بەهرۆز جەعفەر : ئەگەر لەکەرکوک بومایە دەنگم بە حەمەسور ئەدا .

لەسەرەتاى پرۆسەى ئازادییەوە ، بەردەوام ئەو گلەییەم لەسەرکردایەتى سیاسیی کورد هەیە ، جگەلەوەى بە بێ بەرنامە چونە کەرکوک و بەغدا ، بە کۆمەڵێک یاریزانى سیاسیی و ئەمنى و ئیداریی و […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لەسەرەتاى پرۆسەى ئازادییەوە ، بەردەوام ئەو گلەییەم لەسەرکردایەتى سیاسیی کورد هەیە ، جگەلەوەى بە بێ بەرنامە چونە کەرکوک و بەغدا ، بە کۆمەڵێک یاریزانى سیاسیی و ئەمنى و ئیداریی و ئیعلامى لاوازیشەوە ، دابەزینە ناو یاریگاى پڕ لەئاڵۆزیی و بێنەو بەرەى ئەو عێراقەى کە لەوەتەى مێژوو هەیە خوێنى تیا ئەڕژێت . وەکو دەوڵەت لەسەرەتاى بیستەکانەوە،عێراق بەدەستى موئامەرەو دەستێوەردانەوە ئەناڵێنێ …
نزیکەى دوو مانگە سەرەڕاى هەڵسەنگاندنم بۆ کاندیدى حزب و لایەنەکان و بارودۆخى کەرکوک ، بیستومە حەمەسورى دوشیوانى خۆى بۆ پەرلەمانى عێراق پاڵاوتوە ، لەگەڵ خۆم قەلەقم چۆن منێک لەدەرەوەى هەموولایەنەکان ڕووى ڕەخنەم ئاڕاستەى هەمویانە ، دوو قسە بۆ “محەمەد عوسمان” یا ” حەمەسور ” بکەم و قەناعەتیش بەخوێنەرەکانم بکەم ، کە ئەمە لایەنگیریی نییە بۆ هیچ حزبێک !. چونکە ئەزانم ئەم نوسینە لەچەندین سایت و پەیج و لاپەڕە بڵاوئەبێتەوە . بەهەرحاڵ …
حەمەسور ، کوڕى کەرکوک و پێشمەرگەى کوردستان ، کەسێک سەرى لەکلاوات و لوعەباتى ئەمنى دەربچێت و کارى تیاکردبێت ، دەستوخەتى نوسین و کارى مەدەنى و کۆمەڵایەتى هەیە ، لەڕاپەڕینەکەدا ئەرکێکى پیرۆزو قورسی بۆ کەرکوک بەجێهێنابێت ، لەپرۆسەى ئازادیدا خۆم شاهید بم ، لەدواى پرۆسەش بەپێچەوانەى زۆرێک لەبەرپرسەکانى کەرکوک کە بەڕەتڵە حیمایەوە پۆزیان بەسەر خەڵکى بەشمەینەتا لێ ئەدا،ڕۆڵى خۆى بینى ، ئەوساش خۆم ئاسایی دونیایەک ئاخ و پەژارەى سەقەتى سیستەمەکەو بارودۆخى یەکێتى چەشت . ئیتر بۆ نەچێتە بەغدا ؟. کەرکوک لەئایندەدا کوردایەتى و گروپی هەڵوێست و سیاسەتکردنى پێویستە . بۆیە دەبێت دەنگدەرەکانى بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم هەڵبژاردنە بکەن . چونکە (2) مەترسی گەورە لەبەغدا لەپێش کوردە :
یەکەم : کورد بڕیارى داوە،هەر لەبەغدا بێت ، بەشی زۆرى ئەم مانەوەیەش پەیوەندیی بەئایندەى ئەو کەرکوکەوەیە کە هەموو جەستەى برینە،ئەگەر لە (8) ساڵى ڕابردوودا پیاوە بەئەزمونەکانى کە لەمەرکەزیی بڕیارى کوردا بون وەک : تاڵەبانى و فواد مەعسوم و مەحمود عوسمان و دکتۆر ڕۆژ و عەلى باپیرو … هتد . شتێکیان نەکردبێت . ژمارەى کورسییەکانیش کەم و کەمتر دەبنەوە . ئاخۆ ئەگەر لەم خولەدا ئێمە کۆمەڵێک هەرزەکارى سیاسیی بنێرینە بەغدا چیمان پێدەکرێت ؟.
دووەم : وێڕاى دەست شتن لەدیوى دەستوریی و یاسایی بۆ جێبەجێکردنى ماددەى (140). ئەم جارە گروپە تیرۆریستى و توندڕەوکانى قاعیدەو (داعش ) بەسەختى ئیش لەسەر ناوچە تەماسییەکانى کورد و عەرەب ئەکەن .
من مەلا و شاعیرم بۆ چییە لەبەغدا ؟. پێشمەرگەیەکى بەئەزمون و قوربانییەکى دەستى عەرەب و خوێنەوار و عەرەبیزانێکى وەک ” حەمە ” م ئەوێت لەبەغدا . هیوادارم کەس ئەم وتارە بەحزبچێتى لێک نەداتەوە ، ساڵێک زیاترە حەمە سورم نەبینیوە ، ئێستاش بۆخوێندن لەدەرەوەى کوردستانم . ئەگەر لەکەرکوک بومایە یان لەداخى پۆخڵەواتى حزبەکان دەنگم نەئەدا ، یان دەنگم بە ” حەمەسور ” ئەدا .

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
بەهرۆز جەعفەر

ئەرشیڤی بەڕێز: بەهرۆز جەعفەر