Andre-Comte

ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەی فەلسەفەو کێشە گه‌وره‌کانی ژیان .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

نووسینی : فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ کۆمت-سپۆنڤیل
دکتۆر کەمال میراودەلی له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی
چاپی ئینگلیزی : ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن William Hermann، له‌نده‌ن

بابه‌تی سێیه‌م : خۆشەویستی

خۆشەویستی خۆشیی ویستنە ( ئەرستۆ )

خۆشەویستی ئەو بابەتەیه‌ کە لە هەمووان زیاتر حەزمان لێی هەیە ، لەبەر ئەوەیە کە خۆی لە خۆیدا یەکێتی بەختەوەریمان پێدەدا ، یان وا دیاردەکەوێ ئەو یەکێتییەمان پێبدا یان هەڕەشەی نەهێشتنی یان لێسەندنەوەی دەکا .
چ بابەتێکی باس و خواس لە باسی خۆشەویستی لە نێو هاوڕێیاندا خۆشتر ، زیاتر لە دڵەوە نزیکە و سۆزدارترە ؟
چ بەشێك هەیە لەو زیاتر رازدار و نهێنی یە ، ناسکە و بە عەزابە ؟
چ لە خۆشەویستی پتر لە سۆز زیاتر سۆزی نێوان دوو کەس دەخرۆشێنێ ؟
ئەمە ڕاستە بەڵام ئەمە تەنیا ئەو خاڵەی من پشتراست دەکاتەوە : خۆشەویستی خۆشترین بابەتە ، نەك هەر لە خۆیدا لە به‌ڵینی خۆشیی و هەڕەشەیدا ، بەڵکو بە شێوەیەکی ناراستەوخۆش ، چونکە هەموو بانگاشەی ئەوە ده‌که‌ن کە بەشیان پێوە هەیە.
یاریی؟ ئا تۆ ( یاری) ت خۆش دەوێ ؟
ئه‌ی فلیم ؟ کەوایە تۆ سینەمات حەز لێیە .
تۆ پارەت خۆش دەوێ یان ئەو شتانەی دەتوانی بە پارە بیانکڕی .
سیاسەت ؟ تۆ حەزت لە سیاسەتە ئەو دەسەڵاته‌ت خۆش دەوێ کە دەتداتێ ؟
کار – تۆ کارەکەی خۆت پێخۆشە یان هەر نەبێ ئەو خۆشییەی دەتداتێ یان رۆژێ دێ بتداتێ خۆت ؟ به‌خته‌روه‌ری خۆت؟ ئه‌ی چۆن تۆ خۆت خۆش ده‌وێ وه‌ک چۆن هەموو کەس خۆی خۆش دەوێت .
رەنگە خۆشەویستی لەوە زیاتر نەبێ تۆ چی وچیت هەیە ، چ دەکەی لات خۆشەویست بن.
ئایا تۆ حەزت لە فەلسەفەیە ؟ خۆشەویستی بەشێکە لە وشەکە خۆی فەیلەسوف لە زمانی یۆنانیدا خۆشەویستی حیکمەتە و بەشێك لە ماناکەی ئەوەیە ( چ حیکمەتێکی گەورەتر لە خۆشەویستی هەیە !).
سۆکرات کەهەموو فەیلەسوفان قەدری دەزانن شتێکی جیای له‌مه‌ نه‌وت . رەنگە تۆ تەنانەت فاشیزم ، ستالینیزم و جەنگت خۆش بوێ ؟ کەوایە تۆ ئەوانەت خۆش دەوێ یان باشترو ڕەواتر ئەو شتانەت خۆش دەون کە بەرهەلستیانن وەك دیمۆکراسی ، مافەکانی مرۆڤ ، ئاشتی ، برایەتی ، ئازایەتی .. بەڵام هیچ پێخۆشبوونێك بێ خۆشەویستی نابێ ؟ ئەمەش دەمانهێنێتەوە بۆ خاڵە سەرەکییەکەی سەرەتا ، خۆشەویستی خۆشترین بابەته‌ و هیچ بابەتێکی دی ئەوەندە جێگەی پێخۆشبوونی ئێمە نییه‌‌ تا ئەو ڕادەیە نەبێ کە خۆشەویستی خۆمانیان دەدەینێ یان خۆشەویستی لەواندا دەدۆزینەوە .
لەبەر ئەوە ئێمە پێویستە خۆشەویستیمان خۆشبوێ یان هیچ شتێکمان خۆش نەوێ – دەبێ خۆشەویستیمان خۆشبوێ یان بمرین لەبەر ئەوەیە کە خۆشەویستی نەك خۆکوشتن تاکە پرسیاری فەلسەفی سەختە ( جددییە ).
من ئاماژە بۆ دەستپێکردنی کتێبەکەی ئەلبێر کامۆ : ئەفسانەی سێزۆڤ دەکەم : لێرەدا تەنیا یەك گرفتی سەخت ( جدی) هەیە کە کێشەی خۆکوشتنە ، حوکمدانی ئەوەی داخۆ ژیانی مرۆڤێك شایانی ژینە بریتییە لە وەڵامدانەوەی پرسیاری جەوهەری فەلسەفە .
من بە خۆشییەوە پێشنیازەکەی دووەم پەسەنددەکەم ئەمەشە وام لێدەکا بە تەواوی دڵمەوە لەگەڵ پێشنیازی یەکەمدا هاورا نەبم . ئایا ژیان شایانی ژینە ؟ خۆکوشتن پرسیارەکە لەناو دەبا نەك چارەسەری بکات . تەنیا خۆشەویستی ( مادام پرسیارەکە لەناو نابا چونکە ئەو پرسیارە دووبارە هەموو بەیانیییه‌ك و هەموو ئێوارەیەك بەرەو ڕوومان دەبێتەوە ) لە چارەسەری ئەم کێشەیە نزیك دەبێتەوە ، هەتا ئێمە لە ژیاندا بین هەتا خۆشەویستی ئێمە لە ژیاندا بهێڵێتەوە ئەوەی داخۆ ژیان شایستەی ئازاری زێندەگیکردنێتی یان نا ، یان ڕاستتر داخۆ بایی ئەو ژان و خۆشیەی ژینە ، یەکەم و پێش هەموو شتێك پەیوەستە بە توانستی ئێمە بۆ ( خۆشەویستی ) .
سپینۆزا ئەمەی دەرك پێکرد : بەختەوەری یان نا بەختەوەری کەسێك بە راستی بە تەواوەتی پەیوەستە بە چەشنی ئه‌و بابەتەوە کە خۆشی دەوێ .
بەختەوەری ئەوەیە لە خۆشەویستیدا بەختەوەربی ، نابەختەوەری ئەوەیە لە خۆشەویستیدا نا بەختەوەربی یان خۆشەویستییت هەر نەبێ .
سایکۆسۆمۆیی ، خەمۆکی یان میلانخۆیی ، فرۆید دەڵێ سەرەتا بە نەمانی توانستی خۆشەویستی دەناسرێتەوە ، بە نەمانی توانای خۆشەویستی خۆتەوە . لەبەر ئەوە بەحاڵ جێگەی سەرسورمانە کە ئەم جۆرە حاڵەتە زۆر جار مرۆڤ دەخاتە بیری خۆکوشتنەوە . ئەوه‌ خۆشەویستییە ئەوا دەکا ژیان لامان خۆشەویست بێ . ئەوە خۆشەویستییە کە ڕزگارمان دەکا لەبەرئەوە خۆشەویستیە کە دەبێ ڕزگار بکرێ .
بەڵام خۆشەویستی چییە ؟ بابەتی خۆشەویستی چییە ؟
خۆشەویستی هێندەی بابەتەکانی بەربڵاوو فرە چەشنە . ئێمە دەشێ پارە و دەسەڵاتمان خۆش بوێ ، وەك وتم بەڵام دەشێ دۆست و هاورێشمان خۆش بوێن ، هاوسەرەکانمان و مناڵەکانمان ، باوك و دایكمان ، و تەنانەت هەر کەسێ بێ ، خۆش بوێ کەسێك کەوا رێدەکەوێ لەوێ بێ : ئەوە مانای خۆشەویستی دراوسێکەته ‌.
دەشێ ئێمە خوامان خۆش بوێت ، ئەوانەی باوەڕیان بە خوا هەیە ، دەشێ باوەڕیشمان بە خۆمان هەبێ گەر هەر کەمێ خۆمان خۆش بوێ .
بەکارهێنانی یەك وشە بۆ پێناسەی زۆر جۆری هۆگریی ، حەز دەبێتە هۆی ئاڵۆزی مانا و مادام ئارەزووش دێتە ناو ئەو گرۆیە مانایانەوە ئەوا بە ناچاری دەبێتە هۆی وەهم دروستکردنیش .
ئایا کاتێ باسی خۆشەویستی دەکەین دەزانین باسی چی دەکەین ؟ ئایا ئێمە زۆر جار سروشتی بە پێچ و پەنای وشەکە بۆ روکەشکردنی خۆشەویستییەکه‌ بە پێچ و پەنا بەکار ناهێنین ؟ مەبەستم ئەو خۆشەویستانەن کە خۆپەرستانە و نەرجسین بۆ ئەوەی خۆمان هەڵخه‌ڵەتێنین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بنسه‌رنجهimpression بده‌ین که‌ که‌سێکمان له‌ خۆمان بەدەر خۆش دەوێ ؟ بۆ شاردنەوەی ، نەك ڕاستکردنەوەی ، هەڵە و ناتەواوییەکان ؟ ئەمە شایانی تێگەیشتنە دەبێ هانیشمان بدا زیاتر ئاگامان لە خۆمان بێ . خۆشەویستی راستی دەبێ شانبەشانی خۆشەویستی بڕوا ، دەبێ ڕۆشنی بکاتەوە ، ڕێنمایی بکا ، تەنانەت دەشێ هەوڵ بدا لە خرۆشەکەش کەم کاتەوە . ئەوەی کە مرۆڤ خۆێ خۆش دەوێ ئاشکرایە : ئەگەر وانیییه‌ چۆنە ئەو فەرمانەمان پێدراوە کە دراوسێکەمان وەك خۆمان خۆش بوێ ؟ بەڵام گەر مرۆڤ تەنیا خۆیان خۆش بوێ یان خۆشەویستیمان تەنیا بۆ خۆمان بوێ ئەوە مەترسی و ریسکە . گەر وانیییه‌ بۆچی داوامان لێکراوە هەروەها دراوسێکانیشمان خۆش بوێ .
ڕەنگە پێویستی بەوە هەبێ وشەی جیاواز بۆ خۆشەویستی جیاواز بەکار بێنین . خۆ گرفتی نەبوونی وشەشمان نیییه‌ دۆستایەتی هاوڕێیەتی ، ناسکیی ، سۆز ، هۆگری ، حەز ، ئاشنایه‌تی ، هاوسۆزی ، ئارەزوو ، تاسەکردن ، پەرستن ، بەزەیی ،‌ هه‌وه‌س .
لەبەر ئەوەی یۆنانیییه‌کان لە ئێمە زیاتر بەڕوونی خۆیان دەردەبڕی یان زیاتر حەزیان لە لێکدانی وشە بوو بە گشتی سێ جۆرە ، خۆشەویستی بەکاردێنن : ئەو سێ وشانەی یۆنانیییه‌کان بۆ خۆشەویستی و کە بەلای منەوە لەهی هەموو زمانێکی تر ڕوونکەرەوە ترن ئەوانەن : ئیرۆس Eros، فیلیاPhilia، ئەگەپی Agape .
ئیرۆس چییە ؟ خۆشەویستی ئەو شتانەیە کە نیمانن خۆشەویستییەکی بەسۆز و بەجۆشە ، خۆشەویستیەکی ئەفلاتونیییه ‌، ئەوەی کە نییەتی ، ئەوەی کە بۆ خۆی ئەو نیییه‌ ، ئەوەی کە بۆ خۆی پێویستی پێی هەیە ئەوانە بابەتی ئارەزوو- و خۆشەویستین ، ئەمە ئەو خۆشەویستیەیە کە وەردەگیرێ کە هەوڵ دەدا بیکا بە هی خۆی ، کە بۆ خۆی بهێڵێتەوە : خۆشتم دەوێ ، تۆم دەوێ ، ئەمە سادەترین شێوەی خۆشەویستییە ، سەختترین و تیژترین شێوەی خۆشەویستییە . چۆن کەسێ ئەوەی خۆش ناوێ کە بێ بەشە لێی ؟ چۆن کەسێ شتێکی خۆش دەوێ کە لێی بێ بەش نییە ؟ ئەمەیە ڕازی سۆزی خۆشەویستی کە تەنیا بە نەبوونی ، بە نابه‌خته‌وه‌ریی ، به‌ بێهومێدبوون گه‌شه‌ ده‌کا . ئه‌مه‌ نهێنی دینە : خودا ئەوەیە کە بە شێوەیەکی رەها ونه ‌.

{ به‌یته‌کەی هێمن لێرەدا ئەم بیرە دەردەبڕێ  :

ئەی ئەوەی کە دەتپەرستم و لێم ونی
تۆ خودا نی ، تۆ خۆشەویستی منی . وه‌رگێڕ ]

چۆن ئەم جۆرە خۆشەویستی یە بەبێ باوەڕ دەکرێ بەختەوەری ببەخشێ ؟ مرۆڤ دەبێ ئەوەی خۆش بوێ کە ونە ، نیییه‌تی و ئازار و ژانی بۆ بچێژێ یان دەبێ بەوە ڕازی بێ کە چیدی خۆشی ناوێ چونکە کەسێك تەنیا ئەوەی خۆش دەوێ کە نیییه‌تی و لێی بێزار نه‌بێ . ئازار و ژانی سۆزی ئەوین ، خەم و حەسرەتی دڵداران ، ئەمەیە ئیرۆس ! شتێ نیییه‌ کە پێی بڵێن خۆشەویستی بەختەوەرانە .
بەڵام چۆن دەشێ ئێمە بەبێ خۆشەویستی بەختەوەر بین ؟ چۆن ئەوە دەبێ کە هەتا لە خۆشەویستی داین قەت بەختەوەر نابین .
کۆزانەکەی { بیرۆکەکەی } ئەفلاتون تەواو دروست نیییه‌ بۆ هەموو شتێکیش ناگونجێ . ئێمە تەنیا ئەو شتانەمان خۆش ناوێ کە نیمانن زۆرجار ئێمە ئەو شتانەمان خۆش دەوێ کە لێیان بێبەش نین ، ئەو شتانەی هەمانن ، ئەو شتانەی دەیانکەین و ئەوەی هەیە و ئێمە خۆشییان لێوەردەگرین ، هەست بە شادمانی دەکەین و بەو شادمانیییه‌ شاگەشکە دەبین . ئەمە ئەو جۆرە خۆشەویستییەیە کە یۆنانیییه‌کان پێی دەڵێن فیلیا philia یا بڵێین خۆشەویستی بە بۆچوونە ئەرستۆیی یەکەی : خۆشەویستی خۆشیی ویستن وشادبوونە و نهێنی خۆشەویستیی فیلیا ئەوەیە ئەو شتانەت خۆش بوێن کە بزر نین لای تۆ و لێیان بێبەش نی ، ئەوشتانەی کە خۆشیمان دەدەنێ و ئەوەش شاد و دڵخۆشمان دەکا یان خۆشەویستی خۆی ئەو خۆشییەیە ، خۆشیی کار : ئەو خۆشەویستیەی دەیکەین , خۆشی دەزگیران و دۆستان : ئەو خۆشەویستییەی هاوبەشین تێیدا ، شتێك نیییه‌ پێی بوترێ خۆشەویستی ناخۆش ! خۆشەویستی ناشاد ! ئەمەیە فیلیا.
دۆست بوون یان دۆستایه‌تی : فیلیا عادەتەن بەوە تەرجەمە دەکرێ بەڵام بەمە هێز و مەوداکەی کەم دەکەینەوە و چونکە ئەم دۆستایەتی یە بە ئارەزوو وە بەند نیییه‌، ئەو ئێستا بزر نییە بەڵکو هێزە ، سۆزیش نیییه‌ ( ئیرۆس فیلیا دەتوانن و زۆر جار تێکەڵ دەبن ) ، نە خێزانیشە ( ئەرستۆ فیلیا بۆ خۆشەویستی باوك و دایك بۆ منداڵەکەی و خۆشەویستی نێوان هاوسەران بەکار دێنێ هەروەك مونتاینmontaigne دوایی باسی خۆشەویستی خێزانیی دەکات ، نە ئەو دڵبەندییە سەرسامکەرە بەنرخە بێکۆتاییەی نێوان دوو دڵدارە ، ئەوە ئەو خۆشەویستییەیه‌ کە تۆماس ئەکوینی Aquinas وه‌ک تاسه‌و ئاره‌زووی فیزیکی به‌هێز concupiscence باسی دەکا. ( خۆشەویستی کەسێکی تر لەبەر خاتری ئەوو هیچی دی ) بەڵکو خۆشەویستییەکی بەخشندە کارە ، ( خۆشەویستی که‌سێکی دی بۆ خاتری ئەوی دی ) و نهێنی پێوەندی بەختەوه‌رانەیە . بێ گومان ئەم خۆشەویستییە بەدەر نییە لە خۆشەویستی کەسی لە نێوان دڵداراندا . فیلیا بە سێکس دەژی و ڕووناك دەبێتەوە . چۆن مرۆڤ بەو خۆشییەی دەیبەخشێ و وەری دەگرێ شاد نابێ ، چۆن دەتوانین خۆشێی ئەو کەسانه‌مان نەوێ کە خۆشیمان دەده‌نێ ؟ ئەم بەخشندەییە شادیبەخشە ، ئەم شادییە بەخشندەکارە کە یۆنانییەکان پێی دەڵێن ( فیلیا) ، ئه‌مه‌ چەمکی ئەرستۆیە دەربارەی خۆشەویستیی.
خۆشەویستی ئەوەیە شادبی و شادییت بۆ ئەو کەسە بوێ کە خۆشت دەوێ . بەڵام ئەوە هەروەها چەمکی سپینۆزایە دەربارەی خۆشه‌ویستی . ئەو لە ئەخلاقیات – دا دەنووسێ : خۆشەویستی خۆشییە لەگەڵ ئایدیای هۆیەکی دەرەوەیی کە خۆشت بوێ ، ئەوەیە خۆشی لێ وەربگری ، لەبەر ئەوەیە کە خۆشییەکی دی جگە لە خۆشەویستی نیییه . له‌ به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ وه‌ک پریسنسیپ خۆشه‌ویستییه‌ک نییه‌‌ کە خۆشییبەخش نەبێ ، خۆشەویستی ئەو مەرجەی نیییه‌ کە بابەتی خۆشەویستیەکەمان ون بێ ، ئەوە شکستییەکی ڕێکەوتە کە خۆشەویستەکەمان بزر دەبێ یان کە ماتەمی دەستی دەوەشێنێ . ئێمە لێك دادەبڕێ . بەڵام ئەم دیارنەمانە نەیدەتوانی ئازارمان بدا ئەگەر بەختەوەرییە سەرەتاییەکە گەرچی تەنیا وەهمیش بووبێ خۆی لەوێ نه‌بایه ‌. ئێمە تەنیا ئارەزووی ئەوشتانە ناکەین کە نیمانن و لێمان ونن ، ئێمە ئەو شتانەمان خۆش دەوێن کە لێمان بزرن ، ئارەزوو هێزه ‌، هێزی خۆشی وەرگرتن .
هێزی خۆشی ، خۆشەویستی شادبوونە ، ئەمە ئەو شتەیە کە هەموو دڵداران دەیزانن کاتێ هەست بە شادی دەکەن ، هەموو دۆست و هاوڕێیانیش ئەمە دەزانن .
من تۆم خۆش دەوێ ، من شادم کەتۆ هەی .
ئەگاپی Agape وشەیەکی یۆنانیییه‌ کە زۆر دواتر لەوانی پێشوو دەردەکەوێ ، نە ئەفلاتوون ، نە ئەرستۆ نە ئیپیکێرسEpicurs ئەم وشەیان بیستبوو ، ئیرۆس و فیلیا بۆ ئەوان بەس بوون ، ئەوان تەنیا سۆز و دۆستایەتییان زانیوە ، ژانی ئەوەی نیییه‌ و خۆشیی ئەوەی بەشت تێیدا هەیە ، بەڵام وا رێدەکەوێ بە ماوەیەکی درێژ دوای کاتی ئەو سێ فەیلەسوفانە جوولەکەیەکی کەم ناسراو لە کۆلۆنیییه‌کی رۆمانی دووردا بە زمانە سامییە سەیرەکەی شتی سەرسامکەری وتن : خودا خۆشەویستییە ، دراوسێکەی خۆت خۆشبوێ ، دوژمنەکەی خۆت خۆش بوێ .
ئەم رستانە کە رەنگە بەهەر زمانێك بان سەیر بهاتنابایە بەرگوێ وا دەردەکەوت کە ئەستەمە تەرجەمە بکرێن بۆ یۆنانی دەبێ ئەو رستانە ئاماژە بۆ چ جۆرە خۆشەویستییەك بکەن ؟ ئیرۆس ؟ فیلیا ؟ هەر کامێکیان ئەنجامی بێهودەییان دەبوو ، چۆن خودا لە هیچ شتێ بێبەش دەبێ ؟ ئەو چۆن دەشێ دۆست و هاوڕێی هیچ کەس بێ ؟ ئەمە شتێکی بێ مانایە ئەرستۆ پێشتر وتبووی کە گۆیای ( ئیدیعای ) ئەوە بکەی تۆ دۆستی خودای ئەوە شتێکی ئەستەمە کەوا خەیاڵ بکەین ژیانی ئێمە کە ئەوەندە بێ بایەخ و جێی بەزەیی یە بتوانی شتێ بۆ شادیی تەواو و پیرۆز و خودایی ئەو زیاد بکا ، کێ دەشێ داوای ئەوە بکا دراوسێکەی خۆی خۆش بوێ یان هەر کەسێ بێ وهەموو کەس ؟ یان چ بێ مانایی یە کە دۆستی دوژمنەکەمان بین ؟ لەگەڵ ئەوەشدا ئەم فێرکارییانە دەبوو تەرجەمە بکرێن بۆ زمانی یۆنانی . هەروەك چۆن ئەمرۆ شتێك تەرجەمەی ئینگلیزی دەکەین تا لە هەموو دنیادا شایانی تێگەیشتن بێ ، بۆ ئەوە ئەمە بکەین شاگردەکانی زووی مەسیح کە دیارە من مەبەستم فێرکارەکانی ئەو بوون ، ناچار بوون کە وشەیەکی نوێ ( نیۆلۆجیزمێک ) لە کرداری ( ئەگەپەن ) ( خۆشدەوێ ) دابتاشن کە وەك رێسای زمان شێوەی کرداره‌ناو substantive ی نەبوە : وشەکە agape بوو کە بۆ وشەی کاریتاسcaritas لە زمانی لاتینی ( چارتی) لە زمانی ئینگلیزی تەرجەمە دەکرێ . مانای ئەگەپی چییە ؟ مانای ئەوەیە تا ئەو ئاستەی دەگونجێ دراوسێکەی خۆت خۆشبوێ ، کەسێکت خۆش بوێ کە لێرە نەبوو غەمبارت دەکا ، لێرە بوو شادت دەکا . کەسێ کە هەیە ، هەیە و بەس ، کە ئێمە بەبێ هیچ سوودێ دەبێ خۆشمان بووێ لەبەر هیچ هۆیەکیش یان تەنیا لە پێناو خۆشەویستیدا بەبێ ئەوەی گوێ بدەینە ئەوەی کێیە ، بەهاو سەنگی چەندە چ دەکا. ئەمە کۆزانی مه‌سیحه‌ دەربارەی خۆشەویستی، ئەمە نهێنی قودسییەتە ئەگەر شتی وا هەبێ ئێمە نابێ ئەو بەخشین و میهرەبانیی و خۆشەویستییە لەگەڵ کاری وەك زەکات دان و ئارزووی فیزیکیconcupiscence تێکەڵ بکەین : نا ئەمە رۆحی دۆستایەتی گەردوونیییه‌ کە بە تەواوەتی لە منێتی رزگاری بووە ( دۆستایەتی ئاسایی لێی دەرباز نەبووە ، چونکە ئەوە ئه‌و بوو ، ئەوە من بووم ، وەك مۆنتایگن Montaigne نووسیوێتی) ، لە هەموو شتێ رزگاری بووە ، لەبەر ئەوە خۆی رزگارکەرە ، ئەمە خۆشەویستی خودایە ئەگەر هەبێ ( سەینت جۆن لە یەکەم ئیپسیتلیدا دەنووسێ : خودا خۆشەویستییە ) و ئەگەر خودا نەبێ ئەوە ئەو خۆشەویستییەی ئەوە کە لە دڵماندا و لە خەونەکانماندا نزیکترین شتێکە لەوەوە .
ئیرۆس ، فیلیا ، ئەگەپی : خۆشەویستی کە شەیدایی یان هەبوونە ، خۆشەویستی کە خۆشیشە و هاوبەشە ، خۆشەویستی کە پێشوازیکەرە و بەخشندەیە ، ئایا دەشێ بەختەوەری بێ حەز و تاسە هەبێ ؟ چۆن دەتوانێ کەسێ ببەخشێ بەبێ ئەوەی کەسانی دی هاوبەش بکات ؟ گەر ئێمە بەلای کەمەوە لە ڕووی عەقڵییەوە بمانەوێ جیاوازی لە نێوان ئەو سێ جۆرەی خۆشەویستی بکەین یان ئەو سێ پلەی خۆشەویستی یە ، ئەوە بۆ ئەوەیە تێبگەین کە هەرسێکیان پێویستن و پێکەوە گرێدراون و بۆ ئەوەیە ئەو رێیانە ڕوون بکەینەوە کە لە یەکێکیانەوە بۆ ئەوانی دی دەچن ، ئەوانە سێ جۆری جیاوازی لە یەکتر بەدەر نین ، بەڵکو سێ خاڵن لە یەك هەواردا : هەواری خۆشەویستی ، یان سێ خرۆشن لەو پرۆسەدا کە پێی دەڵێن ژیان .
ئیرۆس سەرەتایە ، ئەوەیە کە دوای ئەفلاتون و شۆپنهاوەر ، فرۆید بیرمان دەخاتەوە کە : ئەگاپی ئامانجە کە بەرەورووی ئەو ئێمە بەلای کەمەوە دەتوانین هەوڵ بدەین ، شتێکە کە ئینجیلەکان بەردەوام بۆی هەوڵ دەدەن ، ئاخری فیلیا رێگەیە یان خۆشییە وەك رێگا ئەوەیە کە ئاه‌زوو دەگۆرێ بە هێز ، هەژاریی بە دەوڵەمەندیی .
کۆرپەیەکی شیرە خۆرە بێنە بەرچاوی خۆت : دایکی شیری دەداتێ . ئەو خۆشی زەمانێك کۆرپەی شیرە خۆرە بووە . ئێمە هەموو ژیانمان بە وەرگرتن دەست پێدەکەین ئەمەش جۆرێکە لە خۆشەویستی دوایی فێری ئەوە دەبین ببەخشین بەلای کەمەوە که‌مه‌ کەمە . هەندێ جار ئەو بەخشینە تاقە رێگایەکە تا ئێمەش دڵسۆز بین بۆ ئەو خۆشەویستییەی وەرمان گرتووە ، ئەوه‌ خۆشەویستییەکی تا بڵێی مرۆڤانەیە ئەوەندە ناسکە ئەوەندە لەرزۆکە ئەوەندە بە سنوورە لەگەڵ ئەمەشدا خۆشەویستییەکە پرشنگی شتێکی ئەبەدی بێکۆتاییمان دەداتێ . ئەو خۆشەویستییەی ئێمە دەبینە بەرکاری و ئێمەی کردۆتە بابەتی خۆی ، ئەو خۆشەویستییەی کە بەرهەمی ئێمە نییه‌ و لە پێش ئێمەوە هەبووە و لە رێگای ئەوەوە ئێمە لە دایك بووین نەك خەلقکرابین ، ئەو خۆشەویستییەی لایلایەی بۆ کردین و گۆشی کردین ، ئێمەشت تێرکرد ، پاراستینی و دڵی داینەوە ، ئەو خۆشەویستییەی هەموو دەمێ لەگەڵمانە ، بەتاسەوەین بۆی و شادین پێی و دەمانبزوێنێ و دڵمان ڕووناك دەکاتەوە . گەر دایکان نەبان ئێمە چ مانایەکی خودامان دەزانی ؟
بانگەوازێکی خۆشەویستی دەشێ بەم چەشنەبێ :
چەمکی خۆشەویستی ئەفلاتونی : تۆم خۆش دەوێ ، بەتاسەم بۆت ، تۆم دەوێ . تا دوور بی وو ن بی زیاتر تاسه‌ت ده‌که‌م .
چەمکی ئەرستۆ و سینۆزا : خۆشتم دەوێ ، تۆ هۆکاری بەختەوەریمی ، بەتۆوە دڵشادم .
چەمکی سایمۆن وایل و ڤلادیمیر یانکیلیڤیچ :
تۆم خۆش دەوێ وەك چۆن خۆم خۆش دەوێ ، من کە خۆم هیچم یا نزیکم لە هیچ خۆشتم دەوێ بەو جۆرەی خودا ئێمەی خۆش دەوێ ، خۆشتم دەوێ وەك چۆن هەموو مرۆڤێکم خۆش دەوێ ، هێزی من لێرەیە تا خزمەتی بێهێزی تۆ بکا ، هێزی لاوازی من لە خزمەتی لاوازیی مەزنی تۆدایە .
ئیرۆس و فیلیا و ئەگەپی : ئەو خۆشەویستیەی وەردەگرێ کە تەنیا خۆشی یان ژان دەزانێ هەبوون یان لە دەستدان . ئەو خۆشەویستیەی شادی لە هاوبەشی وەردەگرێ خۆشی بۆ ئەوانە دەوێ کە خۆشیمان دەدەنێ ، دوایش ئەو خۆشەویستیەی کە قبووڵ دەکا و دەپارێزێ لە خۆی دەبەخشێ ، خۆی بەخت دەکا چیدی خۆی پێویستی بەوە نیییه‌ کە خۆش بویسترێ .
من لە هەموو ئەو ڕێگایانەوە تۆم خۆش دەوی من بە تاسەوە لە باوەشت دەگرم بە شادییەوە بەشداری ژیانت دەکەم ، بەشداری ماڵت ، جێگەکەت ، خۆشەویستیت . من خۆم دەبەخشم ، بە ناسکی خۆم دەدەمە دەست تۆ ، سوپاس کە تۆ ئەو کەسەی کە هەی ، هەی وەکو هەی ، سوپاس بۆ بوونت ، بۆ یارمەتیدانی منیش تا ببم !!