بەهرۆز جەعفەر :  قوبرێ و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

قوبرێ (Cybrce) دوورگەیەک لە ڕۆژهەڵاتى دەریاى سپى ناوەڕاست ، لەسەر نەخشە وەک پارچە بەردێکە لەناوەڕاستى دەریایەکى گەورەدا ، ڕووبەرە گشتیەکەى تەنها (9250) کیلۆمەتر چوارگۆشەیە ، ساڵى (1960) لەلایەن بەریتانیاوە سەربەخۆیی پێدراوە ، هەڵکەوتەکەى لە باشورى ڕۆژئاواى ئەوروپاوەیە ، ساڵى (1974) تورکیا لەڕێگەیەى دەستوەردانى سەربازییەوە ، شەڕى لەسەر کردووە ، تا ساڵى (1983) کۆمارى قوبرێى تورکى ڕاگەیەنراوە ، لەئەمرى واقیعدا وەک دەوڵەتێک بونى هەیە ، ئەگەرچى لەلایەن کۆمەڵگەى نێودەوڵەتییەوە دانى پیانەنراوە ، بۆیە جۆرى دراوەکەیان ( لیرە- tel یان Turkish Lera) یەو زمانى ڕەسمى و مامەڵەى خەڵکەکەشی تورکییە ، لەگەڵ بەشە یۆنانییەکەى تەنها یەک شەقامێکیان نێوانە ، نەتەوەیەکگرتوەکان و بەشێک لەهێزەکانى بەریتانیا ئەم جۆرە سنورە ئەپارێزن . کەبەشی زۆرى ڕوبەرە جوگرافیەکەى ئەم دوورگە یان جەزیرەیە کەوتۆتە دەستى یۆنانییەکان . دەرگاى پەنجەرەکەم کرابۆیەوە ، لەپایتەختەوە بەدەم سەرنجدان لە گۆڕەکەى ( ڕەئوف دانکتاش) ى دامەزرێنەرو یەکەم سەرۆک کۆمارەوە ، (2) هۆکار هانیدام ، قسەلەسەر وەها باسێک بکەم :
یەکەم : لێکچونێک لەنێوان کوردستان و قوبرس بەگشتى و بەشە ئاسیاییەکەى ( تورکیەکەى ) بەتایبەتى هەیە ، ئیتر پێویستە خەڵکى کورد و نوخبەو سیاسییەکانى کورد لەدونیاى دەرەوەش بگەن ، تاوەکو خۆیان کزکز لەبۆتەى خۆیاندا نەتوێنەوە .
دووەم : جگەلەوەى لەنێوان ( یۆنان- تورکیا) دا هەڵکەوتووە ، داخوا گرنگى قوبرێ لەناوجەرگەى ئەم ئاوەدا چییە کە ، ئەم دوو وڵاتە دوژمنکارییەکى زۆریان لەسەر هەبووەو هەیە ، بەئێستاشەوە چەندین سەربازگە (military camb) یان ڕووبەڕوى یەک هەیە . ئەم پارچە زەوییە کە هەر لایەکى دوو شارى بچوکى تیا دروستکراوە و سەربە (2) وڵاتى جودان ، کۆمەڵێک شووققەى ڕیزکراو ، چى بەو دوو وڵاتە ئەبەخشێت ؟. لەزۆر حاڵەتدا ڕەنگە پارەیەکیشى تیا سەرف بکەن ، لەبرى شتێکیان لێوە دەستبکەوێت . لەئێستادا تورکیا بەهێزترین یەکەى نێودەوڵەتی یەو پێگەى جیۆ- سیاسیی و ئابوریی هەیە ، یۆنانى دایکى فەلسەفەو شارستانییەتیش تووشی قەیرانێکى قووڵى دارایی و ئابوریی بوە .
داهاتى ئەم ناوچەیە ، تەنها کەمێک کشتوکاڵ و گەشتوگوزارە لەگەڵ هاوکارى تورکیا و بەشەکە تریش هاریکارى یۆنان ، ئەوەى زیاتریش لەم نێوەندەدا سەرنج ڕائەکێشێت ، هاوڵاتیانى زیاتر لە (80) وڵاتى ئەم جیهانە ، بۆ خوێندنى زانکۆ و سەروتر (ماستەرو دکتۆرا) ڕوویان لەقوبرێى شیمالى کردووە ( واتە بەشە تورکییەکە) ، کە دانشتوانى نزیکەى (200000) دووسەد هەزار کەسە ، ئەم دورگە بچوکەى کە تەنها تورکیا دانى پیاناوە ، دەوروبەرى (70000) حەفتا هەزار خوێندکارى بیانى لەخۆگرتوە . جگە لەگەشتیارانى ناوچەکە . هەموو شتیان کردووە بە (باج-tax).بەحوکمى ئاوەکەى بەرهەمهێنانى کارەبا ئاسانە ، کەچى زەریبەى گڵۆپێک لەمانگێکدا زۆر دەکەوێت . ڕونتریش گوزەران هەرچۆنێک بێت ئامرازەکانى پەیوەندیی گرتن لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى یەک و دووان نین ، ڕەنگە دوو هەرێمى دراوسێ ، یاخود دوو وڵات ، یان چەند وڵاتێکى بچوک ، لەسەربنەماى جوگرافیایەکى هاوبەش ، کلتورو زمان و مێژووییەکى هاوبەش ، بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردولایان لەچوارچێوەى کارى دیبلۆماسیدا چڕبکەنەوە ، ڕەنگیشە پەیوەندییەکە ئابوریی و ووزە بێت ، دواتر پشتگیریی سیاسیی دروست بکات ، لەوەش ئەچێت لە ڕێگەى کردنەوەى ئەم جۆرە لەناوەندیی ئەکادیمى و نێودەوڵەتییەوە بێت ، وەکو زانکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکانى دى ، بۆ نمونە ، چ هەستێکە لە (15) قوتابى ماستەر لەپەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا ، خەڵکى (14) وڵاتى جیاواز هەیە ؟.
لێرە لە ( قوبرس) هیچ پرۆژەیەکى ئەتۆى بونیادنانەوە نابینرێت ، بەراوردى سەرەکى بە کوردستان ئەوەیە ، لەگەڵ ئەوەى هەردوکیان نیمچە سەربەخۆن ، هەردوکیان لەتکراون ، هەردوکیان لەکۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا دانیان پیانەنراوە . هەردوکیان ( کوردستان و قوبرێ) زمان و کلتورى دیکەیان بۆ زیادکراوە .لەسیاسەتى دەرەکیدا هەرێمى باشورى کوردستان دەست کراوەترە ، لەگەڵ سەربەخۆییەکەیدا قوبرێ لە بوارى چەک و بەرگریی و دارایی و پەیوەندیی دەرەکیدا ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە تورکیاوە . کەچى ئەوان لەسەر بەردوکۆنکرێت لەناو ئاودا وڵاتێکیان دروستکردووە ، هەر لەسەر هیچیش سەرچاوەى ئابورییان دابین کردووە ، تەنها زانکۆ و قومارخانەى گەورەیان کردۆتەوەو هیچى تر.!. کوردستانیش بۆخۆى خاوەنى لانکەى شارستانیەت و زمان و مێژووییەکە،گەورەترین سەرچاوەى دەست لێنەدراوى نەوت و غازى سروشتى هەیە ، باشترین زەویی کشتوکاڵى و دەریاچەى ئاویی هەیە ، ژمارەى دانشتوانەکەى گونجاون ، کەچى پێشمەرگەیەک لەسەرشاشەى تەلەفزیۆن دەگرى ؟. بە (2) مانگ مووچەى مانگێک ئەدەن ؟. خراپترین زانکۆ و خاوەنى زۆرترین خانەنشین و ناشەفافترین حکومەت و خراپترین جۆر و شێوازى ڕێگاوبان و ژێرخان و سەرخانى ئابوریین ، لەشارێکى وەک هەولێردا (100) هێندەى هەموو قوبرێ پرۆژەو ئیش هەیە ، بەڵام نیوهێندەى قوبرێ هێزى سیاسیی و ئابوریی بۆ پەیداناکات . بۆ ؟.تورکیا و یۆنان ئەگەر قازانجێک لە جەزیرەى قوبرێ بکەن لەناو ئاودا ، تەنها ئەوەیە : سنورى هێزە دەریایی و سەربازییەکانیان فراوانتر ئەکەنەوە ، لە بابەتى ( جوگرافیاى سەربازی) دا. قازانجێکى گەورە دەکەن . بۆیە بەدرێژایی قەراغ دەریا تا کلکەى خوارەوە دەیان بنکەى سەربازیی جۆراوجۆر دەبینیت . بەڵام ئاخۆ عێراق چ سودێک لەهەرێمى کوردستان دەکات ..؟.
ئێمە لێرە ، ڕۆژانە ، سەدان کوڕ دەبینین لەگەڵ ( گێڵ فرێندەکان) نیان ، لەناو بازاڕ ، لەزانکۆ ، لەسەردەریاو کافێکان ، دەم لەناودەمى یەکدى ئەنەن ، بەڵام (5)جاریش گوێمان لەبانگى موحەمەدە ، لەکوردستان (5) جاریش گوێمان لەبانگى موحەمەد بو ، هەموو ڕۆژێک ئافرەتێکمان دەبینى بەناشرینترین شێوە دەکوژرا و دەشێوێنرا . کامیان قابیلى پەنجە بۆ ڕاکێشانە ؟. بۆچى نەتەوەیەکگرتوەکان قسەى لەسەر قوبرێ هەیە ، بەڵام لەسەر ئایندەى کوردو کوردستان نییەتى .ئاخۆ کورد زانیویەتى بیناى نیشتمان لەسەرلم دروست ناکرێت !.
پەکەکە لە قوبرێ .
لەمانەش سەرنجڕاکێشتر ، بونى ژمارەیەکى بێشومارى لایەنگرانى پەکەکەو کوردانى باکورە ، کەهەموو ڕۆژێک چالاکى وائەکەن ، مرۆڤ سەرى سوڕئەمێنێت ، لەناو پاێ و سەیارەو زانکۆدا ، سرودى ( بەرخۆدان ژیان .. ڕێبەرێ مەیە سەرۆک ئۆجەلان ) ئەڵێنەوە . هەرهەفتەیەک کچ و کوڕیان بەکۆمەڵ و بەجلى کوردیی و گەریلا ئاساوە ، خۆبەخشانەلەقوڵایی دەسەڵاتى تورکیاوە بۆنەیەکى کلتوریی سازئەکەن . چوارکوردى کرمانج لەملاولاتەوە ڕاوەستان ، دواى نیوکاتژمێر دەبن بەسەدان کەس و بەدەم ( بژى… ڕێبەر ئاپۆ ) وە . ڕێپێوانێک دەکەن . لەلاى هەر ئاڵایەکى قوبرێ و تورکیاو ە، وێنەیەکى ساکینەو هاوڕێکانى هەڵدەواسن . ئەمانە هى ئەوەن ئینسان هەست بکا کورد گەلێکى زیندووە ، زۆر بەووریایشەوە هەڵسوکەوت لەگەڵ دەوروبەر ئەکەن . زۆرجار بەنوێنەرى میتى تورکت ئەزانن ، هەموو بەگرژییەکەوە سەیرت ئەکەن و بەچاوەکانیان ئاماژە بۆ هاوڕێکانیان دەکەن . زۆرجار ئاسان نییە لینکەکانیان بکەیتەوەو شارەزاى ئەو هیڵانە بیت کەلایەنگرانى پەکەکەو خەڵکى تر دروستى یان کردووە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت