گه‌رمیانی حه‌مه‌ی پوور : خانه‌قین ، شارێك كه‌ به‌ كه‌لتووری عه‌ره‌به‌وه‌ شه‌ڕی كورد بوون ده‌كات !

خانه‌قین ، به‌ پێی ماده‌ی 140 له‌ ده‌ستووری عێراق ، شارێكه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ، سه‌ربه‌ پارێزگای دیاله‌یه‌و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی گه‌رمیان . گرفتی ئه‌م شاره‌ ئه‌وه‌یه‌ دوای 11 […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

خانه‌قین ، به‌ پێی ماده‌ی 140 له‌ ده‌ستووری عێراق ، شارێكه‌ له‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان ، سه‌ربه‌ پارێزگای دیاله‌یه‌و هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ ئیداره‌ی گه‌رمیان .

گرفتی ئه‌م شاره‌ ئه‌وه‌یه‌ دوای 11 ساڵ له‌ تیپه‌ڕینی ڕووخانی حكومه‌تی پێشووی عێراق و كردنه‌وه‌ی دام و ده‌زگای زانستی و ئه‌كادیمی و فه‌رمانگه‌ی حكومیی سه‌ربه‌ هه‌رێم و كردنه‌وه‌ی به‌شی خوێندنی كوردی له‌ شاره‌كه ‌، كه‌چی تا دێت زیاتر كلتووری عه‌ره‌بی تییاندا تۆخ ده‌بێته‌وه‌و له‌ تێكه‌ڵ بوون له‌گه‌ڵ كه‌لتووری كوردی هه‌ڵدێن .
به‌ ئه‌زمونی دوو ساڵ كاری ڕاگه‌یاندن له‌ خانه‌قین و چوار ساڵیش ته‌واو كردنی زانكۆ له‌و شاره ‌، به‌ره‌و پێشچوونم نه‌بینی تیایدا به‌ڵكو زیاتر گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ واقعی پێشوو، واته‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كلتووری عه‌ره‌ب به‌ره‌و پێش ده‌چوو، كه‌ ئه‌مه‌یان تا دێت زیاتر هه‌ستی پێ ده‌كرێت .
له‌ ماوه‌ی چوار ساڵی زانكۆدا ، خانه‌قینییه‌كان زۆر به‌ ده‌گمه‌ن هاوڕێ ئه‌بوون له‌گه‌ڵ ( كورده‌كان ) ئه‌وان زیاتر به‌عه‌ره‌بی قسه‌یان ئه‌كرد و ئه‌وه‌یان زۆر لا جوانتر بوو له‌وه‌ی به‌ كوردی قسه‌ بكه‌ن !
ته‌نانه‌ت بۆ زۆر وشه‌ و وته‌ی نه‌شیاو ئه‌یان وت ( كورده‌كه‌ ئویشت ) واته‌ كورده‌ ئێژێت !
به‌ڵام بۆ هه‌ر توانجدانێكی كورد له‌ عه‌ره‌ب و زمانی عه‌ره‌بی وه‌ده‌نگ ئه‌هاتن ! هه‌میشه‌ له‌ نێوان خۆیاندا به‌ عه‌ره‌بی ئه‌دوان ، هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌ زانكۆدا هه‌مان هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی خوێندكاره‌ عه‌ره‌به‌كان بوو ، له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا تێكه‌ڵ ده‌بوون نه‌ك ئێمه‌ ، له‌گه‌ڵ كه‌لتووری ئه‌وان ڕاهاتبوون ، ته‌نانه‌ت به‌ كه‌لتووری خۆیانیان ئه‌زانی ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێمه‌یان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك پێ قه‌بووڵ نه‌بوو !
له‌ خانه‌قیندا هه‌ر له‌ دوای نه‌مانی حكومه‌تی به‌عسه‌وه‌ ئیداره‌ی هه‌رێم به‌شی خوێندنی كوردی كرده‌وه‌ ، به‌ڵام پێش خه‌ڵكه‌ ئاساییه‌كه‌ هه‌موو به‌رپرسانی شاره‌كه‌ منداڵه‌كانیان له‌ خوێندنی كوردی ده‌ركردو گه‌ڕاندنیانه‌وه‌ بۆ به‌شی عه‌ره‌بی !
هه‌روه‌ك له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌ندێ خه‌ڵكی دڵگه‌رم تابلۆی سه‌ر دوكان و فرۆشكاگانیان به‌ زمانی كوردی گۆڕی ، به‌ڵام ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆری نه‌خایاندو دووباره‌ زۆرینه‌ی تابلۆكان بوونه‌وه‌ به‌ عه‌ره‌بی !
ئێستاش سه‌یری چالاكییه‌كانی هه‌ر كه‌سێكی دانیشتووی ئه‌م شاره‌ ئه‌كه‌ی له‌ تۆڕه‌كانی فه‌یس بووك و تویته‌ر هه‌مووی به‌ زمانی عه‌ره‌بین ، ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی هه‌ره‌ زۆری ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌سه‌ر ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی شاره‌كه‌ بڵاو ده‌كرانه‌وه‌ هه‌مووی به‌ زمانی عه‌ره‌بی بوو .
من دوو لایه‌ن به‌به‌رپرسیاری ئه‌م دۆخه‌ ئه‌زانم
یه‌كه‌م : ئه‌و خه‌ڵكه‌ ڕۆشنبیر و نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسانی له‌ شاره‌كه‌دان ، نه‌یانتوانی له‌ ڕێگه‌ی نووسین و كه‌ناڵی جیاجیای بینراوو بیستراوو خوێنراوه‌وه‌ كه‌لتووری كوردی و به‌ تایبه‌ت كوردی لوڕی كه‌ زاراوه‌ی دانیشتوانی شاره‌كه‌شه‌ ، بگه‌ڕێننه‌وه‌ بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ی .
دووه‌م : حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌تایبه‌ت هه‌ردوو حزبی یه‌كێتی و پارتی و به‌دیاری كراویش چه‌ند به‌رپرسێكی یه‌كێتی ، ئه‌وه‌نده‌ی هه‌وڵیانداوه‌ بۆ قایمتركردنی پێگه‌ی شه‌خسی و حزبیی خۆیان كاربكه‌ن ، ئه‌وه‌نده‌ لایان گرنگ نه‌بووه‌ چۆن خانه‌قین له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ به‌ شاری كوردی!
یه‌كێتی له‌ خانه‌قین ته‌له‌فزیۆنێكی ناوخۆی و ڕادیۆیه‌كی هه‌یه ‌، ئه‌مه‌ كارێكی باشه‌ كه‌ بابه‌ت و به‌رنامه‌كانیان به‌ زمانی كوردی و عه‌ره‌بی په‌خش ده‌كه‌ن ، به‌ڵام كاركردن بۆ سڕینه‌وه‌ی كه‌لتووری عه‌ره‌ب و گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌لتووری كوردی لایان نه‌بووه‌ به‌رنامه‌و پلان .

 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
گەرمیان حەمەی پور

ئەرشیڤی بەڕێز: گەرمیان حەمەی پور