عەتا قەرەداخی : لە نێوان پشێوی و سەقامگیریدا .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مرۆڤ بە سرووشتی ئەفریدە بوویەکە کەمتر سەقامگیری دەروونی بەخۆیەوە دەبینێت . سەقامگیری دەروونی بەرهەم و دەرهاوێشتەی دڵنیایی تەواو و گەیشتن بە حاڵەتی یەقینە . هەر ئەمەش وایکردووە مرۆڤی بڕوا پتەو بە ئایین و بەو چارەنووسەى لە ئایینەکاندا باسکراوە ، زیاتر هەست بە دڵنیایی بکات و دوور لە گومان و راڕایی و دڵەڕاوکێ بژی ، چونکە ئەو بە پێی ئەو بڕوایەی هەیەتی دەزانێت بەرەو کوێ دەڕوات و چارەنووسی بە کوێ دەگات . هەربۆیە ئەم جۆرە مرۆڤە نەک هەر لە بوونی خۆی و لە هەڵسوکەوت و رەفتارکردندا جۆرێک لە جێگیری پێوە دیارە ، بەڵکو ئاسۆیەکی روونیشی هەیە بۆ ئایندەو ئەگەر گومان و ترسێکیشی هەبێت لەبەرئەوەیە کە دەترسێت ئەرکە ئایینەیەکانی وەکو پێویست جێبەجێ نەکردبێت و ئەوەش دەشێ وای لێبکات بە جۆرێک لە گومانەوە سەیری خۆی بکات و بترسێت لەوەى کە ئەو پلە باڵایەی پێ رەوا نەبینرێت کە لە رۆحی باڵادا کە رۆحی ئیلاهیە بتوێتەوە. کە ئەمەش بەرزترین پلەى تەسەوفە . مرۆڤە دڵنیاکان یان ئەوانەى کە دەگەنە قۆناغی یەقین ئەوانەن کە لە نێوان ئەوان و رۆحی باڵادا هیچ دیوارێک نەماوە . لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئەگەر کۆی مرۆڤەکان بگەنە ئەو ئاستەی یەقین ئەوا مانای وایە کۆمەڵگەیەک پێکدێت کە دڵنیایی باڵی بەسەردا کێشا بێت . ئەوەش ئەو قۆناغەى ژیانی کۆمەڵایەتیە کە بە قۆناغی سەقامگیری ناودەبرێت ، ئەو قۆناغەش بە قۆناغی عیمرانی هەمەلایەن ناو دەبرێت ، کە مەبەست لەوەش بیناکردنە وەکو پرۆژەیەکی گشتگری مرۆیی و نامرۆیی.
ئەگەر بۆ تاکی بڕوادار گەیشتن بە دڵنیایی و یەقین سەقامگیری دەروونی بەرهەم بهێنێت و ئەوەش ئەو بارە بێت کە تاکەکەسی جێگیری تێدا بەرجەستە ببێت ، ئەوا بە گوێرەى کۆمەڵگە گەیشتن بە دەوڵەت و بە دەستهێنانی ئەو دامەزراوانەى کە توانای پاراستنی کۆی ئەندامانی کۆمەڵگەیان هەیە لە هەر مەترسیەک و بەرپرسیارێتی خۆیان لە دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە دڵنیایی بۆ کۆی کۆمەڵگە جێبەجێ بکەن ، ئەوە ئەو بارەیە کە تیایدا ترس لە ئایندە دەڕەوێتەوەو ئەو پشێوییە کۆمەڵایەتیەى کە دەبێتە فەزای گشتی ژیانی کۆمەڵایەتی کۆتایی دێت. کەواتە لێرەوە دەتوانین بڵێین سەقامگیری کۆمەڵگەو سەقامگیری کۆمەڵایەتی لە ئەنجامی رەوینەوەى مەترسیەکانی ئایندەو دڵنیابوون لە ئایندەو گەیشتن بە جۆرێک لە یەقین کە یەقینی مانەوەو پاراستنە بەرهەم دێت . لە هەر کۆمەڵگەیەکیشدا ئایندە تاریک و لەبەردەم تەمومژو مەترسیدا بێت نە سەقامگیری تاکەکەس و نە سەقامگیری کۆمەڵایەتی فەراهەم نابن . هەربەو پێیەش زەمینەى بنیادنان و عیمران بە هەموو رەهەندەکانیەوە زەمینەیەکی شلۆق و ناتەواو دەبێت . کەواتە لێرەدا دەپرسین ئایا کۆمەڵگەى کوردی بە تایبەتی لە باشووری کوردستاندا لەبارێکی سەقامگیردایە ؟ ئایا دڵنیایی لە ئایندە بووەتە فەزایەک کە کۆی تاکەکانی کۆمەڵگە هەستی پێ بکەن؟ ئایا تاکو ئێستا ئەو دامەزراوانەى کە دڵنیایی لە بوون و مانەوەو پاراستن فەراهەم دەکەن دامەزراون و بوونیان هەیە ؟ ئەگەر ئەو دامەزراوانە بوونیان نییە ئەی پێویستە چی بکرێت؟ ئایا پەشێوییە دەروونی و کۆمەڵایەتیەکانی نێو کۆمەڵگەى کوردی لەسەر ئاستی تاکە کەس و لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش بەرهەم و دەرهاوێشتەى چین؟ ئایا ژیانی حیزبایەتی و سیاسی لەو رووەوە چ رۆڵێکی بینیووەو دەبینێت ؟ ئایا دەشێ لەوەها بارێکدا هێمنی و لەوێشەوە سەقامگیری درووست ببێت؟ کە دیارە مەبەستمان لەو سەقامگیرییە کە بە شێوەیەکی سرووشتی تاکء کۆمەڵگە خۆیان پێی بگەن نەک ئەو سەقامگیرییەى کە هێز یان دەسەڵات بیسەپێنێت ؟ .
بێگومان لە رووی کۆمەڵناسیەوە سەقامگیرى کۆمەڵایەتی تەنیا لە کاتێکدا درووست دەبێت کە رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە باری وروژاندن و هەڵچوونی بەردەوامەوە بگوازرێتەوە بۆ بارێکی هێمن، ئەویش تەنیا لە بڵندبوون و گەیشتن بە دوا ئاستی خۆیدا جێبەجێ دەبێت کە پێی دەگوترێت بڵندبوونی رۆحی گشتی و گەیشتنی بە ئاستی گوزارشت لە خۆکردنی کە ئەویش تەنیا لە درووستکردنی دەوڵەتدا دەبێت. بەهەرحاڵ ناسەقامگیری ناوخۆی کۆمەڵگەى کوردستان لە دوو رووەوە سەرچاوە دەگرێت. یەکەم مانەوەى کۆمەڵگەى کوردی لە قۆناغی هەرزەکاری کۆمەڵگەدا . مەبەست لەم قسەیەش ئەوەیە کە ئەم کۆمەڵگەیە هەتا ئێستا لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتییەوە نەگەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنانی دەوڵەت چونکە گەیشتن بە ئاستی بەرهەمهێنانی دەوڵەت و بە کردەوەش درووستکردنی ئەو دامەزراوەیە لەسەر زەمینەى واقیع بریتیە لە قۆناغی کامڵبوون یان پێگەیشتنی کۆمەڵگە. لەم رووەوە تاکو ئێستا کۆمەڵگەی کوردی لە قۆناغی پێش پێگەیشتندایە کە قۆناغی هەرزەکاری کۆمەڵگەیە . دیارە هەرچۆن قۆناغی هەرزەکاری بە گوێرەى تاکەکەس قۆناغێکی ناجێگیرو پڕ لە جوڵەو پشێوییە ، بە هەمان شێوە قۆناغی هەرزەکاری کۆمەڵگەش قۆناغێکی ناجێگیرو پڕ لە هەڵبەزودابەزو پشێوییە . کە هۆکارەکەشی بێجگە لە پاڵنەرە ناوەکیەکان، نادڵنیایی و گومان و ترسە لە ئایندە . ئەمە بێجگە لە رۆحی وروژاوى گشتی کۆمەڵگە کە ئەویش تەنیا لە بڵندبوون و گەیشتن بە ئاستی رەهای گوزارشتکردن لە خۆی دەنیشێتەوەو دەکەوێتە بارێکی ئارامەوە کە وەکو پێشتر ئاماژەمان بۆ کرد ئەویش قۆناغی بەرهەمهێنانی دەوڵەتە.
دووەم هۆکاری پشێوی بەردەوام لە کۆمەڵگەى کوردیدا پشێوی پەیوەست بە قەیرانی تاکەکەسە کە مەبەست لەم قسەیەش پێنەگەیشتنی تاکەکەسی خاوەن شووناسە لەسەر ئاستی گشتی . لە کاتێکدا کە تاکەکەس نەبووبێتە کەسێتیەکی تەواوى لەسەر پێی خۆ راوەستاو کە هەموو بڕیارێکی خۆی، خۆی بیدات بە جۆرێک خۆی خاوەنی راستەقینەى خۆی بێت ، ئەوا ئەوی تاکەکەس بەردەوام لەبارێکی دەروونی و کۆمەڵایەتی ناجێگیرداو لە یاری و پەتپەتێنێکی بەردەوامدا دەبێت و هەمیشەش لەلایەک بەکار دەهێنرێت لەلایەکی ترەوە لاوازی بنیادی کەسێتیەکەى دەبێتە فەزایەکی گشتی و ئەوەش لە دوو رووەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت . یەکەمیان بە ئاسانی بەکاردەهێنرێت و ملی پێکەچ دەکرێت و ئەوەش دەبێتە زەمینەیەکی باش بۆ باڵادەستبوونی نوخبەیەکی دیار بەسەر کۆمەڵگەدا کە دەشێ نوخبەى سیاسی یان ئابووری یان ئایینی و رۆشنبیری بێت و کۆی کۆمەڵگەش بە ئارەزووی خۆیان بجوڵێنن و بەکاری بهێنن . لە ئاستی دووەمدا تاکەکەسی پشێو و لاوازو ناجێگیر هەمیشە ئامادەباشی هەیە بۆ هەڵچوون و درووستکردنی پشێوى فراوانتر کە دەشێ ببێتە پشێوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت کەلتووریش. هەمیشە لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا کە تاکەکەسی خاوەن شووناس پێنەگەیشتووە ، کۆمەڵگە لە بری ئەوەى لەسەر بنەمای چینایەتی دابەش ببێت ، زیاتر لەسەر بنەمای پەیوەستبوون بە دامەزراوەکانی پێش ئەو دامەزراوانەوە دابەش دەبێ کە پێیان دەگوترێت دامەزراوەى کۆمەڵ ، یان نەتەوەو نیشتیمان یان گەل . بەڵکو دابەشبوونەکان لەسەر بنەمای دەستەو گورپی خێڵ و عەشیرەت و مەزهەب و تەریقەت و حیزب و دەستەو گروپ و ناوچە دەبێت . کە هەریەکە لەم دامەزراوانەش کە زیاتر وەکو دامەزراوەی پێش کۆمەڵگەى مەدەنی سەیر دەکرێن ، هەر لە سرووشتی پێکهاتنیانەوە هەڵگری رۆح و بنەمای یەکتر قبوڵنەکردنن چونکە بە دیواری ئەستوور خۆیان لەوانی تر جیادەکەنەوەو برەو بەو بنەمایانە دەدەن کە خودی ئەم پێکهاتانەى لێبەرهەم دێت کە ئەویش بریتیە لە پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارو عەقڵ و ئایدیۆلۆجیای تەسک و داخراوی حیزبایەتی و مەزهەبی و ناوچەگەری ، کە ئەمانەش بەردەوام لەسەر ژێیە گرژەکانی سایکۆلۆجیای تاک و کۆ کاردەکەن کە ئەو جۆرە کارکردنەش بەردەوام بەرهەمهێنی گرژی و پشێوییە لە ناو کۆمەڵگەدا.
ئێستا بە ئاشکرا کۆمەڵگەى کوردی لەم بارەدا دەژی . لەلایەک نەگەیشتووەتە ئاستی بەرهەمهێنانی دەوڵەت هەتا ترس لە ئایندەو گومان و دلەڕاوکێ لەسەر ئاستی تاکەکەس و کۆمەڵایەتیش بەرەو لاوازبوون بچێت . لەلایەکی تریشەوە ئەگەر بە چاوی رەخنەوەو بە وردی سەیری کۆمەڵگەى کوردی بکەیت بە ئاشکرا هەست دەکەین و دەشبینیت کە چ دابەشبوونێکی ئاسۆیی لەسەر ئاستی ئەو دامەزراوە لۆکاڵیانە هەیەو چۆن ئەو دابەشبوونانە بەربەستن لەبەردەم یەکێتی و یەکبوونی نەتەوایەتی و نیشتیمانیداو چۆن لەرووی نەستی کۆمەڵایەتیەوە کۆمەڵگە بە پێی ئەو دامەزراوە لۆکاڵیانە دابەشبووەو بەچ شێوەیەکیش ئەو دەبەشبوونە بەردەوام مایەی پشێوییء ئاڵۆزی کۆمەڵایەتیە . هەربۆیە بەم بارە شلۆق و ناجێگیرەوە کە لە کوردستاندا هەیە، ئایندە بەردەوام لەبەردەم گوماندایە چونکە بەم بکەرە لۆکاڵی و دابەشبووانەوە کە بەردەوام تاکەکانی کۆمەڵگە بەو ئاراستەیە پەروەردە دەکەن کە ئاسۆیی بینینیان تەنیا ت سنووری بازنەى دامەزراوە لۆکاڵیەکەی خۆیان بڕبکات ، هەڵهێنانی هەنگاوی بەرەو ئایندەیەکی سەقامگیر کارێکی ئاسان نییە . بۆیە من وای بۆدەچم تەنیا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی هەمەلایەن و گشتگر دەتوانێت کۆمەڵگەى کوردی بگوازێـەوە بۆ قۆناغێک کە تیایدا سەقامگیری فەراهەم ببێت ، ئەویش بە هەڵوەشاندنەوەى کۆی ئەو دامەزراوە لۆکاڵیانەى کە ئێستا هەن و بە بەرهەمهێنانی عەقڵێک کە کۆمەڵگە وەکو یەکەیەکی یەکگرتوو سەیر بکات و زەمینەى پەروەردەى دیموکراتیانەى نەتەوەیی و نیشتیمانی بسازێنێت و ژێیە گرژەکانی پەروەردەى کۆمەڵایەتی و سیاسی ئێستا خاوبکاتەوەو بەوەش ئەو فەزا بارگاوی کراوە بە رق و کینەو سڕینەوەى یەکتر کۆتایی پێبهێنێت و لە شوێنیدا فەزایەکی هێمن درووست بکات کە تیایدا نموونەى باڵا نەتەوەو نیشتیمان و ئازادی و سەربەخۆیی بێت بە جۆرێک کە بوون و کەرامەتی هەموو تاکێک تیایدا پارێزراو بێت .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت