saman-fawzi

پێنجەم ناویی سەرکەوتوبووە لەلیستی یەکێتی بۆ پەڕلەمانی عێراق ، کەچی دەرنەچووە .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

پەڕلەمانتاری کورد لە پەڕمانی عێراق ” دکتۆر سامان فەوزی ” لەبابەتێکدا بەناونیشانی (هۆكارەكانی‌ دەرنەچوونم ” هەڵبژاردن، ئەگەرێك بۆ بردنەوە و دۆراندن ) لە سایتی خەڵک بڵاوی کردۆتەوە و نوسیوییەتی : هەرچەند دەنگی تەواوم بۆ جاری دووەم هێناوە بۆ پەڕلەمانی عێراق بەڵام بەهۆی هۆکاڕێکەوە ، لەلیستی کاندیدە سەرکەوتۆکاندا ناوم نییە . ئەمەی خوارەوە تەواوی بابەتەکەیە ..

لەگەڵ نزیكبوونەوەی‌ وادەی‌ تەواوبونی‌ خولی‌ دووەمی‌ پەرلەمان بەهیچ جۆرێك لەو باوەڕەدا نەبووم جارێكی‌ دیكە بۆ خولێكی‌ دیكەی‌ پەرلەمان كاندید بكرێمەوە یاخود رازی‌ بم بەوەی‌ كاندید بكرێمەوە .
بۆیە كاتێك بەهۆی‌ كارو چالاكی‌ چوار ساڵی‌ رابردووم لەپەرلەمان بەرەسمی‌ لەلایەن سەرۆكی‌ كوتلەی‌ هاوپەیمانی‌ كوردستان و پاشان سەركردیەتی‌ یەكێتی‌ داوام لێ‌ كرا بۆ ئەوەی‌ خۆم كاندید بكەمەوە، بەسوپاسەوه داواكەیانم رەتكردەوە. تا ئەو كاتەی‌ لەسەرەتای‌ مانگی‌ یەكەمی‌ 2014 بەشێوازێكی‌ چاوەروان نەكراو ئەندامێكی‌ سەركردایەتی‌ یەكێتی‌ كە لەهەمان كاتدا ئەندامی‌ پەرلەمانی‌ عێراقە پێی‌ راگەیاندنم كە ناوەكەم خراوەتە ناو لیستی‌ كاندید كراوەكانەوە، ئەمە لەكاتێكدا تەنانەت نەپرس و نەرەزامەندیشم وەنەگیرابوو. هەر بۆیە دوای‌ ئەوەی‌ لە 2014/1/7 یاسای‌ زمانە فەرمیەكان دەنگی‌ لەسەر درا ئێوارەی‌ هەمان رۆژ گەرامەوە كوردستان و لەگەل بەرپرسانی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌ یەكێتی‌ قسەم كرد بۆ ئەوەی‌ ناوم لەنێو كاندید كراوەكاندا دەربهێنرێت تەنانەت بۆ ئەو مەبەستە رۆژی‌ 2014/1/8 سەردانی‌ شاری‌ هەولێریشم كرد، بەڵام جێگرانی‌ سكرتێر گشتی‌ و بەرپرسانی‌ دیكەی‌ یەكێتی‌ لایەن باش بوو كە بۆ خولێكی‌ دیكەش بەردەوام بم و پاشەكشە نەكەم.. لەهەمان كاتدا هاورێی‌ و هاوڵاتییەكی‌ زۆری پەیوەندیان پێوە كردم بۆ دووبارە خۆ كاندید كردنەوەم بگرە تەنانەت بەشێك لەپەرلەمانتارانی‌ كوتلە كوردستانییەكانی‌ دیكەی‌ جگە لە یەكێتی‌ لایان باش بوو كە وەك پسپۆرێكی‌ یاسایی‌ لە پەرلەماندا بمێنمەوە و وەك چوار ساڵی‌ رابردوو لەسەر چالاكی‌ و مداخەلەكانم بەردەوام بم .
هەربۆیە دوا كەس بووم بەڵگە نامەكانم پێشكەشی‌ مەكتەبی‌ هەڵبژاردن كرد و تەنانەت لە بەغداش نەگەرامەوە بۆ واژووكردنی‌ فۆرمی‌ خۆ كاندید كردنەكەم .
بەم جۆرە بریاری‌ خۆ كاندید كردنەوەمدا و بەشێوازێكی‌ شارستانیانەش بەشداری‌ پرۆسەی‌ بانگەشەم كرد بەبێ‌ بەكارهێنانی‌ زمانی‌ زبر و دەستەواژەی‌ رەقی‌ بریندار كەر كەزۆر جار داوام لێ‌ دەكرا بەكاریان بهێنم بۆ بەدەستهێنانی‌ دەنگی‌ زیاتری‌ دەنگدەران و گەرەنتی‌ سەركەوتنم بۆ خولێكی‌ دیكەی‌ پەرلەمان .
دوای‌ تەواو بوونی‌ پرۆسەی‌ هەڵبژاردن و لە 4/30 دا زۆر دڵخۆش بووم بەزیاد بوون و هەڵكشانی‌ دەنگی‌ لیستەكەم لەسەرتاسەری‌ كوردستانی‌ باشووردا، ئەوەی‌ زیاتریش دڵخۆشی‌ كردم ئەو هەواڵەی‌ بەرپرسی‌ مەڵبەندی‌ سلێمانی‌ بوو كە پێی‌ وتم دووەم دەنگی‌ لیستەكەم لەناو شاری‌ سلێمانی‌ هێناوە و دواتریش بەرپرسی‌ دەزگای‌ هەڵبژاردن دوای‌ تەواو بوونی‌ ووردبینی‌ كردنی‌ دەنگەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە پێی‌ راگەیاندم كە پێنجەم دەنگی‌ لیستەكەم لەكۆی‌ (35) كاندید لەسەر ئاستی‌ هەموو پارێزگای‌ سلێمانی‌ بەدەستهێناوە بەجۆرێك تەنها لەناو شاری‌ سلێمانی‌ دا زیاتر لە 8 هەزار و پێنج سەد دەنگم بەدەست هێناوە ئەم جگە لەو دەنگانەی‌ لە قەزاو ناحیەكانی‌ سلێمانی‌ بەدەستم هێناوە .
بەڵام لەبەر بوونی‌ كۆتای‌ ژنان و بەتەوای‌ نەزانینی‌ ژمارەی‌ كورسیەكانی‌ یەكێتی‌ نەمدەتوانی‌ لەماوەی‌ نزیكەی‌ (20) رۆژی‌ رابردودا بەراشكاوی‌ بە هاورێی‌ و دەنگدەرانم بلێم دەرچووم یاخود نا ! تا رۆژی‌ 5/19 و راگەیاندنی‌ دەرئەنجامی‌ هەڵبژاردنەكان لەلایەن كۆمسیۆنەوە كە دەركەوت سەرەرای‌ بەدەست هێنانی‌ پێنجەم زۆرترین دەنگی‌ لیستەكەم بەڵام بەهۆی‌ كۆتای‌ ژنانەوە ناوم لەدەرچووەكاندا نیە.
لەكۆتایدا دەڵێم جگە لە كۆتای‌ ژنان كۆمەڵێك هۆكای‌ دیكەی‌ وەك شێوازی‌ كاركردنی‌ مەڵبەندەكان و نا یەكسانی‌ مامەڵە كردنیان لەگەڵ كاندیدەكان بوونە هۆی‌ كەم كردنەوەی‌ چانسی‌ دەرچوونم، بەڵام ئەوە مایەیی‌ خۆشحاڵیمە كە كورسیەكانی‌ كورد لەشاری‌ كەركوكی‌ خۆشەویست نێوە زیاتری‌ تێپەراندووە و گەیشتوتە 2/3 ی‌ هەموو كورسییەكانی‌ شارەكە و هەروەها خۆشحاڵم بە زیادبوونی‌ كورسیەكانی‌ كورد لە پەرلەمانی‌ عێراق و لەناویشیاندا زیادبوونی‌ كورسیەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتیمانی‌ كوردستان، بەم بۆنەیەوە دەستخۆشی‌ لە هەموو دەنگدەرانم دەكەم و پیرۆزبایش لەگەلەكەم و لیستەكەم و كاندیدە دەرچووەكان دەكەم و ئومێدی‌ سەركەوتنیان .