بەهرۆز جەعفەر : شەمەندۆنەفەرى گۆڕانە ڕاستەقینەکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، ئەم جۆرە لەبیرکردنەوە و مێنتاڵیەتى خەڵک بەرەو هەڵدێرێکى ترسناک ئەڕوات .
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، چاوتان بەگۆڕانى کۆمەڵایەتى و سیاسیی و فەرهەنگى ناکەوێت .
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، سەد پرۆژەى تواناسازیی و ماستەرو دکتۆرا ، دواجار هەردەمانکاتەوە بەوەى کەئێستا هەیە .
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، پرەنسیپەکانى ڕێزگرتن لەتاک و سەروەرى نیشتمانى فلوسێکى قەڵبە .
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، وەک چۆن لەمادەوە بۆ چاڵدێران ، لەچاڵدێرانەوە بۆ ئێستا ، تا هەتایە ڕەگو ڕیشەی کوردایەتى لەکوردوستاندا نابینن . بیگۆڕن ، بەبچڕاندنى ڕەگى یەکجارى عەرەب و تورک و فارس .
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، پرۆسەى ژن کوشتن و ڕۆژنامەنووس کوشتن و بیروئەقڵ کوشتن بەردەوام و بەردەوامتر ئەبێت
– ئەو کەلتورە ، نەگۆڕن ، نەک ناگەین بەزمانى ستاندارى کوردیی ، دە ساڵى دى ، بەتەواوى زمانى کوردیی لەلیستى زمانە لەناوچووەکانى جیهاندا ئەبینین .
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، هاوڵاتیان هەروەکو ئێستا لەبەد حاڵى بوندا دەژین و ، هەر خۆیان دەبنە گەورەترین کۆسپ لەبەردەم هەر گۆڕانێکدا ، تەنانەت واى لێدێت خزم و دۆست و هاوڕێیان مەنعى قسەکردنیشمان دەکەن .!.
– ئەو کەلتورە نەگۆڕن ، لەمەولا مەلاکان و بانگخوازە دینییەکان باسی نیۆ- لیبراڵیزم و پۆست مۆدێرنەو پۆسەتیڤیزم و ڕادیکاڵیزم و هیومانیزم و ئیکۆنۆمیک و پاوەرو پەیکەرى دەوڵەت و سیستماتیزەکردنى و شۆڕشى قووڵمان بۆ ئەکەن !.
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین .. فریانەکەوین ، مامۆستاکان لەنەخوێنەوارەکان پتر داکۆکى لەم میحنەتە دەکەن .. هەرهەوڵێک بۆ گۆڕان و خۆ ڕۆشنبیرکردن ، دواجار هەردەمانکاتەوە ( بەو) . ئەوەى هەیە تێی ناپەڕێنین .!.
– ئەو کەلتورە نەگۆڕین ، لەبرى شەرعیەتى ماچ ، گریان و،لەبرى هونەرو خۆشەویستى ، کەپت و کینە پەردەسێنێت . ئەهریمەنەکان باسی خودا ناسی و پەرستنمان بۆ ئەکەن !.
گۆڕانمان ئەوێ گۆڕان .. من دەمێکە داواى گۆڕینى ئەکەم ، سەردەمێک بایکۆتى هێزە ڕیفۆرمخوازەکانى کوردوستانم کرد ، ڕەخنەگرتن لەگۆڕان ، وەک جنێودان بوو بەبەعس لەناو مەعەسکەر خالید دا.. یەڵڵا دەى .. شەمەندۆنەفەرى گۆڕانە هەقیقیەکە بخەنە گەڕ.کوردوستان پێویستى بە ڕاچڵەکانێکى کەلتورییە ( کەڵچەر شۆک ) .. ماکیاڤیللیمان ئەوێ ، بۆیەکگرتنەوەى ئیتاڵیا نییە ، بۆ کوردوستانە ئەمجارە ، دەیگوت : نیشتمان لەمەترسیدایە ، گەردەلولەکە سەرکێشانە هەڵیکردووە ، ئەبێت کەشتییەکە زەریا بداتە پێش خۆى “.
وەرنەوە .. برالە وەرنەوە .. ڕێنیسانسە حەیاتەکە لێرەوەیە ، وەرنەوە تا سەرى لێ دەرنەکردوین ، با سەرى لێ دەربکەین . وەرنەوە … وەر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت