Bextiar-Sharezwri

بەختیار شارەزورى : حیزب و گوتار .. سێ جوگرافیاى جیاواز .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر یەکێک لە فۆرمە گەورەکانى ناساندى جیزب جۆر و پێکهاتەى گوتارەکەى بێت ، ئەوا دەبێت بزانێت تا چەندێ دەگاتە تاکى هاوڵاتى و تا چەندێ هەزم دەکرێت ، واتا دەبێت لە ڕوى کلتورى و ئاینى و نەتەوایەتى و فەرهەنگى و سیاسى و ئابوریەوە بخوێنرێتەوە ، پاشان بڕیار بدرێت چى جۆرە گوتارێک دەخرێتە بەرنامەى وێناندى ئەو حیزبەوە … بە جۆرێک لەگەڵ خواست و داوا و بۆچونى ئەو ناوچەیەدا بگونجێت ، ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە پۆپۆلیستیانە بێت بە پێچەوانەوە دەبێت ئەو گوتارە هەڵگرى جۆرێک بێت لە ئاراستە کردنى کۆمەڵگا بەرە و دنیاى نوێ و پرنسیپەکانى دیموکراسى .
خۆ ئەگەر هەرێمى کوردستان وەک جوگرافیاى دەنگدەر پۆلێن بکەین و هەڵکۆڵینى لەسەر بکەین ، ئەوا تەنها گوتارێک ناتوانێت کار لەسەر هەموو جەستەى هەرێم بکات ، چونکە هەم دەسەڵاتەکان جیاوازن هەم کێشەکان جیاوازن ، بۆیە دەکرێت گوتارەکانیش جیاواز بن ، بەشێوەیەک بێت سپەیسێکى گەورە دروست نەبێت لە نێوان گوتارى حیزب و وەرگردا ، بە شێوەیەکیش نەبێت تەواو بریتى بێت لە گوتارێکى پۆپۆلیستیانە ، دەکرێت هاوسەنگى گواتار و وەرگر و نێوانیان بزانرێت ، تا ئەو ئاراستەیە وەربگرێت کە حیزب لە ڕێگەیەوە بتوانێت زۆر ترین وەرگر بخاتە سەر ڕێڕە و ئاراستەى خۆى .
بە بۆچونى من لە هەرێمى کوردستاندا هەر حیزبێک هەڵگرى سێ جۆر لە گوتار بێت ڕێژەیەکى باش لە دەنگەکان بە دەست دێنێ :
1. گوتارى یەکەم گوتارى دژى پارتى : ئەم جۆرە گوتارە زۆر تر لە هەردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆکدا دەبێت ، چونکە ئەم جوگرافیاى دانیشتوانە بەرکەوتنى تەنها لەگەڵ پارتیدا هەیە ، ئەوان دەزانن کە دەسەڵاتى پارتى چۆنە ، بە مانایەکى تر ئەگەر پارتى بتوانێت نیوەى دەنگەکانى بردبێت ، ئەوا نیوەکەى ترى ڕێک پێچەوانەى ئاراستەکانى پارتیە ، بە مانایەکى تر دەبێت لێرە گوتارەکان بە ئاراستەى گەندەڵى و حوکمى بنەماڵە و گۆڕینى سستمى سەرۆکایەتى بە پەرلەمانى بێت و هەموو لایەنەکانى دەسەڵاتى پارتى بگرێتەوە .. بەدەر لەمانە گواستنەوەى گوتارى سلێمانى بۆ هەولێر و دهۆک کە تایبەتە بە ئیدارى یەکێتى ، هیچ کاریگەریەکى نابێت … کە دەڵێین دژ بە واتاى کودەتا و رق نا ، بەڵکو گوشارى مەدەنى .
2. گوتارى دووەم گوتارى دژى یەکێتى : ئەم جۆرە لە گوتار دەبێت زیاتر لەسەر دەسەڵاتى یەکێتى بێت و باس لە قۆرخ کردنى دەسەڵات و گەندەڵى دەسەڵاتەکانى یەکێتى بکات ، چونکە ئەگەر یەکێتى بتوانێت بەشێک لەم دەنگانە بەرێت ، ئەوا بەشێکى گەورەى ئەم جوگرافیایە تەواو پێچەوانەى گوتارى یەکێتیە ، هەر گوتارێ دژ بێت بە گوتارى یەکێتى ئەوا دەتوانێت بەشێکى گەورە لەم دەنگانە مسۆگەر بکات .. گواستنەوەى گوتارى هەولێر و دهۆک بۆ سلێمانى و هەڵەبجە هەڵەیەکى گەورەیە .. بە واتایەکى تر سلێمانى لە ڕوى پاشخانى شارەوە تایبەتمەندێتى خۆى هەیە ، دەسەڵاتیش تا ئێستا یەکێتیە ، دەکرێت ئەم گوتارى دژ بە یەکێتیە ببێتە جێ ى دەسکەوتنى دەنگێکى گەورەى ئەم زۆنى سەوزە .
3. گوتارى سێیەم گوتارى کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان : ئەم جۆرە لە گوتار بە پێى بەرکەوتنایان لەگەڵ نەتەوە جیاوازەکان و دابڕانیان لە کوردستان ، دەببێت هەڵگرى چمکى نەتەوەیى بێت ، بە جۆرێک کە بتوانێت ماناى ناسنامەى نەتەوەیى ببەخشێتە کوردەکان و هەست بە کوردبونى خۆیان بکەن لە بەرامبەر نەتەوەکانى تردا ، بە واتاى دەبێت جۆرێک بێت لە گوتارى دژى دەسەڵاتى ناوەند و جۆرە بانگەوازێک بێت بۆ پێکەوە ژیان ، لایەنێکى ترى بەهێزى ئەم گوتارە هەڵگرى دۆخى ئاسایش و دژى گروپە تیرۆرستەکان بێت و کار بۆ بنە بڕ کردنى توندو تیژى گروپە ئیسلامیەکان بکات ، چونکە ئەوەى ئەولەویەتە لەم جوگرافیایەدا ، دۆسیەى ئاسایش و گەڕانەوەى ئەم ناوچانەیە بۆ سەر هەرێمى کوردستان ،ئیتر گواستنەى گوتارى هەولێر و دهۆک و سلێمانى بۆ ئەم ناوچانە تەواو دژى داواکارى وەرگرە .
ئەوەى دەمێنێتەوە بە گوتارى هاوبەش ناو دەبرێت وەک یەکێک لە پاڵنەرەکانى هەر سێ گوتارەکە ، دۆسەیەى ماف و ئەرکى تاک و ئازادیەکان و دابین کردنى بیمەکان بۆ تاکى ئەم سێ ناوچەیەیە ،بەشێکى ترى جۆرى سیناریۆ و تاکتیکە لەسەر ئاستى ناوخۆى و دەرکى ، لە کۆتادا دەکرێت گوتارەکان لە یەک ناوەندى ڕاگەیاندنەوە بە هەر سێ ئاراستەکەدا بنێررێت ، یان هەر یەکە و لەڕێ ێ کاناڵێکى تایبەت بەو جوگرافیایانەوە ئاراستە بکرێت ، ئەو کات بە گرێدانى ئەنجامى وەرگر و دەنگى ئەم سێ ناوچەیە دەتوانرێت بەشێکى گەورە لە دەنگەکان مسۆگەر بکرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت