عەتا قەرەداخی : کێ دەتوانێت سلێمانی بەڕێوەببات؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە ئاستی گوتاردا زۆرینەى خەڵک دیموکراسین . کۆنەپەرستان و ئەوانەى بڕوایان بە بوونی ئەویتریش نییە دیسان خۆیان بە داکۆکیکاری سەرسەختی دیموکراسی و ئازادی دەدەنە قەڵەم . سەرجەمی حیزبە تۆتالیتارو سەرکوتکەرو شوڤێنی و شمولیەکانیش هەر خۆیان بە رابەری دیموکراسی دەدەنە قەڵەم . کەواتە دیموکراسی لە ئاستی گوتندا ئەو چەمکە هەژارو بەستەزمانەیە کە هەموو کەس و لایەک پێی دەوێرێت و خۆی بەو دەزانێت . لە کاتێکدا دیموکراسی بریتی نییە لە قسەو گفتار بەڵکو دیموکراسی کردارو رەفتارە لەسەر زەمینەى واقیع  .

 وەکو ئاشکراشە یەکێک لە پایە سەرەکیەکانی دیموکراسی هەڵبژاردنی ئازادە ، کە مەبەست لەوەش ئەوەیە کە خەڵکی بە ئازادی خۆی بپاڵێوێت و جەماوەریش بە ئازادی دەنگی خۆی بدات و دەنگەکانیشی تاکە پێوانە بێت بۆ ئەوەى کێ دەکاتە نوێنەری خۆی . لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئەوەى لە هەڵبژاردندا گرنگە ئاستی خاوێنی ئەو هەڵبژاردنەو رازیبوونی پاڵێوراوان خۆیان و حیزب و لیستەکانیانە بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن . لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە هەڵبژاردن هیچ مانایەکی نابێت ئەگەر نەبێتە هۆی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات . ئێمە ئەوە دەزانین و بینیووشمانە کە لە سایەی سیستێمە تۆتالیتارو شمولیەکانیشدا هەڵبژاردن دەکرێت ، بەڵام ئەم جۆرە هەڵبژاردنانە جۆرێکە لە بەیعەت بۆ سەرۆک و حیزبی فەرماندە ، وەکو ئەوەی لە عێراقی سەردەمی سەدام حسێندا دەکرا  .

ئایا هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 بەدواوە تاکو ئێستا کە چەندجارێک کراوە لە کوێی پرۆسێسی دیموکراسیدایە ؟ ئایا ئەگەر کەموکورتی هەیە لەم هەڵبژاردنانەدا کێ لێی بەرپرسیارە ، جەماوەر یان نوخبەى سیاسی و بە تایبەتیش دەسەڵات و لەوەش تایبەتتر ئەو عەقڵە تەسکەی کە سەری زمان و بنی زمانی دیموکراسیە کەچی ناتوانێت بچووکترین شکست یان پاشەکشە قبوڵ بکات ؟ ئەوە ئاشکرایە کە دیموکراسی بەندە بە پەرەسەندنی کۆمەڵگەو درووستبوونی تاکی خاوەن شووناسەوە لەسەر ئاستی گشتی و لە چوارچێوەیەکی گشتیتردا بەندە بە بوونی بنەماکانی کۆمەڵگەى کراوەوە ، کە ئەمانە پێکەوە بەرهەمهێنی کەلتوورێکن کە پەروەردەی دیموکراسی بەشێکە لەو کەلتوورە . دیارە کاتێکیش باسی تاکەکەسی خاوەن شووناس دەکرێت مانای وایە قسە لەبارەى تاکەکەسێکەوەیە کە گرێی هەست بە کەمیکردنی نییە چونکە کەسی ناتەواو یان کەسێتی تێکشکاو یان کەسێتی خاوەن گرێی هەست بە کەمیکردن هەمیشە کەسێکی ئەگرێسیڤەو ئەوەش ئاشکرایە کە کەسی ئەگرێسیڤ نەک ناتوانێت دیموکراسی بێت بەڵکو لە گەوهەردا کەسێکە بێجگە لە خۆی نایەوێت کەسی تر هەبێت . رەنگە جێبەجێکردنی ئەم لێکدانەوەیە لەسەر ئاستی خوارەوەى کۆمەڵگە راست دەرنەچێت ، بەڵام گومانی تێدانییە بۆ نوخبەى سیاسی و حیزبی و رۆشنبیر هیچ کەموکورتییەکی تێدا نییە . ئەمەش ئەو بۆچوونە پشت راست دەکاتەوە بێجگە لە بنەما بنیادییەکانی کۆمەڵگە ئەوەى رێگرو بەربەستە لە بەردەم درووستبوونی کەلتووری دیموکراسی و پیادەکردنی دیموکراسی لەسەر زەمینەى واقیع ئاستی گشتی جەماوەر یان خەڵک نییە بەڵکو ئەو نوخبەیە کە گرێ و کەموکورتییە فرە رەهەندەکانی رێگرن لەبەردەم ئەودا کە ببێتە دیموکراسی . هەر لێرەوەیە دەتوانین بڵێین هەرچەندە لە کۆمەڵگە دواکەوتوو پەراوێزییەکانی وەکو کۆمەڵگەى کوردیدا جەماوەر لەبەر لاوازی ئاستی هوشیاری رۆڵی کاریگەر دەبینێت لە درووستکردنی یەک رەهەندی و یەک ئاراستەیی لە بینینداو هەر بەو پێیەش رۆڵی هەیە لە درووستبوونی حیزبی شموولی و تۆتالیتارو لە درووستبوونی تاکەکەسی دیکتاتۆرو سەرکوتکەردا . هەرچۆن لە زۆربەى سیستێمە شمولی و تۆتالیتارو دیکتاتۆرییەکانی دنیادا بینیوومانە .

کۆمەڵگەى ئێمە لە ساڵی 1992 بەدواوە تاکو ئێستا چەند هەڵبژاردنێکی تێدا کراوە ، بەڵام لە کۆی ئەو هەڵبژاردنانەدا ئەو دوو حیزبەى کە لەشاخ هەرەیەکەیان بە هێزێکەوە نوێنەرایەتی بزووتنەوەى کورییان کردووە ، لە شاریش سەرباری ناکۆکیەکانیان و شەڕی درێژخایەنی نێوانیان جڵەوی دەسەڵاتیان بەدەستەوە بووە کە لەوەشدا سەرباری هەڵبژاردن وەکو رێگایەک بۆ شەرعیەتدان بە شەرعیەتی شۆڕشگیڕی ، دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست . ئەم بارەش بەردەوام بووە تاوەکو هاوینی 2009 کە بۆ یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنی بەرامبەر بەو دوو حیزبە دەرکەوت و لە یەکەم هەڵبژاردنیشدا توانی چواریەکی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان بباتەوە . لە رووی راستییەوە دەتوانرێت لە هاوینی 2009 بەدواوە باسی بنەمای دیموکراسی بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا ئەگەر بوونی جیاوازی و لیستی جیاواز بنەما بن بۆ دیموکراسی وەکو گەمەى نێوان لایەنە جیاوازەکان . راستە لە روویەکی ترەوە لە کۆمەڵگەى ئێمەدا کەلتووری دیموکراسی و پەروەردەی دیموکراسی بوونیان نییە ، بەڵام دیارە ئەوە ئاشکرایە کە دەستپێکردن هەر لەو شوێنەوە دەبێت کە هیچمان نییە لەو بوارەدا . هەربەوپێیەش ئەگەر هەڵبژاردنەکانی ئێستا بەراورد بکرێت بە هەڵبژاردنی یەکەم یان ئەوانەى پێشتر ئەوا گومانی تێدانییە جیاوازی هەیە .

لە هەڵبژاردنی ئەمجارەى ئەنجوومەنی پارێزگاکانداو تەنانەت لە هەڵبژاردنی مانگی نۆی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا ، ئەوە دەبینرێت کە کۆمەڵگەى کوردی بەرەو ئەوە دەچێت لە رووی دەنگدانەوە بەسەر حیزب و لایەن و لیستەکاندا دابەش ببێت ، کە ئەوەش وایکردووە هیچ حیزب و لایەنێک نەتوانێت زۆرینەیەکی ئەوتۆ بەدەستبهێنێت کە بە تەنیا حکومەت درووست بکات بێجگە لە پارێزگای دهۆک . بێگومان کاتێک کە حیزبێک لە رێگای بەدەستهێنانی دەنگەوە بتوانێت حکومەت درووستبکات ئەوە رەنگە بۆ خودی ئەو حیزبە جۆرێک لە سەرکەوتن و ئاسوودەیی تێدا بێت بەڵام لە رووی بنەماکانی دیموکراسیەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی وەکو ئێمە مەترسی ئەوەی هەیە ببێتە رێگاخۆشکەر بۆ درووستبوونی دەسەڵاتێکی تاکڕەو کە ئەوەش لەگەڵ مەسەلەى دیموکراسیدا یەکناگرێتەوە ، بۆیە بارە درووستەکە ئەوەیە کە هیچ حیزب و لیستێک ئەوەندە دەنگ نەهێنێت کە پێویستی بە کەسی تر نەبێت  .

سلێمانی وەکو یەکەم شاری هەرێمی کوردستان کە لە هەموو روویەکەوە جێگای زیاترین ململانێیە ، لەو رووەوە خاسێتی شارێکی زیندووی هەیە چونکە لە رووی دەنگدانەوە دەنگەکانی بەجۆرێک دابەش بووە کە هیچ لایەنێک نەتوانێت بە تەنیا حکومەتی خۆجێیەتی تێدا درووست بکات ، کە ئەمەش لە راستیدا لە سوودی دیموکراسیەو هەربەوپێیەش لە بەرژەوەندی دانیشتوانی شارەکەیە . بەڵام ئەوەی مایەی کێشەو مەترسیە لەم شارەدا ئەوەیە کە دوو لایەنە سەرەکیەکەی کە پێکەوە زیاترین ژمارەی دەنگی شارەکەیان هێناوە نەگەنە رێکەوتن ، چونکە لە روویەکی ترەوە دوورخستنەوەى هەر کام لەو دوولایەنە لە بەشداریکردنی بەڕیوەبردنی شارەکەدا دەبێتە مایەی ئاژاوەو ناسەقامگیری چونکە تاکو ئێستا عەقڵی حیزبی لە کوردستاندا عەقڵێکی هێندە سەرەتایی و داخراوو بچکۆلەیە کە تەنیا پێی وایە لە دەسەڵاتدا بوونی هەیەو هۆکارەکەشی ئەوەیە کە دەسەڵات وەکو رێگایەک سەیر دەکات بۆ دەستکەوتنی مەکسەب بە تایبەتی ئەو حیزبانەى کە بەردەوام لە دەسەڵاتدابوون و هەموو پنتەکانیان لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا قۆرخ کردووەو لە بری خزمەتکردنی جەماوەرو ئاوەدانکردنەوەى وڵات خەریکی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیان بوون  .

کێشەى سەرەکی سلێمانی کێشەى نێوان یەکێتی و گۆڕانە . گۆڕان لە رووی دەنگەوە لیستی یەکەمەو یەکێتیش لیستی دووەم . کەواتە ئەگەر لۆجیکی عەقڵ ئیش بکات و ئامادەبوونی هەبێت ئەوا دەتوانن بە پێی ژمارەی کورسیەکانیان و بە بەشداری کۆی لایەنەکانی تریش رێککەوتن بکەن و هەریەکە بە ئەندازەى دەنگەکانی خۆی پۆست و پلە وەربگرێت . بەڵام بە گوێرەى یەکێتی نیشتیمانی ئەوەى کە لە قسەى هەندێ بەرپرسیاندا گوێمان لێی دەبێت ئەوەیە کە ئەوان پێیان وایە سلێمانی شاری ئەوانەو قەوارەو مێژووی ئەوان لە ئیستیحقاقی هەڵبژاردن زیاترە ، هەروەک ئەم قسەیە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیش بەردەوام دووبارە دەکەنەوە ، کە لەراستیدا ئەگەر بڕوات بە سندوقی دەنگدان هەبێت ئەو داواکارییانە هیچ مانایەکیان نییەو مێژوو هیچ پەیوەندییەکی نییە بە ئاست و ژمارەی دەنگەوە ، قەوارەو ئامادەبوونیش لە ژمارەی دەنگەکاندا دەردەکەوێت . کاتێکیش کە باسی مێژوو قەوارەو ئامادەبوونی دەرەوەى دەنگدان دەکرێت مانای وایە سوکایەتی بە دەنگی خەڵک و بە سندوقی دەنگدان و بە خودی هەڵبژاردن و بە دیموکراسیش دەکرێت . ئەوە ئەگەر حیزب یان لایەنێکی خێلەکی یان حیزبێکی ئیسلامی داخراو بیڵێت رەنگە ئاسایی بێت بەڵام کاتێ حیزبێک خۆی بە سۆشیال دیموکرات بزانێت و سەرکردەکانی باسی رادەستنەکردنی هێزو چەکەکانیان بە وەزارەتی پێشمەرگە بکەن و باسی ئەوە بکەن کە دەبنەوە بە پڵنگ مایەی سەرسوڕمانە . دیارە بوون بە پڵنگیش بۆ لە رووداوەستانی داگیرکەرانی کوردستان نا بەڵکو بۆ لە رووداوەستانی براکانی خۆیان ، بەراستی مایەی پرسیارە کەسێک سەری زمانی و بنی زمانی رۆشنگەری و دیموکراسی و ئازادی بێت کەچی دۆڕاندنی پێ قبوڵ نەکرێت و هەڕەشەى بوون بە پڵنگ بکات لە کاتێکدا کە دەبێ بزانێت شوێنی پڵنگ دارستان یان باخچەى ئاژەڵانەو پڵنگ لە کۆمەڵگەى مەدەنی و شاردا بوونی نییە . بەهەرحاڵ من پێموایە سەرکردەو کادیرە ژیرەکانی یەکێتی نیشتیمانی  ئەوانەى کە دەتوانن بە لۆجیکی عەقڵ بیربکەنەوە زۆر لەوانە زیاترن کە هەرزەکاری سیاسین و تەنیا فیربوون قسە بکەن . بۆیە ئومێدی ئەوە دەکرێت کە هەردوو لایەنی یەکێتی و گۆڕان رێکبکەون لەسەر چۆنێتی بەڕیوەبردنی شارەکەو پاراستنی لەهەر ئاژاوەو پێکدادانێک .

من لێرەدا لەبەرئەوەى دەنگدان تەواو بووەو قسەکانی من ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دەنگدەر نییە ، بۆیە پێموایە گۆڕان و یەکێتی هیچیان سەرکەوتوو نەبوون لە دیاریکردنی سەرۆکی لیستەکانیان بۆ پۆستی پارێزگاری سلێمانی ، بگرە لە ناو لیستی هیچ لایەکیاندا کەسێکی وەهای تێدا نییە کە ئەو کەسێتیەى هەبێت بتوانێت سلێمانی وەها بەڕێوەببات کە شاری هەمووانە .  بۆیە بەبڕوای من پێویستە هەردوولا رێکبکەون لەسەرئەوەی کە کەسێکی وەها بدۆزنەوە شایانی ئەوە بێت سلێمانی وەکو شارێکی زیندووی پڕ لەکێشە بەڕێوەببات , چونکە ئەوە ئاشکرایە بە قسەو بە عەقڵ و هەڵچوونی هەرزەکارانەى سەرۆکی هەردوو لیستی گۆڕان و یەکێتی سلێمانی ناڕوات بەڕێوەو مەترسی درووستبوونی کێشەى زیاتر دەکرێت ئەگەر شار بدرێتە دەستی هەرکام لەو دوو بەڕێزە. کەواتە رێگای گونجاو بۆ دوورخستنەوەى سلێمانی لەهەر کێشەیەک ئەوەیە کە هەمووان رێبکەون لەسەر کەسێک کە زۆرینە متمانەیان پێی هەبێت و کەسێتیەکی ئەوتۆی هەبێت ئەو ئەرکە گرانە بگرێتە ئەستۆو هەموو لایەنەکانیش بێ جیاوازی بەڵێنی ئەوە بدەن کە پشتگیری بکەن و ئەویش لەو ئاستەدا بێت کە نوێنەری هەمووان بێت . ئەگەر لایەنەکان لەسەر کەسێکی وەها رێکەکەوتن ئەوا پێویستیان بەوە نابێت دژایەتی نامەشروعی یەکتری بکەن و کادیرو کەسێتـەکانی یەکتری سووک بکەن و لەوێشەوە کێشە بۆ جەماوەر درووست بکەن و پاشانیش  ملکەچ بن لەبەردەم قاسمی سلێمانداو حکومەتی خۆجێیەتی سلێمانیان بۆ درووست بکات . بەڵی تاکە چارەسەر رێکەوتنی یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تریشە هەمووان پێکەوە بۆ بەڕێوەبردنی سلێمانی وەکو شاری هەمووان . 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت