Andre-Comte

ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەی فەلسەفەو کێشە گه‌وره‌کانی ژیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینی :  فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل
دکتۆر کەمال میراودەلی له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی
چاپی ئینگلیزی : ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن William Hermann، له‌نده‌ن .

بابه‌تی پێنجه‌م :

زانـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــین

سروشتی دیاردەکان ناتوانرێ بەچاو بزانرێ : لۆکریتۆس Lucretius

زانین ئەوەیە کە بیربکەیتەوە چییە : زانین پێوەندییەکی تایبەتی هاوشێوەبوون ، هی لێکچوون ، هاوتەباییی لە نێوان عەقڵ و جیهاندا ، لە نێوان بکەر و بەرکاردا. بەم چەشنە ئێمە هاوڕێکانمان ، دراوسێکانمان ، ماڵەکانمان دەناسین . ئەوەی لە مێشکی ئێمەدایە کاتێ بیر لەو شتانە دەکەینەوە کەم یان زۆر هاوتەبایە لەگەڵ ئەو شتانەی لە واقیعدا هەن .
ئەو کەم یان زۆرە ئەوەیە کە زانین لە راستی رەها جیادەکاتەوە چونکە ئێمە دەشێ دەربارەی هاورێکانمان بە هەڵەدا بچین ، ئێمە ناتوانین هەموو شتێ دەربارەی دراوسێکانمان بزانین تەنانەت لە مالی خۆشماندا زۆر شت هەن کە دەشێ ئێمە لێیان ئاگادار نەبین . ئایا مشك و مێرووی تێدایە ، ئایا لەسەر گەنجینەیەکی شاراوە دروست کراوە ؟ شتێك نیییه‌ کە زانین رەها بێ ، زانین بێ کۆتایی بێ ، ئایا ئێمە گەڕەکەکەی خۆمان دەناسین ؟ بێگومان دەزانین بەڵام بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی رەها بیناسین دەبێ بتوانین وەسفی هەر شەقامێکی بچووك تێیدا بکەین ، هەر بینایەك لەسەر هەر شەقامێك ، هەر ئەپارتمانێك لەهەر بینایەکدا هەر دانە خۆڵێ له‌ هه‌ر کون و قوژبنێ بێ ، چۆن ئێمە دەتوانین ئەمە بکەین؟ ئەوە پێویستی بە زانینی تەواو و زیرەکی بێ سنوور هەیە ، هیچ کامیان بەرتوانا ( مومکین ) نین .
ئەمە بەهەرحاڵ مانای ئەوە نیییه‌ کە ئێمە هیچ نازانین ، گەر وابوایە چۆن دەمانزانی بزانین زانین چییە ، نەزانین چیە ؟
هەردوو پرسیارەکەی مۆنتاین کەهی ماکەsubstance (( چی دەزانم ))! هی کانت کە هی توانا سازییە ، چی دەزانم ، چۆن و لە چ هەلومەرجێکدا ، ئەو ئایدیایە گریمان دەکەن کە بەلای کەمەوە گەیشتن بە راستی بەرتوانایە گەر وا نەبوایە چۆن ئێمە دەمانتوانی عەقڵ بەکاربێنین و نرخی فەلسەفە چ دەبوو ؟!
وابوو ( ریالتی ) ئەوەیە کە هەیە ، وابوویی بوونە : یان هی ئەوەی کە دەقاو دەق هاوتەبایە لەگەڵ ئەوەی هەیە ، وابووی زانین : veritas cognoscendi ، لەبەر ئەوەیە کە زانین خۆی ناتوانرێ راستی رەها بێ چونکە ئێمە قەت ناتوانین بەشێوەیەکی رەها بزانین چییە . هەموو ئەوەی هەیە چییە ؟ ئێمە دەتوانین ئەوەی بزانین هەر شتێ بێ تەنیا لە رێگەی هەستەکانمانەوە بیزانین ، لە ڕێگای عەقڵمانەوە ، لە رێگای کۆزانەکانمانەوە ، چۆن دەکرێ شتێکی ئاوا وەك زانین بێ نێوانچی هەبێ ؟ لە کاتێکدا زانین خۆی بە پێناسە نێوانچییە ؟ کەمترین بیری ئێمە شوێنپەنجەی جەستەمانی پێوە هەیە ، هی مێشکمان ، هی ئاڵۆزکاریی بێبڕانەوەی وابوون .
بەڕای مۆنتاین : چاوی مرۆڤ تەنیا دەتوانێ شتەکان بەپێی ئەو فۆرمانە ببینێ کە دەیانزانێ ، ئێمە تەنیا دەتوانین بیرێکیان دەربارە دروست بکەین وەك کانت لە رێگای جۆرەکانی ( کەتیگۆرەکانی ) تێگەیشتنەوە نیشانی داوە . چاوی جیاواز دەشێ دیمه‌نی ، هوشێکی جیاوازییان لێ بەدەست بێنێ . مێشکێکی تر دەشێ ماتماتیکێکی جیاواز بنەخشێنێ ، فیزیایەکی جیاواز و بایەلۆجییەکی جیاواز ، ئێمە چۆن دەتوانین شتەکان بناسین وەك هەن لە خۆیاندا مادام ناسینی شت هەموو کاتێ مانای سەرنجدانێتی ، یان وەك چۆن بۆ ئێمە دەردەکەوێ ئاوا بیری لێ بکەینەوە .
ئێمە دەروازەیەکی راستەوخۆمان بۆ گەیشتن بە وابوون نیییه ‌، ( ئێمە تەنیا لە رێگای نێتوانچێتی هەستەکانمانەوە ، عەقڵمانەوە ، هۆکارەکانی سەرنجدان و پێوان و کۆزانەکانمانەوە ، ئایدیاکانمانەوە ، دەتوانین بزانین هیچ پێگەیشتنێکی رەها بە رەها نیییه‌ ، هیچ ئاسۆیەکی بێ کۆتایی ، بێکۆتایمان نیییه ‌؟
ئێمە چۆن دەتوانین ئەو شتانە بە تەواوی بزانین ئێمە هەر بەو هۆکارانەی بۆ سەرنجدان و تێگەیشتنی وابوو بەکاریان دێنین ، لێیان جیابووینەتەوە ؟ چۆن دەتوانین بە شێوەیەکی رەها بزانین ؟! ئێمە تەنیا دەتوانین چەند باسێکی دیاریکراو بزانین ، چۆن هەر بابەتێك هەرچەندە زانستیش بێ دەتوانێ تەواو بابەتیی بێ ؟!
لەبەر ئەوە زانین و وابوون دوو کۆزانی زۆر جیاوازن بەڵام هەردوکیشیان پێکەوە دەوەستن ، هیچ زانینێك راستی نیییه‌ ، بەڵام ئەو زانینەش کە راستی تێدا نەبێ هیچی تر زانین نییه‌ دەشێ شێتیی ، هەڵە ، وەهم بێ . هیچ زانینێك رەها نیییه‌ بەڵام زانینیشە نەك باوه‌ڕ یان بیروڕا – هه‌ر نه‌بێ له‌ به‌ر ئه‌و به‌شه‌ی ره‌ها ( موتڵەق ) کە تێیدایە و کەوای لێدەکا بەرتوانا بێ .
خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆردا وەك نموونە وەرگرە ، کەس نیییه‌ ئەمە بە شێوەی رەها تەواو ، پێرفێکت بزانێ ، هێشتا ئێمە دەزانین کە زەوی دەسوڕێتەوە و لەناو خوله‌کدا دەسووڕێتەوە . تێڕوانەکانی کۆپەرنیکۆس و نیوتن ، هەرچەندە ڕێژه‌ییش بن ( لەبەر ئەوەی تێڕوانگەن ) راستر و یەقینترن – لەبەر ئەوە رەهاترن – لە تێروانگەکانی هیپارکوس یان پتۆلیمی Hipparcus, Ptolemy هەر بەم چەشنە تیۆری رێژەیی رەهاترە ، لە میکانیکییە celestial ئاسمانیییه‌کانی سەردەمی هەژدە کە گرتوونییه‌ خۆی بەڵام ئەمەیان ناتوانێ ئەویان بگرێتە خۆی .
ئەو ڕاستییەی کە هەموو زانینێك ڕێژەییە ، ئەوە ناگەیەنێ کە هەموو زانینێك بەهای وەك یەکی هەیە … پێشکەوتن لە نیوتن ـ‌ەوە بۆ ئانیشتاین هێندەی پێشکەوتن لە پتۆلیمی‌یەوە بۆ ( نیوتن) ، ڕاستییەکە بەرپەرچ نادرێتەوە .
لەبەر ئەوەیە ئێمە مێژووی ڕاستییەکانمان هەیە و لەبەر ئەوەیە کە مێژوو ، هەم ئاسایاریی ( نۆرمیاریی) یه‌ Normative ، هەم بۆ دواوە گەڕانەوەی بۆ نییە . چونکە ئێمە کاتێ تێدەگەین و ڕەتدەکەینەوە ، ئێمە ناگەڕێینەوە سەر ئەو هەڵانەی کە لێیان حاڵی بووین و ڕەتمان کردوونەوە … ئەمە ئەو تێنەگەیشتنەیە کە باچیلارد و پۆپەر Bachelard and Popper هەر یەکێ بەپێی مۆدێلکاری خۆی ، ڕوونی دەکەنەوە . هیچ زانستێ ناسێنەر نییە definitive، بەڵام گەر وەك باچیلارد دەڵێ : مێژووی زانستەکان لە هەموو مێژووەکانی دیکە کەمتر شایانی بەرەواژووکردنەوەیە ، ئەوە لەبەر ئەوەیە کەلێرەدا پێشکەوتن سەلمێندراوە و دەسەلمێندرێ. ڕاستی (( پێشکەوتن داینامیکی کەلتوورە زانستییەکانە )) هیچ تێروانگەیەك بە شێوەیەکی ڕەها ڕاست نییە ، نە بە شێوەیەکی ڕەها ڕاستییەکەی دەسەلمێنرێ . بەڵام لە حاڵەتی تێروانگەی زانستیدا دەبێ ئەوە بەرتوانابێ کە لە ڕێگای ئەزموونگەرییەوە ڕاستییەکەی نیشان بدەین ، تاقی بکەینەوە ، ئەگینا ، وەك پۆپەر دەڵێ ، دەبێ بە درۆی بخەینەوە . بە واتایەکی تر وەك شتێکی ساختە ، کە بەڕاستی وایە ، پەردەی لەسەر هەڵماڵین . ئەو تێروانگانەی لە تاقیکردنەوەی ئاوا دەردەچن . جێگەی ئەوانە دەگرنەوە کە فەشەل دێنن ، کە دەیانگرنە خۆیان و باشتریان دەکەن . هەر وەك بەگوێرەی هەڵبژاردنی سروشتی تێروانگەکان بێ ( بەمانای داروینەکەی هەڵبژاردنی سروشتی توخمەکان ) کە لەو پرۆسەدا زانستەکان بۆ پێشەوە دەچن ، نەك لە یەقینەوە بۆ یەقین ، وەك هەندێ جار وا بیردەکەینەوە ، بەڵکو لە ڕێگای ( تێگەیشتن و لەناودانی گەورەتر ، وەك جین کاڤیلس Lean Cavallies دەڵێت . یان وەك پۆپەر دەری دەبڕێ (( گریمان کردن و فتکردنەوە)). بەم مانایە ، تێڕوانینە زانستییەکان هەمیشە پارچەیین ، partial ، کاتیین ، ڕێژەیین ، گەرچی ئەوە ئەو مانایەمان ناداتێ ڕەتیان بکەینەوە ، یان کە لە جیاتی ئەوان پەنابەرینە بەر خەرافات و نەزانین ، کە ئەمە ڕەتکردنەوەی زانین خۆی دەبێ . پێشکەوتنی زانست ئەوەندە گەورەیە ، ئەوەندە نایەتە ڕەتکردنەوە ، کە هەم سروشتی ڕێژەیی تێروانگەکان دەسەلمێنێ ( زانستێکی ڕەها ناتوانێ پێشبکەوێ ) و هەم ڕاستییەکه‌یان ، هەرچەندە به‌سنوورداربێ ( زانستێ کە بەشێکی ڕاستی تێدا نەبێ ناتوانێ پێشبکەوێ و نابێ بە زانست ).
بەڵام ئێمە دەبێ ئاگامان لەوە بێ زانین ، و ( زانست ) تێکەڵ نەکەین . نە یەکێکیان بۆ ئەوی دی کەموت ( کەم و کورت ) بکەینەوە . ئیمە هەزار و یەك شت دەزانین ، ناونیشان ، ڕۆژی لەدایکبوونی دراوسێکان ، هاوڕێکان ، تامی شتەکان کە زانست ئێمەی فێر کردووە و ناتوانێ بیانسەلمێنێ . دەركپێکردن خۆی زانینە ، ئەزموون زانینە ، هەرچەندە تەماویش بێ ( ئەوەی سپینۆزا دەڵێ : زانینی جۆری یەکەم ) ، بەبێ ئەو زانینانە هەموو زانستەکان دەبنە مەحاڵ. (( ڕاستی زانستی )) مانا دووبارە کردنەوە ( تۆتۆلۆجی) نییە : هەندێ ڕاستی هەن کە زانست نیین ، لەبەر ئەوە تێڕوانگەی زانستی هەن کە ڕۆژێك بۆمان دەردەکەوێ ئەوانە ڕاست نین.
کەسێ کە داوای لێ دەکرێ لە دادگادا شایەتی بدات ، داوای لێناکرێ کە ئەمە یان ئەو ڕاستییە بەشێوەیەکی زانستی بسەلمێنێ ، بەڵکو تەنیا ئەوە بڵێ کە باوەڕی وایە ڕاستە ، یان باشە ، کە دەیزانێ . ئایا دەشێ ئەوە هەڵە بێ ؟ بێ گومان . لەبەر ئەوەیە کە هەمیشە باشتر وایە چەندین شایەتمان هەبێ . بەڵام بوونی چەند شایەت تەنیا ئەو کاتە مانای دەبێ کە ئیمە گریمانی بوونی زانستیمان کردبێ ، بەبێ ئەوە دادگەریی نابێ . ئەگەر ئێمە دەستمان بەڕاستی ڕانەگەیشتبا ، یان ئەگەر ڕاستی ، هەر وا بەسادەیی ، نەبایە ، ئەو کات چ جیاوازییەك لە نێوان تۆمەتبار و بێگوناهدا دەبوو ؟! لەنێوان شایەتیدان و شایەتیدانی درۆ ؟ لە نێوان سەلماندنی دادپەروەی و فێڵکردن لە دادپەروەریی ؟ ئەگەر ڕاستی نەبایە ، ئێمە چۆن بەرامبەر ساختەچییان و درۆزنان و ڕاستی شێرەوان دەوەستین؟
کلیلی پرسیارەکە ئەوە نیییه‌ کە گومانیاریی و سۆفیستری تێکەڵ کەین . کە تۆ کەسێکی گومانیار بیت ، وەك مۆنتاین و هیوم وابوون ، مانای وایە تۆ باوەڕت وایە کە هیچ شتێ یەقین نییە ، و هۆی هەرە چاکمان هەن کە باوەڕمان وابێ کە ئەمە حاڵەکەیە . ئێمە دەڵیین شتێك یەقینە کە نەتوانین گومانی لێبکەین . بەڵام چۆن کەسێك ‘ بێتوانایی ‘ دەسەلمێنێ ؟ بۆ چەندین سەدە خەڵك یەقین بوون کە زەوی لەجێی خۆی وەستاوە : ئەم باوەڕ و یەقینەی خەڵك ڕێگەی لە سووڕانەوەی زەوی نەگرت . یەقین ئەو زانینەیە کە سەلمێندراوە . بەڵام بەڵگەکانمان هەر هێندەی پڕکردنەوەی عەقڵی ئیمە جێی متمانەن . بەڵام چۆن دەتوانین بیسەلمێنین کە لێکدانەوەی عەقڵی ئێمە جێی متمانەیە مادام ئێمە تەنیا بە بەکارهینانی عەقڵمان دەتوانین ئەمە بکەین ؟
مۆنتاین دەنووسێ : ئیمە تەنیا ڕواڵەتی بابەتەکان تۆمار دەکەین . بۆ ئەوەی حوکمیان بەسەردا بدەین ، ئێمە پێویستیمان بە ئامرازێکی ئەو حوکمدانەیە بۆ ئەوەی ڕاستی ئەو ئامرازە تاقی بکەینەوە ، پێویستمان بە ئامرازێك هەیە ، ئێمە بە دەوری جوغزەکاندا دەخولێینەوە.
ئەمەیە بازنەی زانین ، کە وای لێدەکا نەتوانێ ئیدی واگۆی ( ئیدیعای) بوون بە ڕەها بکات . چۆن ئەو جوغزە دەشکێنین ؟ ئێمە تەنیا لە ڕێگای عەقڵ یان ئەزموونەوە دەتوانین ئەمە بکەین ، بەڵام هیچیان بەس نین . ئەزموون چونکە پشت بە هەستەکان دەبەستێ . عەقڵ چونکە پشت بەخۆی دەبەستێ . مۆنتاین زیاتر دەڵێ (( هەستەکان خۆیان چونکە پڕن لە نادڵنیایی ناتوانن پرسی ناکۆکییەکانمان چارەسەر بکەن )) کەوایە دەبێ هەر عەقڵ بێ . بەڵام هیچ عەقڵێ دانامەزرێ بەعەقڵێکی تر نەبێ . ئیمە بەرەو بێکۆتایی دەکشێنەوە . بۆیە ئیمە ئه‌و هەڵبژێرەمان هەیە لە نێوان جوغزی بۆشی زانیندا یان زنجیرەیەکی بێ ژوماری هەنگاوی بەرەودا : ئەنجامەکە ته‌له‌ی 22 یه ‌. هەر ئەو شتانەی کەوا دەکەن زانین بەرتوانا بێ ، هەستەکان ، عەقڵ ، هەڵسه‌نگاندن ، وامان لێدەکەن دامەزراندنی ڕاستی بۆ ئیمە مەحاڵ بێ .
یۆلیوس لیگوایەر بەدیهییەکی سەرنجراکێشی هەیە : کاتێ ئێمە بە هەموو هەناسەیەکی بوونمانەوە باوەڕ دێنین کە گەیشتووینەتە حەقیقەت ، پێوسیتە ئێمە بزانین کە باوەڕمان هەیه‌ ، بەڵام باوەڕمان وانەبێ کە دەزانین . دەسا بژی هیوم ؟ بژی قبوڵکردنی بیروڕای جیاواز .
هەروەها مارسیل کۆنچە شتێکی سەرنجڕاکێش دەربارەی مۆنتاین دەڵێ : بێگومان ئێمە هەندێ یەقینمان هەن ، زۆریان لەوە دەچن هەر لەگەڵ لەدایکبوون مافی ئیمە بن ، ( ئەو یەقینانەی کە بەشێوەیەکی ڕەها ڕەوان‌ یان پاکانەیان هەیە ).
بەڵام ئەو یەقینەی کە ئەوانە وەك ماف یەقینن ، لە یەقینی ڕاستی ( فاکت) زیاتر نییە ، لەبەر ئەوە ئێمە دەبێ بگەینە ئەو ئاکامە کە هەرە چەسپاوترینی یەقینەکان ، به‌خشتی قسە بکەین ، هیچ شتێ ناسەلمێنن : هیچ بەڵگەیەك بەشێوەیەکی ڕەها دوا قسە نییە .
ئایا ئەوە مانای وایە کە ئێمە بیرکردنەوە واز لێبێنین ؟ هەرگیز نا . (( ئەوە بەرعەقڵە کە بەڵگەی ڕاست هەبن )) پاسکاڵ تێبینی دەکا ، (( بەڵام یەقین نییە )). لەئاکامدا ناتوانرێ ئەوە بسەلمێندرێ ، مادام هەموو بەڵگەیەك پشتگیریمان دەکات . ئەو پێشدراوه‌ (( بەڵگەی ڕاست هەیە ))، ناتوانرێ بسەلمێندرێ . ئەو پێشدراوه‌ preposition (( ماتماتیك وابوونی بابەتێ ئاشکرا دەکا ، ناتوانرێ بەشێوەیەکی ماتماتیکی پیشان بدرێ . پیثۆتارس (( زانستە ئەزموونیییه‌کان وا بوونی بابەتی دەردەخەن ))، ناتوانرێ بە ئەزموون بسەلمێندرێ . بەڵام ئەمە ڕێگامان لێناگرێ ماتماتیك ، فیزیك یان بایۆلۆجی دیراسە بکەین ، نەڕێگەی ئەوەشمان لێدەگرێ باوەڕمان بەوەبێ کە بەڵگە و ئەزموون لە بیروڕا بەنرخترن . ئەو ڕاستییەی کە هەموو شتێ نایەقینە ، هۆیەك نییە بۆ ئەوەی ئێمە واز لە گەڕان بەدوای ڕاستیدا بێنین، مادام ئەوەش نایەقینە کە هەموو شتێ نایەقینە ، وەك پاسکاڵ دوایی تێبینی کرد ، ئەو ڕاستییەیه‌ کە مانای وایە کە گومانیارەکان ڕاستن ، گەرچی ناتوانن ئەو ڕاستییە بسەلمێنین . هەر بژی گومانیاریی و مۆنتاین ! گومانیاریی دژی عەقڵ نییە . بەڵکو بریتییە لە جۆرێ لە عەقڵانیییه‌تی ئاشکرا کە گەیەندراوەتە ئەنجامە لۆجیکییەکەی بۆ ئەو خاڵەی کە عەقڵ بە حوکمی وردەکاری بەهێزی خۆی ، دەگاتە ئەو ئاستەی گومان لە یەقینە دیارەکانی خۆی بکات . ئاخر ، چ بەڵگەیەك لەو شتانەدا هەیە کە تەنیا وەك ڕەواڵەت بیانزانین ؟
ئێمە ناتوانین دەربارەی زانین بڵێین : هەر کەس بەشی خۆی ، گەر وامان کرد ، ئەوا هەرگیز ڕاستی نابێ مادام تەنیا ئەو کاتە ڕاستیی دەبێ کە گەردوونیی بێ . بۆ نموونە # دەشێ تۆ تاقە کەسێك بی لە هەموو دنیادا کە دەزانی تۆ لەم لەحزەیەدا ئەم کتێبە دەخوێنیتەوە . لەگەڵ ئەمەشدا ، ئەمە ڕاستییە ؛ هیچ کەسێ لەهەر شوێن و کاتێ بژی ناتوانێ بێزانی ( ئینکاری ) ئەوە بکا مەگەر خۆی بە نەزان یا درۆزن دەربخا . بۆیە گەردوونیی کایەی بیرەکانە ، وەك ئەلەین تێبینی کردووە : ئەمەیه‌ کەوا دەکا ئێمە هەموومان بەرامبەر ڕاستیی یەکسان بین .
ڕاستی چۆنی پێی بڵێین وا ناکا : بۆیە ئازادە ، بۆیە ئێمە ئازاد دەکا .
بێگومان : ئەوە مەحاڵە ئەوە بسەلمێنین کە سۆفیستەکان هەڵەن ( مادام هەموو بەڵگەیەك گریمانی بوونی ئایدیای ڕاستی دەکا )؛ بەڵام ئەو بەرعەقڵییەی کە ئەوان دەشێ ڕاست بن ، شتێکە کە ئێمە تەنانەت ناتوانین بەشێوەیەکی هاوتەبا گوزارشتی لێ بکەین . گەر شتێ بەناوی ڕاستی نەبێ ، ئەو فاکتەی کەهیچ شتێ نییە ڕاست بێ ، خۆی ڕاست دەردەچێ . ئەگەر وەك نیچە دەڵێ : هەموو شتێ ناڕاست بێ ، ئەوە ناڕاست دەبێ کە هەموو شتێ ناڕاستە . لە مەدا ، سۆفیستری ، بەپێچەوانەی گومانیارییەوە ، بیراوەژووە ( پەرەدۆکسیکەکە ) ، و وەك فەلسەفەی خۆ ڕووخێنەر . ڕاستە سۆفیستەکان گوێ نادەنە ئەم شتانە . پێکناکۆکی ( کۆنترەدیکشن ) چییە ؟ فەلسەفە چ بایەخێکی هەیە ؟ بەڵام فەیلەسوفان لە زەمانی سۆکراتەوە باوەڕیان وایە کە ئەم شتانە بایەخیان هەیە . ئەوان هۆی خۆیان بۆ ئەمە هەیە کە : عەقڵ و خۆشەویستی ڕاستی خۆیەتی . گەر هیچ شتێ ڕاست نەبێ ئەوە دەتوانین بیر لە هەر شتێ بکەینەوە ، کە بۆ سۆفیستەکان لە بار بێ ، بەڵام بیرکردنەوە خۆی هیچی دی بەرتوانا نابێ : ئەمەش بۆ فەلسەفە ، شتێکی کوشندەیە . ئەوەی من پێی دەڵێم سۆفیزم هەر فۆرمێکی بیرکردنەوەیە کە پەنا دەباتە هەر شتێکی تر جگە لەوەی کە وەك ڕاستی دەردەکەوێ ، یان کە راستی ناچار دەکا خۆی بەدەست هەر شتێکی ترەوە بدات خۆی نەبێ ( خۆبەدەستەوەدانی دەسەڵات ، بەرژەوەندی بەکارخراو ، ئارەزوو ، ئایدیۆلۆجی ).
لە تێروانگەدا زانین ئێمە لە خۆبەدەستەوەدان دەپارێزێ ، لە کردەوەدا ئەوە ڕاستگۆیی ئەمانەتکارییە چونکە گەر هیچ شتێ یان راست یان چەوت نەبێ هیچ جیاوازییەك لە نێوان زانین و نەزانیندا نابێ نە لە نێوان ئەمانەتداری و نا ئەمانەتداریدا ، گەر هەموو شتێ درۆبێ هەموو شتێ روخسەت پێدراوە : بەدرۆ خستنەوەی ئەزموون و بەڵگەکان مادام هیچیان راستەقینە نین ، راستکردنەوەی خەرافات دژی زانست ( مادام راستییەك نابێ لێکیان جیابکاتەوە ) بە تاوانبار دەرچوونی کەسانی بێگوناه مادام جیاوازیەکی گرنگ لە نێوان شایەتدانی ڕاست و درۆدا نامێنێ ، زۆربەی ڕاستییە دامەزراوەکانی مێژوو بێزار دەکرێن چونکە وەك هەموو شتەکانی دی درۆن ، ئەنجامی هیچ هەڵبژاردنێك بە ڕاست قبوڵ ناکرێ ( مادام ئەنجامەکان تەنیا ئەو کاتە راست دەبن کە بە ڕاستی ئەنجامەکان بزانین و … هتد.
مەترسییەکانی ئەم بۆچوونە ئاشکران ، ئەگەر بەرتوانا بێ بیر لەهەر شتێ بکەینەوە ، ئەوە بەرعەقلیش دەبێ هەر شتێ بکەین ، سۆفیستری بەرەو عەدەمییەت ( ناهێڵیزم ) مان دەبێ ، ناهێلیزم بەرەو بەربەریمان دەبا . ئەم ئاکامەیە کە ئەو دامێنە رۆحی و شارستانیانە بە زانین دەبەخشێ ‘
کانت دەپرسێ : ڕۆشنگەریی چییە ؟!
وەڵام دەداتەوە : مرۆڤ کە لە بچووکی خۆی دێتە دەرەوە .
ئێمە دەتوانین لە ڕێگای زانین ـەوە بۆ ئەمە زیاد بکەین : بوێرە بزانی !! کەوایە دروشمی رۆشنگەری ئەوەیە ئازایەتی ئەوەت هەبێ کە تێگەیشتنی خۆت بەکاربێنی بەبێ ئەخلاق پێفرۆشتن ( زانین مانای ئەوە نیییه‌ کە حوکمی کەسانی دی بدەی هەموو زانینێك ئەخلاقیات فێری ئێمە دەکات بەبێ ئەو یان دژ بە ئەو هیچ ئەخلاقیاتێك بەرتوانا نابێ .)
لەبەر ئەوەیە کە ئێمە دەبێ عەوداڵی ڕاستی بین وەك ئەفلاتون دەڵێ : بە هەموو رۆحمانەوە ، خۆ رەنگە رۆحیش لەم گەرانە بەدوای ڕاستیدا زیاتر هیچ شتێکی دیکە نەبێ .
هەر لەبەر ئەمەش ئەم گەڕانە قەت کۆتایی نایە ، لەبەر ئەوە نا کە ئێمە ناتوانین هیچ بزانین کە شتێکی زۆر نابەرعەقڵە ، بەڵام لەبەر ئەوەی کە مەحاڵە قەت هەموو شتێ بزانین ، ئەرستۆی مەزن بە نوکتە زانییه‌ عادەتییەکەیەوە ئەمەی بە باشترین شێوە وتووە :
گەڕان بەدوای ڕاستیدا هەم قورسە هەم ئاسانەو ، کەس ناتوانێ بە شێوەیەکی رەها بیزانێ نە بە تەواوەتی لێشی بێبەش بێ .
ئەمەیە وامان لێدەکا کە بەردەوام بین لە فێربون و هەم هەڵەی دۆگماتیستەکان ( ئەوانەی وا بانگەشە دەکەن هەموو ڕاستییەك دەزانن ) و هەم سۆفیستەکان ( ئەوانەی دەڵێن ڕاستی یان هەر نیییه‌ ، یان قەت پێی ناگەن ) دەسەلمێنێ .
لە نێوان نەزانیی و رەها و حیکمەتی رەهادا فەزایەك ، ئارایەك بۆ زانین و پێشکەوتن هەیە ، ئێمە تەنیا ئەوەمان لەسەرە کاری لەسەر بکەین !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت