بەختیار شارەزورى  : سیناریۆى دابەزینى دەنگەکانى گۆڕان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم هەرێمە هێندەى سیناریۆ و تاکتیک و ژورە داخراوەکان بڕیار دەدەن ، هێندە بنەماى دیموکراتى و کرانەوە کاریگەرى نیە ، بۆیە کاتێک حیزبێک پێچەوانەى ئەم ئاراستە و تەوژمە کار بکات ، ئەوا کەوتنى خۆى دەبینێتەوە بێ ئەوەى خۆى هەستى پێ بکات ، کەواتە پێویستە هەر حیزبێک سیناریۆ و تاکتیکى خۆى هەبێت.. لە سیناریۆ و تاکتیکەکانیش تێ بگات ، ئەو کات دەتوانێت بونى خۆى بسلەمێنى ، با بچینە سەر پرسیارەکە و دوایى شیکردنەوە ..دەنگەکانى گۆڕان بۆ دابەزى … ئەو سیناریۆیانە چین بوون کە بەرامبەر بزوتنەوەى گۆڕان کران …؟
ئێران و تورکیا ڕێکەوتنێکیان لەسەر هەرێم هەیە کە دابەشکردنى دوو زۆنە ، زۆنى زەردى تورکیا و پارتى ، ئەو دیو دیگەڵە ، زۆنى سەوز و ئێران و یەکێتى ئەم دیو دێگەڵە ، لە زۆنى زەردا دەنگەکان نەگۆڕاوە و پارتى براوەى یەکەمە ، لە زۆنى سەوزدا یەکێتى کەوتە بەردەم دابەزینێکى قورسەوە ، کەواتە سنورى ئێران گۆڕانکارى بەسەردا هات ، ئێران وەک دەوڵەتێک مامەڵە لەگەڵ هێز دەکات ، کاتێک زۆنى سەوز دەگۆڕێت بۆ زۆنى نیلى بۆ ئێران گرنگ نیە ، گرنگە هەمان درێژکراوەى دەسەڵاتى خۆى بێت ، کاتێک گۆرَان داواى ستراتیژى سەربەخۆى هەرێمى دەکات و مل بۆ ئەم داواکاریەى ئێران نادات و پابەند نابێت بە ڕێکەوتنى نێوان تورکیا و ئێرانەوە ، ئەوا ئێران بە هاوکارى تورکیاو پارتى سیناریۆیەک دادەنێت بۆ ئەوەى دەسەڵات بداتەوە بە یەکێتى ، واتا یەکێتى دەنگى زیاتر بکات ، ئەوەش دەزانین کە سلێمانى هەولێر دژە دەنگى پارتى ماڵى بەرزانى تێدایە ، هەر حیزبێک لە ماڵى بارزانى و پارتى نزیک بێتەوە دەنگەکانى دادەبەزێت ، هەر بۆیە سیناریۆکانیان بەم شێوەیە بوو ، یەکێتى بە بیناوى جیاوازەوە نەچێتە ناو حکومەت و دژى پارتى بوەستێتەوە ، پارتى بزوتنەوەى گۆڕان ڕابکێشى بۆ لاى خۆى و حکومەتى لەگەڵ دروست بکات و ئەندام پەرلەمانەکانى پارتى دەنگ بە سەرۆکى پەرلەمانەکەى گۆڕان بدەن ، لە کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا ، لەم نێوەندەدا پارتى و تورکیا و ئێران ئەوە دەزانن هەر کامیان ( یەکێتى و گۆڕان ) لە پارتى و ماڵى بارزانى نزیک بێتەوە دەنگەکانیان دەدۆڕێنن ، بۆیە گۆڕانیان بردە ناو حکومەت بە ناوى ئیسحقاقى هەڵبژاردن و حکومەتى نیشتمانیەوە ، یەکێتى لە کاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنەکاندا نەچوە حکومەتەوە ، لە دەرئەنجامدا دەنگەکان پێچەوانە دەبنەوە و دەدرێن بە یەکێتى ، جارێکى تر ئێران سنورەکەى خۆى بەم سیناریۆیەى ( تورکیا +پارتى + ئێران + یەکێتى ) دەنگەکانى وەردەگرێتەوە و دەبێتەوە هێزى دووەم .
خۆ ئەگەر بمانەوێ زیاتر شیکارى بۆ ئەم سیناریۆ و تاکتیکە بکەین بەرامبەر گۆڕان کرا ، ئەوا دەبێت هەموو لایەنەکانى شیبکەینەوە ، چونکە بەرنامەیەکى دراسە کراو بووە .
جوگرافیا و نەخشەى دەنگەکانى هەرێم دابەش بووە بەسەر دوو کێڵگەدا… کێڵگەى یەکەم 40% دەنگەکانى تێدایە ، کە پارتى بە تەواوەتى قۆرخى کردوە و ئەوەى پێى دەوترێت فرە دەنگى و فرە ڕەنگى و دەنگى جیاواز لەم کێڵگەدا بونى نیە ، ئەم کێڵگەیە هى پارتیە و پارتىیش لە خزمەت بنەماڵەى بارزانیدان ، زۆر بە کەمى دەتوانرێت دەنگى لێ دابشکێنرێت ، هەر کاتێک پارتى هەستى بە هێزێک کرد بێت کە بتوانێت لە ناو ئەم کێڵگەیەدا بونى هەیە ، ئەوا لە ڕێگەى ترس و پارە و پۆست و سینارێو و هێزى دەرەکیەوە ئەو هێزە دەکاتە پاشکۆى خۆى بە نمونە ( 31 ى ئاب بۆ یەکێتى ، سوتاندنى بارەگاکانى یەکگرتوو دوایى هێنانیان بۆ ناو حکومەتەکەى پارتى و پارەپێدانیان ،گرتنى کۆمەڵى ئیسلامى لە هەولێردا ، سوتاندنى بارەگاکانى گۆڕان و ڕاکێشانى بۆ ناو حکومەتەکەى نێچیرەڤان ) بەو واتایەى تا ئێستا هێزێک نیە بتوانێت لە ناو ئەم کێڵگەیەدا دەنگى نزیک لە پارتى بهێنێت و لە ڕوى ڕاگەیاندنیشەوە نابێت سنورى ماڵى بارزانى ببڕدرێت بە نمونە ( زەردەشت عوسمان ) .
کێڵگەى دووەم لە جوگرافیا و نەخشەى دەنگەکان 60% دەنگەکانە ، ئەم کێڵگەیە فرە دەنگ و فرە ڕەنگ و سەرکێش و عەجول و یاخییە.. تەواو دژى پارتى و بنەماڵەى بارزانیە بەڕێژەیەکى کەم نەبێت ، واتا زۆرینەى دژى سیاسەتى پارتى و ماڵى بارزانیە(پارتیش ئەم ڕاستیە دەزانێت ) ، هەر هێزێک دژى سیاسەتى پارتى بێت ئەوا زۆرینەى ئەم دەنگانە مسۆگەر دەکات ، بەنمونە ، کە یەکێتى ڕێکەوتننامەى ستراتیژى لەگەڵ پارتى هەبوو زۆرینەى جومگەکانى دەسەڵاتى دایە ماڵى بارزانى ، ئیتر لەم کێڵگەیەدا دەنگەکانى بە تەواوى دادە بەزێت ، کاتێکیش گۆڕان لە پارتى نزیک دەبێتەوە دەنگەکانى دادە بەزێت ، بە شێوەیەک لە هەولێردا ئەو بڕە دەنگەى کە دەچێتە ناو ئەم کێڵگەیە و زیاتر لە گۆڕان دور دەکەوێتەوە .
بۆیە سیناریۆ و تاکتیکەى ئەم هەڵبژاردنە دراسەى سایکۆلۆژى دەنگدەرى ئەم کێڵگەیە کراوە ، کە گۆڕان داواى ستراتیژى سەربەخۆى هەرێمى دەکات وەک ستراتیژى ئێرانى و تورکى ، ئامادە نیە ببێتە درێژکراوەى ئەم ستراتیژانە ئەوا سیناریو و تاکتیکەکان دەکەونە کار بۆ بەهێز کردنەوەى ئەو هێزەى کە زیاتر پابەندە بە پاشکۆیەتى ستراتیژى ئێرانیەوە ، کە یەکێتیە ، ئیتر ئەوەى دەوترێت ڕێکەوتنى پارتى گۆڕان لەسەر بنەماى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان بووە وەک هێزى یەکەم مامەڵەى لەگەڵ کردوە نەتوانراوە ، ئەم وەڵامانە نەیتوانیوە پرسیارى ئەم کێڵگەیە تێر بکەن ، تا جارێکى تر گۆڕان دەنگەکانى زیاتر بکات ، بە واتایەکى تر ئەو پرسیارەى لاى دەنگدەر هەبوە …… ( بۆ گۆڕان لەگەڵ پارتى ڕێککەوت) نەتوانراوە وەڵامەکەى بدرێتەوە بگاتە لاى کۆى دەنگدەرى ئەم کێڵگەیە .
دەبوو ئەم رَێککەوتنەى پارتى و گۆڕان بخرایەتە دواى هەڵبژاردن ، لەو سیناریۆیە دەرچوایە ، بە تایبەت دەنگدانى سەرۆکى پەرلەمان تەنها دوو ڕۆژى مابوو بۆ هەڵبژاردن و ئەندام پەرلەمانەکانى پارتى دەنگیان بە د.یوسف دا جگە لە یەکێتى ، کە دەکاتە ڕێکەوتنى پارتى و گۆڕان و یەکێتى دەبێتەوە دژى پارتى و بنەماڵەى بارزانى و دەنگەکانى کێڵگەى دووەم بەرز دەبێتەوە ، بە تایبەت لە هەولێردا ، کە بەشێک لە دەنگى کێڵگەى دووەم لە هەولێردایە و بە حوکمى نزیکى لە سنورى دەسەڵاتى پارتیەوە بۆً ئەو هێزەیە کە دژە پارتیە .. بە پێ ى سیناریۆکە یەکێتى دەنگى بەرز دەبێتەوە و دواى دەنگدانەکە دەچێتەوە ناو بازنەى حکومەتەکەى پارتیەوە .
کۆمەڵێک هۆکارى تریش هەبون کە یارمەتى دەر بوون بۆ ئەم سیناریۆیە دۆسەیەى کێشەکانى دکتۆر هەڤاڵ کە دەکرا لە ڕێ ى نەبەز گۆرانەوە کارى زۆر باشى لەسەر بکرایە ، دورکەوتنەوەى لە لیستى کوردستانى لە کەرکوک و باسنەکردنى کێشەکانى پارتى و 31 ى ئاب و دۆسەیەى زەردەشت عوسمان و ساختەکارى لە دەنگداندا .
بە گشتى سینارێۆکە بەرنامە بۆ داڕێژراو بوو… پارتى خۆشى بۆ ئەوەى ڕێکەوتنى نێوان تورکیا و ئێران لەسەر دابەشکردنى ئەم هەرێمە تێک نەچێت ئەو ڕاستەیى دەزانى و یەکێک بوو لە کارئەکتەرە بەهێزەکانى ناو ئەم سیناریۆیە .
گۆڕان دەتوانێت چى بکات .. لەرێ ى بەشدارى کردنى لە حکومەت ، دەتوانێت ئەم سیناریۆیە پێچەوانە بکاتەوە بەوەى کار بۆ سیستەم بکات ، وە دەتوانێت وەرقەکانى بەکار بهێنێت لە ڕێ ى سیناریۆى تازە و تایبەت بە بەشدارى کردنى لە حکومەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت