Pshko-nacmedin

پشكۆ نەجمەین : کارنامەی دەروێشانی حیزبپ .  

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕەخنە

تۆ بۆت هەیە ڕەخنە لە هەموو شتێک و هەموو کەسێک بگریت ، بەڵام لە سەرکردە و حیزبەکەی من نا  ! ( بەندی یەکەم لە بەرنامەی کاری دەروێشەکانی حیزب  )

سەرۆک

سەرۆکی من لە داوێنێ پڕ لە نووری ” مریەم  ” ـەوە داکەوتووە  . ئەگەر هەڵەت لە ڕەفتاری سەرکردەی من بینییەوە ، کە هەرگیز نایبینیتەوە ، دڵنیابە هەڵەی خوایە  !  ( بەندی دووەم لە کارنامەی دەروێشانی حیزب )

کێ هەموو شتەکان دەزانێ ؟

ئەو قسە بەناوبانگەی فەرهەنگی سیاسیی کوردی کە دەڵێ( حیزب دەیزانێ ) و شیوعییەکان خۆیان بە خاوەنی دەزانن ، درۆیەکی گەورەی ە! بێجگە لە سەرکردەکەی من ، هیچ سەرکردە و هیچ حیزبێکیش هیج نازانێ  !( بەندی سێیەم لە کارنامەی دەروێشانی حیزب )

تەبیعەت

ئەوی گوتوویەتی تەبیعەتی مرۆڤ لەژێر ڕووحەوەیە و بە هیچ شتێک ناگۆڕدرێت ، سەری دای لە بەرد ! سەرۆکی من چۆن حەز بکات و چۆن پێویست بکات ، تەبیعەت و گوتار و ڕەوتاری خۆی دەگۆڕێت !(  بەندی چوارەم لە کارنامەی دەروێشانی حیزب  )

بیرکردنەوە

کورد میللەتێکە توانای بیرکردنەوەی نییە ! ئەوە تەنیا سەرکردەی تاقانەی منە کە لەبری هەموومان ، ئەرکی بیرکردنەوە دەکێشێت و هیچ کەسێکیش ناتوانێ وشەیەکی لێ کەم یان زیاد بکات  !( بەندی پێنجەم لە کارنامەی دەروێشانی حیزب )

کاریزما

ئێمە هەموومان گرگنین . لە سەردەمی کاریزماد ا، لەشکرێک لە گزگلان نەوەک هەر شوورەیی نییە ، بەڵکە نیشانەی شکۆییی جەماوەری ئەم حیزبەیە کە وێنەکانی سەرکردە ، سێژەمە و بە شیرەوە، دەرخواردی منداڵە برسییەکانی دەدات ! لە کڕێوە و باوبۆراندا وێنەکانی سەرکردەی خۆی دەکاتە پاڵتۆ و ملپێچ و زریانی پێ لەگۆڕ دەنێ !
کە ڕێبەری گەورەم هەبێ ، با بچووک بم . من نامەوێت لەناخمدا کەڵەگەت بم ، گەر بڵند بم لە مەزنیی سەرۆکەکەم دادەتاشم !( بەندی شەشەم لە کارنامەی دەرویشانی حیزب )

منداڵان

ئەوەی گوتوویانە کۆمەڵێکی تەندروست لە پەروەردەکردنی تەندروستی منداڵانەوە بەرهەم دێت ، هەڵەیەکی گەورەیە ! کۆمەڵی مۆدێرنی گەشەکردوو ، ساتێک دروست دەبێت کە لەشکری منداڵان ئاڵای حیزب و وێنەی سەرکردە لە خۆیان بپێچن و بەسەر شەقاماندا مارش بکەن ! ئەمە مێژووی هەموو ئەو کۆمەڵانەیە کە کاریزمای وەکوو ستالین ، هیتلەر ، مۆسۆلۆنی و سەدامیان هەبووە !( بەندی حەوتەم لە کارنامەی دەروێشانی حیزب )

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت