پە شێو حەمەئەمین : بە مقەدەسکردنی سەرکردە و بەکۆیلە بوونی تاك .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چوار چێوەی هەموو ئەو ئینتماو ڕازانەی کە تاك لە کۆمەڵگادا بۆ سەرکردە هەیەتی بە تایبەت تاکی کوردی ، لە زۆر باردا کارە ساتی گەورە بە دووای خۆیدا دێنێ وکۆمەڵگا بەرەو ئامانجی کۆیلە بوون دەبات ، لێرەدا من تیشك دەخەمە سەر بە مقەدەسکردن و پیرۆز ڕاگرتنی سەرکردە لە لایەن تاکی کوردیە وە ، ئەوەندەی من سەرنجم دابێ ولای هەمووان ئاشکرایە جار جار بە شێوەی گرووپ ودەستەو تاقمی جیا جیا بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا ، خۆبچوککردنەوە یەك دەبینم لە لایەن لایەنگران و ئەندامانی سەرجەم حیزبەکان بەبێ جیاوازی ، کە خراپترلە سەدەکانی ڕابردووم بیر دێننەوە بەر لە ڕێنسانس وشۆڕشی فەڕەنسی . بۆیە دەڵێم خراپتر ، چونکە ئەو دەمە کۆیلەتی لە ژێر فشاری سەرمایەدارەکاندا بە زۆر ئەنجامدادرا ، واتە وەك کۆیلە بوونی ئیستا بەحەزوو ئارەزووی تاك نەبوو ، کە بۆخۆی بڕیار لەسەر کۆیلە بوونی خۆی دەدات .

گەر سەرنج بدەن یەك بە ناوی خزمەتکاری سەرۆك و یەکی تر بە ناوی فیداییەکانی فڵان و کۆمەڵێك دەستەی تر لە ژێر ناونیشانی بە خوێنمان دەتپارێزین و بە چاومان بەرگریت لێدەکەین دێنە مەیدانەوە . ئە مە لە کاتێکدایە کە کۆمەڵگا لە ژێر سایەی حوکمڕانی ئەو سەرکردانەدا بێ نەواو بێداد کەوتووە و ، ڕۆژانە دەبینین مرۆڤ لە برسێتیدا خۆی ئینتیحار دەکات وخوێندکاری زانکۆلە کرێکاریدا گیان دەبەخشێ و بە دەیان وسەدانی تر ژیانیان لێوانلێوە لە تراجیدیاو یادگاری تاڵ . ئەمانە جگە لەوەی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئەواندا ، چەندین ساڵە هیچ دەستکەوتێکی نیشتمانی و فەرهەنگی وکەلتوری بۆ نیشتمان وە دەست نە هاتووە و ، ئەوەی کە بەرهەم و زادەی سیاسەتی ئەوان بێت ، پارچە پارچە کردنی نیشتمان وشەڕی ناوخۆو بە بازرگانکردنی خۆیان و تیرۆری ڕۆژنامەنوسان و بەرتەسكکردنەوەی ئازادی تاك و دروستکردنی هاوڵاتی پلە یەك و دوو و سێ بووەو … هتد .

بۆیە کاتێ ئەم هەموو قوربانی دانە دەبینم لە پێناو مانەوە  وئاسایش و بەرژەوەندی سەرکردەکان ، کە زۆر بەیان بێ ئەرزش بێ سەوادوو و تۆمەتباری یەکەمن ، لە هەموو ئەو ڕووداوو پێشهاتە نەخوازراوانەی بەسەر ووڵاتدا دێن وهاتوون ، کاتێ کۆمەڵێك تاکی نامەسئول دەبینم کە خۆیان وەك کۆیلە نمایش دەکەن و دەبنە خاکی بەر پێی نامبارەکی سەرکردەکانیان ، ئیتر ئایندەی ووڵات لە ئاوێنەیەکی ناڕۆشندا لێڵ دەبینم وهەست بە ڕوودانی دووبارە بونەوەی مێژوو و چەسپاندنی سیستەمی پادشایەتی و گەڕانەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست دەکەم لە ووڵاتتدا . بۆیە لێرەدا پرسیارێك بۆ ئەو کەسانەی کە بەکۆیلە بوونی خۆیان ڕازین دێتە پێشەوەو دەپرسم ؟

ئایا ئێوە خوێنەوارن ؟ باشە هەرگیز ڕۆژێك نە تانخوێندۆتەوە یاخود نەتان بیستووە کە غاندی و ماندێللاو گیڤارا کێن وچیان کردووە بۆ نیشتمانیان ؟ دە باشە ئیستاو لە سەردەمی خۆیدا هاونیشتمانیانی وڵاتانی ئەو پیاوە گەورانەی کە سەروەرین بۆ تەواوی جیهان وەك ئێوەیان کردووەو دەکەن ؟ دە باشە بۆ دەستکەوتەکانی ئەوان لەگەڵ ئەو سەرکردانەی کە خۆتان قوربانیان دەکەن و دەیانپەرستن بەراورد ناکەن و ، ڕانامینێن بۆئەو هەموو تاوانەی کە دەرحەق بە مرۆڤ بوون و کەسایەتی خۆتانی دەکەن ، کە بوون بە قەڵغانی بەرژەوەندیەکانیان و زیاتر لە گیانی خۆتان دەیانپارێزن . بۆیە لەپاش وەڵامدانەوەی هەموو ئە و پرسیارانە ، دووبارە لە خۆتان بپرسنەوە ئەو ڕێگایەی کە ئێوە گرتووتانە ، بۆ کوێتان دەبات ؟ وە جگە لە کۆیلە بوون چ شووناسێکی دیکەتان هەڵگرتووە ؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت