عەتا قەرەداخی : نا بۆ بەشداریکردنی کورد لە هەڵبژاردنی عێراقدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسین ئایا دوای ئەوەى کە کورد لە سێ خولی هەڵبژاردنی عێراقدا بەشداریکردووە ، وەکو نەتەوە چ سوودێکی بینیووە ؟ ئایا بەشداریکردنی کورد لە پرۆسەى سیاسی عێراقدا دۆزی کوردی بەرەو پێشەوە بردووە لە چاو ئەو یانزە ساڵەى فەرمانڕەوایی کورددا کە هێشتا سەدام حسێن سەرۆکی عێراق بوو ، کورد لە بارێکی نیمچە سەربەخۆدا بوو ؟ ئایا کورد لە ماوەی بەشداریکردنیدا لە پەرلەمان و حکومەتی عێراقیدا لە ماوەی یانزە ساڵی رابردوودا چ دەستکەوتێکی نەتەوەیی بەدەست هێناوە ؟
دیارە ئەوە بەڵگەنەویستە کە هەر هەنگاوێک کورد لە عێراقدا بینێت ئەگەر لە روانگەى بەرژەوەندی نەتەوەییەوە نەبێت و لەبەرژەوەندی نەتەوەیی خۆیشی نەشکێتەوە ئەوە باشتر وایە ئەو هەنگاوە نەنێت . ئێمە ئەزموونی رابردووى کوردمان لەبەرچاوە بە تایبەتی ئەو هەنگاوانەى کە لە لە رووخاندنی سەدام حسێنەوە لە عێراقدا ناوییەتی ، هەر لە نەتوانینی رزگارکردنی کەرکوک و ناوچە تەعریبکراوەکانی ترەوە ، تا بەشداریکردنی لە درووستکردنەوەى دەوڵەتی عێراقی و تا هەوڵدانی بۆ درووستکردنی هاوپەیمانی فشەڵ و پوچ ، جارێک لەگەڵ شیعەو جارێک لە گەڵ سوونەداو ، تا هەوڵی رێکخستنی شیعەو سوونەو لەسەرووى هەموو ئەمانەشەوە رەفتارکردن وەکو عێراقیەکی عەیار بیست و یەک . بەڵام رەنگە دەنگێک بەرزبێتـەوەو بڵێت باشە ئەگەر کورد بەمجۆرە کاری نەکردایە ئەی چی بکردایە ؟
بەهەرحاڵ ئەوەى کورد لە رابردووی یانزە ساڵی دوای رووخاندنی سەدام حسێندا کردوویەتی بە ئاشکرا دیارە بێجگە لە راگرتنی دۆزی کورد لەبارێکی شلۆق و نادڵنیایدا هیچی تر نییە ، بارێک کە تیایدا تواناو وزەى کورد بێهودە بەفیڕۆ دەدرێت و مانەوەش لەو بارە شلۆق و ناسەقامیگیریەو نەتوانینی بڕیادان لە رووی مەعنەوییەوە زیانی گەورەى بە یەکێتی کوردو بە بە بەردەوامی کورد گەیاندووە . رەنگە ئەو بارودۆخە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی و نوخبەیەکی ناو حیزبی کوردی تێدا بووبێت، لە رووی بەرژەوەندی مادییەوە ، بەڵام لە روانگەى بەرژەوەندی نەتەوەییەوە لە ماوەى ئەو یانزە ساڵەدا کورد زیانی گەورەى بەرکەوتووە وەکو نەتەوە ، بە تایبەتی ئەو بارەی کە سەرکردایەتی سیاسی کوردی مامەڵەى پێکردووە لەگەڵ بەغداو ئەو عێراقیبوونەى کە خۆی پێوە گرێداوە یەکیکە لە هۆکارەکانی روخاندنی ئینتیمانی رووبەرێکی فراوان لە خەڵکی کوردستان و رووخاندنی متمانەى رووبەرێکی دیار بە سەرکردایەتی سیاسی کوردی و بە حیزبە کوردییەکان .
ماوەى یانزە ساڵە بە حیساب کورد بەشدارە لە بەڕێوەبردنی عێراقدا ، بەڵام لەسەر کوشتنی رۆژنامەنووسێکی عەرەب سەرۆک وەزیرانی عێراق هەڕەشەی خوێن بە خوێن لە کورد دەکات وەکو وایە عەرەب لە عێراقدا ئەنفالی نەکردبێت و کیمیایی بەکار نەهێنابێت و بۆمبارانی نەکردبێت و زیندانەکانی عێراق بە خوێنی کورد سوور نەکرابن .
لە عێراق دەستوور دانراوەو کوردیش بەشداربووە لە نووسینەوەیدا ، بەڵام پاشی یانزە ساڵ بێگوێدانە ئەو دەستوورە سەرۆکی وەزیران بە تەنیا بڕیار دەدات بودجەى کوردستان ببڕێت ئیتر ئەمە چ جۆرە هاوبەشیەکە لەم وڵاتەدا؟ هێزی پێشمەرگەى کوردستان کە خەباتی دوورو درێژی دژی دیکتاتۆریەت کردووە لە عێراقداو بەپێی دەستوور بەشێکە لە هێزی پارستنی عێراق ، لە سێ حکومەتی رابردووەی ئەم یانزە ساڵەدا سادەترین مافەکانی ئەم هێزە جێبەجێ نەکراوەو ، بە ئاشکرا دیارە کە دەسەڵاتی عێراقی دوای سەدام حسێن هەر وەکو تێکدەر سەیری پێشمەرگە دەکات و ئەگەر بۆیشی بکرێت ئەوا چەکیان دەکات . دەسەڵاتی عێراقی نەک هەر مادەی 140ی جێبەجێنەکردووە بەڵکو تاکو ئێستا لەسەر هەمان سیاسەتەکانی سەدام حسێن لەو رووبەرە فراوانەى کوردستاندا بەردەوامە کە لە هەڵەى ستراتیژی سەرکردایەتی کوردیدا لەبری ئەوەى بێ هیچ پێش مەرجێک کورد هەوڵی رزگارکردن و هێنانەوەی ئەو ناوچانەى بدایە بۆ ژێر دەسەڵاتی خۆی، مادەی 58ی ئەنجوومەنی فەرمانڕەوایی و پاشانیش مادەی 140 دەستووری عێراقی دانرا بۆ ئەو ناوچانە . ئەمە بێجگە لەوەى کە عەرەب بەگشتی و شیعە بە تایبەتی چۆنیان ویستبێت لە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیدا بڕیارەکانی خۆیانیان رایی کردووەو کوردیش لەو رووەوە مەگەر هەر قسەی کردبێت ، ئەگینا لە رووی بڕیاردانەوە نەیتوانیووە راڕەوی بڕیارەکان بگۆڕێت بەتایبەتی بڕیارە چارەنووس سازەکان . ئایا سەرۆک کۆمارو جێگری سەرۆکی پەرلەمان و جێگری سەرۆکی وەزیران و وەزیرەکان و ئەندامانی کوردی ئەنجوومەنی نوێنەران و سوپاسالارو کاربەدەستانی تری کوردی ناو حکومەت و سوپای عێراقی توانیوویانە چ شتێک لەبەرژەوەندی کورد یەکلایی بکەنەوە ؟ ئەوە ئاشکرایە ئەو لەسەدا حەڤدەیەی بودجە کە بۆ هەرێمی کوردستان بڕیاری لێدرا ، ئەوە بوو کە لەسەردەمی حکومەتە کاتیەکەى عەلاویدا ، بە کۆششی دکتۆر بەرهەم ساڵح جێگیر کراو مەرجی ئەوەشی لەگەڵدا بوو کە بەردەوام بێت تا ئەو کاتەى لە عێراقدا سەرژمێری دەکرێت . وەکو ئاشکرایە بە ناوی بەشە بودجەى سیادیەوە ئەو رێژەیەش نەگەویشتووەتە کوردستان و ئێستاش مالیکی بە ئارەزووى خۆی ئەو بودجەیە دەبڕێت و نوێنەرانی کوردیش لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لە حکومەتی عێراقیشدا هیچیان پێناکرێت، کەواتە بوونی کورد لە بەغدا چ سوودێکی هەیە یان چ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ نەبوونیدا ؟ ساڵی پار بودجەى عێراق بەبێ ئامادەبوونی کورد دەنگی لەسەردراو هەر هەمان شێوەى ساڵانی پێشووتر بوو . کەواتە دەپرسین کە ئەمە رۆڵ و کاریگەری کورد بێت لە بەغدا ئیتر بەشداریکردنی کورد چی دەگەیەنێت بە تایبەتی لە رووی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانەوە نەک بەرژەوەندییە حیزبی و تاکە کەسیەکان ؟
بۆیە بە بڕوای من ئەگەر سەرکردایەتی سیاسی کوردی ئاسۆیەکی روونی بینینی بۆ ئایندە هەبووایە ئەوا دەبوو بیری لە شێوازێکی تر بکاتەوە بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عەرەبی عێراق چونکە ئەزموونی یانزە ساڵ بەشداری و سێ هەڵبژاردن لەگەڵ بەغدا دەریخستووە کە ئەم شێوازە پەیوەندییە شکستخواردووەو رۆژ لەدوای رۆژ پێگەى کورد لە بەغدا لاوازتر دەکات و ئەو لاوازبوونەش لەلایەک لەلایەن بەغداوە شەرعیەتی پێدەدرێت لەلایەکی تریشەوە متمانەى جەماوەری خەڵکی کوردستان بە سەرکردایەتی سیاسی کوردی بە تەواوی لاواز دەکات و دەڕوخێنێت ، چونکە بەغدا بە ئاشکرا کار لەسەر ئەوە دەکات کە جەماوەری خەڵکی کوردستان تێبگەیەنێت ئەوە ئەوە لە بەغداوە تەحەکوم بە ژیان و بودجەو موچەی ئەوانەوە دەکات نەک سەرکردایەتی سیاسی هەرێم و حکومەتی هەرێم . دیارە حکومەتی ناوەند لەو رووەشەوە تاکو ئێستا سەرکەوتوو بووە چونکە سەرکردایەتی سیاسی هەرێمی خستۆتە گۆشەیەکی تەسکەوەو ناکاراو بێدەسەڵات لە رووی جەماوەرەوە دەری دەخات و بە کردەوەش ئەوە راستە ئەوەتا دەبینین حکومەتی هەرێم و سەرکردایەتی هەرێم لەبارێکی شلۆق و نیگەرانیدا دەبینرێنء توانای وەرگرتنی هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان نییەو سەرباری ئەوەش کە دەیان کۆمپانیای نەوتیان هێناوەتە کوردستان و بۆری نەوتیان راکێشاوەو ماوەى دوورو درێژیشە نەوت بە تەنکەر دەفرۆشن کەچی ناتوانن بۆ کورترین ماوەى موچەى کارمەندانی هەرێم وەکو خۆی و لە کاتی خۆیدا دابین بکەن . نوێنەرەکانی کوردیش لەبەغدا بێتواناو ناکاریگەرو بێدەسەڵاتن لەو رووەوەو ناتوانن بچووکترین قورساییان لەسەر مالیکی یان حکومەتی ناوەند یان شیعە هەبێت ، لەکاتێکدا کورد لە ساویلکەیی خۆیەوە دەیان ساڵە باسی هاوپەیمانی خۆی و شیعە دەکات لە عێراقداو گوایە شیعەش وەکو کورد چەوساوە بووە لە سایەی رژێمە سوونەکانی پێشتردا لەکاتێکدا ئەوە ئاشکرایە عەرەبی عێراق ئەگەر لەسەر تاکە شتێک کۆک بن ئەوە هاوهەڵوێستیانە بەرامبەر بە کورد . کەواتە ئەگەرە بارودۆخەکە بەمجۆرە بێت ، کەواتە جێگای خۆیەتی لە سەرکردایەتی سیاسی کوردو سەرۆکء سکرتێری کۆی ئەو حیزبە کوردیانە بپرسین کە خۆیان ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردنی هەڵبژاردنی عێراق ، داخۆ لە پێناوی چیداو بۆ چ ئامانجێک بەشداری هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق دەکەن؟ لە پێناوی کوردو بەرەو پێشەوەبردنی دەستکەوتەکانیدا، یان لە پێناوی بەرژەوەندییە حیزبی و تاکەکەسیە تەسەکەکانی خۆیاندا ؟
ئەوە ئاشکرایە لە ماوەی یانزە ساڵی رابردوودا نەیانتوانیووە بستێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بهێننەوە سەر هەرێمی کوردستان ، نەیانتوانیووە بچووکترین خاڵ لە مافء داواکارییە رەواکانی پێشمەرگە بەدەستبهێنن ، نەیانتوانیووە حکومەتی شیعە ناچار بکەن یاسای نەوت و گاز بڕیاری لەسەر بدرێت ، نەیانتوانیووە مافی کورد لە سوپای عێراق و لە کۆمپانیاکانی نەوتدا دەستبەر بکەن ، بە درێژایی ئەو ساڵانە کە ئەمان ئەو هەموو پۆستە بەرزانەیان لە بەغدا بەدەستەوە بووە نەیان توانیووە فشار دابنین بۆ ئەوەى رێژەى لە سەدا حەڤدەى بودچە وەکو خۆی بدرێت بە کوردستان، دوا هەوڵوێستی مالیکی بڕینی بودجەو موچەى هەرێمە ، لەویشدا بێتواناو بێدەسەڵات و دەستەوسانن ، کەواتە پێمان ناڵێن چی دەکەن لە بەغداو چاوەڕوانی چین؟ بێگومان دەبێ بزانن ئەگەر ئەمجارە شیعە سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، قسەکەی مالیکی بەسەر کورددا جێبەجێ دەکرێت واتە خوێن بە خوێنء، لەبری خوێنی محەمەد بدێوی رەنگە بەشێکلەسەرکردایەتی کوردی لە سێدارە بدرێن ، یان بەلایەنی کەمەوە ئەوەى بەرامبەر بە هاشمی و سوونەکان لە ماوەى رابردوودا شیعە کردی و ئێستاش بەردەوامە ، هەمان شت بەرامبەر بەسەرکردایەتی کوردیش یکەن . کەواتە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراقدا بەو هەڵوێستە لاوازو پەراوێزییەى کوردەوە بێجگە لە خۆفریودان و چاو نوقاندن لە مەترسیەکانی داهاتوو چی دەگەیەنێت ؟
بۆیە من پێموایە کورد هەڵەیەکی گەورەو ترسناک دەکات کە بەشداری هەڵبژاردنی نوێنەرانی عێراق دەکات چونکە درێژەدان بەم شێوە مانەوەیە لە سایەی عێراقدا رۆژ لە دوای رۆژ پێگەى کورد لاوازتر دەکات و سەرئەنجامیش سەرکردایەتی کورد متمانەى جەماوەری خەڵکی کوردستان دەدۆڕێنێت ، ئەو دەمەش تەنانەت ئەم سەرکردایەتیە ناتوانێت هیچ بڕیارێکی پاشەکشە بدات ئەگەر جەماوەری لە پشت نەبێت . بۆیە هەقە سەرکردایەتی سیاسی کوردی خۆی لە وەهمی عێراقی دیموکراتی و فیدراڵی رزگار بکات چونکە ئەوە وەهمە، لە عێراقدا نە شتێک هەیە ناوی دیموکراسی بێت و نەشتێکیش هەیە ناوی فیدراڵی بێت بەڵکو عێراق پێشتر دیکتاتۆریەتی سوونە بەڕێوەی دەبردو ئێستاش دیکتاتۆریەتی شیعە بەڕێوەى دەبات . ئەگەر دیکتاتۆریەتی شیعە تواناو هێز پەیدا بکات ، چارەنووسی کورد لەوەى پێشتر باشتر نابێت . هەربۆیە بەشداریکردن لە هەڵبژاردن و جارێکی تر هەوڵدان بۆ بەشداریکردنی حکومەت لە عێراقدا جگە لە خۆفریودانء نەتوانینی بینینی ئاسۆو ئایندەیەک کە تیایدا هەڕەشەى سەخت لە کورد دەکرێت هیچی تر نییە . بۆیە من بڕوام وایە پێویستە کورد بە دەنگی بەرز بڵێت نا ، نەخێر بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی نوێنەرایەتی عێراقدا ، بەڵی بۆ کشانەوە لە بەشداریکردنی پرۆسێسی سیاسی لە عێراقدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت