بەهرۆز جەعفەر : کوشتنى ئازایەتى و دانوستان لەبن دەوارى ڕەش .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یەکەم : ئۆپۆزسیۆن و فەلسەفەى گۆڕان .
ئۆپۆزسیۆنبون ، پێش ئەوەى بە باگکراوەندى فەلسەفەیەکى سیاسیی دەست پێبکاو چەند پاکێجێک بەهەند وەربگربت ، تا بەڕێگەى ئاشتى یانە بچێتە دەسەڵات ، بۆخۆى زەرورەتى خواستى گۆڕانە کۆمەڵایەتییەکانە . ئەگەر وانەبوایە ، سیاسەت و کۆمەڵگە ، سیستەمى سیاسیی و تاکەکان پەیوەندییەکانیان هەمیشە پێچەوانە دەبوو ، یان پرۆسەى سیاسیی هەرگیز دروست نەئەبوو . هەقە بپرسین بۆچى لە شانشینى سعودییەو ئیمارات و قەتەرو لیبیاو عەمان ، بەهیچ شێوەیەک ڕێگە بەحزبى ئۆپۆزسیۆن نادرێت ؟ لەواقیعدا ئەوە تەنها سیستەمەکە نییە ، تەلبەندێکى دروستکردووە،بەڵکو سیفاتى خودى نۆرمە کۆمەڵایەتییەکانە ، سیاسەت موڵکى هەر کۆمەڵێکە ، لەهەرشوێنێک کۆمەڵێک خەڵک هەبون ، سیاسەت لەوێیە . بۆ ئەوەى سیاسەت تەندروست بکەین ، ئەبێت کۆمەڵگە تەندروست بکەین ، بۆیە بۆ هەرحزبێکى فەرمانڕەوا یان ئۆپۆزسیۆن کۆى پرۆسەکە ئەوەنییە : چەند تاکێک ، گروپێک پێکەوە دروست بکەن و لەڕێگەى بانگەشەو بەرنامەیەکەوە ئیش بکەن بۆ گەیشتنە دەسەڵات ، چونکە ئەوسا گەیشتنە دەسەڵات تەنها بۆگەیشتنە دەسەڵاتەو هیچى تر .
یۆنانى کۆن ، هیچ شتێک نییە لەکەوندا ، قسەیان لەسەرى نەبوبێت ، ئەوان سیاسەتیان داگرتە زەوى ، لاى ” ئەرستۆ ” دەسەڵات : لە(3) بەش پێکهاتووە: حکومەت و یاسادان و داوەری .. پاش ماوەیەکى زۆرتێپەڕى ، ” مۆنتیسکۆ ” قبوڵى کرد کە ، سێ دەسەڵاتى سەرەکى هەبن و زیاتریش ، بەو مەرجەى هەر دەسەڵاتێک بەدەسەڵاتێکى تر چاودێریی بکرێت . ئیتر ( بنەماى جیاکردنەوەى جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان ) لە سەرەتاى سەدەى (18) ەوە . وەک بەراییترین مەرج و ئەلف و باى دیموکراسییەت چەسپێنراوە ( هێشتا کورد لەجێی خۆیەتى ) . لەدواى ئەمیش مرۆڤایەتى کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورەى بەخۆوە بینی ، لەهەرە گرنگترینیان پرسی ڕاوەستانى جیهانە لەبەردەم ئەداتەکانى مۆدێرنەو گڵۆباڵیزەیشن ( جیهانگەرایی) دا. سەروەختى بە مادیبون و بەئامێر و ڕۆبۆتبونى کۆمەڵە ڕاگوزەرەکان دەستى پێکرد ، ئیتر بۆ شوناس و ناسینەوەى ی کۆمەڵگە دەبێت جارێکى تر یەخەى ( ئۆگەست کۆنت و دۆرکهایم سبنسرو تالکوت و … ) بگرینەوە ، هەریەکێکیان بەجۆرێک باسیان له ( کۆمەڵگەى ئاڵۆز – مجتمع معقد) کردووە ، کەچى ئەم ئاڵۆزییەى ژیان هەو نییە !! . بەکورتى سەروەختى ئالوزبونى کومەله کان بیویستى بە سەرلەنوى تەعریفکردنەوەى هەموو جەمکەکانە . بەحکومەت و یاساو داوەریکردنیشەوە.
لێرەوە ، هیوادارم بتوانم وێنەیەک بۆ کارى ئۆپۆزسیۆن لەکۆمەڵى ڕاگوزەردا بکێشم، کۆمەڵ (society) شێوەیەکە لەبازنەیەک ، لەناو ئەم بازنەیەدا دەیان بازنەى بچوکتر هەن ، ئاماژەن بە ستراکچەر ( بونیاد) و خانەپێکهێنەرەکانى هەر کۆمەڵگەیەک ، لەوانە ( پەروەردە- ئاسایش بەهەموو ڕەهەندو ئاستەکانییەوە – تەندروستى- ئابوریی- کلتوریی- بەهەموو لقەکانییەوە لەئاین و هونەرو ئەدەب و مێژوو جوگرافیا- میدیا بەهەمووئامرازەکانییەوە) . هەریەک لەم بابەت و خانانە پەیوەندییەکى پێکەوەگرێدراوو تەواوکەر( متکامل) یان پێکەوە هەیە ، هەرکاتێک پەیوەندیی و ڕایەڵەکانى نێوان ئەم خانانەى نێو بازنەکە نەمان ، کۆمەڵگە نامێنێت . بەرەو سستى و بەرخۆرى و بەرکاربەر( مستهلک) ى ئەچێت . کۆمەڵێکى نەخۆش سیاسەتێکى نەخۆش و تاکێکى نەخۆش و هەموو شتێکى نەخۆش دەخاتە بازاڕەوە . فەلسەفەو حەتمیەتى هاتنە دونیاى ئۆپۆزسیۆن لێرەوە دەرئەکەوێت ، فەلسەفە واتا حەزکردن بە دانایی ، لەڕێگەى هەمیشە گەڕان ، پرسیارو گومان دروستکردنەوە ، هەمیشە نەوەستان لەخاڵێکدا ، بەپێچەوانەى ئاین کەلەخاڵێکدا دەتوەستێنێت و گومان و پرسیارى تیانییە . دانایی و حیکمەتى ئۆپۆزسیۆنێک لەنێو ئەو بازنەى سەرەوەدا کەپڕە لەخانەى پێکهێنەر ، ئەوەیە ، کەلە (3) لاى بازنەکەوە ، زۆرترین بەشى کۆمەڵگە داگیر ئەکات ، ئەیخاتە نێو چوارچێوەکانى خۆیەوە و ئیشى لەسەر ئەکا .
لایەکیان: دیسپیلین و کۆکردنەوەو وەگەڕخستى ئەو ئامرازانەیە کەدەیگەیەنن بەدەسەڵات ، وەکو ( ڕاگەیاندن و خۆسازدان بۆ شەڕێکى دەرونى- ئەوهۆکارانەى بەباشترین شێوە جەماوەر ئیغرا دەکەن ) .
لایەکى دى ، ئاگاییە لەوەى چى لەم جیهانەى ئەمڕۆماندا دەگوزەرێت ؟. کامە هۆکارى دەرەکى سیاسیی هەڕەشەیە لەسەر کۆمەڵ ( بازنەکە) ى ئێمە ؟. ئێمە چۆن دەتوانین بریار دروست بکەین ( کیف یێنع قرار) . کێ بڕیارەکان دروست دەکات ( من یێنع قرار). تیۆرى (دیڤید استن) بەتێگەیشتن لەخواستەکانى خەڵک فلتەرى یەکەم (چونەناو- مدخلات-input) و ئەوسا جێبەجێکردنى خواستەکان.ئینجا فلتەرى سێهەم (مخرجات-output) ئەوەیە کەدەیبینین ، ئەوەشی کەبەکەڵک نایەت و ناڕەزایی دروستەکات ، سەرلەنوێ دەیگەڕینێتەوە (feed back) بۆ فلتەرى یەکەم هەتا تەتەڵەى بکەنەوە ، بۆ سیاسەتێکى گونجاوتر لەئایندەدا . واتە ئۆپۆزسیۆن ئەم هاوکێشەى دروستکردنى بڕیارو سیاسەتەش چاودێریی ئەکا ؟.
بەلاى سێهەم:ئۆپۆزسیۆن ئیش لەسەر گۆڕانێکى ڕیشەیی ئەکات ، بەبێ سازدانى گۆڕانێکى ڕیشەیی ئۆپۆزسیۆن ، ئۆپۆزسیۆنێکى ناکامڵە ، تەنها لەپێناو گەیشتن بەدەسەڵات لەڕێگەى ڕەخنەگرتن و هاژوهوژێکى تاکتیکییەوە ، پرس و چەمکى ئۆپۆزسیۆنیان لێکداتەوە .
دووەم: ڕێککەوتنى بزوتنەوەى گۆڕان و پارتى .
دەستەواژەى ” لەمەولا چەک و پارە بەدەست گۆڕانە “.. لەزارى سەرکردەیەکى بزوتنەوەکەوە ، کۆتا ئاماژەیە بەوەى ئێمە لەکۆمەڵى کوردیدا گۆڕانێکى ڕیشەیی نابینین لەسایەى بزوتنەوەى گۆڕانەوە ، ئەوەنەبێت کەچەند وەزارەتێک یان خانەیەکى کۆمەڵگە بۆماوەیەکى کەم دەستکاریی دەکرێن ، بێ ئەوەى دەست بۆ شۆڕشە گەورەکە ببەین ، کە دیاریکردنى ناسنامەى مرۆیی و نەتەوەیی و جوگرافیی کوردە .کە گۆڕینى مێنتاڵیەت و شێوازى دیدوبۆچونى تاکەکانە . کام سەرکردەو سیاسیی کورد بەڕاشکاویی باسی لەکوردستانیەتى موسڵ کردووە ؟ ( جەوهەرنامیق بەکتێبێک باسی لەویلایەتى موسڵ کردووە) .؟. بە ڕوئیاى ئۆپۆزسیۆن تاکوێ کوردستانە ؟. لاى ئەوان ناسیۆنالیزم چییە ؟. پیشەسازیی بون چییە ؟. مەرجەکانى چین ؟. ئایدۆلۆژیایان چییە ، بۆ دیاریکردنى ڕێبازى سیاسیی و بیرکردنەوەیان ، دەرەوەى خۆیان چۆن بیانناسن و مامەڵەیان لەگەڵ بکەن ؟. ئەگەر ئۆپۆزسیۆن وەڵامى ئەمانە ناداتەوە کەواتە هیچ فەلسەفەیەکى سیاسیی چییەتى و بونیەتى ئەوان ناسەلمێێنێ ، تەنها کۆمەڵێک خەڵکن لەڕابردوو ئێستاشدا بەشێکن لەو نۆرمە نەگۆڕو خێڵەکى و پۆپۆڵیستیەى کەهەیە ، دەیانەوێ دەسەڵاتى پتریان هەبێت ، بەسادەیی گۆڕان و پارتى و یەکێتى و لایەنە ئیسلامییەکان جیاوازن یان ناکۆکن یا لەیەک ئەچن ؟. تۆبڵێی ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەوەبێت ، ئەمیان داواى دەوڵەتى کوردى و ، ئەویان داواى کۆنفیدراڵى بکا ؟. ئەمیان بڵێت ئێستا باشە کەرکوک بگەڕێتەوەو ئەویان بڵێت دەساڵى کە !!!. ئەگەر مەرامیان تەسقیفکردنى خەڵکە بۆچى کەس شەڕ لەسەر وەزارەتى ڕۆشنبیریی ناکا ؟. کەى وەزیفەى پیاوى ڕۆشنبیر ئەوەبو شوێن کۆمەڵێک پیاوى شاخاوى و پیاوکوژ بکەوێت تا بیگۆڕێت ، ئەگەر بۆ بون بە پارێزگارو پەرلەمانتارى نەبیت ؟. بۆچى چوارتان یەکتان نەگرت خۆتان گۆڕان و ڕینسانسێکى کوردیی بەرپا بکەن ؟.
لە(5) ساڵى ڕابردوودا ، هەموو قسەکانى پیاوە ڕۆشنبیرو بەئەزمونەکانى ئەم بزوتنەوەیە ئەوەیە کە : ئێمە نەمان وتوە دونیائەگۆڕین ،، گەندەڵى وەک تەپوتۆز وایە هەمومان هەڵمان مژیوە ،، ئەم هەرێمە لەدەستێکى ئەمیندایە ،، ئێمە چەند پاکێجێکمان داوەتە دەسەلات و بەقسەمان ناکەن ،، گۆڕان بەرەو دەسەڵات ،، بڕیارەکان بەزۆرینە تێدەپەڕێنرێت ،، پەرلەمانى باشترە لەسەرۆکایەتى ،، ئێمەش بەشێکین لەم کۆمەڵگەیە ،، کۆمەڵێک جاش و خۆفرۆش و کۆیلە ،، پشت بەخوا ئەیگۆڕین ،،، لەکۆتاییدا ئەم ستایلە لە ئاخاوتن ئەوترسەیە کە بزوتنەوە ڕیفۆرمخوازییە شەرقیەکان هەرگیز ئەوانى پێش خۆیان ڕەت نەداوە .یان بونەتەوە بەو . ساتەوەختەکانى دروستبونى کۆمپانیاى ووشەو بزوتنەوەى گۆڕان ، کۆمەڵگەى کوردیی لەلوتکەى ئازایەتى و ئامادەگیدا بوو بۆ شۆڕش ، بەڵگەش بۆئەوە دەیان خۆپیشاندانى گەورە لەهەڵەبجەو چەمچەماڵ و گەرمیان پێکەوە ڕوویاندا ، خەڵکى لەلوتکەى ڕق و کینەدا بوو بەرامبەر دەسەڵاتى سیاسیی ، گۆڕان هات ئاوێکى کرد بەسەر ئەم ئاگرەو تەمەن و کارى گەندەڵى درێژکردەوە ،” نەوشیروان مستەفا ” خاکو خۆڵى لەگەڵ خۆى بردە گردى زەرگەتەو ، لەپێش گلێنەى خەڵکى کردنى بەلیرەو ئاڵتون . کردنى بەفریادڕەسی مرۆڤایەتى . پێش هەر شتێک دروستبونى پاوەرێکى وا کوشتنى ئەو ڕۆحیەتە بوو لەکۆمەڵى کوردیدا ، کە ئازایەتى بەرهەم ئەهێنا . ئازادیی نایەت تا ئازایەتى بەرجەستە نەبوبێت .
نا .. نا.. هەروا بەسانایی ناتوانن خەڵک بدەن لەبەر ، بەوەى کە ئیشى ئۆپۆزسیۆن و خەباتەکەى ئەوەیە بچێتە دەسەڵات لەڕێگەى بەدەستهێنانى دەنگى خەڵکەوە ؟. ئێمە لەڕابردوودا پارتە کوردییەکانى ئێران و کەسایەتییەکانى تورکیاو یەکێتى نیشتمانى و تەنانەت سۆشیالیست و پاسۆکیش مان بینى ، کەنزیک بونەوە لە ( پ ، د ، ک ) چۆن بچوکى کردنەوە . لەشەوارەدا کەروێشک بەبلاجتکۆرێک ڕاو ئەکرێت ، کەچى ئێستا کەروێشک خۆى چۆتە قەفەزى پارتى . بەوەرگرتنى چەند وەزارەت و دەستەیەک کۆمەڵگە ناگۆڕێت . ئێمە پێش خواستى پیشەسازیی نەوت و موشتەقاتەکانى ، پێش کارگەکانى دروستکردنى مۆتۆڕو سەیارەو فڕۆکە ، پیشەسازییمان لە ئەقڵ و کلتوریی کوردیدا ئەوێت .
سێهەم : گۆڕان لەدەسەڵات چى ئەکەن ؟
دەسەڵاتى کوردى لە (22) ساڵى ڕابردوودا ، بەبەرپرسیارێتى بەشێک لەکاراکتەرەکانى بزوتنەوەى گۆڕان ، یان شەڕى ناوخۆیی و خوشک کوژیی و براکوژییان کردووە ، یان گەندەڵى ، لەکۆى چوارملیۆن کەس ملیۆن و نیوێک فەرمانبەریان هەیە ، سەدان هەزارکەسیان لەژێر ناوى جیاجیادا بەباش و جاشەوە خانەنشین کردووە ، زانکۆکانیان پڕکرد لەکادرە نەخوێنەوارەکانى خۆیان لەڕێگەى قبوڵى خاس و دامەزراندن و قۆپیەکردنەوە ، دادگاو داواکاریی گشتى یان خەساند ، ئەوسا لەپارەى میللەت کۆمەڵێک ، ماشێنى درۆو دەلەسەى میدیاییان ، بۆشۆردنەوەى عەقڵى خەڵک و ووڕکردنیان خستە کار.ئێستا نیوەى کورد لەبرى وەگەڕخستن و کارکردن ، نیوەڕۆ لەخەوهەڵئەسن ، جگە لەورگنکردنى خەڵک و خەواندنیان شتێکى دیکە نابینرێت . کۆمەڵى کوردیی خانەنشینکراوە .
هەر لەسەرەتاوە ، بزوتنەوەى گۆڕان وەک شتێکى عەجایەب دەرکەوت ، تا (17)ى شوبات ، تا ئەو ڕۆژانەى کەنەیانزانى چۆن لەگەڵ خۆڕسکیەتى داواکنى خەڵک هەڵبکەن ، لە (10) دەیەمین ڕۆژى خۆپیشاندان بەندەجیابونەوەى خۆى ڕاگەیاند ، لەبەر کۆمەڵێک موزایەداتى سیاسیی و ئایدۆلۆژیی . هەرئەو کات تەنها لەبەر بێ کەناڵى لەهەندێک کەناڵى دەسەڵاتەوە ( کەهەموى بەپارەو بودجەى ئێمەو هاونیشتمانیان بەڕێوەئەچێت ) قسەى خۆم کرد ، ئەوێ ڕۆژێ قسەکانى من نامۆبون ، بۆیە وەک لاوێک کەوتمە بەر تەخوین و جنیۆو پەلامارى شێوە فاشیزمانەیان ، بەڵام (3) ساڵە زیاترو زیاتر قسەکانى ئێمە دەچەسپێن و دەسەلمێن . ئێستا دواى ئەوەى لەسەرحیسابى دەنگە ناڕازییەکان و گڕى شەقام ، پاکێجەکانتان فرۆشت بەدەسەڵات لەبەرامبەر سێ و چوار وەزارەت، هاتنى بزوتنەوەى گۆڕان ، دەرکەوتنى ئاو نەبوو لەبیاباندا ، گۆڕان ئەو سەرابە بوو کە پێی نەگەشتین . بۆیە هەقى خۆمانە سۆراخى (3) پرسی هەستیار بکەین :
یەکەم : هەروا خەڵکى کوردستان لەمەولا بەبەردەوامى سەرقاڵ ئەکەن بەواتە واتى نێوخۆیی و بابەتى لاوەکى و کێبڕکێی خۆتانەوە ، لەناو حکومەتیش بەردەوام ئەبن لەم کارانە،یان سەرقاڵى تەوزیف کردنى تاک و کۆمەڵ ئەبن .کەوەزیفە ڕاستەقینەکەى سیاسەتە .
دووەم : سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان . تەکبیرى بێدەنگ دەکەن بۆ خۆئامادەکردن و تەقویەکردن لەبەرامبەر ئەو گۆڕانکارییە هەرێمایەتییەى لەناوچەکە ئەگوزەرێت ، تاکوردستان و ناوچە دابڕاوەکان بخەنە لایەک ، قسەى جدی دەکەن لەسەر کانتۆنەکانى ڕۆژئاواو پرسی کورد ، وەک لەم ماوەى ڕابردوودا بێدەنگیتان لێکردو دانیشتن بەدیار کێکى دەسەڵاتەوە ، تا پارتى پارچەیەک زیاترتان بداتێ ، یاخود خەریکى سڕ و نهێنى هەڵماڵینى یەکترو باس و خواسی یەکتر ئەبن ، لەپێش چاوى میدیاو دەمودەزگە جیهانییەکان .
سێهەم : شەفافیەت و دەستکەوتە داراییەکانى هەرێم ، بەجۆرێک لەگەڵ ئەو بەڵێنانەدا بێتەوە یەک کە 5 ساڵە بەخەڵکى کوردستانى ئەدەن .