yapan-kon

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی: مێژوویەکی ئافرەتان. بەشی دەهەم

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جێندەر لە ” مەشێ و مەشیانێ ” وە

 

فیودالیزم لە جاپان/ یابان

دەرەبەگاێتیش لە جاپان ، لە هەمان سەروبەندی سەرهەڵدانی دەرەبەگاێتی لە ئەوروپا ، سەری هەڵداوە . لە هەردووک شوێنەکەش لێکەوتنەوەی شەڕ و پێکدادانی نەیاری سەرسەخت و گرفتی پیاو بوو بۆ ماچویزم / خۆنواندن و رەتکردنەوەی حوکمڕانی کەسی دی جگە لە خۆی . دەرەنجامی ئەوەش سەرهەڵدانی کۆمەڵگەیەکی میلیتاری بوو ؛ کۆمەڵگەی میلیتاریش ، خۆشی بە ئافرەت نایەت و بە چاوێکی سووکیش سەیری دەکات و لەو جۆرە کۆمەڵگەیانەدا ، ئافرەت مەگەر بەدەگمەن ئەگینا هیچ کات دەسەڵاتی لەدەستدا نەبووە . بۆ نموونە سیستێمی میلیتاریی سپارتا و ئازتێک کە فیوداڵیش نەبوون ، پیاوان خۆیان بە پلەبەرزتر لە ئافرەت زانیوە و کار و کاسبی ئاسایی و بازرگانییان داوەتە کەسە پلە نزمەکان . لە ئەوروپای فیوداڵیشدا سەربازەکان خۆیان لەسەرووی ئافرەتەوە داناوە و بە چاوێکی سووک سەیریان کردوون .

پێش فیودالیزم
پێش فیودالیزم لە جاپان هێما و ئاماژەی کولتوورێکی سەردەمی” پالیۆلیتیک – ٨٠٠٠ ساڵ پێش سەردەم ” و دوو کولتووری ” نیۆلیتیک- ٤٥٠٠- ٢٠٠٠ ساڵ پێش” سەردەم ، هەبوون ، دووهەمیان هەتا سەردەمی نوێش خۆی راگرتووە . لە ئەوڕۆی جاپاندا تەنها یەک رەگەزی رەسەنی وڵاتەکە ” ئاینو Ainu ” وەکان لە هەرە باکووری وڵاتەکەدا ماونەوە . سەتە لەدوای سەتە دوورگەی جاپان لە لایەن ؛ مەنگۆل ، کۆکازییەکانی سایبیریا و خەڵکانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیاوە داگیر کراوە . بەلام کاریگەرترینیان لەسەر سەردەمی زووی جاپان ، کۆریا بووە .
ئەفسانەیەکی جاپانی دێرین دەربارەی ئەفڕاندن ، باسی ئەوە دەکات چۆن ، وێ و وی( ئیزانامی- نۆ- میکۆتۆ و ئیزاناگی – نۆ – میکۆتۆ) کە دوو بوونەوەری پیرۆز بوون ، ئاسمان و زەمینیان درووست کردوە و دواتر ئارەزووی جووتبوونیان کردووە و جنسیان داهێناوە و نەوەیان لێ کەوتۆتەوە ، مێیە خودای رۆژیان درووستکردووە و ناردوویانەتە ئاسمان بۆ حوکمڕانی . میسۆلۆجیای ئەفڕاندن لە ناو زۆربەی کولتوورە دێرەکاندا ، شێوەیەک پێکەوەبەسترانی تێدا هەیە . لە جاپانیشدا ئەو پێکەوەبادانە لە ئایندا بەرز ماوەتەوە . مێینە و نێرینە ، ئاسمان و زەمین ، خەڵک ، خاک و خوداش . ئەو میسۆلۆجیایانەی ئێلیمێنتی ؛ سێکس ، پیت ، گەرمی ، روناکی و وزە لە مێیینەدا جوان دەبینن ، وردە وردە کاڵ بوونەوە هەتا ئەو کاتانەی ئیلیتی دەسەڵاتدار بۆ بەرژەوەندی خۆی یاریدەی نەدابێت پشتگوێ خراو و نادیار بووە . لە جاپانیش هەر وەها بووە. لە سەتەی سێهەمی پێش سەردەمدا ، کۆچکردووان ، هونەری ئاسنگەری و چاندنی گۆلە برنجیان گەیاندە جاپان ، کۆچکردن لە سەردەمی پێکدادانە رامیارییەکانی ” چین ” دا بۆ جاپان بەردەوام بوو . لەو سەردەمەدا – سەتەی یەکەمی سەردەم ، سیستێمێکی نووسین لە ناوچەکەدا لە ئارادا نەبوو . بازرگانیش بە گۆڕینەوەی کاڵاکان بوو. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەبوو کە لە سیستێمێکی خێڵەکی ” ماتریلینی” دا دەژیان کە بەزۆری لە لایەن ئافرەتانەوە سەرکرداێتی دەکرا و هەر خێڵە و خواوەندێکی تایبەتی دەپەرست . سەرکردەی خێڵەکان ، سەرکردەی ئاین و شەڕکاریش بوون . لە ساڵانی ” ٢٥٠٠ هەتا ٢٥٠ ” ی پێش سەردەم ئافرەت هێندە گرنگ بووە کە لە تۆمارکراوە ئابوورییەکاندا ناویان بهێندرێت .
بەهۆی نەریتی” میکۆ miko ” وە کە حوکمڕانی شاژنانە و لە جاپان باو بووە ، مێژوونووسانی چاینا / چین ، لە سەتەی یەکەمی سەردەمدا ، ناوی چاپانیان وەک وڵاتی شاژنان هێناوە . میکۆ/ مایکۆ ، بەواتای- ئەو ئافرەتەی کە دەنگی خودا دەبیستێ و دەیگەیەنێ دێت . ئەوەش ئەوەمان پێ دەڵێت کە شاژنەکان لە هەمان کاتیشدا ، سەرۆکی ئاینیش بوون( لەزمانی کوردیدان ژنی پاشا ، بە شاژن ناودەبرێ، ئەگەر ئافرەتێکیش پاشابێت هەر وەک شاژن ناوی دەبەین – لێرەدا مەبەست لەو ئافرەتانەیە کە بۆخۆیان پاشابون و حوکمڕانییان کردووە . رەنگە ” ژن پاشا ” وشەیەک بێت بەکار بهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی ژنی پاشا و ئافرەتێک بۆخۆی پاشاێتی کردبێت وەک ” ریجنت regent ” ی زمانی ئینگلیزی ……… نوسەر.) هەر لەو سەتەیەدا و دوای دەساڵێک شەڕی ناوخۆ لەژێر حوکمڕانی پاشایەکدا ، خەڵکی ، ئاینکار ” هیمیکۆ Himiko ‘’ یان وەک ژن پاشا/ کوین و حوکمڕان ، هەڵبژارد . لەو سەردەمەشدا کۆمەڵگەی جاپان چیناێتی تێکەوتبوو و کۆیلاێتیش تێیدا بەربڵاو بوو . دوای مردنی همیکۆ ، پیاوێک چووە سەر تەخت ، وەلێ خەڵکەکە گوێڕایەڵی نەبوون و ئاژاوە کەوتە وڵاتەکەوە و نەوەستا هەتا کیژێکی سێزدە ساڵ بە ناوی ” ئایۆ Iyo” کرایە پاشا .
مێژوونوسێکی چاینی/ چینی ، سەتەی سێهەم کۆمەڵگەی جاپانی وەک کۆمەڵگەیەکی هاوسان/ ئیگالیتار ناودەبات و دەڵێ ” باوک و دایک ، پیرەکان و خوشک و برا لاوەکان بەجیا ژیاون وەلێ لە یەکدی بینین و پێکەوە دانیشتنیاندا ، جیاوازیی نێوان نێر و مێ نەبووە ” بەڵام کۆچهێنەرە چاینییەکان بۆ جاپان ، نەریتی باڵادەستی پیاویان هەبووە کە کاریگەریی لەسەر جاپانییەکان کردووە و رەنگە هێندێک دەستەو دایەرەی جاپانی لە سەتەی سێی سەردەمدا فرەژنییان رەچاوەکردبێت .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ـــ  مێژوویەکی ئافرەتان بەشی دەهەم

وێنەکە لە ویکیپێدیا وەرگیراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت