Hellbjardin-

بورهان شێخ رەئوف : عێراق لەدواى هەڵبژاردنە گشتیەکانى 30/نیسان/2014

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر هەر چاودێرێکى ڕووداوەکانى عێراق لە چەند ساڵى ڕابردوودا کەمێک ئاوڕ بۆ دواوە بداتەوە چەند پرسیارو بۆچونێکى لە لا گەڵاڵە دەبێت ئایا عێراق دەتوانێت درێژە بە مانەوەى خۆى وەکو قەوارەیەکى یەکگرتوو بدات و بمێنێتەوە ئەگەر نورى مالیکى بۆ ولایەتى سێ یەم ببێتەوە بە سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ؟ ئایا چ شتێک ڕێگرە لە دابەشبوونى عێراق و جیابوونەوەى هەرێمى کوردستان ؟؟ هەروەکو لە میدیا جیاجیا کانەوە بیستمان و لە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنیشدا مالیکى وەکو سەرۆکى لیستى دەوڵەتى یاساو سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیرانیش لە دووخوولى ڕابردوودا بە دروشمى حکومەتى زۆرینەى سیاسى چووە هەڵمەتى بانگەشەى هەڵبژاردنەوە و ئەوەى ڕاگەیاندووە کە ئەزموونى سازان و حکومەتى بنکە فراوان و یەکێتى نیشتمانى شکستى هێناوەو ناتوانێت کێشەو گرفتەکانى عێراق چارەسەر بکات بۆیە هەوڵدەدات حکومەتێکى زۆرینەى سیاسى پێکبهێنێت وەکو ووڵاتە دیموکراتیەکانى دونیا بە پێچەوانەى سازان وپیکهاتنى پێکهاتە جیاوازەکانى عێراق کە لە سێ خوولى ڕابردوودا پەیڕەوى لێدەکرا ئەمەیان ئەگەرچى هەندێ چاودێر پێیان وایە ئەگەرێکى دوور نیە بە بەشدارى لایەنێکى کوردى و لایەنێکى سوونى بەڵام من بۆ خۆم ئەم ئەگەرە بە دوور دەزانم لەبەر نەبوونى متمانەى پێویست لە نێولایەنە جیاوازەکاندا و قۆرخکردنى هەموو دەزگا هەستیارەکانى سەربازى و ئاسایش و زانیارى لە لایەن کەسى سەرۆک وەزیرانەوە لە هەشت ساڵى ڕابردوودا .
بەڵێ ئەئێستا عێراق ووڵاتێکى وێران و گەلێکى ماندووى دەست شەڕەکانى چل پەنجا ساڵى ڕابردوو گەمارۆى ئابوورى نێو دەوڵەتى وپەروەردەى رژێمى تاک حزبى و کۆچکردنى زۆربەى توانا مرۆیی و فکرییەکانى بۆ تاراوگە گیرۆدە بوونى بەشێکى ترى بە نەخۆشیە کۆمەڵایەتی وسیاسى و تائیفى و توندڕەوى گەندەڵى و توندوتیژى سیاسى ئەگەر ئەمە وێنەیەکى تاریک و سامناکى عێراق بێت لەولاشەوە ئاسۆیەکى ڕووناک بەدى دەکرێت کە گەلانى عێراق پاشخانێکى شارستانى و رۆشنبیرى گەورەى دۆڵى ڕافدەین و تواناى بەرنگاربوونەوەى زۆر باروودۆخى قورس و تاقەت پروکێنى هەبووە لە چەند ساڵى ڕابردوودا ئەمانەو جگە لە داهات وسامانى سرووشتى و دەوڵەمەندى خاکەکەى هەر لە کوردستانەوە تا دوورترین خاڵى باشوورى عێراق کە ئەگەر سەرکردایەتیەکى دڵسۆزوو لێهاتووى هەبێت دەتوانێت لە کورتترین ماوەدا ساڕێژى هەموو برینەکان بکات و ووڵات ئاوەدان و ئارام بکاتەوە .
ئەوەى دەمەوێت ئاماژەى پێبدەم ڕۆڵى کوردە لە کابینەى نوێ ى حکومەتى عێراقدا لە ئێستادا کە ئەم چەند دێڕە دەنووسم تازەترین لێدوانى بەڕێز سەرۆکى هەرێمم بیست بۆ ئاژانسى رۆیترز کە ووتبووى لەوە ناچێت کورد بەشدارى حکومەتى ئایندەى عێراق بکات ،بەڵام ئەوەى دڵخۆشکەرە ئەمجارە لە کوردستاندا بڕیارى پێکهێنانى حکومەتى بنکەفراوان دراوە و سەرەتایەکى باشە بۆ ڕێکخستنى نێوخۆى ماڵى کورد و بەهێزکردنى پێگەى کورد لە بەغداد بەڵام لە هەمان کاتیشدا سەرەتایەکى لێکترازان بینرا کاتیک شاندێکى لایەنێکى کوردى بەتەنیا سەردانى بەغداد ى کردو هەروەها باس لە دووکاندیدى کورد دەکرێت بۆ سەرۆک کۆمارى عێراق ئەگەر بەر کورد بکەوێت هەرچەندە لایەنى سوونەش ئەمجارە چاویان لەو پۆستەیە ، بەهەرحاڵ هیوادارم من هەڵەبم و هیچ لێکترازان و هەرکەس بۆخۆى لە نێو کورددا ڕوونەدات . جارێکى تر دەچمەوە سەر لێدوانەکەى سەرۆکى هەرێم و کە ووتبووى لەوانەیە ئەمجارە کورد بەشدارى حکومەتى نوێ ى عێراق نەکات کە ئەمەش بۆ هەرێم هەنگاوێکى قورس و پڕلە سەر ئێشە دەبێت لە کاتێکدا کێشەى ناوچە دابڕێنراوەکان و ماددەى 140 ى دەستوور ى عێراق بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە وجگە لە کێشەى پێشمەرگەو نەوتو غازو سامانى سرووشتى و بوودجەى هەرێم کە ئەمانە هەموو کێشەى ڕاستەقینەن و پەیوەندى ڕاستەوخۆیان بەتاک بەتاکى ئەم هەرێمەوە هەیە پێویستیان بە چارەسەرى خێراو دەستبەجێ هەیە.
لە کۆتاییدا پێویستە ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرە بڵێم کە هەموو مەرجەکانى سەربەخۆیى کوردستان لە ئارادان چ لە خاک و گەل و مێژوو زمان و کەلتوورو سامانى سرووشتى و … هتد . بەڵام ئەوەى ڕێگرە هۆکارە ئیقلیمى و دەرکیەکانن کە لە شەست حەفتا ساڵى ڕابردوودا کۆسپ و تەگەرە بوون لەبەردەم گەیشتنمان بە مافى چارەى خۆنووسین چ لە پەیماننامەى بەغداد و پەیمانى ڕەشى جەزائیر ساڵى 1975 لە نێوان عیراق و ئێران و بۆ لەناوبردنى شۆرشى ئەیلول (1961- 1975) بە پشتیوانى ئەمریکا و هەروەها ڕێکەوتنامەى سەربازى ساڵى 1983 لە نێوان عێراق و تورکیا بۆ ڕاوەدوونانى شۆرشکێڕانى کورد لە هەردوولاى سنوورلە دواى ساڵى 1991 بە دواوە پاش ڕاپەڕینى خەڵکى باشوورى کوردستان و دابین کردنى ناوچەى ئارام ودژە فڕین بۆ کورد ووڵاتانى ناوچەکە بۆ چەند ساڵێک کۆبوونەوە دەوریان دەکرد بۆ چاودێرى دۆخى کورد .بەڵام لە ئەوانەش گرنگتر لایەنى ناوخۆیى عێراقە سەرە ڕاى ساڕێژ نەبوونى برینەکانى جینۆسایدکە لە ئەنفال و کیمیابارانکردنى خەڵکى کوردستاندا خۆى دەبینێتەوە لە سەردەمى ڕژێمى پێشووى عێراقدا ، ئەمێستاش لە عێراقدا لە دواى دەساڵى خوێناوى شەڕى تائیفى لە نێوان لایەنە شیعى و سونیەکاندا ، حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق کە حزبە شیعیەکان زاڵن بە سەریدا خۆیان دەدزنەوە لە داخوازیە ڕەواو دەستووریەکانى کورد لە جێ بەجێ کردنى مادەى 140ى دەستوورى تایبەت بە ناوچە دابڕێنراوەکانى کوردستان و هەروەها دەرنەکردنى یاساى نەوت وغاز کە کێشەیەکى گەورەى دروستکردووە لە بەردەم وەبەرهێناندا لە بوارى نەوت و غازدا وهەروەها پا بەند نەبوون بە دابینکردنى مووچەى پێشمەرگە کە بە گوێرەى دەستوورە بەشێکە لە هێزە چەکدارى عێراق و سنوورى هەرێم و ئاسایشى ناوخۆى دەپارێزێت وبڕینى مووچەى کارمەندانى دەوڵەت لە چەند مانگى ڕابردوودا ، ئێستا ئیتر شتێک نەماوەڕێگرى لە خەڵکى کوردستان بکات بۆ ئەوەى لە ناو دەوڵەتى عێراقدا بمێننەوە جگە لە بڕیارێکى ئازایانەى سەرکردەکانى کورد بۆ ریفراندۆم و ئەو ووتەى نووسەرێکى کوردم بیر کەوتەوە کە لەسەرەتاى نەوەدەکاندا وابزانم لە رۆژنامەى ( تەریق ئەلشەعب ) دا نووسیبووى خوا حافیزئەى عەرەب ( وداعا ایها العرب ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت