Goran-2

پشکۆنەجمەدین : بزووتنەوەی گۆڕان لە حەساری حکومەتدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(( تۆ کە لەمێژە مافی سروشتیی خۆتت بەکار بردووە و هەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕانیت ، منیش هەمان مافم بە خۆم داوە کە نەبم و ئێستاش نیم . تۆ ئەی هاوڕێ ئازیزەکەم ، دڵت لە بۆچوونەکانم گەرد نەیگرێ . من مافی خۆمە چۆن سیاسەت دەبینم ، وەها بنووسم و بپەیڤم ، هەر وەکوو ئەوەی تۆ و ئەوانی تریش هەمان مافیان هەیە !))
بە دووبارەنووسینەوەی بۆچوونێکم لەمەڕ بزووتنەوەی گۆڕان ، کە لە دیمانەیەکدا و لەنێوەڕاستی مانگی ئایاری ساڵی 2010 دا، لە گۆڤاری ” نێوەند” دا بڵاوکراوەتەوە ، دەست پێ دەکەم و ئێستا ، پاشی چوار ساڵان ، کتومت ڕاست دەگەڕێ !
(( من پێشتر گوتم ئەگەر ئێمە دەستەڵاتێکی نۆرماڵمان نەبێت ، ئەوا ئۆپۆزیسیۆنێکی نۆرماڵیشمان نابێت! کە بە دیاریکراوی قسە هاتە سەر بزووتنەوەی گۆڕان ، من گومانی ئەوەم هەیە کە داخۆ ئەو سەرکردایەتییە یان ئەو ڕێبەرایەتییە ، هاوئاهەنگە لەگەڵ خواستەکانی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەی کە بوونی هەیە ؟ لێرەوە دەست پێ دەکەم ، ڕێبەرایەتیی گۆڕان بەشێکە لە یەکێتی جیا بووەتەوە. ئەم گرووپە یان ئەم ڕێبەرایەتییە بە جۆرێک لە جۆرەکان ئیشکالاتێک و کێشەیەکی گرنگی لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی هەیە ، کە مەسەلەی دەستەڵاتە !… ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان ، یەکێکە لە ئۆپۆزیسیۆنە زۆر بەپەلەکان و دەیەوێت لە ماوەی کەمتر لە شەش مانگ ، ساڵێکدا هەموو دنیا ژێراوژوور بکات …))
ئەم بۆچوونەم تەنیا وەکوو جەختکردنەوە لەسەر گومانەکانی خۆم لەمەڕ بزووتنەوەی گۆڕان و بەرنامە ” گۆڕانخوازی ” یەکەی بۆ تێکشکاندنی سیستێمی سیاسیی کوردستان و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی لە فۆڕم و پێکهاتەیەکی تەندروستدا ، نووسییەوە !
باڵی ڕیفۆڕم لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا ، پاش شکستخواردنی لە جەرگەی ململانێکانی دەروونی حیزبدا و پاش ئەوەی نەیتوانی قوللەکان لە دڵی قەڵاکەوە داگیر بکات ، دەرەوەی دیوارەکانی حیزب و پانتاییەکانی شەقامی ناڕەزایییەکانی خەڵکی کردە مەیدانی جەنگ و لەوێڕا لەشکرەکانی خۆی بۆ داگیرکردنەوەی قەڵاکانی حیزب ساز دان!
حوکمـڕانییەکی ناتەندروست و سیخناخ لە گەندەڵی و ناعەدالەتیی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بیست و سێ ساڵەی پارتیی دیموکرات و یەکێتیی نیشتمانی لە کوردستاندا ، باشترین زەوینەی بۆ دەرکەوتن و خورتبوونی باڵێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ( ڕیفۆڕم ) خولقاند تا جەماوەری ناڕازی ، لە ” خەونی گۆڕانەوە ” بەرەو ” وەهمی گۆڕان ” بگوێزێتەوە و بە دێوجامەی ئیدۆلۆگی و بەرنامەی پرۆسەی گۆڕانێک ( کە خەم و خەونی ئەم گرووپە سیاسییە نەبوو) ، مەست و بەنگ بکات !
زیرەکترین ڕێبەری سیاسی کەسێکە کە توانای خوێندنەوە و ڕاڤەکردنی باری دەروونیی جەماوەری لە قۆناغ و سەردەمە جیاوازە قەیراناوییەکاندا هەبێت ، کرۆک و جومگە بارگاوییەکان بناسێت و دیماگۆگییانە کاریان لەسەر بکات و هەموو وزە و توانستەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کە لە ڕواڵەتدا خواست و ویستی خەڵکن و لە نێواخنیشدا شتێکی دیکەن، بەگەڕ بخات! ڕێبەری لێوەشاوە ، بۆ جێخستنی هەر هەڵوەستە و دروشمێکی سیاسی ، پاساوی ئامادەکراوی پێشوەختی هەیە و بۆ وەلانان و گۆڕینیشیان هەر وەسا!
مەرجەع و ڕێبەرانی گۆڕان لەم بوارەدا باڵادەست و بۆ؛ جێگیرکردنی ئەم باڵادەستییەیان ، بەهەنگکردنی هەڵسووڕاوانیان، خرۆشاندن و گەوجاندنی شەقام و شەکەتکردنی نەیارەکانیان ، کاربڕترین دەسگای ڕاگەیاندنی نووسراو، بیستراو و بینراویان بە کار هێنا و ئێستاش ( بۆ پاشەکشەکردن لە وەهمی پرۆسەی گۆڕینی سیستێم و هەڵتەکاندنی حکومەتەوە بۆ بەشداریکردن لە حکومەت و دابەشکردن ” نەک هاوبەشیکردن ” ی کێکی دەستەڵات) ، هەمان ڕاگەیاندن لەگەڕدایە ! 
گٶڕان ئێستا نەک هەر لە ئاستانەی دەسەڵاتدا وەستاوە ، بگرە کورسییەکانیشی لە دیوەخانی حکومەتدا ساز و ئامادەن . من هەرگیز دژی بەشداریکردنی گۆران لە حکومەتدا نیم و ئەوەش دەزانم کە لە بزووتنەوەی سیاسی و گەمەی دیموکراتیدا ئامانج : وەرگرتن یاخود بەشداریکردنی دەستەڵاتە . ئەمە ئەگەر بۆ هەموو حیزبە سیاسییەکان ڕەوا بێت ، چما بۆ ” گۆڕان ” نەبێت ؟ قسەی من لەسەر تەندروستیی بەشداریکردنی گۆڕان لە حکومەتدا نییە و ئێستاش کاتی ئەو مشتومڕە نییە کە داخۆ پێکهێنانی حکومەتی بنکەفراوان و بەشداریی گورجوگۆڵانەی ” گۆڕان” لەو حکومەتەدا ، چ کارکردێکی باش یاخود خراپی لەسەر پرۆسەی حوکمڕانی لە کوردستاندا دەبێ! ئێستاش دەرفەتی ئەوە نییە قسەوباسێک لەمەڕ ئەوە بکەین کە داخۆ بەشداریکردنی گۆڕان و حیزبەکانی دیکەش ، تەنیا دانیشتنە لە هەیوانی دەستەڵاتدا و خەوبینینە بەهاوبەشیی دەستەڵاتەوە و ڕمڵلێدانە بۆ گۆڕینی سیستێمی سیاسی، یاخود ئامراز و ڕێگایەکە بۆ بەلاداخستنی کێشەکانی دەستەڵات لە زۆنی سەوزدا و هەوڵدانێکە بۆ جێگۆڕکێکردنی جەمسەر و سیمبۆلەکانی دەستەڵات لەم زۆنەدا کە گرێ دەروونییە ئەسڵییەکەی ڕێبەرانی ئەم بزووتنەوەیە، فاکتەری سەرەکیی خولقاندنییەتی !
قسەی من لەسەر ئەو ئەسڵە میکافیلییەیە کە هەموو ئامرازەکان، بە ئامرازی فریودان و خاپاندنی خەڵکیشەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج ، بە ڕەوا دەزانێت و گۆڕانیش لەم چوار ساڵەدا و لەم بوارەدا ، بۆ گەوجاندنی هێزی گۆڕانخوازی شەقامی کوردی ، ئەسپێکی ڕەسەنی ماندوونەناس بوو!
من پێم وایە کە حورمەتی سیاسی و کەسییەتیی هەر حیزب و لایەنێک لەوەدایە چەند ڕێز لە دروشم و بەڵێنەکانی کە بە خەڵک و لایەنگرانی خۆیی داون ، دەگرێت و چۆن ئابڕووی لانیکەمی پرەنسیپە سیاسییەکانی دەپارێزێت .

بینین و دروشمەکانی گۆڕان بۆ گۆڕینی سیستێم و شێوازی حوکمڕانی لە کوردستاندا:

*   دەستەڵاتێکی جووتحیزبیی دیکتاتۆر ، نادیموکرات و بنەماڵەیی ، شمولی ، ناشەفاف ، گەندەڵ و هێلانەی دزەسیاسییەکان ، نادامودەسگایی ، نانیشتمانی ، مەکۆی قاچاخچییانی نەوت ، وڵات و ماڵوموڵکی خەڵک داگیرکار ، تیرۆریست و بکوژی ڕۆژنامەنووسان ، خنکێنەری ئازادیی فیکر و بینین و نووسین و ڕادەربڕین ، بەهەدەردەری سەروەت و سامانی نیشتمانی ، سازشکار لەسەر بەشێک لە خاکی هەرێم و کەمتەرخەم لەئاست چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم …
* سیستێمی سیاسیی هەرێم ، سیستێمێکی سەرۆکایەتییە و بەشێکی زۆری دەستەڵاتەکان لە دەستی سەرۆکدا چڕ بووەتەوە و ئەمیش لەگەڵ سیستێمی پەرلەمانیدا ناجۆرە یاخود دەبێتە لەمپەری گەشەکردنی پرۆسەی دیموکراتی لە هەرێمدا و ئەنجام مەترسیی خولقاندنی تاکسەرکردەی دیکتاتۆری لێ دەکەوێتەوە.
* لە کێشەی دەستووری هەرێم و پرۆسەی بەدەنگ پەسەندکردنیدا، گۆڕان بانگەشەی بۆ گێڕانەوەی دەستوور بۆ پەرلەمان و هەموارکردنی بوو تا ئەو جێگایەی سیستێمی سیاسی ببێتە پەرلەمانی و ” سەرۆک ” یش تەشریفاتی و بێ دەستەڵات بمێنێتەوە!
* لە قەیرانی هەڵبژاردنەوەی سەرۆک یاخود درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێم ( کە یەکێتی دەستپێشخەریی کرد و هەڵەیەکی سیاسیی گەورەی لە پرۆسەی سیاسیدا تۆمار کرد!!)) گۆڕان و کەناڵەکانی ، وڵاتیان لە هاووڵاتان کردە چەرمەچۆلەکە و هەڵە سیاسییەکەی یەکێتییان بە درێژکەرەوەی تەمەنی سەرۆکایەتیی مەسعودبارزانی ناساند و تێرمی ( سەرۆکی ماوەدرێژکراوەی هەرێم) یان خستە فەرهەنگی سیاسیی ڕاگەیاندنەوە!
* سەرکردەیەتیی گۆڕان, لێزان و شارەزا لە هەڵمژینی زووخاوی ناڕەزاییی جەماوەرێک کە لە خەمی گۆڕینی سیستێمێکی سیاسیی ناتەندروستدایە و ئەم هەوڵ و کۆشانەی جەماوەریش لە شوباتی 2011 دا بە تەقینەوەیەک گەیشت و ساتێکیش ئەم خرۆشانەی خەڵک بە ئامۆژگاریی گۆڕان و بە ” گێرەشێوێن ” تۆمەتبارکردنیان کپ ناکرێتەوە ، ئیدی ” گۆڕان” دەبێتە ڕێکخەر و سەنتەری دابەشینی دروشم و ئامانجەکانی خەڵکی ڕاپەڕیو و بە هاوکاریی هێزەکانی ئیسلامی سیاسی ، بەردەرکی سەرای سلێمانی دەکەنە مەکۆی نوێژی هەینیی هێزە ئەقڵڕەشەکان!
گۆڕان و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن ، بەرنامەیەک لە پەرلەمانی کوردستاندا چێ دەکەن کە وەڵامدەرەوەی بەشێکی زۆری خواستەکانی خۆنیشاندەرانی ڕۆژانی مانگی شوباتە . ئەم پرۆژەیە ئەوسات و ئێستاش جێگای هومێدی خەڵکانی ناڕازیی کوردستانە، بەڵام لە بەرنامەی پێکهێنانی کابینەی هەشتەمدا، لە زاکیرەی گۆڕان و هێزە ئیسلامییەکاندا لە فەرامۆشیدا خەوتووە!
چاوەڕوانیی خەڵک لە بزووتنەوەی گۆڕان :
گۆڕان حیزبێکی ماندوو لە پرۆسەی ئۆپۆزیسیۆنبووندا و هەواری پشوودانیش زەوتکردنی دەسەڵات نەبوو ، بەڵکە گرتنی شوێنێک بوو لە هەیوانی دەستەڵاتدا. گۆڕان مافی خۆیەتی بەشێک لە کێکی حکومەت وەربگرێت. دیارە هەڵسووڕاوان و جەماوەری گۆڕان ، چاوەڕێی دەستکەوتێک بوون کە بە خوێن و ماندووبوونی ئەوان بە دەست هاتووە ، بەڵام نە بەمشێوەیەی کە ” گۆڕان” بۆ دابینکردنی ، مامەڵەی سیاسی دەکات . ئەو ستەمدیدانەی باجی ” گۆڕانبوون” و ئۆپۆزیسیۆنبوونی گۆڕانیان دا ، چاوەڕوانی مەرجە ڕادیکاڵەکانی گۆڕان بوون بۆ بەشداریکردن لە حکومەتدا و وەهایان دەبینی کە ئەم بەشداریکردنە هێندە مەرجدار دەبێ کە ئاییندەی گۆڕین و هەڵتەکاندنی ئەم سیستێمە سیاسییە سەقەتە نێزیک بکاتەوە!
ئەگەر گۆڕان هێزێکی ڕادیکاڵ و گۆڕانخوازە و خەمی بنچینەییی ئەو، خەمی گۆڕانکاریی ڕێشەییی سیستێمی سیاسییە ، دەبوو بە ئاشکرا و بە نووسین ئەم مەرجانەی پێشکەش بە پارتیی دیموکراتی کوردستان بکردایە و گرەوی دامەزراندنی حکومەتی بنکەفراوانی بە جێبەجیکردنی خواستەکانی خەڵکەوە گرێ بدایە! دەبوو گۆڕان بۆ پاراستنی ئابڕووی پرەنسیپ و بەڵێنەکانی، وەها ساتوسەودای لەگەڵ دامەزراندنی حکومەت بکردایە و دوو پرۆژەی سیاسی کە گرنگیی چارەنووسسازیان بۆ ئاییندەی ژیانی سیاسیی کۆمەڵی ئێمە هەیە ، بکردنایەتە چەقی مشتومڕەکان ، نەک وەرگرتنی کاریکاتۆرییانەی هەندەک وەزارەت!
پرۆژەی مەرجە گریمانەییەکان :
1_ ملدانی پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ گێڕانەوەی دەستووری هەرێم بۆ پەرلەمان و هەموارکردنەوەی تەواوی ئەو بەند و بڕگانەی کە هەموارکردنەوەیان بە قازانجی خەڵک و بزووتنەوەی دیموکراتییە. ( لەم حاڵەتەدا، بەرەی گۆڕینی سیستێم هێز و لایەنی لە حیزبی گۆڕان بەهێزتری لەخۆ دەگرت و فراوانتر دەبوو )
2_ ئامادەییی پارتی بۆ دیسەنتراڵیزەکردنی دەستەڵاتەکانی سەرۆک ، هەڵبژاردنەوەی سەرۆک لە پەرلەماندا ، بە تەشریفاتکردنی پلە و پێگەی سەرۆک لە سیستێمی سەرۆکایەتی و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا ، بەشێکی ئەو مەرجانە بن کە پێکهێنانی حکومەت دوو سەد ڕۆژی تر دوا بخەن .
” گۆڕان ” بێ هیچ مەرجێکی بنەڕەتی کە لانیکەمی داخوازییەکانی گۆڕانخوازانی شەقام لەخۆی بگرێت، بەدوی بەشێکی کێکە چەورەکەی دەستەڵاتدا غار دەدات و دڵنیاشم کە دڵنیایە ” پارتی” هیچ شەریکێکی ڕاستەقینە لە دەستەڵاتدا قبووڵ ناکات! ئیدی کێ دەبێتە “پاشکۆ” و کێیش ” پێشکۆ ” ئەوە کێشەی من نییە و داهاتوویەکی نێزیک وەڵاممان دەداتەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت