Yusif

یوسف خەلیل : پەنـــــجەرە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سات لە نێو گەرمەی كردەدا ، گەرەكە خەریك كەین ، تا پەی بە نهێنییەكانی نڤار ببەین ، لێیەوە بە وێڵبوون دەستی پێبكەین ، تا ئەو خۆزگانەی لە گەرووماندا خەفە و مەڵاس دراوە ئازاد بكەین ، بەمەش دەكرێت بڵێین خەریكی بەدیهێنانی هیوایەكی مرۆڤانەین ،

ئەو كاتەی تەنگ و چەڵەمە و دەردەسەرییەكانی رۆژانە و كار و كردە قێزەونەكان و شكستی هەوڵ و تەقەلا دێتە ئارا ، مرۆ خۆی لە نێو گۆشە گیری و بێ هیوایدا دەبینێتەوە ، زۆرجار ئەم خەمە بۆ مرۆی دەسەپاچە دەبێتە هەمیشەیی و بۆ هەتا هەتایە بەو نەخۆشییە چاوەڕوانكراوانەوە دەتلێتەوە كە لە ئاكامیدا بەرجەستە بووە ،
رێڕەوی ژییان بەردەوام بەرەو ژوور پێك نەهاتووە ! بەڵًكو دەبێت چاوەڕوانی هەموو ئایندەیەك بكرێت لە كار و كردەوەكانەوە ، كورد واتەنی ( چی بچێنیت ئەوە ئەدرویتەوە ) مرۆ بە هەوڵ و كۆششی بەردەوام دەگات بە هەندێ‌ شت ، لێیەوە بەرنامەی ئایندەی دادەڕێژێت ، ئاكامیش پەیوەست دەبێت بە سەرەتاكانی دروست بوونەوە ، كە تا چەند چەمكی هزری كامڵ و چڕ كردۆتەوە ؟ هەندێ‌ جاریش ئاكام پێچەوانە دەشكێتەوە ! ئەمەش چاوەڕوان نەكراوە ، نابێ مرۆ بەم ئاكامە هەرەس بە هەموو شتێك بهێنێت ، بەڵكو دەبێ ئەوە بسەلمێنێ‌ كە لە هەموو تاركییەكەوە گەرەكە لە دووی رووناكی ئاوات وێڵ بێت ! ئەو گۆشە نیگایەش دەبێتە پەنجەرە و لێیەوە دەروازەكانی ژییان بۆ جارێكی دیكە رووبەڕووی دەكرێتەوە ، واتە لەگەڵ هەموو شكستێكدا هیوای ئایندە دەبێت بەدی بكرێت ،گەر مرۆ بە چۆكدا نەیەت و نەبەزيَت ، چونكە لەگەڵ بەزیین دا مردن دێتە ئارا و لەگەڵ خۆیدا هییواش زیندە بە چاڵ دەكات و ئایندەش بەرەو گۆڕ دەبات !!
گەرەكە و پێویستە هەمیشە بە هیواوە كاروانی ئەرك و ماندووبوونمان بەڕێ بكەین ،بەڵكو بتوانین بەری رەنج بكەینە ئایندەیەكی جوان و پڕ خەندە بۆ خۆمان و دەور و بەرمان دەستەبەر بكەین ، بەمەش دەكرێت ساتێك بڕەخسێنین لە نێو نەغمەی پاساری و ئاوازی كەناری و شنەی كەنار دەریا و ، زەردەپەڕی ئێواران و پێكەنینی بێگەردی مناڵان و چاوبڕكێ‌ و دەست بازی لاوان و پەراوەی خۆشبەختی ژینی ئاسوودە بۆ مرۆڤایەتی و چیتر بە درۆ خۆمان لە خشتە نەبەین چونكە بەر پرسیارین بەرامبەر هەموو ئاكامێكی ئایندە !

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت