Newshirwan-Barzani

بەختیار شارەزورى : کلاسیکۆى نێوان گۆڕان و پارتى .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەگەر سەرجەم هەڵبژاردنەکان وێنا بکەین بە یارییەکانى کلاسیکۆ ، ئەوا دەبێت جۆرى یارییەکان و ئەو پلانانەى کە دانراون بۆ بردنەوەى یارییەکان دیارى بکەین ، دەبێ بپرسین لە نێو ئەم یاریانەدا لایەنى یەکێتى وەک تیپیى سێیەم لە پێکهینانى حکومەتدا دەکەوێتە کوێى ئەم یاریانەوە …؟ دەبێت ئەو لایەنانە ڕون بکەینەوە کە پارتى وەک تیپێکى بەهێزى ئەم یاریانە دەردەخات ، ئەڵبەت لە ناو ئەم گۆڕەپانەدا پارتى ئەگەر چى لە دەسەڵاتدایە و دەسەڵاتیش ڕوبەڕوى چەندین ڕەخنەى هاوڵاتیان بوەتەوە ، هێشتا هەر براوەى یەکەمە ، ئەدى بۆ پارتى بەردەوام ئەم یاریانە دەباتەوە ، ئەڵبەت پارتى بە درێژایى مێژوى خۆى بە تایبەت لە دواى ئاشبەتاڵەوە خاوەنى ئەو یاریچیە ناوخۆییانە نەبوە تا بتوانن یارییەکان بباتەوە … واتا هێزى ناوخۆییان نەبوە ، ئەو هێزەى کە هەیانە بەردەوام هێزێک بووە دەرەوە پێ ى بەخشیون ، بە مانایەکى تر بردنەوەى پارتى لەسەر دوو تەوەرە بەندە …
یەکەم : هاوکارى دەوڵەتانى ناوچەیى و سیناریۆ و تاکتیکەکانى ئەگینا نەخاوەنى ئەو پێگە جەماوەریەن و نەخاوەنى ئەو یارچیانەشن کە بتوانێت یارى کلاسیکۆ بەرێتەوە ……
دووەم : سیناریۆ و تاکتیکەکانى لە نێوان هاوکێشەى هێزەکاندا .. بە پێچەوانەوە یارچیەکانى گۆڕان یارچى ناوخۆین و بەهێزن ، بەڵام لە ڕوى تاکتیکى هاوکێشە ئیقلیمیەکانەوە نایەوێت ئەو کارتە تاکتیکییە بەکار بهێنن .. کە ئەمەش واى کردوە بەردەوام تاکتیکى ناوچەى لەم یاریانەدا بەهێزترین کارت بێت و پارتى بکاتە براوەى کلاسیکۆ .. ئێستە پارتى دەیەوێت خۆى وەک براوەى یەکەم ببینێت و لە دەرەوەى ساحەکەیە و کلاسیکۆى گواستوەتەوە بۆ نێوان گۆڕان و یەکێتى و ئەو دروشمەشى بەرز کردوەتەوە کە یەکێتى و گۆڕان یارى بۆ براوەى دووەم دەکەن … با بپرسین ئەو تاکتیکانە چین کە پارتى دەکاتە براوەى یەکەم ..
بۆ ئەوەى گۆڕان و یەکێتى نەتوانن لە هەولێر و دهۆکدا ببنە حاڵەتێکى ترسناک لەسەر پارتى ، دێت 30 حوزەیران بۆ درێژکردنەوەى وادەى سەرۆکایەتى خۆى و مانەوەى پێگەى وەک سەرۆکى هەرێم لەسەر یەکێتى جێبەجێ دەکات ، بە ڕازى بونى تورکیا و ئێران و یەکێتى دەکاتە هێزێکى لاوەکى .. پاشان بۆ ئەوەى گۆڕانیش نەبێتە هێزێکى ترسناک لەسەر پارتى لە زەمەنێکى تردا دەنگەکانى دژى خۆى بە هاوکارى ئێران و ڕازى بونى تورکیا دەخاتەوە ناو سەبەتەى یەکێتى ، ئەم یاریەى پارتى دەیکات هاوسەنگ ڕاگرتنى دووسەرە و بەهێز نەبونى هیچ کامێکیان لەوى تریان و بەهێز نەبونى هیچیان لە خۆى ، خۆ ئەگەر قۆناغى ئەم جۆرەى حوکمڕانى پارتى یەکێتى بەرە و کۆتا بون بچێت ، ئەوا پارتى لەم کلاسیکۆیەدا هونەرى تاکتیکى ناو ساحەى بەکار هێناوە ، خۆى کردە بەشێکى گەورە لە هەر دوو قۆناغەکە ( قۆناغى پارتى و یەکێتى و قۆناغى ئەنتى پارتى و یەکێتى ) واتا توانى ئەو یاریانە بکات کە لە بەرژەوەندى خۆیەتى و پێشکەشکردنى ئۆفەرى حکومەت بە گۆڕان و یەکێتى ، وەک ئەوەى ئەوان سوڵتان بن و پشکى ئەم دوو تیپە بدەن ، ماوەتەوە گێمى دووەم ، کە هاتنە ناوەوەى گۆڕانە بۆ ناو ساحەى حکومەت و دەسەڵات ، خۆ ئەگەر سینارێوکانى پارتى فرە سەر و فرە دیو بن ئەوا لەم خولەدا دەیەوێت سیناریۆى خۆى و بەغداد دروست بکات و بە بیانوى جیاوازەوە گۆڕان و یەکێتى بخاتە ناو ئەم مل ملانێیانەوە و کلاسیکۆکە بگۆڕێت بە خۆى بەغداد و یارچیەکانى ناو گۆڕان یەکێتى بکاتە یارچى هێڵى دیفاع و گۆڵچى تیپەکە ، پاشان خۆى گۆڵکەرى سەرەکى بێت ، بە مانایەکى تر پارتى لە سیناریۆى ناوخۆى و یاریەکانى لە ناو سیناریۆکانى ناوچەییدا بەردەوامى بەخۆى دەدات .
ماوەتەوە سەر یارى نێوان گۆڕان و یەکێتى تا چەندێ دەتوانن لەوە تێبگەن کە دەبێت وریا بن بەرامبەر ئەو سیناریۆیەى کە لە ئارادایە لە نێوان مالیکى و مەسعود بەرزانیدا ، کە دەرئەنجامەکەى بە شێوەیەک داڕێژراوە بۆ دژایەتى مالیکى هەمومان ناچار بین ببینە هاندەرى گۆڵکەرەکانى پارتى … بە هێواشى ببنە هێزى هەر دوو قۆناغەکە و براوەى سەرجەم کلاسیکۆکان ، بە واتایەکى تر هێندەى تێگەیشتن لە تەڵەکانى سیناریۆ و تاکتیک گرنگە هێندەش دروستکردنى سیناریۆ و تاکتیک گرنگن ، چونکە ئەوە هاوڵاتیانە کە دەتوانرێت بە ئاسانى کاریان لەسەر بکرێت بەو وەرەقانەى کە کاریان پێ دەکرێت و هاوڵاتى ناچار بکات پشتگیریان بکات بە بێ ئەوەى بە خۆیان بزانن ( بۆ نمونە .. دەتوانرێت بوترێت ئەوە مالیکى و عەرەب دەیانەوێ ئێوە بمرن لە برسا و دەیانەوێت ناچار بن بە تەسلیم بوون بەغداد ، کە دەکاتە جوڵاندنى هەستى نەتەوایەتى و هەر خۆشى مالیکى هان بدات تا بە ئاراستەى سیناریۆکانیان بجوڵێن ) کە ئەم جۆرە یارییانە بە گشتى لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کارى لەسەر دەکرێت و هیچ ڕوداوێک نیە پلانێکى تاکتیکى شاراوەى لە پشتەوە نەبێت .
ئەوەى دەمێنێتەوە ئەم خولەى کلاسیکۆ ، یارى دروست کردنى حکومەتە و بزانین لە نێوان پارتى و گۆڕاندا کامیان دەتوانن باشترین تاکتیکى ساحە و سیناریۆى سیاسى داڕێژن .. کامیان دەبنە براوەى یەکەم .. ئێمەش دابەش بوین لە نێوان هاندەرانى هەردوو تیپدا .. کە پارتى لە ئێستەوە کارتەکانى دیارە ، دەیەوێت هەمووى ببنە یەک تیپ و لەگەڵ بەغدادا ببێتە کلاسیکۆ و وردە وردە خۆى ببێتە خاوەن ساحە و خاوەن یاریچى و خاوەن هاندەر و ئێمەش ناچار بکات چەپڵە بۆ گۆڵەکانى پارتى لێبدەین .