Raman

  ئاکۆ برایم : لەپیاو بوونى خۆم شەرمەزارم  .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئەبوایە تۆ ئێستا لەکۆڵان لەگەڵ مناڵەکانى هاوتەمەنتا سەرقاڵى ماڵە باجێنەو خەت خەتێن بویتایە ، ئەبوایە لەبرى کەڵتە کۆنێکى سمێل بابڕى مێشک بەتاڵ ، دەست لەملانى بووکە شوشەکەتدا رۆژت بکردایەتەوە . ئەبوایە لەبرى بەرپرسیاریەتى خێزان و ماڵدارى، خەریکى خوێندن و گەمە و سەیران بویتایە.بەڵام ئاى لەزاڵمى مرۆڤ کە لەمناڵیەوە خەونەکانتان زیندە بەچاڵ ئەکات و ، لەتەمەنێکى کەم وهەرزەدا ، قورسترین ئەرک و بەرپرسیاریەتیتان پێ دەسپێرێت، ژیانێک دەکاتە بەچارەنووستان،کە هیچ حەز و خواست وئارەزویەکى ئێوەى تیا نى یە . بەڵام تف ونەفرەت لەچارەنووس، رووزەردى بۆ ئەوباوک ودایکەى کە لەپێناو سەفتەیەک پارەدا ،تۆى بە پیاوێک فرۆشت کە لەتەمەنى نەک باوکتا باپیریشتایە . ئاخر من تێناگەم و سەرى لێدەرناکەم ، ئەوە کام پێوەرەیە کە تۆ و ئەوى بەیەک گەیاند؟!،چى کۆتان دەکاتەوە ؟ کام دین رێگە دەدات،؟ کام ویژدان پێى هەرس دەکرێت .؟!
چ جەنگەڵستانێکە ئەم سەرزەمینە، چ فەساد خانەیەکە ئەم دونیایە، ئاخر تونازانم چیتان، لەسەردەمى کۆیلایەتى و چاخى بەردینیشدا شتى وا هەبووە ؟ 
ئەوە چ ملهوڕ و رەوشت بابردویەکە، پیاوێک، هەموو غیرەت وپیاوەتى وشەهامەتى خۆى لەناو گەڵیدا ببینێتەوە، هەمووشانازى و سەروەرییەکى ئەوەبێت ، کەبەسەر جەستەى ژناندا زاڵە و تواناى ئەوەى هەیە حەزە سەگ ئامێز و ئارەزووە چوارپێیانەکانى، لە بەرامبەر مناڵێکى پانزە بەهاردا خاڵى بکاتەوە ، قودرەت و دەسەڵاتى بەسەر ئەودا بسەپێنێت ، من تێناگەم یەک پرسیار لەئەهلى ئاین و رێکخراوەکانى بەناو مافى مرۆڤ و ژنان مناڵپارێزان ویاساناسان دەکەم، دەپرسم ئەو زەواجە لەسەر چ بنەمایەکە ، ئەگەر ئاینى بێت، ئەوا دڵنیام ئەو زەواجە سەرلەبەرى بەتاڵەو دەچێتە قاڵبى زینا وتاوانەوە،چونکە هەموان دڵنیاین کە ئەو کچە جگە لەوەى کەم تەمەنە و نازانێت زەواج و ئەرکى خێزان چى یە ، هیچ هەست و حەزێکیشى بۆ زەواج نى یەو کامڵ نەبووە، ئەگەر دنیایى یش بێت ،ئەوا جگە لەدەستدریژى و پەلامارێکى گورگ ئاسا بۆ لاشەى پاکیزەیەک هیچى تر نى یە .
سەربارى ئەوانەش ، قیروسیا لەو هەموو ناعەدالەتى و بێ رێزیە و بەو زەواجە بێ بنەمایە ، پیاوەى سمێل زڵ ، پیاوەى هزر بۆش ، بەوەشەوە نەوستاوە ،وەک کەمتیار و گورگ بەربوەتە جەستەى و هەنجن هەنجنى کردوە، لاشەى بێ تاوانى شێواندوە یارى بەکەرامەت و ناموسى کردوە.
ئەوە لاى من گەوەرترین ئیهانە وسوکایەتى یە، لەپێشدا بەمرۆڤایەتى،کە مرۆڤ بگاتە ئاستێکى وا هۆڤ و وەحشیگەرى دەستى بچێتە خوێنى کەسێک ، بۆیە ئەوەى کە مرۆڤەو هەست و شعورى مرۆڤایەتى هەیە ، هەقە ئەوە بەگەورەترین ئیهانە وسوکایەتى بناسێت ، پاشان بێ حورمەتى و ئەتکردنێکى ترى ژنانى بەش مەینەتى وڵاتە،کە بەحساب خاوەنى چەندین رێکخراوى ژنانین ، کەچى نەهامەتى ومیحنەتەکان گەرزیادیان کردبێت کەمیان نەکردوە ، هەقە ژنانیش ئەوە بە بێ رێزى و کەم تەماشاکردنیان بناسن وقسەى خۆیان هەبێت، ئەگەر وەکو ئیسلام و مەزهەبیش تەماشاى بکەین ، هیچ ئاینێک رەوایى نادات چ بەزواجى وا چ بەکوشتن ، لەژێر هەر پەردەوبیانویەکدا، گەر ئەوانیش نەیەنە جواب ، بەدواداچوون نەکەن بۆ ئەو کەیسەو لێپیچینەوە نەکەن لەگەڵ ئەو مەلا نەفامەى کە مارەیکردوە ، ئەو زەواجەى حەڵاڵ کردووە ، ئەوا ئەوانیش راستەخۆ یان ناراستەوخۆ پشکیان لەو تاوانە هەیە ، ئەگەر لەرووى یاساشەوە تەماشاى بکەین ، ئەو جگە لە کوشتنێکى بەئەنقەست و، بن پیێ خستنى یاساو سەروەریەکانى وڵات و، بێ رێزیکردن بەمرۆڤ ومافەکەى وبن پێى خستنى یاسا و عەدالەت چ واتایەکى ترى هەیە ؟. ئەگەر لەروى مرۆڤایەتیشەوە لێکى بدەینەوە ، ئەوا ئەو قوربانیە مناڵەو تەمەن و جەستەى بۆ زەواج ناکامڵ و رێگە پێنەدراوە ، ئەگەر ئەوانیش قسە نەکەن، هەقى نەستێنن و تاوانکار وبکەرى روبەروى یاسا نەکەنەوە ، جیاوازى نێوان ئەوان و بکوژەکە فەرقێکى واى نابێت.من دڵنیام سبەى رۆژ ئەو تاوانبارە ئەو زاڵمە ئەو بەدفەڕە ، لەرێگەى عەشیرەت و بەرپرسێکەوە خۆى رادەستى یاسا دەکات ، و بەپاساوێکى بێ بنەماو غسل العار( شوردنەوەى ناموس) پیاوەى بکوژ وەک بەرزەکى بانان بەسەربەرزى و بێ عارەق ، لەو تاوانە رزگارى دەبێت و ، مناڵەى داماویش جگە لەوەى قوربانى وهەش بەسەرە ، بەوەش لێى ناگەڕێن تاوانى خیانەت وناپاکى ، پەیوەندى ژێر بەژێروناشەرعى دەدەنە پاڵى ، بۆهەتایە لەپێش چاوى خەڵک ناشیرینى دەکەن و کەس و کاریشى لەترسى ئەو شتە قۆڕ و سەقەتەى پێى دەڵین شەرەف و ناموس ناوێرن فزە بکەن و زار هەڵبێنن .
ئەگەر مرۆڤایەتى وابێت، ئەگەر تواناو دەسەڵاتى مرۆڤ بەوجۆرە بێت، ئاوا کارەساتە، ئەگەر پیاوەتى و سەلماندنى تواناى نێرینە تەنها ئەوەبێت هەست وغەریزەیەکى ئاژەڵیانە لەمێینەدا خاڵى بکەیتەوە، ئەوا من لەئێستاوە جاڕدەدەم، کە حاشا حاشا من نەپیاوم، نەمرۆڤم، ئەو ماوەیەشى کە لەو چوارچێوەیدا ژیانم بەسەر بردوە ، هەست بە خەجاڵەتى شەرمەزارى دەکەم ، لەهەمبەر هەر ژنێکى وڵاتدا ، وا هەست دەکەم هەر بێ رێزى و ئیهانەوکوشتن و ئەتکردنێکى ژنان، دەستى منى تیابووە.