بەهرۆز جەعفەر :  بەهاى کوردبون لەدواى تیرۆرى کاوە گەرمیانى !.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆئەوەى ئێمە باشتر لەنرخى ژیان تێبگەین ، بۆ ئەوەى ژیانمان خۆشتر بوێ ، دەبێت باشتر بیر لە ” مردن ” بکەینەوە . سپینۆزا دەنوسێت : مرۆڤى ئازاد هێندەى بیر لەمردن ئەکاتەوە ، بیر لەهیچ شتێکى تر ناکاتەوە . حیکمەتەکەشى ئەوەیە ئەو تێڕامانى مردن ناکا ، وەک تێڕامانى ژیان ئەکا . ( بڕوانە ئەندرێ کۆمت – کتێبە گچکەکەى فەلسەفەو کێشەگەورەکانى ژیان- باسى مردن) شێوازى مەرگى مامە کاوە پێناسەکردنەوەى ژیان بوو . بەڕوونى پێی وتین : ئاوهایە ئێستا ئەبێت بەمێژوو.
بەهەدەردانى سامانى نیشتمان لەنەوت و گاز ، لەپارەى ووشک ، لەدەستبەسەراگرتنى مەرز و خاڵە سنورییەکان ، بەفیڕۆ ڕۆشتنى ئاوەکانمان ، ناشەفافیەت ، کۆمپانیا چاوچنۆکەکانى نیشتەجێبون ، لەو بێ مووچەییەدا بەناوى چارەسەرى گرفتى نیشتەجێبونەوە ، بۆ هەرێمێک نیوەى دانشتوانەکەى کرێچین ، ڤیەللاو شووققە (80) دەفتەر وبە (20) دەفتەر دروستەکەن .!. حەپەلووشکردنى ملیارەها دینارو دۆلار ( بەپێی ڕاپۆرتە تۆز لەسەر نشتووەکانى چاودێریی دارایی ) ئەمانە لەپێش هەر شتدا ، داڕمانى تاوەرەکانى ئەخلاقە ، ئەوەى هابرماس پڕبە گەروى خۆى هاواردەکات: دەبێت ووریابین ! بیناکان هەرچەندە بەرزبن ، بنەماکەى ئەخلاق نەبێت ، ئەڕوخێت .. ئینجا بەپلەى دووەم ئەمانە پەتاى گەندەڵین ، وەک کانسەرێک بۆ پوکانەوەى سیستەم و کۆمەڵگە ، کە جەمسەرێکى گەورەى جیهانى وەک سۆڤیەتیان هەڵوەشاندەوە . چ جاى هێزگەلێک کەگۆشت و ئێسقانى خۆیان داوەتە دەست تورک و عەرەب و فارسەوە .. هەرحاڵێک بێت. ڕەنگە لێرەو لەوێ بیانوویەک بۆ ئەم پیسخۆرییە هەبێت ، تائەوەى مرۆڤ بابایەکى سەرپێچیکارەو ، لەهەموو شوێنێکى دونیا بە نیسبەتێک گەندەڵى هەیەو،کۆمەڵى ڕاگوزەرى ئێمەش لەوە بەدەر نییە ، لەئایندەدا چاکتر دەبێت . .. ئاوها.. هیچ بیانوویەک لەتیرۆرى کاوەدا نییە . ئەوەنەبێت داڕمانى ئەخلاقە بۆ خوارى خوارەوە ، ڕۆچونى بەهاى کوردبونە..

یەکەم : مەرگى کاوەو ئەخلاقى کورد .

ئەگەر لەپێشەنگایەکى گەورەدا ، یەکێک لەئێمە حەزى بە شووشەیەک بۆن کرد ، ویستى بیدزێت ، بەڵام لەترسى پاسەوان و کامێراکانى چاودێریی و شەرمەزارکردنى نەیتوانى و سڵى کردەوە ، هەرگیز ئەمە ئەخلاق نییە.. ترس لەپۆلیس و ڕاى گشتى بۆ نەکردنى شتێک ، پێچەوانەى سیفەتى چاکە. بەڵکو ئەخلاق بابەتێکى کەسییەو پەیوەندى بەخودى خۆتەوە هەیە ، مەحەکێکى هەیە بۆت ، هەست بەبونى پۆلیسێکى زاتى ئەکەى لەناخى خۆتدا . تەنانەت تۆ باوەڕت بەخوا هەبێت یان نەبێت ، تۆ ڕێگا بەخۆت نادەى هەموو جۆرە شتێک بکەیت . ئەوئیماندارەى تەنیا کارى چاکە دەکا بەو هیوایەى بچێتە بەهەشت یان لەدۆزەخ ڕزگارى بێ نابێتە پیاوچاک ، ئەو تەنیا کەسێکى خۆپەرست و خۆپارێزە ، کانت باوەڕى وایە ئەوکەسەى کارى چاکە تەنیا بۆئەوە دەکا کە لە سزاى ( خوا) ڕزگارى بێت ، نە کارى چاک دەکات و نە ڕزگارى دەبێ .
مەرگى کاوە گەرمیانى ، لوتکەى بێ ئەخلاقى کوردیی پێ نیشانداین..؟. ئایا گەلى کورد بەپێی ڕێسا فەلسەفى و کۆمەڵایەتییەکان لەماناى ” ئەخلاق” و ” تەربیەت” تێگەیشتوون ؟. ئەدى سیاسییەکانیان! ؟. ئایا ئەخلاق ئەوەیە لەسەرشەقامەکە پەلامارى کچێک نەدەین و دەسترێژى نەکەینە سەر ؟. چەن ناخۆشبوو ، پێیان دەگوتین ، بێ ئەخلاق ، بێ تەربیەت ؟. کەنیشمانە ..!. پێش شەستەکانى سەدەى ڕابردوو بۆ دواوە ، ئەگەرچى کورد گەلێکى ژێردەستەو هەمیشە لەشۆڕش و ڕاپەڕیندا بووە ، لەپاڵ خیانەت و خۆ – خۆرى و ساویلکەییدا ، زۆرترین ڕادەى بنەماکانى شارستانیەت و سەلیقەى مرۆیی لەم ناوچەیەى ئێمەدا بینراون . ئەم ناوچەیە شاهیدە بەسەر دەرکەوتنى (3 ) ئاینى گەورەى ئیقلیمى ( زەردەشت و مانى و مەزدەک) . شیعرو فەلسەفە لەپێش و پاشى سەدەى حەڤدە بەدواوە ، لێرەوە ئاوێزانى یەک بوون ، لە ” مەلاى جەزیریی و ئەحمەدى خانییەوە بۆ باباتایەر ، لەنالى و حەمدى و مەحوییەوە بۆ مەولەوى و گۆران و ئەسیرى و شێخ ڕەزا ” لەخاناى قوبادییەوە بۆ ڕۆڵى ئێل بەگى جاف . گەورەترین جوگرافیاو دەوڵەمەندترین مێژوو . هى ئێمەیە لەناوچەکەدا.
بەبڕواى من لەگەڵ هەڵگیرسانى شۆڕشى ئەیلول ، ئیتر سەرەتاکانى ئەخلاق ، لەناو کوردانى باشووردا بارئەکات ، بەرەو دەرکەوتنى ئەم (2) هێزەى یەکێتى و پارتییە ، بۆ ئەتکردنى هەموو بەها ئەخلاقى و نیشتمانییەکان . لەدووبەرەکییەوە ، لە دووسەرییەوە ، بۆ بەعسایەتى و جاشایەتى . کورد ئەگەر ئەخلاقى هەبوایە ، لەدواى ئەنفال بەر نەئەبونە گیانى یەکترو دەیان هەزار ڕۆڵەى ئەم نیشتمانە بەکوشت بەن ؟. ئەگەر ئەخلاقى هەبوایە بەئاشکرا لەمیدیاکانەوە هاوارى بۆ ئێران و تورکیا نەدەکرد حکومەتى بۆ پێک بهێنن .
ئەوکاتەى پێشمەرگەیەک ، کە دەیان ساڵە مووچەکەى ئەدزرێت ، ڕۆژنامەوانەکان بۆنەتە قەڵغانى ژیانیان ، لەپاى سوپاسگوزاریی لولەى تفەنگەکەى ڕووئەکاتە شەقام و تاکى کورد .. ئەخلاق لەکوێیە ؟. سۆرانى مامە حەمەو سەردەشت عوسمان ، دواتر ئەوانەى لە (17ى شوبات) شەهیدکران ( ڕێژوان- سورکێو- گەرمیان- شێرزاد-بیلال – بڕیار) هەمووئەوانەى دى بەدەستى ئاسایش و پۆلیس و بەناو دژە تیرۆر و پێشمەرگە لەناوچوون ، تادەگاتە زنجیرە کوشتن وئیختیالاتەکانى ئەمدواییەى ناوچەى سولەیمانى ، لەقایمقامى سولەیمانییەوە تا کوشتنى جوتیارو پاسەوانى تاڵەبانى و برازاى بەکرى حاجى سەفەرو خوشکى کامەران عومەرو مەلاڕەمەزانى کەرکوک و … هتد.. ئەمانە بەلولەى تفەنگى کێ کوژران ؟.
تیرۆر و کەیسى کاوە گەرمیانى ، سەربارى هەموویان ، تەواوى سنورە ئەخلاقى و ئەدەبییەکانى کوردى بەزاند ، بەبارتەقاى هەموویان کاریگەریی نێگەتیڤى خستە سەر کەسێتى کوردو هێزە سیاسییەکان . سەربارى بێ هۆشى و بێ شکۆیی دەسەڵاتى کورد ، تیرۆرى بەهاى کوردبون بوو ، لەناودانى هیوا بوو ، پێش ئەوەى کوشتنى ئازادى بێت ، کوشتنى ئازایەتى بوو ، ئەوان ئەو ڕۆحیەتە دەکوژن کە ئازایەتى بەرهەم دێنێت ، تا ئازایەتى دروست نەبێت ، ئازادى نایاتە دى .

کێ کاوە گەرمیانى کوشت ؟ بۆچى ؟.

لەڕووى پراکتیکەوە ، ئاشکرایە لەژێر دەسەڵاتى ( ى ، ن ، ک) دا ئەم تراژیدیایە ڕوویداوە ، بۆ یەکێک ، دەسەڵاتى کوردیی بناسێت و خۆى گێل نەکات ، لەو دێڕانەى سەرەوە تێبگات ، ئەزانێت : بەڕێوەبەرى گشتى ئاسایش ، ئەگەردەستى لەکوشتنەکەدا نەبێت ، سەدى سەد ئاگاداریی کوشتنەکە بووە ، بێجگە لەکەمتەرخەمى هۆکاریشە بۆ ژێرخستنى دۆسیەکە و دەیان دۆسیەى تریش . بۆچى بکەرانى تەقینەوەکەى خانەقین بە چەن ڕۆژێک دەدۆزێتەوە ، ئەیانهێنێتە سەرشاشە ، شوێن قەزیەى کاوە گەرمیانى ناکەوێت ؟. لەبەرئەوە لەمە پتر هەڵناگرێت . دەسەڵاتى کوردیی و هێزە دەمامکدارەکانى ، لەبرى چاودێریی کردنى داعش و جموجوڵەکانى ناوچەکە ، وێڕاى کوتلەبازیی و چەنەبازیی نێوخۆییان ، کاروکەسابەتیان چاودێریی کردنى ئەو دەنگانەیە کە بوێریی دروستەکەن . نەک هەر لەناوخۆدا هەموو چاودێرییەک دەخەنە سەر ئەم کاراکتەرە جوامێرانە ، بەڵکو مانعیان نییە بۆ کورد کوشتن ، پارەیەک سەرف بکەن ، چاودێریی ئەوانى دەرەوەى وڵاتیش بکەن .!. وا ڕاهاتوون کە لەشەڕى کورد کوشتن و لەناودانى مرۆڤى کورددا ، پلەو پایەیان بەرز ئەبێتەوە . شۆخى دەکەن .
بۆ تێگەیشتن ، لە هۆکارى تیرۆرکردنى کاوە گەرمیانى ، پێویستمان بەدروستکردنى چوارچێوەیەکە ، لەئەرک و مەهامەکانى ڕۆژنامەوانێکى هەقیقى . ئەگەرنا شەش حەوت هەزار ڕۆژنامەنووس هەریەکەو لەپاڵ میدیاى حزبى دەسەڵات و بەناو موعارەزەدا ، خەریکى ئاوەژووکردنەوەى ڕاستییەکانن ، خاڵى لەفکرو ، خاڵى لەجورئەت . دێن و دەچن . ئەمانە کاوە گەرمیانى نین ..!. هەربۆیەش دەبینین ئۆپۆزسیۆن لەمەولا نەباسی سەردەشت و سۆران دەکا ، نە یادى کاوە گەرمیانى ، بەڵکو فەراغەکانى خۆیان بۆ بینەر بەنیشاندانى سودەکانى پەتاتەو تەماتەو باینجانەوە دەکوژن !.
ڕاى گشتى ، بە ( بە سەرتاش و قەسابەوە ، بە سەوزە فرۆش و جامبازەوە ، بەمامۆستاو ئەندازیارو پزیشک و پێشمەرگەوە ، بە پیاو و ژنەوە ، گەورەو بچوکەوە ) لەماڵى خۆیان دانیشتون ، ڕۆژنامەنووس ، یا نوسەر ، بەبێلایەنى بێ ئەوەى ئەم چین و کاتیگۆریانە هیچ عەزیەتێک بکێشن ، بۆ سۆراخى ڕاستى ، ئەم ڕۆژنامەنووسە پەیام و زانیارى ئەخاتە بەردەستى یان. ئەیباتە نێو ماڵەکانیان ، ئاگاداریان ئەکاتەوە ، بەرامبەر ڕەوشى ئەرک و مافەکانیان ، بەرامبەر بەوەى چى دەگوزەرێت ، ئاگاییان پتر ئەکات .. دەسەڵات دێت ئەم بەریدە ، ئەم گوێزەرەوەیە ئەکوژێت .. بۆچى ؟. وەڵامەکەى هەریەکەمان بۆجۆریک دەیزانین .
پرسیارى کۆتایی ئەوەیە ، بۆچى ئەم ڕووداوانە جووڵەیەک ، وەرچەرخانێک ، لەشەقامدا دروست ناکەن ؟. ڕەنگە بڵێن کێ دروستى بکا ، ئەوەى ئێستا پتر هاوارى ناڕازیبون ئەکات ، خۆى هۆکارى ئەم دۆخەیە .. لێگەڕان و ، بێ جورئەتى خەڵک لەخوێنى کاوە گەرمیانى ( وەک بینیمان و دەبینرێت) ، ئەمە بێ باکییە بەرامبەر سەدان تیرۆر و لوعەباتى مناڵانەى دیکەیان ، کە لەمەولا ڕووئەدەن . درێژەیان هەیە .

 

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت