Amrika-Iraq

بورهان ڕەئوف : لە ٩-٤ دا ئاوڕێک بۆ دواوە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئێستا 9/4/ 2014 یازدە ساڵى ڕەبەق تێدەپەڕێت بەسەر پرۆسەى ئازادى عێراقدا وەکو ئێمەى کورد ناوى دەبەین و داگیرکردنى عێراق لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە وەکو عەرەب و خودى ئەمریکا و زۆربەى ووڵاتانى ترى جیهانیشەوە ناوزەد دەکرێ ، ئەوە دەهێنێت هەڵوەستەیەکى لەئاستدا بکەین و ئاوڕێکى بۆ دواوە لێ بدەینەوە بزانین چ دەگوزەرێت .
ڕاستە لە عێراق یەکێک لە دڕندەترین و هارترین و سەرکوتکەرترین ڕژێمە دکتاتۆرەکانى دونیا لەناوبراو سەرەتاى سەردەمێکى نوێ لە ووڵاتدا دەستى پێکرد کە نەخشە ڕێگایەکى بۆ دانرا لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە بە خێراییەکى زۆر پیادە کراو بێئەوەى میکانیزمێکى گونجاو و چارەسەرى بنەڕەتى بۆ کێشە کەڵەکە بووەکانى هەشتا ساڵى ڕابردووى تەمەنى عێراق دابنرێت خۆیان لێکێشایەوە و عێراقیان دایە دەست چارەنووسێکى نادیارەوە کەلە ئێستادا وەکو زۆربەى چاودێران و ئاژانسە ناوخۆیى و دەرکیەکان باسى دەکەن لە ئاکامى ئەو پرۆسەیەدا زیاتر لە یەک ملێۆن قوربانى لێکەوتووەتەوەو پێنج ملێۆن هەتیو و دوو ملێۆن بێوەژن و لەشکرێکى زەبەلاح لە بریندارو پەککەوتەو کەمئەندام چوار ملێۆن ئاوارە لە ووڵاتانى دونیاو حەوت ملێۆن بەتاڵەو بێکار ، ئەمە جگە لەوە کەرتەکانى پیشەسازى و کشتوکاڵ پەکیان کەوتووەو لەکار وەستاون و هەندێک لە شارەکان گەمارۆدراون ، جگە لە نەبوونى سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانى ئاوو کارەبا و دەرمان و ئەمن وئاسایش و … هتد . لە ڕووى حوکمڕانى بەڕێوەبردنیشەوە دامودەزگاکانى حکومەتى عێراق بە پلەى سێ یەم دێن لە دواى ێۆماڵ و سودان بۆ گەندەڵى مالى و کارگێڕى و بە فیڕۆدانى ماڵى گشتى بە گوێرەى ڕاپۆرتى ڕێکخراوى شەفافیەتى نێودەوڵەتى ، هەروەها دەستەى دەستپاکى نیشتمانى عێراق لە دوا ڕاپۆرتیدا قەبارەى ئەو شتومەک و کەرەسە فڕێنراوانەى عێراق بۆ دەرەوەى ووڵات بەزیاتر لە یەک تریلیۆن و چواردە ملێۆن دۆلار دەخەمڵێنێت هەروەها ئاماژەى بەوەش داوە کە زۆر کۆسپ و تەگەرە هەن لەبەردەم گێڕانەوەیان بۆ عێراق و دەستگیرکردنى ئەوانەى تاوانبارن بەئاودیوکردنیان . ئەمانەو جگە لە کێشە درێژخایەنەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکومەتى ناوەندى کە هەرماوەیەک بە بیانوویەک یان بە شێوەیەک لە شێوەکان سەرهەڵدەدات و کەمەترسى گەورەیان لێدەکرێت بۆى هەیە لە هەرکاتو ساتێکدا پریشکەکەى تەڕو ووشک بەیەکەوە بسووتێنێت ،
بۆیە دەکرێت بپرسین ئۆباڵى ئەم دۆخەى عێراق لە ئەستۆى کێدایە ؟؟ ئەمریکاو هاوپەیمانەکانى لەبەرئەوەى بێ ئەوەى چارەسەربۆ کێشە کانى دابنێن و میکانیزمێکى گونجاو بۆ بەڕێوەبردنى پیادەبکەن خێرا خۆیان لێ کێشایەوە ؟؟ یان دەستێوەرادانى ئیقلیمى؟؟ یان هەرەسهێنانى حوکمى تائیفى لە ووڵاتێکى فرە نەژادو ئتنیکى وەکو عێراقدا ؟ یان پابەند نەبوونە بەو دەستوورەى کە گەلى عێراق بەڕێژەى لە سەدا هەشتا زیاتر لە ڕیفراندۆمدا بە بەڵێ دەنگیان لەسەرداوە لەڕۆژگارێکى سەخت و دژواردا؟؟