Kosret

بەهرۆز جەعفەر : گریمان خۆى کاریزمایە ، کوڕەکانى چین .؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گریمان کۆسرەت ڕەسوڵ کە (23) ساڵە ئەرکەکەى تەواو بووە ، بەجەستەیەکى نەخۆشیشەوە ، بۆخۆى کاریزماو باوکێکى رۆحى گەلى کوردە ، ئەى کوڕەکانى چین ؟.
ڕەمزێتى و کاریزمایی ، کۆسرەت ڕەسوڵ بۆ کۆمەڵى کوردیی لەوێوە هاتووە ، کە وەک مەلابەختیار باسى مۆدێرنەو دیموکراسیی و سیکۆلاریزم ناکا .. بەڵکو ئەگەر (2) خێڵ ببێت بەشەڕیان بە شەش حەوت دەفتەر سوڵحەکەیان بۆ ئەکا ، ئەگەر لەسوچێکا کۆنە جاشێ ، سەرۆک خێلێک شک ببا ، بانگى ئەکا ، لەسێتە سەیارەکانى خۆى ، سەیارەیەک و چەند دەمانچەیەکى پێ ئەدا ، یان ئەگەر چەند کەسێک هێرش بکەنە سەربنکەى پۆلیس ، ئەم لەبرى ئەوەى پشتگیریی دادگا بکات .. لاى خۆیەوە بە عەشایەرى چارەسەرى گرفتەکە ئەدات لەسەرحیسابى خەڵکى بەشمەینەت .. ئاوها نفوسى پەیاکردووە .. کۆمەڵى کوردیی کۆمەڵێکە هەمیشە لەهەناویدا ئەوە هەڵگرتووە ، کەدواجار خۆى پێ ڕەنجەڕۆ ئەکا. کۆمەڵێکە بۆ سوکایەتى کردن بە بەها و ئەخلاق و ئەقڵ . بگرە لەهەزار کەس کەسێک نادۆزیتەوە ، پێناسەى ئەخلاق و سەنتەربونى ئەقڵت بۆ بکا .
بەوحاڵەشی کەچەندین ساڵە ، بۆ هەموو شوێنێک ، بۆهەر هەڵبژاردنێک ، ئەم بەڕێزە لیست و کوتلەو جەماعەتى خۆى هەیە . حزبێکە لەناو حزبێکى تردا ، بەو حاڵەشی (8) ساڵە جێگرى سەرۆکى هەرێمە (8) ڕۆژ دەوامى نەکردووە ، مووچەو میزانییەش وەرئەگرێت .. بەوەشى کەلەپاى پشتگیریی کردنى درێژکردنەوەى ماوەى سەرۆکایەتى هەرێم . لیوایەکى بۆخرایە سەر وەزارەتى ناوخۆ ( ئێستا لە شەرقیشدا شتى وانەماوە ، بەرپرسێکى حزبى یەک دوو لیواى تایبەت بەخۆى هەبێت نەک غەرب ؟.) .
یەک لەکوڕەکانى ، هێشتا مووى لێ نەهاتبوو ، ئامر لیوا بوو ، بەپلەى وەزیریش خانەنشینە ، بێ ئەوەى پێنج خولەک هیچ کارێکى ئیدارى کردبێت !. ئەویتریان بەفەردە دۆلارى بۆ سەرفکرا ، لەبرى بۆ حزبەکەیان بانگەشەبکەن ، بنکەى تایبەتیان لەشارەکان بۆبانگەشەى خۆیان کردبووەو تاکرایە پەرلەمانتار . ئێستا ئەیکەن بە وەزیر !!. ئەمە ئەگەر مەهزەلەکردنە بەو شەرعیەتە شۆڕشگێڕییەى کەمن باوەڕم پێی نییە . ئەگەر مەهزەلەیە بەیەکێتى و سەروەرییەکانى کە من پێموایە ئەبەد ئەم سەرانەى ئێستا هەن یەکێتى نین . هەموو خەڵک مافى بەسەر یەکێتییەوە هەیە ئەمانە نەبێت . ئەم شتانە بۆخۆتانە و ئاساییە ..
بەڵام ، ئەگەر بۆ پتر لەکەدارکردنى ئەخلاقى سیاسیی و گەمەى ناجۆرە لەگەڵ عەقڵیەتى خەڵک و کادرە بەستەزمانەکانى خۆشتان. ئەمەیان بۆ فرۆشتن نییە . ئێوە ئەتوانن بەسوود وەرگرتن لەخەفڵەتى خەڵک ، سەرخانەکە لە بڕیارى سیاسیی و لەنەوت و پاڵاوگەکانى خۆتان بفرۆشن . توانیتان لەگەڵ وەبەرهێنى ئیسرائیلى ئیشى ڕەش بکەن . شتى دیکەى زۆریش بکەن . هەروەها توانیتان ماوەیەکى زۆر دەمى میدیاى نائەهلى دابخەن . یان هەندێ گۆڤارو کاغەزى نەخوێنراوە ، لەزەوییەکا ڕزاون. لەوبازاڕە ، بەمناڵ و تیواڵى ناوکایەى ڕۆژنامەنوسی دەربکەن . توانیتان چایچییەکانیشتان بکەنە خاوەنى ڕەگەزنامەى ئەروپى و بیانکەن بە ( ڕۆژنامەنووس ).. بەڵام ناتوانن وابکەن ، سوعبەت لەگەڵ هەست و نەستى هەرنەبێت چینێکى کۆمەڵ بکەن. چۆنتان ویست ئاوا بیدەن لەبەر .!.. ئەگەر وایە ، دەبێت ئێمە سبەینێ چاوەڕێی مناڵى دەرباز و قوباد و شاڵاو و ئەوانى پارتیش بکەین .!. هەروەکو باوانیان دەکەن ؟. هەندێک خەڵک لەم ژیانە فێرى موزایەدە بوون ، هەموو مواسەفاتەکەیان ئەوەیە کوڕى فڵانەکەسن ، یان پیاوى فڵانە کەسن و ، ڕۆژێک دزى یان جاشایەتیان کردووە .
باوانەکان ، مناڵەکان ، بنەماڵە لەهەولێرو دهۆک یەک کەسە . لەهەموو شت بەرپرسیارە ، کەچى لەناوچەى سولەیمانى پەنجا بنەماڵە حوکم ئەکاو ، کەسیش ئەوى دى ناخوێنێتەوە ، کەسیش خاوەنى دونیابینییەکى ئەقڵانى و کوردانەى هاوچەرخ نییە . ئەمە بێجگە لەحوکمى ئێران و ئیسلامى و مەلاو دەستى پارتى و هەزارو یەک بەزم و شوێنى تر …

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت