بەهرۆز جەعفەر : فاشیۆنى گەمژەیی  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گلەیی لەوە دەرچووە ، وەک دەسەڵات تاڵانچى و بێدەربەست بیت ، وەک ئۆپۆزسیۆن هەلپەرست و موزایەدەچى بیت . بەڵکو لەڕاى خوا خەڵکە پێیان بڵێین : هەر هیچ نەبێت ئەم لایەنانە دوو موستەشار بگرن ، تافێرى هەڵبەستنى درۆیان بکات . درۆ وەک ئامرازێک بۆ مانەوە ، درۆ وەک فاشیۆنێک لەدامێنى مۆدێرنەدا بۆگەیشتن بە دەسەڵات . درۆگەلێک لەکوردستان ئەیبینین ، زۆر کەمەرشکێنە بۆ ئێمەومانان ، هەڵبەتە ڕۆژانە ئەم هەموو سیناریۆ و درۆیەى دەیکەن ، ئێمە بەکەرو ڕەشەوڵاخ تێگەشتوون . زۆر ناخۆشە بەرامبەرەکەت لەدەرەنجامى گەمژەیی خۆیەوە درۆت لەگەڵ بکات ، لەخۆشی وابێت : تۆ هەڵئەخەڵەتێنێ ..!. چەند ئازارێکى دەرونی ناخ هەژێنە بەم سادەییە درۆکردن ؟. ئەها .. جیهانى ئەمڕۆ تەختەى شانۆیە بۆ ئەهریمەنەکان ، بۆ پۆپۆڵیست و فاشیزمە رۆژهەڵاتیەکان ، بەڵام بە ستایلى بێ فکرو ئەندێشەى غەربییەوە . جیهانێک کە تا ڕاستى پێلاوەکەى لەپێ ئەکات ، درۆ چەندجار بەدەورى گۆى زەویدا ئەسوڕێتەوە .!!.
چوار ساڵ پێش ئێستا باڵاترین بەرپرسی ئەمنى یەکێتى ، کۆمپیوتەرو تەلەفۆنەکەى بردووم ، لەڕێگەى برادەرێکى نزیکى خۆمەوە بەپارە ئەو ئیشەیان پێکرد ، تائێستا لاى ئەوانەو ، ئەگەرچى دانیان پیانا کەئەمدەنەوە ، ئەگەر تاوانبارەکە ئازادبێت ، بەڵام هەرنەیاندامەوە.. دواى ئەوەش ساڵى پار ئەکاونت و پەیجەکانم هاککرا.
ئێستا جارێکى تر ، چەند دەستێکى ترى ( تائێستا نەزانراو ) کەوەک ئەوەى بەرامبەرەکانیشى وەک خۆى بەگەمژە بزانێت ، خەریکن (3) شت دەکەن :
یەکەم : لەڕێگەى بەزاندنى (security) کۆمپیوتەرەکەمەوە ، دێنە ناو کۆمپوتەرەکەوە ، تا ئەوەى تیایەتى بیبەن ، یان بیبینن. . چەندین جار زەنگى ئاگادارکەرەوە لێی داوە ، نامەى ئاگادارکەرەوەم بۆ هاتووە . بەڵام فەرموون ئەوە کۆمپیوتەرەکەى من ….!.
دووەم: چەندین جار هەوڵى هاککردنى فەیسبوکەکەکەیان داوم . ئەمڕۆکە 3 جار وایانکردووە . چەند عەیبە وابزانى خەڵک وەک خۆت بارگاوییە بە جەمسەرەکانى نەزانى و جەهالەت . عاقڵ بن ئاقڵ ..!.
سێهەم : لەڕێگەى چەند کچێکى بەناو مەغریبى و تونسییەوە ، کە هەموویان کوردن ، دەیانەوێ کامێرا بکەنەوە و ، خاڵى لاواز وەربگرن . ئەم کچانە لۆکەیشنیان کوردستانە ، هەیانە 6 هاوڕێی هەیە ، هەر شەشی خەڵکى نوسەرو دیارى کوردستانە .. هەیانە بەس من هاوڕێیم لەکوڕەى زەویدا !!!.
هەر بەبێ سوعبەت ، ئەگەر هەرلایەنێک ئەیەوێ ، بەخوا بەجدیمە خۆم پاسۆردو ئیمەیڵەکەى ئەدەمێ ، ئیتر واز لەم گەمژاندنە بهێنن . فەرموون هاکمان کەن ..!. بەجدیمە .. ئەوا هاکیشتان کردین …؟. یانى ئێوە بەم کارانە ناتوانن ڕێگە لەقسەکردنى ئێمە بگرن . ڕەنگە توانى بێتتان لەڕابردوودا ، تەحەکوم بەمیدیاى ئەهلییەوە بکەن ، تا هەندێک شت هەیە نەیڵێن ، هەندێک دەنگ و ڕەنگ هەیە نەهێڵن دەرکەون ، قوتابخانە نەبن بۆ هێنانە گۆى ڕەخنەى جدیی و کانتاویکردنى کۆمەڵگە . بەڵام ڕەگى ئێمە درێژو گۆشتیشمان تاڵە .
ئێمە ویستمان ، باسی چیمان کرد ، ئێوە چوون سەدان پەیج و خەڵکى هاککەرتان بەکرێگرت بۆچى .؟. ستەم و فاشیونى گەمژەیی ئەگەرچى دەمامک دەپۆشێت ، ڕێگەى تەکنیکى و تەکتیکاتى ئەمنى و دەوروونى و ئیعلامى دەگرێتەبەر . ئەگەرچى بڕێک جار دەتوانێت بۆماوەیەک بەردەوام بێت ، بەڵام بۆش هەربۆشە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت