کونجرینی : بزوتنەوەی گۆڕان لەبەردەم شکستدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کێشەی گەورەی یەکێتی لەدوو کابینەی پێشوودا ، لە نەبوونی دەسەڵاتی دوو وەزارەتی دارایی و پێشمەرگەدا بوو ، بابزاین گۆڕان چ دارعەسای زەمەنی پێیە ، بۆ ڕزگارکردنی بەڵێنەکانی ..
ئەم زەمەنە لەقسەو ڕەخنە ، بە هاتنە نێو حکومەتەوە کۆتایی دێت . ئیتر زەمەنی چاوەڕوانییە ، ئەوەی دوێنی بە خەڵکت دەوت ، بەیانی ڕووبەڕووی خۆت دەکرێتەوە . ئەمە خەڵاتی قەیران ، لەدوای قەیرانە .
ماوەی 22 ساڵە خەڵکی هەرێمی کوردستان ، لەگەڵ ئەزموونی حیزبەکانی کوردستاندا لەنێوان گەندەڵی و کەمووکوڕی و سیاسەتی هەڵەدا تاڵیی دەچێژن . بەرگەی کۆمەڵێک دروشمی بریقەداری بێ ئامانج ناگرن و . گۆڕان هەوێنی کۆمەڵێک دروشمە ، هەر لەئێستاوە هەڵەکان قەتماخە دەدەن .
1 / دروشمی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە .
تۆ سەیرکەن ئەزیزانی نیشتمان. وەزارەتی پێشمەرگە پێکهاتەی هێزی چەکداریی یەکێتی و پارتییە . ئەم هێزە ڕاستە ماندوەو بێ خزمەت و بێ پەروەردەی گیانی و جەستەیی و دەرونییە . بەڵام ئەم هێزە تائێستا بەشێکی زۆری لەکۆنتڕۆڵی پارتی و یەکێتیدایە . تائەم ساتە هیچ هێزێکی زێریڤانی و هێزی تایبەتی پارتی و یەکێتی لەژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتدا نین و وەک هێزی حیزبی هەڵسوکەوت دەکەن و ڕێنوێنی هیچ هێزێکی تر قبوڵ ناکەن . داماڵینی زێریڤان لە پارتی واتە ڕۆحکێشانی بنەماڵەی بارزانی و پارتییە . ئەم هێزە پارێزەری هەموو هەڵەوکەموکوڕی و تاوان و گەمە سیاسییەکانی ناوچەکەیە بۆ پارتی ، چۆن دێتە ژیر کۆنتڕۆڵی وەزارەتێکەوە سبەینێ پەرچەکرداری خۆکوشتنی پێ ئەنجام بدرێت ..
پارتی هێزی چەکداری لێ داماڵێت ، هۆزەکانی ڕێکان و بەرواری باڵاو مزوری ژورو ، هەروەها سورچی و هەرکی لەماوەی24 کاتژمێردا پێست و پەڕوپاڵیان لێ دادەماڵن . چۆن بەئاسانی کۆنتڕۆڵی ئەم هێزە ڕادەستی هێزێک دەکەن ، کار لەسەر لاواز بوونی بکات .
بنەماڵەی بازرانی لەپێناو شەهامەتی خۆیاندا ئەنجامیان داوە :
1/ تیرۆری سیاسی و کەسایەتی و نوسەر .
2 / هەراجی نیشتمانی و پەنابردن بۆ دوژمن ، هەرچوارگۆشەکەیان تاقیکردۆتەوە .
3 / چل ساڵ شەڕی ناوخۆ و چەندین قەسابخانەی وەک هەکاری و هەولێرو سەفین و قەندیل و شنۆ و پشتی دێرەلوک .
4 / بەتاڵانبردنی سەروەتی گشتی و بەکارهێنانی بۆ مەنفەعەتی حیزبی و بنەماڵەیی .
ئەم هێزە بەمێژوویەکەوە هاتوون ، هیچ یاساو ئیدیایەک ڕێگایان پێ نادادات ، خاوەنی هێزێکی بێ بڵانس و یاخی نەبن لەیاساو سیستەمە نوێکاندا . ئەمانە دەبێ هەمیشە لەو شوێنەدا ، کەناڕێکی و توندوتیژی و قەیرانی تیایە ، بژین . دەنا بەپێچەوانەوە دەکەونە بەر سزای ئاشتی و یاسایی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی .
لەیەکێک لەبەڵێنەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دا ، چاکسازییە لە هێزی پێشمەرگەدا. ئەمە پێهەڵگری ئەو هەنگاوانەن ، کەیەکێتی تیایدا سەرکەوتوو نەبوو . گۆڕان دەتوانێت لەبەردەم ئەم ئاستەمەدا دوو ستراتیژی هەبێت .
1 / بەپێی پڕۆتۆکۆڵێکی جیهانی و ناوچەیی بەئامادبوونی بنەماڵەی بارزانی ،بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ وەدەستخستنی وەزارەتی پێشمەرگە ، پەڕەیەکی نوێ لەبیرکردنەوەو ڕەفتاکردن ، بەپێی کۆمەڵێک خاڵی ماوە پێدراو . واتە بەڵێندان بەپارتی ، ئەوەی ئێوە کردوتانەو دەتانەوێت لەداهاتوودا بیکەن . وەزارەتی پێشمەرگە بەشێک نابێت لەڕووبەڕووبوونەوەی کاری پێشوترو داهاتووتان . بەڵکوو پارێزەری هەنگاوەکانتان دەبێت .
2 / گەر خاڵی یەکەم نەکات ، خاڵی دووەم کار بۆ کۆکردنەوەو خۆئامادەکردنی هێزێکی تۆکمەو چالاکی نیشتمانی بدات و ، تا لەو ڕێیەوە بەهێز ، هێزەکانی پارتی کۆنتڕۆڵ بکات . ئەمەش دووبارە بوونەووەی شەڕی ناوخۆیە ، بەڵام بەبەرگێکی یاسایی .
2 / چاکسازیی لە وەزارەتی دارایی دا .
ڕێکخستن و ئاشکراکردن و بۆکسکردنی داهاتی نەوت و گومرک و بودجەی کورد لەبەغداد ، دەستپێکی ئەو چاکسازییە ، کە بزوتنەوەی گۆران لەڕێی وەزارەتی داراییەوە ، دەخوازێت بەڵێنێکی تری بباتە سەر . ئەم پڕۆژەیە هێندەی چاکسازییەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ، بەربەست لەبەردەمیدایە . بەڵام دەکرێت لە ڕووی تەکنیک و هەنگاونان بەئاقاری دەستپێکردن ، وەکو وەزارەتی پێشمەرگە ئاسانتر بێت . چونکە کێشەکە پارەیە ، نەک بازنەی چارەنوس .
گومرکی ئیبراهیم خەلیل و حاجی هۆمەران و باشماخ و سەیرانبەند و سەرتەک و … هتد . وەک بەشێک لەداهاتی نیشتمانی دەکەوێتە بەر پڕۆژەی چاکسازی لە وەزارەتی دارایی . لەم بەشەدا گۆڕان گریمانەیە تا سنورێکی باش لەناوچەی سەوزدا دەتوانێت کۆنتڕۆلی تەواوی بەدەستەوەبگرێت . بەڵام لەناوچەی زەرددا ، پارتی بەهەمان ڕتمی پێشتر دەکەوێت کۆمەڵێک سینارۆ و دەستاودەست و پشتگوێخستن . گەر ئەم ڕووبەڕووە سنوردار بێت . گرنگ ئەوەیە ئیفلیجی هەنگاوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات ، تا ئەو سنورەی ڕووبەڕووی جەماوەرەکەی بکاتەوە لەوەی ئەمیش بەهەمان دەردی یەکێتی جگە لە دروشم واقعێک نابینرێت لە سیاسەتیدا .
وەزارەتی دارایی تەنها پێک نەهاتووە لە گومرک ، بەڵکوو پێکهاتەی دارایی وڵاتە . نەوت یەکێکە لەکۆڵەکە هەرە گرنگەکانی ئەم وەزارەتە . تا ئێستا خەڵک بە گۆڕانیشەوە نازانێت داهاتیی ئەم سەرمایە نیشتمانییە دەچێتە گیرفانی کێ ؟ . پارتی بێشەرمانەو بەبەرچاویی گۆرانیشەوە تائەم ساتە گەمە بەچارەنوسی ئەم داهاتە نیشتمانییە دەکات ، تۆ بڵێیت ئیتر بەهاتنی گۆڕان بۆ ناو حکومەت تموحەکانی پارتی لەتافکلایتی گۆڕاندا تا سەر لەچاوەڕوانی گڵۆپی سوردا بێت .. بۆ پارتی هێندە بێ ئەزموونە لەئاست سەرپێچی و شەڕێکی ناوخۆ و کودەتایەکی سپی و خوڵقێنەری ڕەوشێکی ناجۆر لەناوچەکەدا .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت