Andre-Comte-1

ئه‌ندرێ کۆمت – سپۆنڤیل : کتێبە گچکەی فەلسەفەو کێشە گه‌وره‌کانی ژیان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینی : فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی ئه‌ندرێ کۆمت- سپۆنڤیل

دکتۆر کەمال میراودەلی له‌ ئینگلیزی یه‌وه‌ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی

چاپی ئینگلیزی : ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن William Hermann، له‌نده‌ن .

بابه‌تی چواره‌م :

 مـــــــــــــــــــــــــــــــــــــردن

دەشێ ئەمان دژی هەموو جۆرە نەخۆشییەك پەیداکەین ، بەڵام ئەوەندی پێوەندی بە مردنەوە هەیە ئێمە لە شارێکی بێ سنووردا دەژین  . ئیپیکرۆس Epicurus

بۆ عەقڵی مرۆڤ مردن شتێکە هەم پێویستە هەم مەحاڵە ، پێویستە چونکە هەموو لەحزەیەکی ژیانمان رەنگی ئەوی پێوەیە ، وەك سێبەرێك لە دنیایەکی ترەوە ( ئەگەر مردن نەبایە هەر لەحزەیەك گومانی نییە تامێکی تری دەبوو لەبەر ڕۆشناییەکی تردا دەمانبینی ) ، مردن بۆ ئێمە وەك خاڵی نەمانی هەموو شتێ دەردەکەوێ .
مەحاڵە : چونکە هیچ شتێك لە مردندا نیییه‌ کە بیری لێ بکەینەوە چییە ؟ نازانین ، ناتوانین ، بزانین ، ئەو دوا مەتەڵەیە هەموو ژیانمان بە مەتەڵ دادەچنێ وەك رێگایەك هەوارەکەی نەزانرابێ یان ئامانجەکەی زۆر چاك زانراوە گەرچی ئێمە نازانین لەو دیو مەرگەوە چ دەگوزەرێ ، لەو دیو وشەکەوە ، لەودیو شتەکەوە چ هەیە یان داخۆ هەر هیچ هەیە .
رەنگە مرۆڤایەتی لەم مەتەڵەوە دەست پێ بکا. زۆر ئەگەری ئەوەیە هیچ زیندەوەرێك بیری لێ نەکردبێتەوە لەگەڵ ئەوەشا وەك ئەوە نیییه‌ کە هەر هیچ وەڵامی بەتوانا نەبن ، فەیلەسوفان هەمیشە وەڵامیان بۆ ئەو پرسیارە داوەتەوە مردن چییە ؟ ئەم وەڵامانە بەشی زۆری (میتافیزیکس) پێکدێنن . بەلام وەڵامەکانیان گەر بە زبری ئاسانیان بکەین دەبنە دوو جۆر :
ئەوانەی کە دەڵێن مردن هیچە یان هیچییە ، ئەوانەی تر کە دەڵێن نا ژیانێکی تر هەیە یان بەردەوامییەکی بێگەردی بێسنووری ئەم ژیانەی ئێستا هەیە . هەردووکیان بەرێی خۆیان نکولی لە مردن دەکەن : وەك هیچ ، چونکە هیچی هیچ نیییه ،‌ یان وەك ژیان چونکە مردن بە سادەیی دەبێ بە ژیانێکی تر .
کاتێ ئێمە بیر لە مردن دەکەینەوە دەتوێتەوەو نامێنێ ، بابەتی بیرکردنەوەکەمان بۆ ناگیرێ مردن هیچە نەبوونە ( ئیپیقرۆس) یان مردن مردن نییه‌ ( ئەفلاتۆن ) ژیانێکی دیکەیە .
لە نێوان ئەو دوو ئەوپەڕییانەدا ئەستەمە نێوەندە ڕێیەك بدۆزینەوە ئەوە نەبێ کە ئەمەش نێوەندی رێ نیییه ‌، کە دان بە نەزانی خۆماندا بنێین ، نا دڵنیاییمان ، گومانمان رەنگە تەنانەت بێباکیشمان ، بەڵام چونکە کاتێ دێینە سەرباسی مەرگ نەزانیی بەختی هاوبەشمانە ئەم سێیەم هەڵوێستە تەنیا دەرکپێکردنی ئەو شتانەیە کە نادیارن یان شایانی زانین نین لە دوو هەڵوێستەکەی تردا زیاد لەمەش ئەو دوو هەڵوێستە کەمتر هەڵوێستی دژ بەیەکن وەك ئەوەی کە proposition پێشدراوێکن وەك بەڵگە نەویست دژی هەر هەڵوێستێکی ئەگەری سێیەم پێشکەش کراون . مردن یا دەبێ شتێك بێ یان دەبێ هیچ نەبێ ، بەڵام گەر شتێك بێ ئەوە بۆ جیاکردنەوەی لە هیچ هەر دەبێ ژیانێکی تر هه‌بێ یان تاریکتر یان ڕووناکتر لەوەی ئێستا بەپێی بیروباوەڕی کەسەکان .
بە کورتی ، مەتەڵی مەرگ تەنیا رێگەی دوو وەڵام دەدات رەنگە هەر ئەوەش بێ وایکردووە هێندە بەشێوەیەکی بە هێز کاری کردبێتە سەر مرۆڤایەتی و سروشتی فەلسەفە ، هەندێ هەن پرسی مردن زۆر بە سەختی (جددی) وەردەگرن وەك هیچ ، عەدەم ، نەبوون – کە ئەمە هەلوێستی زۆربەی فەیلەسوفە نائاینییەکان و ماتریالیستەکانە و لە لایەکی ترەوە ئەو کەسانە هەن کە مردن تەنیا وەك پەڕینەوەیەك سەیر دەکەن ، گواستنەوە لە نێوان دوو ژیاندا دەشێ تەنانەت وەك سەرەتای ژیانی راستەقینەی کەسێك دابنرێ . زۆربەی دینەکان و هەروەها رۆمانسییه‌کان و ئایدیالستەکان جەخت لەسەر ئەمە دەکەن ، بەڵام شاراوەیی کێشەکە بە هیچیان کەمتر نەکراوەتەوە وەك پێشتر وتم کە بیر لە مردن دەکەینەوە ، دەڕواو گوم دەبێ . بەڵام ئەم ڕاستییە قەت کەسی لە مردن نەپاراستووە ، نە هیچ ڕوانگەیەکیشی داوینێ مانای مردن چییە .
رەنگە بپرسین چ هوودەیەکی تێدایە پرسیارێ بکەین کە بۆ ئێمە هیچ وەڵامێکی نییه‌؟ حیکمەتەکە وەك پاسکال دەرکی پێکرد ئەوەیە کە تەواوی ژیانمان هەر تاکە بیرێکمان پێوەندی بەوەوە هەیە جا باوەڕمان وابێ کە شتێك لە دوای مردنەوە هەیە کە بە شێوەیەکی رادیکاڵی کاردەکاتە سەر ئەوه‌ی چۆن بیردەکەینەوە چۆن دەژین . بەهەرحاڵ گەر ئێمە تەنیا خۆمان بەو کێشانەوە خەریك بکەین کە شایانی چارەسەرکردنن بەمە وەك گرفت نامێننەوە ئەوادەبێ واز لە فەلسەفە بێنین . هێشتا چۆن دەتوانین ئەوە بکەین مەگەر هەموو لەشی خۆمان ببڕینەوە یان بەشێکی گەورەی پرۆسەکانی بیرکردنەوەمان لەناوبەرین ؟ زانستەکان وەڵامی ئەو پرسیارە سەخت و چارەنووسسازانەیان نەداوەتەوە کە لە خۆمانیان دەپرسین بۆچی شت هەیە و هیچ عەدەم نیییه ‌؟ ئایا ژیان شایانی ژینە ؟ چاکی چییە ؟ خراپە چییە ؟ ئایا ئێمە ئازادین یان کارەکانمان بڕیار دراون ؟ ئایا یەزدان هەیە ؟ ئایا پاش مردن زیندوو بوونەوە هەیە ؟! ئەو پرسیارانە کە لە ئاستە فراوانەکەیاندا دەشێ بە میتافیزیکی ناویان بەرین چونکە دەچنە دەرەوەی هەر وابوویەکی فیزیکی بەرحاڵ ( موحتەمەل) ـەوه‌ ، وامان لێدەکەن بتوانین بیربکەینەوە یان زیاتر بتوانین فەلسەفاندن بکەین ، زانستەکانیش بیردەکەنەوە بەڵام ئەو پرسانە لێکنادەنەوە ، ئەمەش ئێمە دەکا بە مرۆڤ یان وەك یۆنانیییه‌کان دەڵێن ( مەرگدار ، مه‌رگیی ) (مۆرتال) .Mortal مەبەستیان لەمە ئەوانە نیییه‌ کە دەمرن ( زیندەوەرانیش دەمرن ) بەڵکو ئەوانەیە کە ده‌زانن که‌ ده‌مرن به‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانن مانای چییه ‌، لەگەڵ ئەمەشدا ناتوانن بیری لێ نەکەنەوە ، مرۆڤ زیندەیەکی میتافیزیکی یە لەبەر ئەوە مردن پرسێکی هەمیشەیی یە بۆ ئەو ، ئێمە ناتوانین پرسیارەکە حەڵ بکەین ، بەڵام ناچارین بەرامبەری بوەستین .
فەلسەفەندن مانای ئەوەیە بزانی چۆن دەمری – ئەم پێریزه‌ ناونیشانی یەکێك لە وتارەکانی مۆنتاین – ه. Montaigne’s Essays.
( بەرگی یەك ژمارە ٢٠ ) . بەڵام مۆنتاین بە ئاشکرا ئەم بیرە لە سیسیرۆ Ciceroوەردەگرێ کە ئەویش لە Tusculuaes دا داویەتە پاڵ ئەفلاتون ، با بڵێین ئەمە ئایدیای ئەفلاتونە سیسرۆ کردویەتی بە لاتینی و مۆنتەین – یش کردویەتی بە فەرەنسی ، گرنگ نیییه‌ لە کوێوە هاتووە : گرنگ ئەوەیە وەك مۆنتاین ڕوونی کردۆتەوە پێریزه‌که‌ دەکرێ بە دوو رێگە لێکبدرێتەوە کامیان هەڵدەبژێرین بڕیاری تەواوی ژیانمانو بیرێکی زۆری فەلسەفەش دەدا. لێکدانەوەیەکی ئەفلاتونی بۆ ئەمە هەیە مردن ( واتە جیابوونەوەی رۆح لە لەش ) ئامانجی ژیانە کە فەلسەفە کورتەبڕێک بۆ ئەمە دەدات : بە خۆکوشتن ؟! نا بەپێچەوانەوە لە رێگای ژیانێکەوە کە زۆر زیندوو ترە ، زۆر بێگەردترە ، زۆر ئازادانەترە ، چونکە زووتر ئێمە لەم زیندانە ، لەم گۆڕە ، وەك ئەفلاتون لە جۆرجیاس دا دەڵێ ، ڕزگار دەکا کە لەشە ، ئەفلاتون دەڵێ : فەیلەسوفانی راستەقینە لێبۆوانە (بالفعل) مردوون بۆیە مردن نایانترسێنێ : دەتوانێ چییان لێ بستێنێ ؟
ئەوسا ئێمە لێکدانەوەکەی مۆنتاین – مان هەیە : مردن کۆتایی نیییه‌ Cleus بەڵام کۆتایی پێهێنانی (le bout) ژیانە : مەرجەکەی گەیشتنه‌ بە لوتکە ( بەڵام ئامانجەکەی نا ). ئێمە دەبێ خۆمانی بۆ ئامادە بکەین ، دەبێ قبووڵی بکەین مادام کەس ناتوانێ خۆی لێ ببوێرێ بەبێ ئەوەی لێبگەڕێ ژیانمان یان بەختەوەریمان وێران بکات . لەوتارە زیندووەکانیدا مۆنتەین هەوڵ دەدا ( بیر لە مردن بکاتەوە) تا لەسەری ڕابێ تا خۆی بۆ ئامادە بکات ، تا خۆی پۆڵارێژ کا بەرامبەری وەك خۆی دەڵێ . لە وتارەکانی دواتریدا عادەتەکە ئەوەندە تێکەڵی بیرکردنەوەی بووە کە بیرکردنەوە لێی خۆی کەمتر پێویستە ، کەمتر بەردەوامە ، کەمتر فریاگوزارە قبوڵکردنەکەی بەسە ، ئەمیشیان بە تێپەڕبوونی کات ، هێمنتر و کەم داواتر دەبێ . ئەمە ئەوەندە بیراوەژوو( پەرەدۆکس) نیییه‌ لەوەی پێشکەوتنێکە یان بەدیهێنانێکە لە بیری مۆنتاین – دا. نائارامیی ؟ تێدەپەڕێ ، ئازایەتی ؟ ڕادەگوزەرێ . نه‌ بێباکیی یه‌ ، نەخۆلێلادانە نە لە بیر چوونەوەیە ، بەڵکو قبووڵکردنێکی سەنگینە . مۆنتاین هەموو ئەمە لە تاکەرستەیەکدا کۆدەکاتەوە کە یەکێکە لە جوانترین ئەو ڕستانەی نووسیونی : من دەمەوێ سەرقاڵی کارەکانی خۆم بم ئەرکەکانی ژیان تا دەتوانین درێژ بکەینەوە ، من دەمەوێ مردن بێ ، لە کاتی چاندنی باخه‌که‌مدا بمدۆزێتەوە ، نە باکم بە هاتنی ئەو ، نە بە تەواو نەکردنی باخەوانیییه‌کەم هەبێ . فەلسەفاندن مانای ئەوەیە بزانی چۆن دەمری ، بە سادەیی لەبەر ئەوەی مردن ، بیری مردن ، ده‌بیببێی ( حه‌تمییه‌تی) مردن بەشێکە لە ژیان بەڵام ژیان ئەو لایەنەیە کە به‌هاو خۆشه‌ویستییه ‌. فه‌یله‌سوفه‌ راسته‌کان فێربوون ژیانیان خۆش بوێ وەك هەیە ! بۆچی دەبێ لەوە بترسن کەوا مەرگدارن . عەدەمیەت یان ژیانەوە ؟! ژیانێکی تر یان هیچ ؟ هەریەکێ لە ئێمە دەبێ لە نێوان ئەو دوو ڕێیە یەکێکیان هەڵبژێرین ، ئێمە تەنانەت دەتوانین وەکو شکدارەکان ، وەکو مۆنتاین خۆی ئەوە رەفز کەین کە پرسیارەکە بە کراوەیی بهێڵینەوە وەك لە ڕاستیدا وایە و لەو کراوەییەدا بژین کە ژیانە بەڵام ئەمەش دووبارە جۆرە تێڕامانێکە لە مردن و هەردەبێ واش بێ . ئەگینا چۆن کەسێ دەتوانێ بیر لەوە بکاتەوە لەگەڵ ئەو هەموو ب یرەشدا ئەو هەموو ژیانەشدا کە دوا ئاسۆیە ؟ بە پێچەوانەوە سپینۆزا دەنووسێ: مرۆڤی ئازاد هێندەی بیر لە مردن دەکاتەوە بیر لە هیچ شتێکی تر ناکاتەوە و حیکمەتەکەشی ئەوەیە کە ئەو تێرامانی مردن ناکا وەك تێرامانی ژیان دەکا . بەشی دووەمی ئەم رستە ئەوەندە ڕوون دیارە وەك بەشی یەکەمی بیراوەژووە (پەرەدۆیس) چۆن کەسێ دەتوانێ بیر لە ژیان بکاتەوە واتە فەلسەفاندنی ژیان بکات بەبێ ئەوەی بیر لە کورتی و کێشەداریی و لەرزۆکییەکەی بکاتەوە؟ من ئەوە قبوڵ دەکەم کە مرۆڤی دانا کە بە بیری سپینۆزا هەر ئەو ئازادە زیاتر بیر لە بوون دەکاتەوە لەوەی لە نەبوون و بیر لە ژیان دەکاتەوە پتر لە مردن، لە هێزەکانی زیاتر لە لاوازییەکانی ، بەڵام چۆن کەسێ دەتوانێ بە ڕاستگۆیی یەوە تێرامانی ژیان بکا ، بەبێ ئەوەی هەروەها بیر لە کۆتاییەکەی یان مەرگدارییەکەی بکاتەوە ؟ هەموو وابوویەك نابوویەکی هەیە .
ڕاستی دواتر لە ئەخلاقیات دا سپینۆزا چاو بەو شتانەدا دەخشێنێتەوە کە زێدە یەكلایەنین لە بیرکردنەوەیدا. بۆهەر بوویەکی تەواو ئەو بیردەکاتەوە بوویەکی دیکەی بەهێزتر هەیە کە دەتوانێ لەناوی بەرێ. ئەوە دانهێنانە بەوەدا کە هەموو بوویەکی زیندوو مەرگدارە و کەس ناتوانێ بژی یان بەردەوام بێ لە بووندا بەبێ بەربەرەکانیکردنی مردن کە لە هەموو گۆشە و قوژبنێکەوە هێرشی دەکاتە سەر.
گەردوون بەهێزترە لە بوونی ئێمە ، سروشت بەهێزترە لە ئێمە، لەبەر ئەوەیە ئێمە دەمرین ، کە بژی مانای ئەوەیە خەبات بکەی ، موقاوەمە بکەی و بمێنی ، کەسیش ناتوانێ تاسەر ئەمانە بکات ، ئاخری دەبێ بمرین ، ئەوە تاقە ڕێگایە ئێمە لە بوونی مردن دڵنیابین ، کە بەردەوام بیر لە مردن بکەینەوە ، مانای وایە زیاد لە پێویست بیری لێدەکەینەوە ، بەڵام هەرگیز بیرکردنەوە لە مردن مانای وازهێنان لە بیرکردنەوە نیییه .‌ لەمەش پتر کەس بە تەواوەتی ئازاد نیییه‌ کەس بە شێوەیەکی بەرزەفر دانا نیییه ‌، ئەمە بیرەکانمان دەربارەی مردن بۆ رۆژە خۆشەکان یان شەوەکانی عەزاب جێدەهێڵێ . ئێمە دەبێ ئەوە قبووڵ بکەین . ئێمە حەز دەکەین ژیان لە دوای مردن هەبێ . چونکە تەنیا ئەمە بۆمان دەلوێنێ بە ڕوونی و دیارکراوی وەڵامی پرسیارەکە بدەینەوە بەڵام پێخۆش بوون لە هۆمێدەواری زیاتر ئاخاوتنی بەڵگەدار نیییه ‌.
هەندێ لە مردندا ئەو رزگاربوونە بەدی دەکەن کە دەشێ پێی بگەن . کەسانی تر کە لە عەدەم بەولاوە چاوەڕێی هیچی تر نین هێشتا ژیان وەك حەسانەوەیەك دەبینن ، وەك کۆتایی گەشتێکی پڕماندوویی . هەردوو بەرەکە دەشێ سەبووری بەخش بن . ئەمە یەکێکە لە سوودەکانی مردن کە ژیان والێ دەکا زیاتر جێی قبوڵکردن بێ جا لە ڕێگای هیوابوونەوەبێ یان لە ڕێگای بێوێنەیی ژیان خۆیەوەیە بێ ، هەردووکیان ئەو هۆیانەمان دەدەنێ یەك لەحزەش لە ژیان بەفیڕۆ نەدەین .
من یەکێکم لەوانەی کە عەدەمەکە زیاتر عه‌قڵم دەیبڕێ ، ڕاستی لەلام وەك یەقینێك وایە من تا بتوانم هوودە لەمە وەردەگرم و بە شێوەیەکی گشتی ژیانم تەواو باشە . مردنی ئەو کەسانەی خۆشم دەوێن کەمتر لەو ئازارانەی دەیچێژن نارەحەتم دەکا، مردنی خۆشم کەمتر لەهی ئەوان مەراقم دەداتێ . لەوانەیە مردن شتێ بێ لەگەڵ بەتەمەن بووندا بگاتە لامان یان دوای ئەوەی دەبی بە باوك مردنی من تەنیا من بۆ خۆی دەبا لەبەر ئەوەیە کاتێ دێ من هەموو شتێ لەدەست دەدەم و هیچیش لەدەست نادەم ، چونکە کەس لەدوای منەوە جێ نامێنێ کە هەست بە ونبوونەکە بکات . مردنی کەسانی دی شتێکی راستەقینەیە بەرهەستە و بە جۆرێکی تر ئازار بەخشە لەگەڵ ئەمەشدا ئەوە شتێکە هەر یەك لە ئێمە دەبێ بەرەو و ڕووی بوەستین . ئەمە ئەو شتەیە پێی دەڵێین ماتەمینی ، ئەمە شتێکە وەك فرۆید نیشانی داوە یەکەمجار لە پێش هەموو شتێکدا ئێمە خۆمان دەستەو یەخە دەبین ، شتێکە کاتی دەوێ شتێکە بەبێ ئەو هیچ کامێکمان ناتوانین خۆمان لەگەڵ بوونی ئاشت بکەینەوە . لە وتارەکانی دەربارەی سایکۆئەنالیسیس واته‌ شیکردنه‌وه‌ی ده‌روونیی ، فرۆید نوسیویەتی : ئێمە ئەو پەندە کۆنەمان دێتەوە یاد ئەگەر دەتەوێ ئاشتی بپارێزی خۆت بۆ جەنگ ئامادەکە ، ئەگەر لەگەڵ زەماندا بەرەوپێش بڕۆین دەبێ ئەم پەندە ئاوا لێ بکەین : گەر دەتەوێ ژیانت بەسەربەری خۆت بۆ مردن ئامادەکە ! بەسەربردن ؟ ئێمە پێویستە زۆر لەمە زیاتر داوا بکەین.
من زیاتر ئارەزووم هەیە بڵێم : گەر دەتەوێ ژیانت خۆش بوێ ، گەر دەتەوێ بە ڕەوانی نرخی ژیان بزانی ئەوە لەبیرمەکە کە مردن بەشێکە لێی . قبوڵکردنی مردن – هی خۆت و هی ئەوانەی نزیکی تۆن تاقە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی لەگەڵ ژیانی خۆتدا راستگۆ بی .
ئێمە مەرگدارین و عاشقان مەرگدارن لەبەر ئەوەیە کە هێندە ئازار دەچێژین . بەلام ئازار چەشتنەکەی ئێمە کە ئێمە دەکاتە پیاو و ژنی پێگەیشتوو هەر خۆشیەتی کە ژیان ئەوەندە بەنرخ و و خۆشەویست دەکا لە لامان . گەر ئێمە نەمردینایە گەر هەبوونی ئێمە لە تاریکستانی بێکۆتایی مەرگ خۆی نەپێچابایەوە ئایا ژیان ئەوەندە بەنرخ دەبوو لەلامان ئەوەندە نائاسایی دەبوو ، ئەوەندە دڵکێش دەبوو؟
گاید Gide نووسیویەتی : کە لە تێڕامانی مەرگدا درێغی بکەی مانای ئەوەیە لە نرخی بچوکترین لەحزەی ژیانت دادەبەزێنی .
لەبەر ئەوە دەبێ باشتر بیر لە مردن بکەینەوە تا باشتر ژیانمان خۆش بوێ یان خۆشمان بوێ وەك هەیە : ناسك و راگوزاریی ، تا باشتر نرخی ژیان بزانین ، باشتر تێیدا بژین و ئەمەش بۆ ئەم بەشەی ئەم کتێبە پاکانەیەکی تەواوە .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت