Fayeq-gullpi-1

  بەهرۆز جەعفەر :  دیاردەى هێرشکردن بۆسەر فایەق گوڵپى  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نوسەرێکى باش ، ئەوکەسەیە کەزیاتر لەزمانێک ئەزانێت و ، باش شارەزاى مێژووى نیۆخۆیی و جیهانى و کاراکتەرەکانە ، هەڵناچێت ، بێلایەنانە دەبێتە نوێنەرى کەرەستەکانى بیرکردنەوەى خۆى ، بێ گوێدانە ژینگەى دەوروبەر ڕەخنە دەگرێت ، ئاگایی لەسەر واقیع و ئەم دونیایەى ئەمڕۆمان ، بەباگگراوەندێکى تیۆریییەوە ئەخاتە ڕوو .
هەستم کرد، هاوڕێمان مامۆستا عەتا قەرەداغى ، ئەو کەسە کرچ و کاڵەنییە ، کەلەوەها ساتێکدا ، لەسەر کەیسێک هى ئەوەنییە ، جارى خۆمانى پێوە سەرقاڵ بکەین ، چۆن قسەبکەیت لایەنێک دەیقۆزێتەوە ، ئەو لێی هەڵەداتێ ، بەتایبەتیش کاردانەوەى بۆ دیدوبۆچونەکانى دکتۆر فایەق گوڵپى .
گشت کەسێک ئەزانێت ، ئەگەر پۆخڵەواتى دەسەڵاتى سیاسیی نەبێت ، ئەم وەجهانەى خوازیارى ڕیفۆرمن لەکۆمەڵى کوردەواریدا، هى ئەوە نین ، ئەم هاتوهاوارەیان بۆ بکرێت . ئەگەر ” هەڤاڵ ئەبوبەکر ” لایوایە دکتۆر فایەق ئەوەندە دەنگى نەهێناوە ، تا موحاسەبەیان بکات ، زەحمەت نەبێت کاک نەوشیروانیش لەهەڵبژاردنى مەڵبەندەکانى (2006) دا ، لەکۆى (36) مەڵبەند ، تەنها (1) تاقە مەڵبەندى بردەوە ، ئەویش دوایی گەڕایەوە بۆ باڵەگشتیەکەو ، نەیتوانى یەک لەسەدى دەنگەکانیش بباتەوە ، ئەى بۆ ئێستا نەک موحاسەبەى یەکێتى هى هەموو لایەنەکان ئەکا ..؟. خۆئەگەر ئەم بارودۆخەى خەڵک نەبێت ، کەنەوشیروان مستەفا پارەى یەکێتى و ، کارگەى چیمەنتۆ و غازو نەوت و بودجەى هەرێمى تێکەڵکردووە ، لەگەڵ جۆرێک لەمیدیاى هێرشکەر و کاریزمایی خۆی ، ئەوا هەرزەکارى وا هەیە بەبێ گۆڕان ناتوانێت شروبێکیش بخواتەوە ، دەیان هەزار دەنگى مسۆگەر کردووە ، ئایا ڕەوایە بەم پێودانگە شتەکان بپێوین ؟. ئەگەر وابێت فایەق گوڵپى لایەنگرو نزیک لەپارتێکە ، کە شەقامى سالمى لەپارێزگاى سولەیمانى تێپەڕاندووە. ئەمڕۆ نەک لەباکورى کوردوستان و قەندیل ، بەڵکو تەحەکوم بەبەشێک لەسیاسەتەکانى ڕۆژهەڵاتی ناوینیشەوە ، ئەکا. بەنوێنەرایەتى کورد ، بۆیە ئەوە تاوانى کاندیدێک نییە ، بەقەد ئەوەى پەیوەندیی بەسروشتى ململانێی لایەنە سیاسییەکانەوە هەیە .
من و فایەق گوڵپى ، زۆر شت کۆمان ئەکاتەوە ، یەکێک لەوانە ، هەردوکمان بزوتنەوەى گۆڕان درۆى لەگەڵ کردوین ، لەوەختێکى سەیردا ، لەبەرئەوەى وتمان مرۆڤ ئەتوانێت لەگردى زەرگەتەش نەبێت ، ڕەخنە بگرێت ، وەک کەروێشک بەریان داین و ، تانجیەکانیان خستە شوێنمان ، لەبرى داواى لێبوردن ، جارناجارێک کۆڵێ هێرشیشمان ئەکەنە سەر .!. سەیرى ئەم جیاوازییانە بکەن :
* ئێمە چوین ، بۆ سەراى ئازادى ، جڵەو بەجۆشی خەڵک بەین ، ئەوان هاتن بۆ موزایەدەو خۆدەرخستن ، باشترین بەڵگەش ، دواى 7 ڕۆژ لەسەراى ئازادیی هاتمە دەرەوە ( بەفەرهەنگى ئەوان خۆمان فرۆشت !!) ، دکتۆریش وێڕاى ئەوەى لەمووچەى پەرلەمانتارییەکەى خۆشبوو ، هاتەدەرەوە ، کەچى ئەوان ئەمڕۆکە هەموویان سوارى دەنگى خەڵک بون و ، هەریەکەو بەناوى لایەنێکى ئۆپۆزسیۆنەوە ، خۆیان گەیاندە پەرلەمان . ئەوەش حاڵى سیستەمەکەیە کەوتیان دەیگۆڕین !.
* ئەوان داواکانى خەڵکیان فرۆشت بەدەسەڵات بەچەند وەزارەتێک و کۆبۆنەوەیەکى ژێر بەژێر ، هێشتا لەسەنگەرى شەقامدان ، کەچى ئێمە بەسروشتى خۆشمان ماوینەتەوە . هەر ئەهریمەنین .!!.
ئەو ڕۆژە بەسەرچوو ، ئیتر چەند موراهقێک لەملاو لاوە ، پەلامارى مانگەشەو بدەن ، بمانخنکێنن ، نەهێڵن دەنگمان بگاتە خەڵک. لەپڕێکا ئەوسا میدیاى ئەهلى پێى وتین: نوسینەکانتان لەمەولا داناگرین ؟؟ هاوڕێشمان بون ، عەیب و شورەیی فەرمانیان لەئۆپۆزسیۆن وەرگرتبو . ئەو ڕۆژە بەسەرچوو بەئارەزووى خۆتان جاش بکەن بە باش و ، باشیش بکەن بەجاش ..ئەوەى نەوشیروان بڵێ چاکە ، چاک بێت و ، ئەوەشی ئەم بزوتنەوەو میدیاکانى بڵێن خراپ ، ئەوا ئیبلیس و خائینە .. شتى وانییە . نى .. ئێمە (4) ساڵ پێش ئێستا یەکەم کەس بوین ، بەگژ ئەم ئەقڵیتەدا چوینەوە ، کە لوتکەى هاژووهوژى جەماوەرا بون ، ئێستا کەخەڵک لێتان گەشتووە بۆچى ئەتانقیڕاند ، دەنگمان دەیگاتێ چۆن ڕاستى بۆچونەکانى خۆمان بیرى خەڵک ناخەینەوە ؟. کەى ئیشى ڕۆشنبیرێک ، لەهیچ شۆڕشێکى ڕەق و نەرمدا ، لەمێژووى شۆڕشەکانى جیهاندا ، ئەوەبووە ببێت بەپارێزگارو پەرلەمانتار ؟. دیارە ئێمە حوشترى بیابان تێگەشتوون ، نەزانین ئەمە لێک بەینەوە !!. سەرۆکى پێشووى سەنیگال دەستى لەپۆستەکەى کێشایەوە ، دەیگوت : من شاعیرم.. شاعیر.. ئەرکەکەى خۆم پیرۆزترە . تێناگەم 17ى شوبات چ دەستکەوتێکى بۆخەڵک هەبووە ، وا هەندێک کاندید شانازى پێوە ئەکەن ، کە دە ڕۆژ دواى ئەوە بۆ وێنەگرتن هاتونەتە پێش ..!.
فایەق گوڵپى ، قەبرسانێک شەهیدو قوربانى ، دکتۆرى شاخ و شار ، پێشمەرگەو نوسەرو ڕەخنەگر ، دەیان جار کەوتۆتە بەرپەلامارى دەسەڵاتى خۆماڵى ، تا 17ى شوباتیش دەیگرن و دەیبەنە ئاسایش . خێرە هیچى نەوتووە ، چوار هەرزەکار لەملاولا بەر ببنە وێزەى کەسایەتى . ئەگەر جنیۆدان دەکەنە پێوەر تاخەڵکى پێ لەکەدار بکەن ، چ فەرقێکتان هەیە لەگەڵ دەسەڵاتى کوردى ؟ ئەوان دزن و ماڵى گشتیان لایە ، ئێوەش واتان کردووە. لەناوبیناى چاودێرى دارایی مەکۆى حزبتان داناوە .120 دۆنم زەویتان داگیرکردووە ، شۆفڵ و گرێدەرى پارێزگاتان خستۆتە خزمەتى خۆتان ، ئەوان درۆ دەکەن ، ئێوەش درۆ ، ئەوان دەیانەوێ خەڵک فریو بەن ، ئێوە خراپتر . ئەوان خۆتان واتەنى کۆیلەى حزبن ، ئیوەش هەمان شت ، ئەوان پیاوکوژن ، مێژووى سەرکردەکانى ئێوە خوێناوى و شەرمهێنەرترە .
لەئایندەیەکدا ، وتارێک لەژێر ناوى ” ئایا بەبەشدارى کردن لەدەسەڵات ، سیستەمى سیاسیی دەگۆڕێت”.. بە دیدێکى زانستى ، قانونى سیاسیی ، ئەو بارودۆخە ڕوون ئەکەمەوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت