ تیرۆرییه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌یان هاوڵاتی […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

له‌ ماوه‌ی حكومڕانێتی نوری مالیكیدا ، عێراق رۆژ دوای رۆژ ، دووچاری قه‌یران و ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌زهه‌بگه‌رایی تازه‌ ده‌بێته‌وه‌، رۆژانه‌ به‌هۆی كرده‌ تیرۆرییه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌یان هاوڵاتی عه‌ره‌ب له‌ شاره‌كانی عێراقدا جگه‌ له‌ هه‌رێم گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و به‌غدای پایته‌ختیش له‌سه‌ر ئاستی جیهاندا به‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ ترسناكه‌كان هه‌ژمار كراوه‌ بۆ ژیانكردن تێیدا ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ داعش خه‌ریكه‌ چۆك به‌ مالیكی و جه‌یشه‌ له‌رزۆك و گه‌نده‌ڵه‌كه‌ی داده‌دات و مالیكیش ناتوانێت به‌ره‌نگاریان بێته‌وه‌ ، هه‌ر رۆژه‌ گوندێك ناحیه‌یه‌ك له‌ده‌ست سه‌ربازه‌كانی مالیكی ده‌ستێنن و مالیكیش ده‌سته‌وه‌ستانه ‌، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕای ناكۆكییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا له‌سه‌ر پرسی هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كه لێره‌دا نامه‌‌وێت قسه‌ی له‌باره‌وه‌ بكه‌م، چونكه‌ رۆژانه‌ قسه‌و لێدوانی جۆراوجۆری له‌باره‌وه‌ ده‌درێت و مه‌به‌ستی ئه‌و وتاره‌ش قسه‌كردن له‌سه‌ر نه‌وت نییه‌، بگره‌ زیاتر لایه‌نی ئه‌منی و زیندووكردنه‌وه‌ی هه‌ستی خێڵگه‌رایی و مه‌زهه‌بگه‌راییه‌ له‌ ناو عه‌ره‌به‌ عێراقییه‌كاندا به‌ سه‌رۆكایه‌تی مالیكی .
رۆژانه‌ له‌ عێراقدا به‌ سه‌دان كه‌س ده‌بنه‌ قوربانی كرده‌ تیرۆرییه‌كان و مالیكیش هیچ پلانێكی ئه‌وتۆی نییه‌ بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ی كرده‌ تیرۆرییه‌كان، سه‌رباری نه‌توانینی له‌ رێگری كردن له‌ ئاڵۆزی و كرده‌ تیرۆرییه‌كان ، به‌ ئاشكرا‌ خۆی بۆته‌‌ كاره‌كته‌رێكی به‌هێز له‌ نانه‌وه‌ی دووبه‌ره‌كی مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێوان مه‌زهه‌ب و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كانی عێراقدا له‌سه‌رووی هه‌مووانه‌وه‌ دروستكردنی كێشه‌ له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب به‌ هۆی قۆستنه‌وه‌ی كوشتنی رۆژنامه‌نووسه‌ عه‌ره‌به‌كه‌ له ‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی به‌ره‌گه‌ز كوردی سه‌ر به‌گاردی نیشتمانی عێراق كه‌ ئه‌ركیان پاراستنی نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماره ‌.
هه‌ڵبه‌ت كوشتنی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ كارێكی باش نه‌بوو‌، ئه‌گه‌رچی خودی ئه‌فسه‌ره‌كه‌ له‌ كاتی راپه‌راندنی ئه‌ركی خۆیدابووه‌ ، به‌ڵام كوشتن هه‌ر كوشتنه‌و بۆیه‌ پێویسته‌ له‌ پرسێكی وادا یاسا له‌سه‌رووی هه‌موو كه‌س و لایه‌ن و شتێكه‌وه‌ بێت ، چونكه‌ خراپترین گوتاری خێڵه‌كیانه‌ی مالیكی له‌ هه‌مبه‌ر كوژرانی ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ر له‌یه‌لایه‌ن ئه‌فسه‌رێكی عێراقی به‌ ره‌گه‌ز كورده‌وه‌ ئه‌وه‌بوو ،‌ گوتی : خوێن به‌ خوێن، ئه‌مه‌ش ئاشكرایه‌ بۆ پیاوێكی وه‌ك مالیكی كه‌ به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی سه‌روه‌ری یاسا ده‌كات و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌ له‌ قسه‌ی سه‌رۆك هۆزێك ده‌چێت وه‌ك له‌ قسه‌ی پیاوێكی هوشیاری شاره‌زا له‌ یاسا و پیاوی ده‌وڵه‌تداری، خوێن به‌ خوێن ، ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌‌ حه‌قیقه‌تی بیركردنه‌وه‌ی مالیكی بۆ عێراقییه‌كان ده‌رخست ، هاوكات ئه‌م ده‌سته‌واژه‌یه‌ زۆر مه‌به‌ست هه‌ڵده‌گرێت ، له‌سه‌رووی هه‌موویانه‌وه‌ پێمان ده‌ڵێت مالیكی له‌بری ئه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت بێت ، سه‌رۆكی خێڵه‌ عه‌ره‌به‌كانه‌و هێشتاكه‌ له‌ناو چوارچێوه‌ی بیركردنه‌وه‌ی خێڵگه‌راییدا ده‌خوڵێته‌وه‌و به‌دیوێكی تریشه‌وه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت ئه‌گه‌ر ئه‌و واته‌ مالیكی له‌رێگه‌ی ده‌ستووریشه‌وه‌ نه‌توانێت هه‌ندێ شت به‌رانبه‌ر كورد بكات ، ئه‌وا له‌رێگه‌ی خێڵ و هه‌ستی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ده‌یه‌وێت هه‌نگاوی دوژمنكارانه‌ به‌رانبه‌ر كورد بهاوێت ، ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ سه‌ر به‌ جه‌یشی عێراقه‌ ، ته‌نیا به‌ ره‌گه‌ز كورده‌ ، هه‌ڵبه‌ت مالیكی كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ی كردووه‌ خۆی ده‌زانێت بۆچی مه‌به‌ستێك ئه‌مه‌ی گوتووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ناو عه‌ره‌به‌ شوفینی و خێڵه‌كییه‌كاندا به‌ره‌ی دوژمنایه‌تی كورد زیاد بكات ، هه‌ڵبه‌ت خوێن به‌ خوێن ، واته‌ بڕیاری كوشتنی ئه‌و كوڕه‌ كورده‌ به‌ شێوه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ش به‌ر له‌وه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ بێت له‌و كوڕه‌، پێشێلكردنی یاسایه‌و تۆڵه‌كردنه‌وه‌یه‌ له‌كورد ، چونكه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا به‌ سه‌دان رۆژنامه‌نووس تیرۆركراون و كوژراون كه‌چی مالیكی قسه‌ی نه‌بووه‌ ، ئه‌ی مالیكی بۆ بێده‌نگه‌ له‌به‌رانبه‌ر خوێنی ئه‌و هه‌زاران‌ كورده‌ی به‌ده‌ستی عه‌ره‌به‌كانه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌كانی ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كاندا كوژراون ! كه‌واته‌‌ ئه‌مه‌ش خوێن به‌ خوێن ، له‌ كاتێكدا‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ ئه‌ركی خۆی به‌ جێگه‌یاندووه‌ كه‌ پاراستنی نووسینگه‌ی سه‌رۆك كۆماره‌ ، كه‌واته‌ كوشتنێكی به‌ ئه‌نقه‌ست نییه‌و پێوه‌ندی به‌ جێبه‌جێكردنی یاسا سه‌ربازی و ئه‌منیه‌كانی به‌غداوه‌ هه‌یه‌ .

ئه‌گه‌رچی كوشتنی ئه‌و دكتۆره‌ به‌ كارێكی خراپ داده‌نرێت و ده‌كرا ئه‌مه‌ ڕووینه‌دایه‌ ، به‌ڵام كه‌ روویدا پێویسته‌ یاسا سه‌روه‌ر بێت و به‌پێی یاسا سزای یاسایی خۆی وه‌ربگرێت ، نه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌سته‌واژه‌ی خوێن به‌ خوێن له‌به‌رده‌م شاشه‌كانه‌وه‌ بڵێت و عێراقییه‌ عه‌ره‌به‌كان به‌تایبه‌ت كه‌س و كاری كوژراوه‌كه‌ هانبدات ، چونكه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ كاروباری یاسایی وڵاتدا و مه‌ترسیداریشه‌ بۆ سه‌ر مافی مرۆڤ ، له‌رووێكی تریشه‌وه‌ ئه‌ركی مالیكی نییه‌ بریار له‌سه‌ر كه‌یسێكی وا بدات ، مادام عێراق دامه‌زراوه‌ی یاسایی هه‌یه‌ هه‌تا ئه‌و دامه‌زراونه‌ سه‌ر له‌ مالیكیش بن ، هه‌ر ده‌بێت یاسا یه‌كلایی بكاته‌وه ‌، كه‌واته‌ مالیكی رووی راسته‌قینه‌ی خۆی بۆ عێراقییه‌كان ده‌رخست و ئه‌وه‌ی پێمان گوت ئه‌و به‌ر له‌وه‌ی سه‌رۆكێكی یاسایی بێت پیاوێكی خێڵه‌كییه‌ و هیچی تر، ئه‌گه‌ر مالیكی دڵسۆزی عێراقییه‌كان و دژه‌ ناكۆكی بوایه‌ قسه‌ی له‌م شێوه‌ی نه‌ده‌كرد ، چونكه‌ به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و قسه‌یه‌ هیچ گره‌نتی ئه‌وه‌ له‌ ئارادانییه‌‌ كوردیش بێده‌نگ بێت ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه‌ پێمان خۆش بێت یان ناخۆش بێت ، ئه‌و كوڕه‌ كورده‌ و له‌سه‌ر میلاكی كورد له‌ به‌غدایه‌ و پارێزگاری له‌سه‌رۆك كۆماری عێراق كردووه‌ كه‌ ئه‌ویش كورده و له‌سه‌ر پشكی كورد له‌ به‌غدایه‌‌ ، كه‌واته‌ پێشێلكردنی مافی ئه‌ویش له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا پروشكی به‌ر كورد ده‌كه‌وێت، واته‌ به‌ كوشتنی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌ ، به‌ره‌ی ناكۆكییه‌كان له‌ نێوان كورد و عه‌ره‌ب به‌ ئاقارێكی خراپدا ده‌ڕوات و مالیكیش ئه‌مه‌ی ده‌وێت ، واته‌ مالیكی ده‌یه‌وێت له‌ناو ناكۆكیدا مانه‌وه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه‌ ، ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر بێت ، ئه‌وكات مالیكی ناتوانێت یاری به‌ چاره‌نووسی عێراقیه‌كانه‌وه‌ بكات له‌ زیندووكردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی مه‌زهه‌بگه‌رایی و جه‌نگی نێوان نه‌ته‌وه‌كان ، ئه‌و رووداوه‌ی روویداوه‌ ، وه‌ك هه‌ر رووداوێكی تری ئاسایی ئه‌مینییه‌ كه‌ رۆژانه‌ رووده‌ده‌ن ، به‌ دیوه‌كه‌ی تریشه‌وه‌ ئه‌و كرده‌ی كوشتنه‌ پێوه‌ندی راسته‌وخۆی به‌ فه‌شه‌ل هێنانی مالیكییه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌وه‌ی نه‌یتوانیوه‌ ئاسایش بۆ عێراقییه‌كان دابین بكات .

ئه‌گه‌ر عێراق ئارام بوایه‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ش به‌م شێوه‌یه‌ ده‌ستی بۆ چه‌ك نه‌ده‌برد ، یاخود به‌ گومانه‌وه‌ له‌ هه‌موو كه‌سێكی نه‌ده‌ڕوانی ، وه‌ك چۆن هه‌نووكه‌ له‌ شاره‌كانی تری كوردستان هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌فسه‌ر و پێشمه‌رگه‌ و ئاسایش جیاوازی هه‌یه‌ وه‌ك له‌وه‌ی له‌ عێراقدا هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا ده‌گوزه‌رێت مه‌ترسیدارترین دۆخێكه‌ كه‌ متمانه‌ی له‌ناو هێزه‌ ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان نه‌هێشتووه‌ به‌ رانبه‌ر به‌ هاوڵاتیان ، ته‌نانه‌ت متمانه‌ له‌ناو خودی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌تیش نه‌ماوه‌ ، به‌ڵام له‌ هه‌رێم دۆخه‌كه‌ وانییه‌ ، به‌ سانایی ئاسایش و پۆلیس ته‌قه‌ له‌ خه‌ڵكی ناكه‌ن ، بگره‌ هه‌ر نه‌كراویشه‌، مه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ به‌رده‌م ئاسایشی هه‌ولێر روویدا ئه‌ویش تا دڵنیانه‌بوون ئاسایشه‌كان ته‌قه‌یان نه‌كرد ، ئه‌ویش یه‌كه‌م جار تیرۆریسته‌كان هێرشیان هێنایه‌ سه‌ر باره‌گه‌ی ئاسایش و ئینجا وه‌ڵام درانه‌وه‌ ، ئه‌مه‌ پێوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عێراقدا واته‌ شاره‌ عه‌ره‌بییه‌كان ده‌گوزه‌رێت زۆر جیاوازه‌ وه‌ك له‌وه‌ی لێره‌ له‌ هه‌رێم ده‌گوزه‌رێت ، له‌ شاره‌ عه‌ره‌بییه‌كانی عێراقدا یه‌ك تۆسقاڵ متمانه‌ نه‌ماوه‌ له‌ ناو دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان به‌رانبه‌ر به‌ هاوڵاتیان ، چونكه‌ رۆژانه‌ ده‌كرێنه‌ ئامانج ، كه‌واته‌ ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌ بۆ متمانه‌ی هه‌بێت !
له‌ هه‌مووی گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ سه‌ركردایه‌تی سیاسی كورد رێگه‌ نه‌ده‌ن مالیكی به‌ ئاره‌زووی خۆی و بۆ مه‌به‌ستی سیاسی و خێڵه‌كیانه‌ رووداوه‌كان له‌به‌رژه‌وه‌ندی خۆی به‌كار بێنێت ، واته‌ باشترین كارێك ئه‌وه‌یه‌ كورد شه‌قامی عه‌ره‌بی هوشیار بكاته‌وه‌ له‌وه‌ی مالیكی ده‌یه‌وێت كێشه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد و عه‌ره‌ب دروست بكات، هاوكات داوای سزای یاسایی ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌ بكات به‌پێی یاسا ، هاوكات هه‌موو كارێك بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پارێزه‌ری ئه‌و ئه‌فسه‌ره‌ كورده‌ بن تا رێگه‌ نه‌درێت له‌ تۆڵه‌ی ئه‌و دكتۆره‌ رۆژنامه‌نووسه‌ نه‌كوژرێت ، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ روویدا ئه‌وكات مه‌سه‌له‌كه‌ به‌ ئاقارێكی مه‌ترسیدار ده‌ڕوات !
ئەم بابەتەم لە ڕۆژنامەی خه‌بات ، ژماره‌ (4529) رێكه‌وتی 26/3/2014 بڵاوکراوەتەوە .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
شاخەوان ئیبراهم عەبدوڵا

ئەرشیڤی بەڕێز: شاخەوان ئیبراهم عەبدوڵا