پەشێو حەمە ئەمین : گۆڕان وهەزم کردنی دەر ئەنجامەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ بەڕێز . نەوشیروان مستەفا.

وەك دەبینین ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنەکانی ٣٠ ی نیسان ئاماژەیەکی درووستن بۆ نزم بوونەوەو دابەزینی کێرڤی جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان ، ئەمە سەرباری هەموو ئەو تێبینیانەی لە سەر بەڕێوەچوون و پاك و بێگەردی پڕۆسەکە هەبوو ، بەڵام لە دووا جارا ئەنجامەکان وەك خۆیان دەمێننەوەو ، بزووتنەوەی گۆڕانیش دەبێ هەزمی ئەو واقیعە بکات کە تێی کەوتووە .
چونکە گۆڕان بزووتنەوەیەکی خاوەن مۆڕاڵ و ئایدیایەکی سەردەمە ، بۆیە ناکرێ بەردەوام لە سەنگەری بەرگری دا بمینێتەوەو وەك حیزبێکی لۆکاڵ لە ناوچەیەکدا چەق ببەستێ و ماماڵە ڵەگەڵ واقیعی کوردستانێکی گەورەدا بکات و پاساو بۆ ئەو ڕەوشە بێنێتەوە کە بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە لایەن چاودێرانی سیاسی و هەڵسوڕاوە دید ڕۆشنەکانەوە چاوەڕوانکراو بوو . ئەویش بەپشت بەستن بەم خاڵانەی خوارەوە —
١- بێ تاقەت بوونی خەڵك سەبارەت بە خیتابی ڕاگەیاندنەکانی گۆڕان و لادان لەو نەهجەی کە پێشووتر کاری پێدەکرد و ، وەك و تۆپخانەیەك مەسئولی گەندەڵ نەما ساچمەی ئەو تۆپخانەیەی بەر نەکەوێ .
٢- ڕازی بوون بەو فشاروو تۆمەتانەی کە لایەنی بەرابەر ئاڕاستەی بزووتنەوەکەی دەکرد لەسەر ئاستی گشتی و تاکەکەسی دا ، ئەوان بووبون بە ئۆپزسیۆن و ئێوەش وەك دەسەڵات خۆتان وێنا دەکرد ، تەنانەت لە سەنگەری بەرگریشدا نەبوون .
٣- پێنەدانی ئاماژەیەکی ڕوون لەمەڕ بەهەڵە تێگەیشتنی هاوڵاتیان لە مەفهوومی ئەو ڕێککەوتننامەی لەگەڵ پارتی ئەنجامتان دا بۆ پێکهێنانی حکومە ت .
٤- بێ ئەتەکیەتی و بێ مۆڕاڵی لە ڕووی کەسێتی و مەعریفی و هۆشیاری سیاسیەوە ، بۆ بەشێک لە کاندیداکان بە تایبەت لە پارێزگای هەولێرو ، بەتایبەتی تر بۆ ئەنجومەنی پارێزگاکان .
ئەم خاڵانەی سەرەوە بریتین لەهەرە کوشندەترین ئەو گورزانەی لەم هەڵبژاردنەیا بەر گۆڕان کەوت و ، بە دیراسە نەکردنیان بزووتنەوەکە بەرەو داهاتوویەکی نادیارو ئاکامێکی خراپ دەڕوات .
بۆیە لێرەوە وەك گۆڕانخوازێكی مەسئول ، کە بەئەرکی خۆمی دەزانم گەر دەتەوێ مێژوو بە قازانجی تۆ بنوسرێتەوەو ، ناوت وەك و فریاد ڕەسی نیشتمان لە قەڵەم بدرێ ، ئەوا بێ دوو دڵی ئەوەت پێ دەگەیەنم گەر گۆڕان هەزمی ئەم واقیعە نەکات و کار بۆ باشترکردنی ئەم ڕەوشە نەکات ، ئەوا دڵنیام لە کۆتایی وێستگەکەدا بە تەنها دێیتە خوارەوەو کەست لە گەڵدانیە .

لە گەڵ ڕێزدا
برات . پەشێو حمدامین
هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت