Bextiar-Sharezuri

 بەختیار شارەزورى  : پچڕاندنى تەونى جاڵجاڵۆکە .. ئەنجامى دەنگەکان و فراوان بوونى سنورى دەسەڵاتەکان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر هەڵبژاردن تاکە پێوەر بێت بۆ دەستاو دەست کردنى دەسەڵات و گۆڕینى گروپێک بە گروپێکى تر ، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست و بە تایبەت لە هەرێمى کوردستان ئاماژەکان ئەوە دەخەنە ڕوو کە دەنگ و سندوقى هەڵبژاردن وردە وردە دەبێتە یارییەکى کۆمیدى ، بە جۆرێک متمانە لە نێوان تاک دەنگدەر و گۆڕانکاریدا ناهێڵێت ، ئەمەش زیانى گەورە بە پرۆسەى دیموکراتى دەگەیە نێت … با بپرسین چۆن ..؟
هاوکێشەى پەیوەندى و ناکۆکیەکان لەم ناوچانەى ئاسیادا وەک تەونى جاڵجاڵوکە وایە ، بە شێوەیەک هیچ گۆڕانکاریەک نابێت ململانى ناوچەیى تیا نەبێت و کارتى سیاسى و بەرژەوندى وڵاتانى باڵادەستى ئەم ناوچەیەى تیا نەبێت ، ئێستە لە نێوان تورکیاو ئێران جۆرێک لەم ململانێیانە هەیە ، کە ڕەگێکى مێژووى هەیە ( سەفوى و عوسمانى ) ، لە لایەکى ترەوە ئێران وەک میراتگیرى یەکێتى سۆڤیەت بوەتە ڕکابەرى ئەمریکا ، هەموو ئەمان نمایندەیان هەیە لەم ناوچانەدا ، زۆر کات ئەم نمایندانە زۆر دەبن یان هەڵویستیان بەرامبەر سەنتەرەکەیان دەگۆڕێت ، ئێستە لە عێراق و هەرێمدا دا هەڵبژاردن دەکرێت ، پێش ئەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکان ڕابگەیەنرێ ، زۆرێک لە هاوڵاتیان ئەنجامەکەى دەزانن ، لە هەرێمدا تورکیا سنورى دیارى کراوى خۆى هەیە (زۆنى زەرد و ئەو دیو دێگەڵە ) و ئێرانیش سنورى دیارى کراوى خۆى هەیە ( زۆنى سەوز و ئەم دیوو دێگەڵە ) وە لە نێوان ئەم دیوو سنورە و ئەم دوو وڵاتەدا ڕێکەوتنێک هەیە بۆ دابەش بوون بە سەریاندا ، ئەمریکا و ئەوروپا و ناتۆ و هەتا ئیسرائیلیش لەبەر ئەوەى بەرژەوندیان لەم سنورانەدا پارێزراو بێت و هێمنى و ئاسایشى کۆمپانیا زەبەلاحەکان پارێزراو بێت ، گڵۆپى سەوزیان بۆ ئەم دابەشکاریە هەڵکردوە ، تا لێیان تێک نەچێت ، ئا لێرەوە نابێت ئەنجامەکانى هەڵبژاردن … دابەشکردنى ئەم سنورانە تێک بدات ، کاتێک لە قۆناغێکدا لە باشوردا بزوتنەوەى گۆڕان دروست دەبێت و لە ڕۆژئاوادا پەیەدە دروست دەبێت ، وەک ئەوە وایە بەشێک لەم تەونى جاڵجاڵۆکەیە بدڕێننو بیپچڕێنن ، بۆیە ئەم وڵاتانە بە تایبەت ئێران ناهێڵێت ئەم دڕاندنە فراوان ببێت و هەوڵى چاککردنەوەى دەدات وە ناهێڵێت بپچڕێت و هەوڵى بەستنەوەى دەدات .
بە مانایەکى تر هیچ هیوایەک نامێنێتەوە کە بتوانرێت هێزێک گۆڕانکارى لە ڕێ ى سندوقەکانى دەنگدانەوە بکات ئەگەر درێژکراوەى یەکێک لەم دوڵەتە گەورانەى ناوچەکە نەبێت ، لێرەوە کاتێک گۆڕان نابێتە درێژکراوەى ئێران و لەسەنتەرى سنورى ئێراندایە ، وەک ئەوە وایە تەونەکەى دڕاندبێت ، بۆیە ئێران ئەم سنورە بە درێژکراوەى خۆى دەزانێ تا دەگاتە سنورى ڕۆژئاواى کوردستان ، بە جۆرێک کاتێک تورکیا ئەیەوێت لە ڕێ ى پارتیەوە دژایەتى پەیەد بکات و بیەوێت ئەو ناوچەیە لەگەڵ ئێراند بەش بکات و هەمان تەون و هەمان رَێکەوتن لە کانتۆنەکانى ڕۆژئاواى کوردستاندا بکات ، ئەوا کارتەکانیان لە شۆێنەکانى تر دژى یەکتر دەخەنە کار ، بە مانایەکى تر هەردوکیان ( ئێران و تورکیا ) لە ململانێ ى ئەوەدان کامیان بتوانێت زۆرترین سنور بۆخۆى داگیر بکات ، بیکاتە ئەمرى واقع بەسەر لایەنەکەى ترەوە ، بە شێوەیەکى تر کاتێک تەواوى ڕۆژئاواى کوردستان ئەبێت بەبەشێک لە تەونى ئێرانى ، تورکیا هەوڵ دەدات لە لایەکى ترەوە گوشار دروست بکات و هەوڵى دڕاندنى تەونەکەى ئێران بدات لە ناو هەرێمەوە ، بۆ ئەوەى بە کارت بە کارت ڕۆژئاواى کوردستان بەش بکات لەگەڵ ئێراندا ، تورکیا بە سود وەرگرتن لە ستراتیژى بزوتنەوەى گۆڕان ئەم کارە دەکات چونکە بزوتنەوەى گۆڕان کە سنورى بەهێزى لە سلێمانیدایە نابێتە درێژکراوەى ناو سنور و تەونى جاڵجاڵۆکەکەى ئێران و داواى ستراتیژى سەربەخۆى هەرێمى دەکات ، ئا لێرەوە ئێران هەوڵ دەدات چى لە هەرێم و چى لە ناوەندا ئەو هێزانەى کە دەتوانن بەرژەوەندیەکانیان بپارێزن بە هەر ڕێگەیەک بێت هەڵسێنێتەوە …. بەدەر لەمەش هەڕەشە لە پارتى بکات کە دەتوانێت دەسکارى دەنگەکانیان بکات ، بە مانایەکى تر ئێران کارى کردوە لەسەر فراوانبونى سنورى تەونەکەى و بە ساختەکردن هاوکێشەکان لە بەرژەوەندى خۆى فراوانتر دەکات و تەونى جاڵجاڵۆکەکە فراوانتر دەکات ، کە دەکاتە بەستنەوەى هەڵبژاردنەکانى ناو هەرێم بە ڕۆژئاواى کوردستانەوە و ناو عیراقیش بە ناوەندى سوریاوە ، کە دەرئەنجام دەکاتە بەرز بونەوەى دەنگى یەکێتى و مالیکى بە ساختە ، لێرەوە گۆڕانکاریەکان ئەگەر لە بەرژەوەندى درێژکراوەى سنورەکان و بەشێک نەبێت لەو تەونى جاڵجاڵۆکانە ، ئەوا هیچ گۆڕانکاریەک دروست ناکات وئەوەى پێ ى دەوترێت دەنگ و حوکمى سندوقەکانى دەنگدان جگە لە گاڵتە جاڕییەک هیچ شتێکى تر نییە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت