BEHROZ-3

بەهرۆز جەعفەر : کورد موسڵیشى بردۆتەوە !.

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

موسڵ ، یەکێک بوو ، لەویلایەتەکانى ئیمپراتۆریەتى عوسمانى کە ساڵى (1879) پێکهێنرا.لەدواى یەکەمین جەنگى جیهانى ، سەرەتاى گەورەترین گۆڕانکاریی لەجیهان و ناوچەکە دروستبو ، دەوڵەتى عوسمانى ( پیاوە نەخۆشەکە) نەما ، لەجێگەى کۆماری تورکیاى مۆدێرن ، لەسەردەستى ” مستەفا کەمال ئەتاتۆرک” دامەزرا .. دەوڵەتى عێراق لەژێر چاودێریی و ئامادەگى ئینتیدابى بەریتانى دا لەساڵى (1921) دروست بوو . کەپێشتر عوسمانییەکان حوکمى ئەم ناوچەیەیان ئەکرد ، بۆ ڕاگرتن و بیناکردنى ئەم دەوڵەتە تازەیەش (72000) هه زار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لەخاکى باشورى کوردوستان ، خستەسەر ئەو عێراقەى کەسووننەکان (1400) ساڵ بوو حوکمی ئاگروئاسنیان تیائەکرد. ئەوەى سەرنجى ڕاکێشام بۆ نوسینى ئەم وتارە ، دوو هۆکارى گرنگ بوون :
یەکەم : لەبنەڕەتدا پێش قەزیەى کەرکوک ، موسڵ ناسنامەى نەتەوەیی و کلتوریی کوردە ، بەهۆکارى تەماحى زلهێزەکان بۆ نەوتى موسڵ ، بەتایبەتى بەریتانیاو پێگەى ستراتیژیی ئەم شارە بۆ تورکیا ، هۆکارى نەگبەتییە گەورەکە بوون بۆ کورد . کەلاى خوارەوە تیشکى ئەخەمە سەر .
دووەم : ئێمە لەبەردەم جێهانێکى نوێداین ، جیهانێک کەوەک ئەوسا بایەخ بە جیۆپۆڵەتیک و دابەشبونى جوگرافى نادات ، بەقەد ئەوەى بایەخ بەگڵۆباڵیزم و بازاڕ و بەهاى دۆلار و یۆرۆ ئەدات . نەوت لەبازاڕدا یانى دۆلار ، دۆلار یانى سەرمایەداری و بەهاى لیبراڵیزم ، لیبراڵیزم یانى بەهاو نرخى ئاڵتونى خۆرئاواو ئەمریکا ، ئەمریکا یانى ئەوەى دەیەوێ (100) ساڵى ئایندەش زەعیمى عالەم بێت ، لەکەون و فەزادا . لەسەرزەوى و ژێر زەویدا ، لەتەنگەبەرە ئاوییەکاندا ، قەڵەمڕەویی خۆى بکات . هاوزەمان لەسەروەختى پێگەیشتنى نەوەى نوێ و هەڵوژە کاڵەکانى کورد داین .. ئەگەرچى ماوەیەکیشە لەباشور ئەوەندە باسى ناوچە داگیرکراوەکان ناکرێت . ڕاى گشتى و سەرکردایەتى سیاسیی ، بەشەرمیشەوە بێت ، دەیان ساڵە باسى کوردوستانى بونى موسڵیان هەر نەکردووە . ئەنجامەکانى هەڵبژاردنى (30/4/2014) دیاردەیەکى نوێی بۆ بەیان کردین ، بەجۆرێک دەکرێت بپرسین ئەم هاوکێشەیەى خوارەوە یانى چى .؟
یەکێتى لەکەرکوک: 6 کورسى ، پارتى 2 کورسی
پارتى لە موسڵ : 6 کورسى ، یەکێتى 2 کورسى
ئەمە ، بەتەنها یانى ئەوەنییە ، کەیەکێتى و پارتى ناوچەکێشە لەسەرەکانیشیان دابەشکردووە ، حزبایەتى و دابةشبون و جةمسةرگيريي ئيقليمى تیائەکەن ، ئەگەرباسەکە ئەوەبێت ئەوان کلتورو ستایلى جلوبەرگى کوردیشیان دابەشکردووە.
لەبەڵگەنامەکانى بەریتانیادا هاتووە ، کە بۆیەکەم جار لەڕێگەى ئەندازیارێکى جیۆلۆجى ئەڵمانییەوە ، بەریتانیا زانیویەتى بڕێکى ئێجگار زۆر نەوت لە ناوچەى موسڵ ( بەتایبەت قەیارە) دا هەیە. ئەم هەواڵەیان تەنانەت لەفەڕەنساو فەرمانبەرە گەورەکانى ئیمپراتۆریەتیش شاردەوە ، تا گەیشتە ساڵى (1900) لۆرد ( جۆن فیشەر) ئاگایی ئەوەیدا ، کە نەوت بایەخى گەورەى وەک سوتەمەنییەک بۆ کەشتییە دەریاییەکان هەیە . بۆیە سەرەتا ویستى یان لە ڕێگەى کۆمپانیاى نەوتى تورکییەوە (TPC) ەوە ، ئیحتیواى موسڵ بکەن . دواى ئەوەى ئیمپریالیزم لە لەسەرەتاى یەکەمین جەنگى جیهانى ، لە ( فاو) ەوە سەرەتاى پاککردنەوەى ناوچەکەى لەعوسمانییەکان دەستپێکرد ، لە ساڵى (1916) ەش ڕێککەوتنامەى سایکس-بیکۆ .. وەک دانوستانێکى نهێنى دیبلۆماسی لە نێوان فرانسوا جۆرج بیکۆ و مارک سایکسى بەریتانى و دواتریش بەئامادەگى دەوڵەتى ڕوسیاى قەیسەرى گرێدرا . سەبارەت بەئاڵوگۆڕکردنى زانیارى و بەڵگەنامەکانى هەردولا ، بۆ خۆش و بەشکردنى ناوچەى مانگى بەپیت ( هلال خصيب ) .. ئەم زاراوە جوگرافییە بۆیەکەمجار شوێنەوارناسى ئەمریکى ( جیمس هنرى) بەکارى هاورد ، بۆ ئەوناوچانەى دەکەونە سەر حەوزەى ڕوبارى ( دیجلەو فورات) ئەو بەشەى دەشتاییە زیادەى دەکەوێتە سەر ئاو بەلاى شام ( سوریاى ئێستا) دا ئەکەوێت .ئەم ناوچەيه ئاماژەو شاهیدە بەسەر شارستانیەتى جیهانییەوە ، کە لەعەسرى حەجەرى و برۆنزی و شارستانیەتى دۆڵى ڕافیدەین و … هتد. خۆى دەبینێتەوە . بەپێی ئەم ڕێککەوتننامەیە فەڕەنسا ( سوریاو لوبنان) و ناوچەى موسڵیشى بەرکەوت . بەریتانیاش فەلەستین و باشورى شام و بەغداو بەسرە و ناوچەکانى دەکەونە سەرکەنداوى عەرەبى .
دواى ئەوەى ڕێککەوتننامە نهێنیەکەو دەستەکەیان کەشف بوو ، کۆنگرەى سان ڕیمو بەسترا ، کۆمەڵەى گەلان ( عوسبەت و لئومەم ) بەخەبەر هات ، ساڵى (1923) بۆ پیاچونەوەى سنورەکان ( پەیماننامەى لۆزان) بەسترا ، وە لە ڕێککەوتننامەى دواى ئەو ( سیڤەر ) بڕیارى لەسەر دراو داگیرکارییەکە ئاوها مایەوە. کە بەپێی لۆزان پاشەکشە لە ناوچەکانى باکورى سوریا ، واتە( موسڵیش) کرا بۆ تورکیاى ئەتاتۆرک . لەوساوە تائێستاکە تورکیا موسڵ بەدیوەخانى ماڵى باوکى دەزانێت . نوێنەرایەتى خۆى بەجیا لەوشارە داناوە. بەئاشکراو نهێنى هێزى تیاداهەیە .. کوتلەی سوننى و سیاسییەکانى ئاڕاستە ئەکا.. قسە لەسەرئاوى فورات و دیجلە ئەکات ، پرۆژەى گەورەو عەماراوى ئاوو گلدانەوەى لەسەر هەڵئەبەستێت . دەستکارى ژمارەو ڕێژەى دانشتوانەکەى ئەکات . کەلەساڵى (1925) ەوە. بەفەرمى لەوموسڵەى کورد تیا خاوەن و زۆرینە بووە ، کورد کراوەتە نەتەوەى دووەهەم و سێهەم .
تەنانەت لەڕاپۆرتەکانى ئینگلیزو خودى کۆمەڵەى گەلانیشدا ، کەدواتر لەبرى ئەو نەتەوەیەکگرتوەکان دروستبوو ، ویلایەتى موسڵ سەر بە باشورى کوردوستانە . بۆسەلماندنى ئەم قسەیەشم جگە لەپەرتوکەکەى ڕەوانشاد ( جەوهەر نامیق) کە بەناونیشانى کێشەى ویلایەتى موسڵە. بەڵگەیەکى زانستى مەوسوق کتێبى ( مشکلە ولایە موصل والحاقها بالعراق) دکتۆرانامەى ( فازل حسین) کەسێکى عەرەبیشە ، ساڵى (1952) پێشکەشى کردوە ، لەزانکۆى (اندیاناindiana university ) لەویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمریکا. لەم کتێبەدا توێژەر باسى ئەوە دەکات کە تورکیا خۆى بەواریس و خاوەنى هەتاهەتایی موسڵ ئەزانێت ، بەریتانیاش ویستویەتى شارەکە سەربە دەوڵەتى عێراقى نوێ بێت . کەلەژێر بەرنامەو چاودێریی ئەمدا عێراق وەک دەوڵەت دروست بووە . بۆچارەسەرى ئەم مقۆمقۆیەش ساڵى (1924) عوسبەتولئومەم بڕیارى پێکهێنانى لیژنەیەکى ڕاگەیاند، کەناوى ئەندامەکانى ئەمانەن :
* الکونت بولتکلى ، جوگرافی ناس و سەرەکوەزیرانى پێشوى مەجەر.
* A.F فرنسن ، یەک لەوەزیرەکانى سوید لە بوخاریست.
* بولس ئاى . جەنەڕاڵى خانەنشین لەسوپاى بەلجیکى .
دواى ئەوەى لیژنەکە لەجنێف کۆئەبنەوە ، سەردانى هەر (3) لایەنى پەیوەست بەکیشەکە ( بەریتانیا ، ئەنقەرە ، بەغدا) ئەکەن. سەردانى مەیدانیش بۆ موسڵ ئەکەن . وە لەساڵى (1925) یش لیژنەى بەدواداچوونیان بۆ هەولێرو کەرکوک و موسڵ و سولەیمانى و ناوچەکانى دەوروبەر دروستکرد.. سەرەنجام بێجگە لەوەى دەگەنە ئەو بڕیارەى زۆربەى دانشتوانى موسڵ کوردن ، ڕاپۆرتێکیش دەدەنە کۆمەڵەى گەلان ( عوسبەتولئومەم) لەسادەترین دێڕەکانیدا هاتووە کە :
” دواى بەدواداچوونى ووردو درشت ، پشتبەستن بەئەزمونى خۆمان و کۆمەڵێک زاناى مێژوویی و جوگرافى عەرەب ، وەسوود وەرگرتن لەسەدان نەخشە کەدەگەڕێنەوە بۆ سەدەى شانزەو بیست ، لەسەرووى ئەوەشەوە دەستنوسە گەشتیارییەکان ، لەکۆتاییدا گەشتینە ئەو بڕیارەى کە سنورى عێراق لە لەباکورەوە تێپەڕ ناکات لە ( هیت و تکریت و زنجیرە چیاکانى حەمرین ) .5/8 ى ئەم ناوچانە کوردن . نەک عەرەب و تورک .
لەدواى ئەم مێژووەش (3) سەر ژمێرى جیا کراوە ، لەهەرسێکیاندا کورد بەڕێژەیەکى زۆر لەپێش عەرەب و تورکەوە بووە .
سەرژمێرى بەریتانیا بۆ ویلایەتى موسڵ : کە لێرەدا کۆى گشتى دانشتوانى ویلایەتى موسڵ بە (785498) دانراوە ، بەپێی دابەشبونى نەتەوەیی :
ژمارەى کورد: 424720
ژمارەى ئێزیدى: 30000
ژمارەى عەرەب: 185013
ژمارەى تورکمان :65815
ژمارەى مەسیحى :62225
ژمارەى یەهودى :16825
ئینجا ، سەرژمێرى عێراقى بۆ ویلایەتى موسڵ ، کەژمارەى دانیشتوانەکەى بە (799990) دیاریکراوە ، بەپێی دابەشبونى قەومى :
ژمارەى کورد:494007
ژمارەى ئێزدی: 26257
ژمارەى عەرەب: 166941
ژمارەى تورکمان: 38652
ژمارەى مەسیحى : 61331
ژمارەى یەهودى :11897
ئەوسا ، سەرژمێرى تورکى بۆ ویلایەتى موسڵ ، کە دانشتوانەکەیان بە 673000 داناوە ، دیسان بەپێى دابەشبونى قەومى :
ژمارەى کورد کردویەتى بە : 263830
ژمارەى ئیزدى: 18000
ژمارەى عەرەب : 146960
ژمارەى تورکمان کردویەتى بە : 43210
ژمارەى مەسیحى :31000
ژمارەى یەهودى : 170000
بەپێی ووتەى بەڕێوەبەرى ئامارى نەینەوا/ موسڵ ( نەوفەل سلێمان) بۆ (سەوت العراق) لەساڵى (2009) ژمارەى دانشتوانى موسڵ بەهەموو قەزاو ناحیەکانییەوە (3106948) کەسە . هەرلەوساڵەدا بیرمە کە نوجەیفى بوو بە سەرۆکى پەرلەمان یەکەمجار سەردانى بەسرەى کرد ، باسى ئەوەى کرد کە بەسرە بکەنە هەرێمێکى سەربەخۆ .. نوجێفیەکى سووننەو موسڵاوى ، دەبێت چ قازانجێک لەهەرێمى سەربەخۆى شیعە بکات لەبەسرە ؟. بێ شک بۆئەوەیە سبەینێ خۆشى موسڵ بکات بەهەرێمێکى سەربەخۆ و ، بۆهەتاهەتایە لەدەستى کوردى بسێنێت .
لەهەڵبژاردنى ئەمجارەى (2014) دا ، لەکۆى (28) کورسى دیاریکراو بۆ (5) لیستى جیاى پارێزگاکە ، لەدواى لیستى موتەحیدون ەوە کەبەلاى تورکیاوە جێی بایەخن . کورد توانیویەتى (8) کورسى لەسەرئاستى پارێزگاى نەینەوا بۆپەرلەمانى عێراقى مسۆگەر بکات . کە (6) ى هى پارتى (2) یشى هى یەکێتیە.!!. هەڵبەت جگە لەبینینى هەیمەنەى زاڵى ئێرانى و تورکى بەسەر ناوچەى جوگرافى پارتى و یەکێتیدا. جێگەى خوێندنەوەیەکى ستراتیژیی نیشتمانیشە بۆ کورد .. چونکە لەمێژوودا موسڵ تەریب بووە بە شام ، موسڵ و شام بەردى ژێرکۆڵەگەى گۆڕانکاریین نەک لەعێراق و وڵاتى شام خۆى ، بەڵکو لەهەموو ڕۆژهەڵات بەکەیسى فەلەستین- ئیسرائیلیشەوە . ئەم بەردە چۆن بجوڵێت بڕبڕەى پشتى چەند لایەک دەشکێنێت و شکاندوە .بەتایبەتى لەئێستادا پتر لەسەرەتاى ساڵى (1900) نەوت و غاز ، بۆجیهان گرنگى هەیە … نەوت واتە ئابوریی .. غاز واتە هێڵى هاوبەشى سیاسیی .
تا ئێستاش (٨٠%) ووزە لەجیھاندا پشت بە نەوتی خاو ئەبەستێت . ھەموو ئامارو توێژینەوە ئەوروپاییەکان ئاماژە بەوەئەکەن کە ئاستی ناوەندێتی نەوتی خاو لەدونیادا بەرەو کەمبونەوە ئەچێت ، بەجۆرێک تا (٤٠) ساڵی تر کۆتایی بەنەوتی خاو دێت و چۆڕێکی لێنامێنێت .، واتە تا ساڵی (٢٠٣٥). نەوتی خاو لەئەمریکای باکوور تەنھا (٩) ساڵی تر ئەخایەنێت . بەڵام لەھەرێمی کوردستان تا (١٣٢) ساڵی تر نەوت دەمێنێت . وە پێی بەڵگەنامەکان (٥%) ی نەوتی جیھان ئەکەوێتە ھەرێمی کوردستان ( کەرکوک) بەتایبەتیەوە.
نوێترین راکەیاندنی ( international energy agency) (IEA) ئازانسی وزەی نیودەولەتی کە لە (cnn) لەمارسی ٢٠٠٨ بلاوکراوەتەوە لەزاری بسپۆری بواری نەوت دکتۆر : فاتیە بیرول (dr:faith birol) لە داھاتوودا ئەو نەوتەی کە لەژیر زەویدا ماوە بەشی پیداویستیەکانی جیھان ناکات و بەرەو تەواوبوون ئەچیت . وە ئاماژەی بەوەشداوە کە ئەم کەمبونەوەیە بە ٤٠٠ کیلکەی نەوتەوە دیارە لەسەرانسەری جیھاندا. ھاتنی بەخێرایی کۆمپانیا فرە ڕەگەزو زەبەلاحەکانی جیھان بۆ کوردستان گەواھیدەری ئەم ڕاستییە حاشا ھەڵنەگرەن..
لێرەوە گرێ دانی نەوت وەک کاڵایەکی گرنگی بازرگانی و ستراتیژی ، بە موسڵ و بابەتی ئاسایشى نیشتمانییه وه دوو ئاماژەی گرنگی تیایە:
یەکەمیان: نەوت و غازی سروشتی تائێستا سەرەکیترین سەرچاوەی وزەو ھەرزانترین سەرچاوەشە بۆ پیشەسازی سووک و قورس بەھەموو جۆرەکانیەوە ، وە باشترین ئامرازیشە بۆ گەرمکردنەوەو ئیش پێکردنی ھەموو ھۆکارەکانی گواستنەوە لە ئۆتۆمبیل و کەشتی و فڕۆکەو …. الخ.
دووەمیان : ئەم جۆرە لە بایەخی نەوت ، وایکردووە کە کۆنترۆڵکردنی و بەرھەمھێنانی و دابەشکردنی و دیاریکردنی نرخەکەی ، گەورەترین فاکتەری ململانێی سیاسی و سەربازی نێوان دەوڵەتانی جیھان بێت ، بۆیە زۆر جاران نەوتی وڵاتێک لەبری ڕەحمەت و خۆشبەختی ئەبێتە ھۆی نەعلەت و کارەساتی گەورە دەخوڵقێنێت . تەنانەت لەماوەی نەوەد ساڵی ڕابردوودا حەوت جەنگ بۆ کۆنترۆڵکردنی عێراق ھەلکیرساوە ھەموویان پەیوەندییان بەنەوتی عیراقەوە ھەبووە .
ئێمە ئەگەر ئەمڕۆکە شەرم لەداواکردنى قەرەنجیرو کەرکوک بکەین ، ئەگەر ئەمرۆکە جەنەراڵە خانەنشینبوە بازرگانەکەى تورک بڵێت : خۆمان لەهەولێرین .. قونسوڵەکەى ئێران لەسولەیمانیى دارلمولکى بابانا بێژێت کوردیی زمان نییە !!. عەرەبە دەستوپێ پەتیەکانیان لەناو شارو شارۆچکەکانى ئێمە بخۆن و ببوێرن و ڕایەڵەى داعش و بەغدا بن ، ئەدى سبەینێ چۆن داواى موسڵێک بکەین، کە بەپێی ئامارى عەرەب و تورک و ئینگلیزو باڵاترین ڕێکخراوى دانپیانراوى جیهانى هى کوردەو کوردییە.. !.