بەهرۆز جەعفەر  :  پارتى یارى بەهەموو شت ئەکا  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێمە ، بۆئەوەى ڕاستى ئەم ناونیشانە ، بسەلمێنین ، پێویستمان بە دروستکردنى چوارچێوەیەکى تیۆرییە ، لەو پەتە نەتەوەییەى کە لەسەروەختى هاتنەوەى بارزانى باوک لەسۆڤیەتەوە ، بۆ (میسر- بەغدا- بارزان).کە پارتى تا ئەمێستاکە دەستى پێوە گرتووە . یانى هەتا ئەو ئایدۆلۆجیا ناشناڵێتیە ( قەومیە) ى ، کە وەک بڕبڕەیەک پارتى ڕاگرتووە ، ڕوون نەکرێتەوە ، لانى کەم ئەو تۆمەتە ساخ نابێتەوە ، کەپارتى چۆن یارى بەدیموکراسییەت ئەکا ، لەڕاستیدا مرۆڤایەتى تووشی هیلاکەتەتێکى زۆر دوورو درێژبووە ، بەملیارەها مرۆڤى کردە قوربانى ، تاگەیشتە فۆڕمێکى گونجاو بۆ حوکمڕانى ، ئەویش دیموکراسیەتە ، کەچى ئەمڕۆکە هێزێکى کوردى ڕاست و چەپ ، شڵپ و هوڕ کەوتۆتە گیانى ئەم چەمکە جیهانییە.
ناسیۆنالیزم ، وەک بیروباوەڕو بزوتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى سیاسی ، لەهەناوى شۆڕشەکانى ( پیشەسازیی ، بۆرژوازییەت ، لیبراڵیزم) ەوە ، هاتەدەر ، یانى دواى دامەزراندنى کیڵگەگانى هزرو ئازادیی و دیموکراسیی و بوژانەوە لەئۆروپا ، ئەوسا پیشەسازیی بوون ، دەبێتە خەسڵەتى هەرە سەرەکى نەتەوەیی بوون ( لەزمانى ئینگلیزیدا لەبەرامبەر نەتەوەیی و نیشتمانى دا،National) بەکار ئەهێنرێت . بۆئەوەى پرۆسەى نەتەوەیی بوون بکەوێتە سەرسکەى خۆى ، دوومەرجى : زمانێکى یەکگرتوو ، مێژووییەکى یەکگرتوو. قەومى بوون ، تەواو ئەکەن . لەمە ڕوونتر بەبێ مەرجى پیشەسازیی بوون ، زمانى یەکگرتوو ، فۆڕمۆلیزەکردنى مێژووییەکى هاوبەش و یەکگرتوو ، باسکردنى نەتەوەیی بوون ، هیچ مانایەکى نییە.هیوادارم تائێرە و لەو چەند دێڕە کورتەدا، خوێنەر ئەوەى چنی بێتەوە ، سادەترین بناغەکانى ناسنامەى نەتەوەیی یاخود ناشناڵێتى لەسەر تێگەیشتنى خۆى بینا بکات .

*دوالیزمەیەک کەپارتى خوڵقاندوویەتى
لەباشورى کوردوستان ، هەموو شتێک لەنێوان (هەبوون) و (نەبوون) دایە ، بۆنمونە : ڕۆژنامەنووس و میدیا هەیە ، کەچى هیچمان نییە ، فرەحزبى هەیەو نیشمانە ، یەک دونیا ئەکادیمیاو زانکۆو پیاوى قیت قیت دێنەسەر شاشەکان ، کەچى تادێت پاشخانى زانستى و تێفکرین خاڵى خاڵى ئەبێتەو.. هەڵبژاردن وەک یەکێک لە ئاماژەکانى دیموکراسیی هەیەو دەکرێت ، بەڵام مانگێک پێش ئەنجامدانى پرۆسەکە هەر هەموومان بێ جیاوازیی ئەزانین ، پارتى یەکەمە !!. بەبەراورد بەزۆر ناوچەى ڕۆژهەڵات ، ئاسایش و ئارامى هەیە ، ئاسایش و پاراستنى نیشتمانی نییەو ، بەئاشکراو نهێنى تیغى مافیاکانى نەوت و دەرمان و جگەرەو کۆمپانیاکانى نیشتەجێبون ئەبینین.. زۆرجار هەست بەوە دەکەین دەوڵەتێکى ئامادەکراوین ، کەچى ڕەگ و ڕیشەى ئەم دەوڵەتە لەئێستاوە لەناوخودى کوردوستاندا نییە. ئەم دوالیزمەیە ، لەدواى (31ى ئاب) ەوە ، پارتى بەباشی دەستى لەدروستکردنیدا هەبووە ، ئەگەر هۆیەکى دیار بۆ ئەم بون و نەبوونە هەبێت ، ئەو ترسەیە کەشەقام و لایەنەکوردییەکان ، ئەزانن پارتى لەحاڵە کاتى ئەوەى زۆر بۆ بێت ، هەموو پرۆسە نیشتمانى و نەتەوەیی و دیموکراتیەکان ، قڵپ ئەکاتەوە. کارەساتى ئەخلاقى گەورە بەسەر خۆى و نەتەوەکەشیدا ئەهێنێت .
* پارتى نوێنەرى کێیە ..؟.
پارتى دیموکراتى کوردوستان ، دواى (67) ساڵ تەمەن ، لەئێستادا دەیان ملیۆن کوردى باکورو ڕۆژئاواى کوردوستان ، هەڵوەستەى لەدژ دەکەن ، لەباشوریشەوە دەیان سەنتەرو میدیاو لایەنى سیاسیی و ڕەوەندى کوردیی ، سەدان هەزار کەس لەگەڵى نین ، داروبەرد ڕەخنە لەپارتى ئەگرێت ، کەچى هەر یەکەمە ، یەکەم !!. بەهەق نوێنەرى (35%) ى خەڵکى باشورى کوردوستانە ، بێجگە لەکەرکوک و ناوچەکانى دى. بێجگە لەوەى جار نا جارێک تارمایی ناکۆکییە نێوخۆییەکانى ئەم حزبە دەردەکەوێت . بێجگەلەوەى سەرکردەسیاسییەکانى هیچ کاتێک نکۆڵیان لەو واقیعە تاڵە نەکردووە ، کەهەیە ، بەجۆرێک لەپێش چاوى کامێراکان نێچیرڤان بارزانى ووتى : گەندەڵى بووە بەکلتور !!.
ئەم هێزە،بەبێ یەک و دوو،سەرۆکى حکومەت و سەرۆکى هەرێمى بەهەموو دەسەڵاتەکانییەوە ، گرتۆتە دەست ، بەرپرسى یەکەمى مەلەفى نەوت و ئاسایشە ، زۆرترین نوێنەرایەتى و پەیوەندییە دەرەکییەکانى بێ ڕکابەر هەیە .تەنانەت سەرۆکى کۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەکانى بەغداشى لەسەرەتاوە بەبێ قسە لەسەر پشکى خۆى هەیە .لەوەها کاتێکدا هێزێک کەناتوانێت لە 2 پارێزگا زیاتر نوێنەرایەتى خەڵک بکات،چۆن ئەتوانێت ئەو بارە نەتەوەییە،لەکۆڵ بگرێت،کە بانگەشەى بۆ ئەکات ؟..بەناوى کێوە خەندەق لەنێوان دوو پارچەى کوردوستانى گەورە لێ ئەدات ؟.
*پارتى یارى بەهەموو شت ئەکا
پارتى لە پەیوەند بەیارى کردن بە دیاردەکانەوە،سنورى نییە. یارى بەهەموو شت ئەکا،بە دیموکراسییەت، کە نەهەڵبژاردنى پاک و بێگەرد هەیە،نە دادگاى سەربەخۆ،نە ماف و ئازادییە گشتى یەکان،یارى بەکەیسە نیشتمانییەکان،بەکەیسە سیاسییەکان،خوێندنەوەى پارتى بۆ ئەم بارگرژییە جیهانى و هەرێمایەتییەى هەیە،زۆرجار خوێندنەوەیەکى کوردانەو عاتفى بووە، تائەوەى تازە بۆى دەرکەوتوە،چى ئێران و ئەمریکا لە پشتگیریی کردنى مالکى دا کۆئەکاتەوە ؟.ئێران و ئەمریکا لەخوا پەرستنیشدا جیاوازییان هەیە،بۆچى لەمالکیدا هاوبەشن ؟. بارزانى لە چاوپێکەوتنەکانى ئەمدواییەى،نەیشاردەوە کە گلەیی لەئیدارەى ئەمریکا هەیە،چونکە پاڵپشتى قەزیەى کورد نین .
پارتى هەر یارى بەدیموکراسییەت و باسە نەتەوەییەکانەوە ناکات ، بەڵکو بەحزبە کوردییەکانیشى ئەکات، هەرکات بیەوێ بارەگاى هەرکامێکیان دەسوتێنێت،ئەندامەکانیشى دەکوژێت،چونکە دەزانێت ئەم لایەنانەى ئێستا لەگۆڕەپانى باشوردان،هیچیان ئەو قەلە نین،تاقى کردونەتەوە .لەتەنگانەترین حاڵەتدا،لەگەرمەى ئیرحەلدا،ئەتوانێت لایەنە ئیسلامییەکان بۆلاى خۆى پەلکێش بکات،ئەوا بزوتنەوەى گۆڕانیشى خستە ناو داوى یارییە سەرگێژکەرەکانى خۆیەوە،بەمدواییە سەدان هەزار دەنگى لێ کەم کردنەوە .هەموو لایەنەکانى وا لێکردووە،کەس باسی یەکەمى نەکات،بەڵکو گشتیان شەڕ لەسەر دووەم و سێهەم بکەن،شەڕلەسەر جێگرەکان بکەن .!.
ماڵ ئاوەدان!.پارتى گرێبەستى غاز لەگەڵ ئێرانیش دەکات،ئاخر هەرێم چى پێویستى بەغازە ؟ غاز !!.غاز یانى سیاسەت،نەوت یانى ئابوریی .پارتى یارى بەپارە،بە سیاسەت،بەدیموکراسیی،بە حزبەکانى کوردوستان،بەمیدیاش دەکات،هەندێک جار ناونیشانى مەقالەکانى ئێمەو زۆربەى نوسەرانى دى بەبێ پرس لەسەر بەرگ و سایتەکانى پارتییە و دەیبەن،بۆمەبەستى جیاجیا بڵاوى دەکەنەوە،وەک ئەوەى ئێمە پەیامنێریان بین !.

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت