Abubakir-Caf1

ئەبوبەکر جاف : میتافیزیکیای ڕوداو .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دولوز ، لە لۆژیکی ماهیەتەوە بۆ ئۆنتۆلۆژیای ” مانا “
چەمکی دولوزی سەروکاری لە لە گەڵ روداودایە نەک ماهیەت ، ئەم پشتبەستنەی دولوز دەگەڕێتەوە بۆ ڕەواقییەکان و لایبنتس . چەمک جەستە نییە ، چەمک جیاوازە لە شتەکان و لەو دۆخەی شتەکان کە تێیدا کار لێک دەکەن ، وەک چۆن ڕودانی زەمانی و شوێنیشی نییە ، ئەوەی هەیە تەنیا دریژبونەوەی هێڵییە ، وزەیەکی نییە ، وە تەنیا چەماوەیە بە سەر پتەوییدا ، یا بە مانایەکی تر چەمانەوەیە بە سەر ئەو جیاوازیانەی لە پتەوییدان ” چەمک باسی ڕوداو دەکات نەک ماهیەت و شت ، ڕوداوێکی پوخت و بێگەردە ، بونە ” ئا لێرەوە ناچارین سەیری چەمکەکان بکەین وەک ڕوداوی پەتی و بێگەر ، زەمان وەک ڕوداو ببنین ، ئەویتر وەک رشوداو ببینین ، دەموچاوێک وەک ڕوداو ببینرێت.
هیچ پانتاییەکمان نییە بۆ قسەوباسکردن لە چەمک وەک بونێکی ڕاستەقینەیی ، چەمک تایبەتە بە دونیا مومکینەکان ، ئەو دونیایانەی کە مومکیناتە ، چەمک لە سەر شت پراوە ناکرێت ، چونکە کردەیەکی فکری و بیرکردنەوەیی تەواو بێگەردو پەتیە ، ئەگەر چی لە شتەکان و دۆخی شتەکانیشدا بەرجەستە ئەبێت ، چەمک گوزارشتکردنە لە ” ڤێرتوێل “” گریمانەیی ، گریمانەیی و ” ڤێرتوێلێک ” کە تەواو جیاوازە لە ئەگەرکراو شیمانەیی .
بۆ نمونە.کاتێک باس لە چۆلەکەیەک دەکرێت ، یان بمانەوێت چەمکیچکی تایبەت و دیاریکراو لە بارەی چۆلەکەیەکەوە دروستبکەین ، ئەگەر لە ڕێگەی جۆر و جنسەکەیەوە بێت ، ئەمە دەبێتە چەمکێکی گشتی ، لە لایەکی ترەوە دەتوانین چەمکیچکی ” دەگمەن و تاک و تەرایی: بۆ دروستبکەین ، کە باس لەو ڕوداو جوڵانە دەکات کە چۆلەکەکەی پێدا تێدەپەڕێت ، واتە بە پێی ڕەنگ و جولچەو هەلومەرج و …
ئینسان حەیوانێکی ئاقڵە ، ئەمە چەمکێکی گشتگیرو ئەبستراکتە ، زۆر شتمان لە بارەی حەقیقەتی ئینسانەوە پێ ناڵێت ، ئا لێرەوە پرس و پرسیاری ماهییەت لای دولوز هیچ گرنگییەکی نییە ، بە تایبەت ئەگەر ئەم ماهیەتە وەک شتێکی جێگیرو داکوتراو چەقبەستو تەماشا بکرێت . ئێمە دەگەین بە ماهییەتی شتێک ، واتە گەیشتن بە ئیدیالەکەی ، بە دەرچون و دەستپێکردندمان لە نا- ماهییەتەکەیەوە وەک ئەوەی لایبنتس کردی .
چەمک باس لە ڕوداو دەکات ، سەروکارو سەروپەیوەندی لە گەڵ ڕوداودایە ، تەنانەت هەرەمێکی جێگیرو دامەزراو دەبێت وەک ڕوداوێک مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت ، کەواتە چەمک گوزرشت کردنێک نییە لە ڕاستەقینەیی شتێک ، چەمک نا-جەستەییە ، چەمک جیاوازە لەو شتەی کە لە گەڵیدا کار لێک دەکەن. ڕوداوێک نا-جەستەیی ، نا- ماتریالی سەرەتاو کۆتایی نییە ، جیاوازە لە شتەکان و دۆخی شتەکان ، ئەگەر چی لە کارلێکردنیشدا بن لە ناویدا. بارهەڵگرێک نییە شتێکی لە خۆی بارکردبێت ، ئا لێرەوە لە ڕێگەی کردەوە مامەڵەی لە گەڵ دەکەین، نەک لە ڕێگەی ئاوەڵناو ێیفەتێکەوە . کردەی ” سور” جیاوازە لە سیفەت و ئاوەڵناوی “سور”. دولوز دیدگایەکی مێتۆدی شانۆیی هەیە ، ئەمەش واتە دورخستنەوەی پرسیاری ماهیەت ، وەستان لە سەر پرسیارگەلی تری وەک : کێ ؟ لە چی دۆخێکدا؟ چۆن؟ کەی . لە کوێ؟. ئۆبژێ چەمکێک ئەوە نییە کە بەرجەستەی دەکات یان کاری تێدا دەکات ، بەڵکو ئۆبژێی چەمکێک نادابڕاویی پێکهێنەرە گۆڕاوەکانێتی . بەم پێیە ، چەمێک مەرجەعێتێکی خودی هەیە ، واتە خۆی مەرجەعێتی خۆیەتی.چونەکە ئۆبژێ چەکێک ناوەوەی خۆیەتی ، لە ناو خۆیدایە نەک لە شتێکی دەرەکیدا ، یان لە ناو شتێکدا لە دەرەوە. بۆیە چمکێک بەو دانەبڕاوییە بێ ئەژمارو کۆتانەهاتووەی پێکهێنەرە گۆڕاوەکانی دیاریدەکرێت ، تێیدەپەڕێنێت ، بە خێراییەکەی نا کۆتاهاتوی سوڕانەوەیی ڕەهادا. چەمکەکان ” پانتایی و قەبارەی ڕەهان ، فۆرمگەلێک کە هیچ ئۆبژێیەکی تری نییە جگە لە دانەبڕاوی و پێکەوەبونی گۆڕاوە دیاریکراوەکان.
بەم مانایە دولوز مێتافیزیکیایەیکی نوێی دروستکرد . ئەویش ئۆنتۆلۆژیای لۆژیکی مانایە نەک لیژیکی ماهییەت . میتافیزیکیای دولوز،میتافیزیکیای ڕوداوە ، میتافیزیکیای ئەم دونیایەیە نەک دونیایەکی تر.
چەمک کردەی بیرکردنەوەیە ، ئەمەشە بە شوێنکەوتوویی ئەو پرسە فەلسەفییەی کە ، فەیلەسوفێک دایدەهێنێت ، نەوەکو بە شوێن پێ هەڵگرتنی شت و دۆخی شتێک. چەمک واقعییە بێ ئەوەی ئەکتوێل بێت ، ئیدیالییە بێ ئەوەی ئەبستراکت بێت. چەمک گوزارشت لە گریمانەیی دەکات ، ئەو گریمانکراوەی ناکەوێتە بەرانبەر واقع ، بەلچکو دەکەوێتە بەرانبەر ئەکتوێل. گریمانەیی و ڤێرتوێلی لە لایەکی تایبەتەوە واقعییە و وێک دیتەوە لە گەڵیدا. بەڵام ڤێرتوێلی هاوشێوە و هەمانوێنەیی ئەکتوێل نییە و لە گەڵی وێک نایەتەوە.
چەمک پێکەوەبون و بە یەکداچونێکی ناوەکی و دەرەکی هەیە ، ئۆبژێکەشی ” بابەتەکەی ” بەم دوو پیکەوەبون و یەکگیرییە دیاریدەکرێت ، بۆیە دەبێت بڵێن چەمکێک خود سەرچاوەیە ، خۆی سەرچاوەی خۆیەتی ” چەمک خۆی خۆی پێشنیاز دەکات ، وە هەر خۆی ئۆبژێی خۆی پێشنیاز دەکات ، ئەمەش لە هەمان ئەو کاتەی کە لە کردەی داهێنانی خۆیدایە ” لێرەوە دەڵێین چەم لە یەککاتدا ڕێژەیی و ڕەهایە ، ڕێژەییە بە پێی ئەو پێکهێنەرانەی پێکی دێنێت ، وە لە بەرانبەر ئەو پرسانەی وەلامی دەداتەوە ، وە لە بەارنبەر ئەو چەمکانەی پەیوەندی پێانەوە هەیەوە پەیوەندە پێیانەوە ، لە بەارنبەر ئەو ڕوتەختەی کە خۆی لە سەر بونیاد دەنێت . ڕەهایە لە ڕێگەی ئەوەی خۆی خۆی پێشنیاز دەکات ، وە لەوێدا ڕەهایە کە وشێنگەیەک دەنوێنێت ، یان لە ڕێگەی ئەو نواندنەوە کە ، لە سەر ڕوتەختی ئیمانانس هەیەتی، وە هەروەها رشەهایە لە بارەی ئەو چڕبون و چڕێیتییەی کە بۆ پێکهێنەرەکانی بەکاری دەخات.
بەم شێوەیە ، فەلسفە داهێنانێکی بەردەوام و نەبڕاوەی چەمکەکانە ، سیستەمی فەلسەفی سیستەمێکی کراوەیە . سیستەمێکی جوڵاوەو لە ئاسۆیەکی جوڵاودا دروست دەبێت . سەروکارو پەیوەندی بە هەلومەرج و ڕوداوەکانەوە هەیە نەک ماهییەت . چەمکێکی ڕاستەقینە ، ئەو چەمکەیە کە گوزارشت لە هەلومەرج و ڕوداوەکان دەکات نەک ماهییەتەکان .