Ancwmeni-Iraq

سامان ڕەشید : نوێنەرى ساختە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەڵبژادن یەکێکە لەپرنسیپە سەرەکییەکانى دیموکراسى , بەو پێیەى چی تاک چی کۆمەڵگا ئارەزومەندانە متمانە دەبەخشنە کەسانێک یان گروپێک یان پارتێک,بۆ ئەوەى نوێنەرایەتییان بکەن لە مومارەسەکردنى سەروەرى یان دەسەڵات چ لەسەر ئاستى سیاسى ( هەڵبژاردنى شارەوەانییەکان , پەرلەمانى ,…) یان لەسەر ئاستە جیاوەزەکانى تر وەک ( ڕۆشنبیرى, کۆمەڵایەتى , وەرزشى,..) .
ئەوەى جێگاى نیگەرانییە , ئەمڕۆ لەژێر ناوى پرۆسەى هەڵبژاردن ودیموکراسى , خودى دیموکراسى وشەرعییەتى نوێنەرایەتى تیرۆر دەکرێت , بەو پێیەى کەسانێک دەبنە نوێنەرى خەڵک , بێ ئەوەى متمانەى نوێنەرایەتى درابێ پێیان. لەژێر چەترى دیموکراسى و پرۆسەى هەڵبژاردن, فێڵ و ساختە لە دەنگدەر دەکرێت و بەرگێکى یاسایش دەدورن بۆ ئەو ساختە کارییە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چوار ساڵ لەمەوبەر و لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق, دەبینین فێڵێکى زۆر لە دەنگدەران کراووە . بەتایبەتى لەشارى کەرکوک . بۆ نمونە کاندید هەبووە ئەو دەنگەى کە پێویستە بەدەستى بهێنى بۆ ئەوەى ببێتە نوێنەر , بەدەستى نەهێناووە , بەڵام بەدەنگى کاندیدێکى تر توانیوێتى ببێتە نوێنەر. بەمەش گەورەترین فێڵ وساختە لەدەنگدەر کراووە بێ ئەوەى خودى ئەو دەنگدەر پێی بزانێ. ئەوەى جێگاى تێڕامانە هەندێ لە پارتى سیاسى کەسانێک کاندید دەکەن بۆ ئەوەى ببنە نوێنەر, بەڵام ئەو کاندیدانە لەئاست ئەو متمانە و نوێنەرایەتییە نابن و ئەرکە بەجێ ناهێنن, بەڵکو ئەو دەنگانەى کە پێی دراوە دەیبەخشنە کەسانێکى تر . بەمەش جگە لەو فێل و ساختەیەى کە لەدەنگدەر دەکریت , کەسانێک دەبنە نوێنەر کە متمانەى هاونیشتمانیان بەدەست نەهێناوە و شایستەى نوێنەرایەتى نین , بەڵکو نوێنەرێکى ساختەن .
ئەوەى ئەمڕۆ دەیبین لە بانگەشەى هەندى کاندید لە هەڵبژاردنى نوێنەران کەرکوک بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق , جگە لە فێل کردن و خۆل کردنە چاوى دەنگدەرانى کەرکوک, مایەى پێکەنینە , چونکە لەلاى هەمووان ئاشکرایە کە ئەو کاندیدە ناڕۆات بۆ بەغدا و نابێتە نوێنەرى کەرکوک لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق , لەهەمووى سەیرتر ئەوەیە کە ئەو کاندیدانە خۆیان دەڵێن ئێمە ناڕۆین بۆ بەغدا و نابینە نوێنەرى کەرکوک , بەڵام داواى دەنگ لە دەنگدەرانى کەرکوک دەکەن. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەسەلمێنیت یان ئەویە ئاستى هوشیارى و سیاسى ئەو جۆر کاندیدانە لە ئاستێکى زۆر نزمدایە یان دەنگدەرانى شارى کەرکوک بە گێل دەزانن , بەڵگەش ئەوەیە ئەگەر کاندیدێک خودى خۆى پێش هەموو کەسێک بزانێ کە ناڕوات بۆ بەغدا ونوێنرایەتى شارەکەى ناکات , چۆن ڕێگە بەخۆى دەدات ببێتە کاندیدى پارتێکى سیاسى , بەچى ڕووێکەوە داوا لەدەنگدەر دەکات متمانەى پێببخەشن؟ چۆن وڵامى دەنگدەرانى ئەداتەوە ؟
بۆیە پێویستە دەنگدەرانى شارى کەرکوک زۆر بە ئاگابن لەوەى پیش هەموو شتیک ئەوە بزانن کە ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەوەیە کە نوێنەرى خۆیان هەڵبژێرن بۆ ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق , ( نوێنەرى شارى کەرکوک لە بەغدا), بۆ ئەوەیە کە نوێنەرانێک هەڵبژێرن شەڕى مافە دەستوورى ویاساییەکانیان بکات لە بەغدا. دواتر ڕێگا بەوە نەدەن کە هەندی پارت و کاندید یارى بەسۆز و عاتیفەیان بکەن و داواى دەنگەیان لێ بکەن بۆ کاندیدانێک کە ناچنە بەغدا. هەروەها ڕێگا نەدەن بەوەى نوێنەرى ساختە دروست ببێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت